سرکە

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-12-27-00:45:00 - کۆدی بابەت: 7401
سرکە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سرکە (بە ئینگلیزی: Vinegar) گیراوەیەکی ئاوییە کە پێکدێت لە ترشی سرکە (بە ئینگلیزی: acetic acid) و کەمێک لە پێکهاتەی دیکە کە دەکرێت پێکهاتەی تامداربن، سرکە نزیکی ٥٪ - ٨٪ ی قەبارەکەی لە ترشی سرکە پێکدێت، ترشی سرکە بە دووجار ترشاندن بەرهەم دەهێنرێت، کە شەکری ئاسایی دەکرێت بە ئیسانۆڵ بە بەکارهێنانی کەڕووی ترشێنەر و ئیسانۆڵیش دەکرێت بە ترشی سرکە بە بەکارهێنانی بەکتریای ترشی سرکە، بە پشت بەستن بە جۆری سەرچاوەی ماددەکان چەندین جۆری سرکە بوونی هەیە، لە ئێستادا بە شێوەیەکی سەرەکی لە هونەرەکانی چێشت لێناندا بەکاردێت وەک تامخۆشکەر و پێکهاتەی ترشی خواردن و دروستکرنی ترشیاتدا، هەروەها جۆرە جیاوازەکانی سرکە دەکرێت وەک ئاڵەت و بەهارات و ڕازاندنەوەی چێشت بەکاربێن وەک سرکەی هێورکەرەوە (جۆرێکی سرکەی ترێیە) و سرکەی جۆ.

مێژوو

لە کاتێکدا کە دروستکردنی سرکە دەکرێت وەک دروستکردنی مەی و کحول کۆن بێت، یەکەمین بەڵگەی تۆمارکراو کە باسی لە دروستکردنی سرکە و بەکارهێنانی کردبێت دەگەڕێتەوە بابلییە کۆنەکان لە نزیکی ٣٠٠٠ ساڵی پێش زایین، شارستانی بابلییەکان بە شێوەیەکی سەرەتایی سرکەیان لە خورما و هەنجیر و بیرەوە دروست کردووە و بۆ مەبەستی پزیشکی و چێشتخانەیی بەکاریان هێناوە، هەروەها بڕێکی کەم لە سرکە لە کووپەی میسڕییە کۆنەکاندا دۆزراوەتەوە، لە خۆرهەڵاتی ئاسیا چینییەکان دەستیان بە بەرهەمهێنانی سرکە کردووە بە شێوەیەکی پیشەگەرانە، بەرهەمی سرکە بە زۆری لە هەرێمی شانشی ئێستا چڕ کراوەتەوە کە نزیکی شاری تایوانە، کە تاکوو سەدەی ٢١ـیش بە یەکێک لە ناوچە بەناوبانگەکانی بەرهەمهێنانی سرکە ماوەتەوە، یۆنانییەکان و ڕۆمانییەکان زۆرجار ئەو سرکەیەیان بەکاردەهێنا کە لە مەییەوە دروست دەکرا، لە کۆتاییەکانی سەدەکانی ناوەڕاستدا دروستکردنی سرکە لە ئەوروپا بە پیشەگەرانە کرا، شاری ئۆرلیانس لە وڵاتی فەڕەنسا بوو بە شارێکی بەناوبانگ لە بەرهەمهێنانی سرکەی کوالیتی باش و شێوازی بەرهەمهێنانی پێشکەوتوو.
لە سەدەی ١٩دا بەرهەمهێنانی سرکە بە چەندین گۆڕانکاریدا تێپەڕی وەک پیشەسازی خێرا و شیکاری زانستی، یەکەمین پڕۆسەی بەرهەمهێنانی سرکە بە پیشەسازی فراوان لە ساڵی ١٨٢٣ لەلایەن (کارڵ سباستیانی) لە شانشینی بەیدن داهێنرا، لەم پیشەسازییەدا کاتی بەرهەمهێنانی سرکە لە چەندین مانگەوە کەم بوویەوە بۆ یەک بۆ دوو هەفتە، ئەم پڕۆسەیە توانی سرکە لە کحولی خاوێنەوە دروست بکات کە پێی دەوترا ڕۆحی سرکە یان سرکەی پاڵێوراوی سپی.
وڵاتی ژاپۆن دەستی کرد بە بەپیشەسازی کردنی بەرهەمهێنانی سرکە، پیاوێک بە ناوی (ماتازایمۆن ناکانۆ) ئەوەی دۆزییەوە کە ساکی لی (خواردنێکی ژاپۆنییە کە ڕەنگی سپییە و دەرکەوتەی لە شێوەی هەویردایە) دەتوانرێت بەکاربێت بۆ دروستکردنی سرکەی برنج، ئەو داهێنانەی ئەو بووە هۆی دروستکردنی کۆمپانیای میزکان کە گەورەترین بەرهەمهێنەری سرکەیە لە هەموو جیهاندا.
ترشاندنی سرکە بە شێوەیەکی سروشتی و پڕۆسەیەکی بایۆلۆجی نەزانرابوو، تاکوو (لوی پاستە) (بە ئینگلیزی: Louis Pasteur) کە کیمیازانێکی فەڕەنسی بووە شتێکی یەکلاکەرەوەی دۆزییەوە کە جۆرێکی بەکتریا بوو، ئەم بەکتریایە دواتر بە بەکتریای ترشی سرکە ناسرا، کە پێکهاتەی ترشاندنە بۆ بەرهەمهێنانی سرکە.
لە سەدەی بیستەمدا بەرهەمهێنانی سرکە دووبارە پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینی بە داهێنانی جۆرێکی دیکەی پرۆسەی ترشاندن کە کاتی بەرهەمهێنانی کەم کردەوە بۆیەک بۆ دوو ڕۆژ، ئەمەش وای کرد بەرهەمهێنانی سرکە تێچوویەکی کەمتری بوێت لە هەموو جیهاندا. 

