ناوهڕۆك
ناساندن
مێشی ماڵ (بە عەرەبی: الذبابة المنزلية، بە ئینگلیزی: Housefly)، یەکێکە لە ئاژەلە بێ بڕبڕەدارەکانی کۆمەڵەی مێرووەکانە کە هەزارەها جۆری جیاوازی هەیە، نشینگەکەی وڵاتە جیاوازەکانی هەموو کیشوەرەکان دەگرێتەوە جگە لە بەستەڵەکی باشوور نەبێت، شێوازی ژیانکردنی تاکەکانی بەتەنهایە و پێکەوە کۆمەڵەی گەورە دروستناکەن، ئەم جۆرە مێرووە لەگەڵ قالۆنچەکاندا یەکێکن لە بێزارکەرترین مێرووەکان، کە لە ماڵەکاندا بوونیان هەیە و لەسەر ماددەی ئەندامی و خۆراکەکانی مرۆڤ دەنیشن. هەروەها مێشەکان هەڵگری ژمارەیەکی زۆر مشەخۆری هۆکاری نەخۆشین، کە هەندێکیان گوێزەرەوەن و زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنن، مشەخۆرەکان لە جەستەی مێشەکەدا سوڕی ژیانیان تەواودەکەن، دواتر مێشەکە کاتێک بەر هەر خۆراکێک یاخود پێستی مرۆڤ دەکەوێت مشەخۆرەکە دەگوازێتەوە.
مێشی ماڵ و نەخۆشییەکان
نموونەی هەندێک لە ئەو نەخۆشییانەی کە مێشەکان هەڵگرین و دەیگوازنەوە بۆ مرۆڤەکان ئەمانەن:
- گرانەتا
- نەخۆشی وەناق
- هەوکردنی پێست
- هەوکردنی چاو
- کۆلێرا
- سکچوون، سکچوونی خوێناوی
- تووشبوون بە بەکتریای وەک سالمۆنێلا و ئیکۆلا
شێوازی ڕێگریکردن لە مێش
- بەکارهێنان و چاندنی ئەو ڕووەکانەی دەبنە هۆی دوورخستنەوەی مێشەکان وەک گوڵی لاڤیندەر.
- چاندنی گوڵی ڤینۆسی داوی مێشەکان، کە ئەم گوڵە دەتوانێت مێشەکان بخوات.
- دانانی داوی تایبەت بە مێشەکان، داوەکە دەکرێت مێشەکە بگرێت یاخود بیکوژێت، هەروەها باشتر وایە کە داوەکە لە بەرزیی زیاتر لە ١.٥ مەتر دابنرێت.
- تێکەڵکردنی ماددەی پاککەرەوە و سرکە، کاتێک مێشێک جەستەی بکەوێتە سەر ئەو تێكەڵەیە ناتوانێت بەرزببێتەوە جارێکیتر بفڕێت.
- ڕشتنی ماددەی قڕپێکەری مێرووەکان، بەڵام مێشەکان دەتوانن بەرگری لە دژی هەندێک لە ئەو بەرهەمانە بەدەستبهێنن، بۆیە باشتر وایە کە جۆری گونجاو و بەهێز بەکاربهێنرێت.
- بەکارهێنانی داوی لەزگەیی، کە ئەمەش یەکێکە لە ڕێگە زۆر باوەکان و مێشەکان دەنووسێن پێیەوە.
شێوەی دەرەوەی
جەستەی مێش تا ڕادەیەک هێلکەییە و بە موو داپۆشراوە، هەروەها بەرگەکەی ئێسکە پەیکەرێکی ڕەق و ئەستوورە، ڕەنگی دەکرێت ڕەش یاخود ڕەساسی بێت لەسەر سنگیشی چوار هێڵی هەیە، مێش ددانی نییە و بە سوود وەرگرتن لە پەلەکانی دەتوانێت تامی خواردن بکات، کە لە پەلەکانیدا وەرگری تامکردن هەیە و کاتێک بەر خواردنێک دەکەوێت دەتوانێت بزانێت کە تامی چی دەدات، لەسەر پێیەکانی پێکهاتەی تایبەت هەن کە ماددەی نوسێنەر دەردەدەن، ئەم ماددەیە وەک لەزگەیەک هاوکاری مێشەکە دەکات کە بەسەر هەموو ڕووەکاندا و بە هەموو ئاڕاستەکاندا توانای جووڵەکردنی هەبێت، هەروەها مێشی ماڵەوە جووتێک باڵی بۆ فڕین هەیە لەگەڵ شەش پەل و شاخی هەستیاریشی لەسەر سەریدا هەیە.
