بەرهەمی پشت بەخودا بەستن

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-25-00:04:00 - کۆدی بابەت: 3685
بەرهەمی پشت بەخودا بەستن

ناوه‌ڕۆك

ئاسەوار و بەرهەمەکانی پشت بەخودا بەستن

گومانی تێدا نییە پشت بەخودا بەستن شوێنەوار و ئاسەوارێکی گەورە بەسەر ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ژیانی مرۆڤی باوەڕدارەوە دادەنێت و بەجێدەهێڵێت، کە لەخوارەوە بەکورتی ئاماژە بە هەندێک لەو ئاسەوار و بەرهەمانە دەکەین:

خۆڕاگری لەبەردەم کێشە و گرفتەکاندا

لەو ڕووەوە کە پشت بەخودا بەستنی باوەڕدار بەرەنجامی کاری خۆیان بەخودا دەسپێرن، خودایەک کە لە هەموو شوێنێک ئامادەیە و توانای بەسەر هەموو شتێکدا هەیە. یەکەمین بەرهەمی ئەم قەناعەت و باوەڕە پشت بە خۆ بەستن و خۆڕاگری دەبێت لەبەردەم کێشە و گرفتەکانی ژیاندا، مرۆڤ کاتێک هەست دەکات لەبەردەم کێشەکاندا تەنها نییە و خودای گەورەی لەگەڵدایە و دەتوانێت هاواری بۆ ببات و پشتی پێ ببەستێت و داوای خۆڕاگری و کۆمەکی لێبکات، هەست بە لاوازی و شکستی لا دەڕەوێتەوە و لە بری ئەوە خۆی بەدەست ڕەشبینی و هەستکردن بەبێ تواناییەوە بدات، بە پشت بەستن بەخودا درێژە بە بڕینی ڕێگای ژیان دەدات و لە بەرامبەر فشار و ناڕەحەتیەکاندا بەرهەڵستی دەکات و دەشزانێت لەگەڵ تەنگانەدا ڕزگاربوونی (... وَمَنْ يَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ فَهُوَ حَسْبُهُ ...) الطلاق:٣، واتە: ئەوەی پشت بەخودا ببەستێت خودای بەسە. (وَمَا لَنَا أَلَّا نَتَوَكَّلَ عَلَى اللَّهِ وَقَدْ هَدَانَا سُبُلَنَا ۚ وَلَنَصْبِرَنَّ عَلَىٰ مَا آذَيْتُمُونَا ۚ وَعَلَى اللَّهِ فَلْيَتَوَكَّلِ الْمُتَوَكِّلُونَ) ابراهیم:١٢، واتە: دەبێت چی وامان لێبکات پشت بەخودا نەبەستین لەکاتێکدا ئەو ڕێنوێنی ڕێگاکانی کردوین وە ئارام بگرین لەسەر ئەو ئازارانەی دەماندەن، دەبا ئەوانەی دەیانەوێت پشت بە یەکێک ببەستن با پشت بە خودا ببەستن.
لەبەرامبەر فشارەکانیشدا سرودی جاویدانی نەمری باوەڕداران بە درێژایی مێژوو تا ڕۆژی دوایش بریتیە لە: (... حَسْبُنَا اللَّهُ وَنِعْمَ الْوَكِيلُ ...) ال عمران:١٧٣، واتە: خودامان بەسە بۆ پشتیوانیمان و ئەو باشترین پشتیوان و کارڕاسایە.

هەستکردن بە بەهێزی و توانای بڕیاردان

مرۆڤ کاتێک بڕیاریدا پشت بەخودای گەورە ببەستێت، لەحاڵەتی دوودڵی و ڕاڕایی دەردەچێت و ڕزگاری دەبێت، ئومێدی بە کۆمەکی خودا لا پەیدادەبێت، چونکە یەکێک لەو شتانەی ناهێڵێت مرۆڤەکان لەکاتی پێویستدا بڕیاربدەن هەست بە نەبوونی پشتیوانی و ئەگەری شکست و هەست بە بێ توانایی کردنە. لە حاڵەتی پشت بەخودا بەستندا مرۆڤ هەست دەکات کە خودا یارمەتی دەدات و پشتی دەگرێت، لێرەشەوە بە ئازایەتی و جورئەتەوە هەنگاو دەنێت و لەکاتی پێویستیدا بڕیاردەدات.
هەروەها پێغەمبەر (د.خ) بە (ئیبن عباس)ـی فەرموو: (استعن باللە و لا تعجز) پشت بە خودا ببەستە و خۆت بە لاواز و بێتوانا و هیچ لەبارا نەبوو نیشان مەدە. کەسێک پشتی بە دەسەڵاتێکی بێسنور ببەستێت لەم گەردونەدا کە هەموو شتێکی لەبەردەستدایە چۆن دەبێت هەست بە هێزی خۆی نەکات؟
بەدەستهێنانی خۆشەویستی خودا

