کێچ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2020-12-22-12:53:00 - کۆدی بابەت: 806
کێچ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کێچ (بە ئینگلیزی: Flea، بە عەرەبی: برغوث)، گیانەوەرێکی بێ بڕبڕەداری کۆمەڵەی مێرووەکانە و زیاتر لە هەزار جۆری جیاوازی هەیە، نشینگەکەی وڵاتە جیاوازەکانی هەموو کیشوەرەکان دەگرێتەوە جگە لە بەستەڵەکی باشوور، جێگەی ژیانکردنی کێچەکان لەسەر خانەخوێ دەبێت کە بەگشتی باڵندە و مەمکدارەکانە، هەروەها شێوازی ژیانکردنی تاکەکانی بەتەنهایە واتە پێکەوە کۆمەڵەی تایبەت بە خۆیان دروستناکەن.

شێوەی دەرەوەی

جەستەی بە ئێسکە پەیکەرێکی ڕەق داپۆشراوە و چەند ڕەنگێکی جیاوازی هەیە وەک قاوەیی، سوور یاخود ڕەش، بەرگە ڕەقەکەی زۆر بەهێزە و کاتێک خانە خوێیەکەی هەوڵدەدات بە پەستان بیکوژێت کێچەکە بەرگەی پەستانی زۆر دەگرێت، یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی درێژی پەلەکانییەتی، قاچە درێژەکانی هاوکاری دەکات هەتاکوو بازی بەرز بدات هەروەها بە چنگی تیژ کۆتایی هاتووە کە نووسانی بە خانەخوێ ئاسان دەکات.

ئەم مێرووە باڵی نییە بۆ فڕین بەڵام لمۆزێكی درێژی هەیە کە لە دەمییەوە درێژ بووەتەوە، بەهۆیەوە دەتوانێت پێست ببڕێت و خوێن بمژێت، هەروەها ئەم بوونەوەرە قەبارەیەکی زۆر بچووکی هەیە کە کێشی دەگاتە نزیکەی ١ میللیگرام و درێژییەکەشی لە نێوان ١.٥-٣.٣ میللیمەتر دەبێت، کێچە پێگەیشتووەکان دەتوانن هەتاکوو نزیکەی ١٨ سانتیمەتر بازبدەن، کە ئەم مەودایە بەگوێرەی قەبارە بچووکەکەی زۆرە و سەرنجڕاکێشە، هەروەها بەهۆیەوە جیاوازترە لەزۆرینەی گیانەوەرانی شانشینی ئاژەڵان و هۆکارێکی ناسەینەوەیەتی.  

خۆراک

کێچ بوونەوەرێکی گۆشتخۆرە و ژەمە خۆراکییەکانی خوێن و ماددە ئەندامییەکانن، لە ڕۆژێکدا پێویستی بە ١٠-١٥ ژەم لە خوێن خواردن دەبێت، هەڵمژینی خوێنی خانە خوێیەکانی لە دەرەوەی جەستەیان دەبێت و ناچێتەوە ناوەوەی خانە و ئەندامەکانەوە، گازگرتنی کێچەکان دەبێتە هۆی ئازار و خوران و دەرکەوتنی نیشانەکانی هەستیاری لەهەندێک لە مرۆڤەکاندا، جگە لە ئەمانەش کێشەی زۆر بۆ پشیلە و سەگە ماڵییەکان دروست دەکات کە پێویستە دەرمانی تایبەتیان بۆ وەربگیرێت، هەروەها کێچەکان کاتێک گاز لە مرۆڤ دەگرن دەکرێت مشەخۆر لە جەستەیاندا هەبێت و نەخۆشی بگوازنەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا ئەم گیانەوەرە خۆشی دەبێت بە خۆراکی گیانەوەری تری وەک مێروو، مارمێلکە، جاڵجاڵۆکە، بۆق یاخود مار، بەڵام ژمارەی زۆر کەم نابێتەوە و هەڕەشە و مەترسی گەورەی لەناوچوونی تەواوی لەسەر نییە.  

یەکگرتن و زۆربوون

تاکەکانی ئەم بوونەوەرە لە نێوان ٣-٤ هەفتە لەدوای لەدایکبوونیان دەگەنە قۆناغی پێگەیشتنی تەواو و توانای زۆربوونیان دەبێت، مێینەی کێچ دەتوانێت لە ماوەی ڕۆژێکدا ٢٥-٤٠ هێلکە بکات، هاوشێوەی زۆرینەی مێرووەکانی تر قۆناغەکانی گەشەسەندنی کێچەکان بریتین لە هێلکە، کرمۆکە، قۆزاخە لەگەڵ تاکی پێگەیشتوو، ماوەی هەڵهاتنی بێچووەکان پێویستی بە هەفتەیەک دەبێت، دواتر لەماوەی کرمۆکەیدا سێجار بەرگەکەیان لێدەبێتەوە و قەبارەیان زۆر گەورەدەبێت.

کاتێک کرمۆکەکە بەگوێرەی پێویست گەورە دەبێت جێگەیەکی تاریک و بێ مەترسی دەدۆزێتەوە، پاشان ئاوریشم دەچنێت بەدەوری خۆیدا و دەبێت بە قۆزاخە، بەڵام دەکرێت گەشەسەندنەکەی دوابخات هەتاکوو خانەخوێیەکی دروست هەبێت لەناوچەکەیدا، پاشان لەرەلەر و پلەی گەرمی جەستە لەگەڵ دەردانی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن لەلایەن گیانەوەری نزیک قۆزاخەکە دەبێتە هۆی دەرچوونی کێچەکە لە قۆزاخەکە، پاش دەرچوونیشی دەچێتە جەستەی گیانەوەرە نزیکەکە، هەتاکوو کۆتا قۆناغ و بۆ ئەوەی ببێت بەتاکێکی پێگەیشتوو بێچووە کێچەکە پێویستی بەنزیکەی مانگێک یاخود کەمتر دەبێت، سوڕی ژیانی ئەم جۆرە مێرووە دەکرێت چەند مانگێک بێت یاخود بگاتە ساڵێک.  

باوترین جۆرەکان

هەندێک لە جۆرەکانی کێچ تایبەتن بە یەک جۆر گیانەوەر و تەنها ئەو گیانەوەرە دەکەن بە خانەخوێ، بەڵام هەندێکی تریان دەتوانن لەسەر بوونەوەری جیاواز بژین، ئەمانەش نموونەی هەندێک لە جۆرەکانە:

خۆپاراستن لە کێچ

  • ئەوانەی کە ئاژەڵی ماڵییان هەیە پێویستە لەلایەن پزیشکی گیانەوەرانەوە چارەسەری گونجاو وەربگرن بۆ کوشتن و ڕێگریکردن لە زیادبوونی کێچ.
  • خاوێنکردنەوە و شۆردنی ئەو کەلوپەلانەی کە کێچی پێوەبووە، دووبارەکردنەوەی پاککردنەوەکە هەموو ڕۆژێک و بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک پاشان وشککردنەوەی بە گەرمی.
  • ڕشتنی ماددەی کیمایی و ماددەی تایبەت بۆ کوشتنی هەر کێچێک کە مابێتەوە لە جێگەکەدا.
  • چاودێریکردنی باخچەی ماڵەوە و ئەو جێگایەی کە گژوگیای درێژی تێدایە و دەکرێت کێچەکە خۆی حەشاربدات.


سەرچاوەکان



2220 بینین