جۆرەکان

سەرچاوەی ئەو پێکهاتانەی بەکاردێت بۆ دروستکردنی سرکە جیاوازە و لە جۆری جیاوازی میوە و کحول و خواردنەوە و تۆوی ڕووەک و پێکهاتەی دیکەی ترشاو دروست دەکرێت.

میوە - Fruit

سرکەی میوە لە ترشاندنی میوە دروست دەکرێت، بەشێوەیەکی گشتی هیچ تامێکی بۆ زیاد ناکرێت، تامە جیاوازەکانی سرکەی میوە وەک سێو و مۆرد و تووتڕکی سوور و بەی و تەماتە، بەشێوەیەکی ئاسایی بەرهەمەکە تامە ڕەسەنەکەی میوەکەی تێدا دەمێنێتەوە، زۆربەی سرکەی میوە لە ئەوروپا بەرهەم دەهێنرێت، جۆری جیاواز لە ئاسیا بەرهەم دەهێنرێت، سرکەی سێو کە لە مەیی سێو یان ئاوی سێو دروست دەکرێت، ڕەنگێکی ئاڵتوونی قاوەیی باوی هەیە، دەتوانرێت بە تێکەڵکردنی لەگەڵ شەربەتی ترێ ڕوون یان ئاو یان هەنگوین بکرێتەوە بۆ بەکارھێنان.

ڕووەکە شێوە دارخورماکان - palm

سرکەی گوێزی هیندی لە ترشاندنی ئاوی گوێزی هیندی یان شیرەکەیەوە دروست دەکرێت، زیاتر لە باشووری ئاسیا بەکاردێت، هەروەها لە زۆربەی چێشتخانەکانی هیندستان و سریلانکا بەکاردێت، دەرکەوتەیەکی شلی تەڵخی سپی هەیە، تامێکی تیژی ترشی هەیە.

شەکری ئاوی دارخورما شیرینکەرێکی سروشتییە کە لە جۆری جیاوازی گوڵی ڕووەکی دارخورماوە کۆ دەکرێتەوە، ئەم شەکرە وەک شیرینکەرێکی جێگرەوە و ڕەسەن لە باشووری ڕۆژهەڵات و باشووری ئاسیا بەکارهاتووە، بەشێوەیەکی فراوان وەک شیرینکەر لە دروستکردنی خواردن و خواردنەوەدا بەکاردێت، لە وڵاتی فلیپین ئەم شەکرەی ئاوی دارخورما بەکاردێت بۆ دروستکردنی جۆری جیاواز لە سرکە، دوو جۆری سەرەکی کە بەرهەم دەهێنرێن بریتیین لە سرکەی خورمای نیپا (بە ئینگلیزی: nipa palm vinegar) و سرکەی دارخورمای کانگ (بە ئینگلیزی: kaong palm vinegar)، (هەردوو ناوەکە لە ناوی ئەو ڕووەکانەوە هێنراون کە سرکەکەی لێ بەرهەم دەهێنرێت و لە شێوەی دارخورمادان)، لەگەڵ سرکەی گوێزی هیندی و سرکەی قامیشی شەکردا ئەم جۆرانەی سرکە چوار جۆری سەرەکی لە سرکەی ڕووەکی شێوە دارخورمایی فلیپینی بەرهەم دەهێنن، هەروەها بەشێکی گرنگی خواردنی فلیپینی پێکدەهێنن.

