ئاڵتوون (زێڕ)

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2021-08-09-21:39:00 - کۆدی بابەت: 6232
ئاڵتوون (زێڕ)

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئاڵتوون (بە ئینگلیزی: Gold، بە عەرەبی: الذهب) کانزایەکی بەنرخە بە شێوەی خشڵ بەکارهاتووە لەو کاتەوەی کە مرۆڤایەتی دەستی کردووە بە بەکارهێنانی هۆکاری جوانکاری، مرۆڤایەتی حەزی بە زێڕ بووە و بەدرێژایی مێژوو بەکاری هێناوە، زێڕ بۆ مەبەستی جوانکاری لە ٣٠٠٠ ساڵی پێش زاییندا بەکارهاتووە و جل، تاج، خشڵی بچووکی لێ دروستکراوە بۆ کەسە خانەدانەکان و لە کاتی ناشتنیان خراوەتە گۆڕەکەیان، زێڕی پوخت نەرمە، زەردێکی بریقەدارە و بەئاسانی شێوە وەردەگرێت، هەروەها ڕەنگەکەی تێکناچێت و لێڵ نابێت، بەڵام کاتێک لەگەڵ کانزای تردا تێکەڵکرا لەوانەیە ڕەنگەکەی لێڵ ببێت و جوانییەکەی کەم بکاتەوە.

پوختی ئاڵتوون

زێڕی پوخت لە هەموو کانزا گرانبەهاکانی تر نەرمتر و گرانبەهاترە، زێڕ باشترین هەڵبژاردەیە بۆ دیزاینی ئەو خشڵانەی کە پێویستیان بە وردەکارییە، هەروەها تۆز ناگرێت، لێڵ نابێت و ژەنگ ناهێنێت، زێڕی پوخت زۆر نەرمە بۆ بەکارھێنانی ڕۆژانە و بەئاسانی دەشکێتەوە، بەو هۆیەشەوە لەگەڵ کانزای تردا داڕشتە دەکرێت کە بریتییە لە تێکەڵەی زیو، مس و بڕێکی کەم لە زینک بۆ پێدانی بەهێزی و خۆگری بە خشڵەکە، ئەم جۆرە داڕشتەکراوەی زێڕ بە درێژایی چەندین نەوەی مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە.

ڕێژەی پوختی (عەیارە)

ڕێژەی پوختی کە بە ژمارە دەدەبڕدرێت و پیتی (k) ئینگلیزی بە دوایدا دێت، ئەوە دیاری دەکات کە ئەو پارچە خشڵە ڕێژەی چەندی زێڕە، لە ژمارە سفر تاکوو ٢٤ وەردەگرێت، ژمارە ٢٤ بەم شێوەیە لەسەر ئاڵتوونەکە هەڵدەکۆڵرێت (24k)، ئەم جۆرەی زێڕ بە تەواوی خاوێنە و هیچ کانزایەکی تری لەگەڵدا تێکەڵنەکراوە، ڕەنگێکی زەردی ئاڵتوونی نایاب و تایبەتی هەیە بەڵام بۆ دروستکردنی خشڵ گونجاو نییە چونکە بە ئاسانی دەشکێت، ئاڵتوونی عەیارە ٢١ (21k) ٨٧,٥٪ بریتییە لە زێڕ و ١٢,٥٪ بریتییە لە کانزاکانی تر بە واتایەکی تر ٢١ بەشی زێڕە و ٣ بەشی کانزاکانی تر، عەیارە ١٨ (18k) ٧٥٪ زێڕە و ٢٥٪ بریتییە لە کانزاکانی تر (١٥٪ زیو، ١٠٪ مس، بە ڕێژەیەکی زۆر کەم زینک، ئەلەمنیۆم یان نیکڵ)، عەیارە ١٤ (14k) ٥٨,٣٪ بریتییە لە زێڕ و ٤١,٧٪ بریتییە لە کانزاکانی تر، تاکوو ژمارەی عەیارە زۆرتر بێت بە مانای زۆری ڕێژەی زێڕ دێت لە خشڵەکەدا.