مێش قەبارەیەکی زۆر بچووکی هەیە و هەردوو درێژی و کێشی بە یەکەی بچووک پێوانە دەکرێت، درێژییەکەی لە نێوان ٠.٣- ٠.٦ سانتیمەتر دەبێت و کێشی لە نێوان ٠.٠٠٢- ٠.٠٤ گرام دەبێت، بەگشتی قەبارەی مێینەکانی گەورەترە بە بەراورد بە نێرینەکان، هەروەها ئەم جۆرە مێرووە دوو چاوی گەورە و سووری هەیە، شێوازی چاوەکانی بەجۆرێکە کە دەتوانێت ٣٦٠ پلە ببینێت، واتە بەشی پێش و سەر و تەنیشت و تەنانەت پشتیشی دەبینێت، لە ئەنجامدا بەسوود وەرگرتن لە چاوەکانی زۆر بەخێرایی کاردانەوەی دەبێت بۆ گۆڕانەکانی ژینگەکەی.
خۆراک
مێش بوونەوەرێکی هەموو شتخۆرە، ماددەی خۆراکی و پاشەڕۆی مرۆڤەکان لەگەڵ ماددە شیبووەوە جیاوازەکان دەخوات، بەڵام ئەم جۆرە مێرووە خۆشی دەبێت بە نێچیر و خۆراکی گیانەوەری تر، مێشە پێگەیشتووەکان زیاتر دەبن بە نێچیری بۆق و جاڵجاڵۆکەکان، کە بۆقەکان زمانیان وەک لەزگەیەک مێش دەگرێت و جاڵجاڵۆکەکانیش بە تۆڕەکەیان داویان بۆ دادەنێن، کرمۆکەی مێشەکانیش لەلایەن زۆرینەی مێرووەکانەوە دەخورێت وەک قالۆنچە و مۆرانە یاخود زەردەواڵەکان.
یەکگرتن و زۆربوون
هاوشێوەی سوڕی ژیانی هەموو جۆرەکانی تری مێش، مێینەی مێشی ماڵەکان لە جێگەی زبڵ و لاک و پیسییەکاندا هێلکەکانی دادەنێت، کە لە ئەو جێگانەدا دڵنیایی دەبێت بۆ کرمۆکەکان کاتێک لە هێلکەکان دەردەچن، هەتاکوو خۆراکی پێویستیان هەبێت و گەورەببن، ماوەی هەڵهاتنی بێچووەکان تەنها یەک ڕۆژ دەخایەنێت، دوای قۆناغی هێلکەیی دەبێتە کرمۆکە و لەماوەی کەمتر لە دوو ڕۆژدا قەبارەی دوو هێندەی سەرەتای لەدایکبوونی گەورە دەبێت، گەورەبوونیان دەبێتە هۆی لێبوونەوەی بەرگەکەیان دووجار، کە ئەم لێبوونەوەیە لە زۆرینەی مێرووەکاندا هەیە و واتای گەشەسەندنی کرمۆکەکەیە، لە سێیەم بەرگخستندا کرمۆکەکە دەبێت بە قۆزاخە، لە قۆناغی قۆزاخەیشدا مێشەکە لەناو بەرگێکی پارێزەردا دەبێت و هەموو بەشەکانی جەستەی بە تەواوەتی گەشەدەکات، لەکۆتاییشدا دەبێتە تاکێکی پێگەیشتووە، ماوەی گەشەسەندنەکە دەکرێت هەفتەیەک یاخود زیاتر بخایەنێت، بەگشتی لە نێوان ٧-١٠ ڕۆژ دابێت.
هاوشێوەی هەموو مێرووەکان نێرینە و مێینەی مێشی ماڵ تەنها بۆ یەکگرتن پێکەوەن، پاش پیتاندنی هێلکەکان لێکجیادەبنەوە، مێینەکانیش گرنگی تایبەت بە بێچووەکان نادەن، تەنها هەموو هەوڵێکیان ئەوە دەبێت کە هێلکەکان لە جێگەیەکی پارێزراودا دابنێن، هەروەها سوڕی ژیانی مێشی ماڵ ٢٨ ڕۆژ دەخایەنێت واتە تەمەنێکی کورت و کەمی هەیە.
جۆرە سەرەکییەکان
- مێشی ماڵی گەورە: ئەم مێشە جۆرە باو و سەرەکییەکەی ماڵانە کە بەشوێن خۆراک و ڕووخساری مرۆڤدا دەگەڕێت، گەڕانەکانی تەنها بۆ بەدەستهێنانی خۆراک نییە، بەڵکو بۆ دۆزینەوەی جێگەیەکە بۆ دانانی هێلکەی پیتێنراو، هەروەها ئەم جۆرەیان لە هەموو ماڵەکاندا دەکرێت بوونی هەبێت و ژمارەیەکی زۆری هەیە.
- مێشی ماڵی بچووکتر: ئەم جۆرەیان کەمێک قەبارەی لە جۆری پێشوو بچووکترە، کە بە نزیکەیی قەبارەکەی دەگاتە ٦٠% ـی قەبارەی مێشی ماڵی گەورە، ئەمیش بە درێژایی ژیانی دەبێتە هۆی زیانگەیاندن و بڵاوکردنەوەی چەندین جۆری جیاوازی نەخۆشی.