بۆنخۆش - balsamic

سرکەیەکی بۆنداری کۆنە کە لە چەند هەرێمێکی ئیتاڵیا بەرهەم هێنراوە، بەرهەمی ڕەسەنی ئەم سرکە بۆندارە لە شەربەت یان ئاوگی ترێی سپی خەستکراوەوە بەرهەم دەهێنرێت، ڕەنگێکی قاوەیی تۆخی هەیە، تامێکی شیرینی تێکەڵی هەیە، ئەو شەربەتانەی کە ئەم سرکەیەی لێ بەرهەم دەهێنرێت بۆ ماوەیەکی زۆر لە تەختەبەرمیلدا هەڵدەگیرێن تاکوو دەترشێن، شەربەتەکانی بریتیین لە شەربەتی گێلاس، توو، سنەوبەر، بەڕوو یان کەستانە.
بەرهەمە ڕەسەنە گرانبەهاکان تەنها بۆ کەسانی خانەدان بەردەستن کە بۆ ماوەی ١٢ بۆ ٢٥ ساڵ هەڵدەگیرێن تاکوو دەترشێن و تامێکی تایبەتییان دەبێت، جۆرە هەرزانەکەی ئەم سرکانە بە شێوەیەکی بەرفراوان ناسراوە و لە کۆتاییەکانی سەدەی ٢٠ـمدا لە هەموو جیهاندا بەردەست بوو، بەشێوەیەکی سەرەتایی لە شەربەتی ترێی خەستکراوە کە تێکەڵکراوە لەگەڵ سرکەی بەهێز و پاشان ڕەنگ و کەمێک تامی شیرینی بۆ زیاد دەکرێت بە تێکەڵکردنی لەگەڵ کارامێل و شەکر.

قامیشی شەکر - sugarcane

ئەو سرکەیەی کە لە قامیشی شەکر دروست دەکرێت بەناوبانگترین سرکەی وڵاتی فلیپینە، لە وڵاتی فەڕەنسا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش بەرهەم دەهێنرێت، ڕەنگەکەی لە مەودای نێوان زەردێکی تاریک بۆ قاوەییەکی ئاڵتوونیدایە، تامێکی شیرین و پێگەیشتووی هەیە کە نزیکە لە تامی سرکەی برنجەوە بەڵام کەمێک تامەکەی تازەترە، تامەکەی لە سرکەکانی دیکە شیرینتر نییە چونکە هیچ پاشماوەیەکی شەکری تێدانییە، بۆیە لە فلیپین زۆرجار پێی دەوترێت سرکەی ترش.

دانەوێڵە - Grains

سرکەی بیرە لە ئاوجۆ دروست دەکرێت، بە ترشاندنی جۆ کە تێیدا نیشاستەی ناو تۆوەکەی دەگۆڕێت بۆ ماڵتۆز کە شەکرێکی دووانییە و لە دوو گلوکۆز پێکدێت، پاشان ئاوجۆکە ماڵتۆزەکەی لێ دەدڵۆپێنرێت و وازی لێ دەهێنرێت تاکوو دەبێت بە سرکە، پاشان هەڵدەگیرێت، ڕەنگێکی قاوەیی ڕۆشنی هەیە، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەنەدا سرکەی جۆ لەگەڵ خوێدا بەکاردێت بۆ تامخۆشکردن و ڕازاندنەوەی ماسی و چپس، خوێ و سرکە وەک تامخۆشکەرێکی ڕەسەن بەکارهاتوون بۆ چپسی پەتاتە، لە هەندێک جۆریاندا سرکە دەگۆڕدرێت بۆ سرکاتی سۆدیۆم یان دووانە سرکاتی سۆدیۆم بۆ ئەوەی لە کاتی بەرهەم هێناندا بەرهەمەکە تەڕ نەبێت.
سرکەی ڕەشی چینی بەرهەمێکی چەند ساڵ هەڵگیراوە کە لە برنج، گەنم، گەنمەشامی شیرین یان تێکەڵەکەیان دروست دەکرێت، ڕەنگێکی ڕەشی قەترانیی هەیە تامێکی تێکەڵی هەیە، ئەم جۆرە سرکەیە دەکرێت شەکر یان بەهارات یان کارامێلی بۆ زیاد بکرێت.