جۆرەکانی ئاڵتوون

ئاڵتوونی زەرد

ئاڵتوونی زەرد ڕەنگی زەردێکی سەرنجڕاکێش و بریقەدارە، تێکەڵەیەکە لە زێڕ، زیو، مس و کەمێک (زینک، ئەلەمنیۆم، نیکڵ) لە عەیارەیەک بۆ عەیارەیەکی تر ڕێژەی ئەم کانزایانە جیاوازە، بۆ نموونە ئاڵتوونی عەیارە ١٤ ڕەنگەکەی تێرترە لە عەیارە ١٨ تاکە هۆکاری ئەم جیاوازییەش بەهۆی بەهێزی و خۆگری عەیارە ١٤یە لە چاو عەیارە ١٨ چونکە عەیارە ١٤ خۆگرترە و ئەمەش وای لێدەکات بەرگری زۆربێت بۆ ڕووشان، باشترین جۆری ئاڵتوون کە هاوسەنگ بێت لە ڕەنگ، ڕێژەی پوختی، خۆگری و بەرگری زۆری بۆ ڕووشان و لێڵ بوون بریتییە لە ئاڵتوونی عەیارە ١٨ چونکە ڕێژەی مس و زیو تێیدا یەکتر هاوسەنگ دەکەن و ڕەنگە سروشتییەکەی زێڕ تێکنادەن.
ئەو هۆکارانەی پاڵنەرن بۆ زۆری خواست لەسەر ئاڵتوونی زەرد:

- کەمترین کەس هەسیارییان پێی هەیە.
- تاکوو پوختتر بێت مانای بەنرخی و گرانی خشڵەکە دەگەیەنێت.
- پێویستی بە چاکسازی و کاری زۆر نییە لەسەری تاکوو شێوە وەربگرێت، بەڵکوو بە ئاسانی شێوە وەردەگرێت.
- دەرکەوتنێکی کلاسیکی هەیە کە گونجاوە بۆ هەموو بۆنە و ئاهەنگێکی تایبەت و ئاسایی.
- بە شێوەیەکی بەربڵاو بوونی هەیە و نرخەکەی گونجاوە.

ئاڵتوونی سپی

بۆ پێدانی ڕەنگی سپی-زیوی بە ئاڵتوون، زێڕی پوخت لەگەڵ نیکڵ یان پلادیۆم و زیو و داڕشتەی سپیکەرەوەی تر تێکەڵدەکرێت، پاشان پارچە خشڵەکە بە کانزایەکی خۆگری تری گرانبەهای وەک ڕۆدیۆم ڕووپۆش دەکرێت، ڕووپۆشکردن بە ڕۆدیۆم وای لێدەکات کە بەهێز و خۆگربێت، ڕووکارێکی جوان و بریسکەداری هەبێت و خشڵەکە بپارێزێت لە شکانەوە و تێکچوون، بەڵام بۆ ماوەیەکی درێژ بە جوانی نامێنێتەوە، بەڵکوو بە تێپەڕبوونی کات کانزای ڕۆدیۆم کۆن دەبێت لەسەر خشڵەکە و ڕەنگە زەردەکەی ئاڵتوونەکەی ژێر ڕۆدیۆم دەست دەکات بەدەرکەوتن، ئەمەش شتێکی ئاساییە کە ڕوودەدات و ڕوودانی پشت دەبەستێت بە چەند هۆکارێکی وەک:

- ڕێژەی (pH)ـی پێستی بەکارهێنەر.
- ئەو ماددە کیمیاییانەی بەکارهێنەر لە ماڵەوە بەکاریدەهێنێت و خشڵەکە بەرکەوتنی دەبێت لەگەڵیان.
- هۆکارە ژینگەییەکانی وەک پیسی ئەو ژینگەیەی کە بەکارهێنەری خشڵەکە تێیدا دەژی.
چارەسەری ئەمەش ئاسانە و لەلایەن کەسی شارەزاوە بە ئاسانی دووبارە خشڵەکە ڕووپۆش دەکرێت بە ڕۆدیۆم.

ئاڵتوونی گوڵەباخ (پەمەیی)

بۆ یەکەمجار لە سەدەی ١٩ لە ڕووسیا بەکارهاتووە و زۆرجار پێی دەوترێت ئاڵتوونی ڕووسی، ڕەنگە ڕۆمانسییە پەمەییەکەی ئاڵتوونی گوڵەباخ بەهۆی داڕشتەکردنییەتی لەگەڵ کانزای مسدا، تاکوو ڕێژەی کانزای مس لە خشڵەکەدا زۆربێت ڕەنگە پەمەییەکەی زیاتر دەبێت، ئاڵتوونی گوڵ ڕێژەی زێڕەکەی کەم ناکات بەڵکوو هەمان ڕێژەی ئاڵتوونی زەردی تێدایە بەڵام ئەوەی دەگۆڕێت ڕێژەی زۆری کانزای مسە تێیدا،

هەروەها بەپێی تێپەڕبوونی کات ڕەنگەکەی لێڵ نابێت، بەڵام وەک هەموو خشڵێکی تر جار جار پێویستی بە پاککردنەوە هەیە، ئاڵتوونی گوڵەباخ هەڵبژاردەیەکی نایابە بۆ ئەڵقەی هاوسەرگیری.


سەرچاوەکان

750 بینین