ڕۆح - spirit

دەستەواژەی (سرکەی ڕۆح) زۆرجار دەگەڕێتەوە بۆ جۆرێکی بەهێزتر (٥٪ بۆ ٢٤٪ ترشی سرکە) کە لە قامیشی شەکر یان بە شێوەیەکی کیمیایی ترشی سرکە دروست دەکرێت، بۆ ئەوەی پێی بوترێت سرکەی ڕۆح دەبێت بەرهەمەکە سەرچاوەکەی کشتوکاڵی بێت و بە دووانە ترشاندن دروست بکرێت، لە یەکەم ترشاندن شەکر دەگۆڕێت بۆ کحول و لە دووەم ترشاندن کحول دەگۆڕدرێت بۆ ترشی سرکە.

بەکارهێنان

خواردن

سرکە بە شێوەیەکی باو لە ئامادەکردنی خواردندا بەکاردێت، پێکهاتەیەکە لە پێکهاتەکانی ساس وەک ساسی تیژ و کەچەب و مایۆنیز، لە ئامادەکردنی چەندین جۆری جیاوازی زەڵاتەدا بەکاردێت، زۆرجار دەکرێتە شۆرباشەوە، توانای هەیە بۆ ماوەیەکی زۆر بمێنێتەوە و خراپ نەبێت بەبێ بەکارهێنانی ساردکەرەوە بۆی، چونکە خۆی لە بنەڕەتدا کۆنە و ترشاوە.

خواردنەوە

هەندێک جۆری خواردنەوە بە بەکارهێنانی سرکە دروست دەکرێن، وەک پۆسکای ڕۆمای کۆن و ئۆکزیمێڵی یۆنانی کۆن کە لە سرکە و هەنگوین دروست دەکرێت.

پارێز

هەندێک توێژینەوە ئەوەیان دیاری کردووە کە خواردنەوەی ٢-٤ کەوچکی چێشت لە سرکە دەکرێت کەمێک شەکری خوێن و ئەنسۆلین کەم بکاتەوە لەو کەسانەدا کە تووشبووی نەخۆشی شەکرەن.

دەرمان

لە کۆندا سرکە وەک دەرمانێکی چارەسەری فۆلکلۆر بەکارهاتووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی زانستی و توێژینەوەیەک سوودەکانی سرکەی بۆ شەکرە و دابەزاندنی کێش و شێرپەنجە نەسەلماندووە و پشت ڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام هەرچۆنێک یێت بەدواداچوون و شیکردنەوە لەسەر سرکە و سوودی بۆ شەکرە لەوەوە هاتووە کە سرکە وەک (پێشنیازێکی پارێز بۆ ئەو نەخۆشانەی تووشبووی شەکرەن) بەکارهاتووە، هەندێک چارەسەر بە سرکە بووەتە هۆی مەترسی بۆ سەر تەندروستی کەسەکان، چەندین حاڵەت باسیان لە برینی سورێنچک کردووە بەهۆی خواردنی سرکەی سێوەوە، هەروەها چونکە فرۆشتنی بەرهەمەکانی سرکە بۆ مەبەستی چارەسەری پزیشکی پشت ڕاست نەکراوەتەوە و بە ستاندارد نەکراوە، هەر بەرهەمێک دەکرێت بە شێوەیەکی فراوان جیاواز بێت لە پێکهاتە و ترشێتیدا.

پاککردنەوە

سرکەی سپی زۆرجار بەکاردێت بۆ پاککردنەوەی کەلوپەلی ناوماڵ، لە زۆربەی بەرکارهێنانەکاندا سرکە لەگەڵ ئاو تێکەڵ دەکرێت بۆ ڕوونکردنەوەی و بەکارهێنانی سەلامەتە و نابێتە هۆی داخورانی ڕووکاری کەلوپەلەکان، لەبەر ناوەندە ترشەکەی ئەو کانزایانە دەتوێنێتەوە کە لەسەر پەرداخ و ئامێری دروستکەری قاوە و چەندین کەلوپەلی دیکەی ڕووکار ساف دەنیشن، سرکە وەک پاککەرەوەیەکی کاریگەر ناسراوە بۆ پاککردنەوەی ستیلی ستانلس.
سرکە دەکرێت بەکاربێت بۆ ڕوونکردنەوە و پێدانی بریسکە بە ڕووکاری مس و بڕۆنز و زیو، توێنەرێکی بەهێزە بۆ تواندنەوەی زۆربەی جۆرەکانی لکێنەر، وەک پاککەرەوەیەکی کاریگەر بۆ پاککردنەوەی ئاوەڕۆ باسکراوە.


سەرچاوەکان



1324 بینین