یەکێکی تر لە ئاسەوارەکانی پشت بو خودا بەستن ئەوەیە کە خودای گورە ئەو باوەڕدارەی خۆشدەوێت پشتی پێ دەبەستێت و متمانەی خۆی پێ دەبەخشێت: (... فَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ ۚ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُتَوَكِّلِينَ) ال عمران:١٥٩، واتە: بێگومانبن کە خودای گەورە ئەو کەسانەی خۆش دەوێت کە پشتی پێدەبەستن، دیارە دەست خستنی خۆشەویستی خوداش بۆ باوەڕدار سەرمایەیەکی یەجار بەنرخە.

نەمانی دەسەڵاتی شەیتان

مرۆڤەکان بەو ئەندازەی (باوەڕ) و (پشت بەخودا بەستن)یان هەبێت، بە هەمان ئەندازە لە دەسەڵاتی شەیتان ڕزگاریان دەبێت و دوور دەکەونەوە لێی، سەرەنجام لە لادان و خراپەکردنیش دەپارێزرێن، خودای گەورە لەم بارەیەوە دەفەرموێت: (انَّهُ لَيْسَ لَهُ سُلْطَانٌ عَلَى الَّذِينَ آمَنُوا وَعَلَىٰ رَبِّهِمْ يَتَوَكَّلُونَ) النحل:٩٩، واتە: بە دڵنیاییەوە شەیتان دەسەڵات و توانای بەسەر ئەوانەدا نییە کە باوەڕیان هێناوە و پشت بە خودا دەبەستن.
شەیتان لە کاتێکدا دەتوانێت بەسەر مرۆڤدا زاڵ بێت کە پەیوەندی مرۆڤ بە خوداوە لاواز بووبێت و بە دوای هەوا و ئارەزووی خراپی خۆی کەوتبێت، بەڵام ئەگەر پەیوەندی لەگەڵ خوادا بەهێزبێت و پشتی پێ ببەستێت لە فێڵ و خراپەکانی شەیتان بەدوور دەبێت.

ئاسودەیی و ئارامی دڵ

یەکێک لە ئاسەوارەکانی (پشت بە خودا بەستن) ئارامی و ئاسودەیی دڵە، پشت بە خودا بەستن تۆوی ئومێد لە دڵدا دەڕوێنێت و زەمینەی ڕزگاربوون لە فشاری دەروونی و دڵەڕاوکێ و پەرێشانی فەراهەم دەکات، چونکە هۆکاری سەرەکی فشار و دڵتەنگی لە مرۆڤدا لێکدانەوەی نادروستی مرۆڤە بۆ ڕوداو و پێشهاتەکانی ژیان و هەستکردن بە بێ توانایی و تەنهایی وە لە لایەکی دیکەوە، مرۆڤ کاتێک پشت بەخودا دەبەستێت و باوەڕی بە دادپەروەری و میهرەبانی و توانای ئەو هەیە ئەمە ئارام و دڵنیایی دەکات.
مرۆڤ کاتێک پشتی بەخودا بەست، هەست بە تەنهایی ناکات و لە هەموو ساتەکانی ژیاندا هەست بە بەزەیی و میهرەبانی و چاودێری پەروەردگار دەرهەق بەخۆی دەکات و پەیوەندیەکی گەرم و گوڕ بە خودای گەورە دەبەستێتەوە، لێرەوە فشار و دڵتەنگی و پەستی لە ژیانیدا بە بەراورد لەگەڵ کەسانی دیکە کەمتر دەبێت و بەچاوی گەشبینیەوە دەڕوانێتە ژیان، هەروەها ئەگەر سەرچاوەیەکی دیکەی خەفەت و نیگەرانی مرۆڤ پشت کردنی هەندێ لە مرۆڤەکان و بەتایبەتیش مرۆڤە خراپەکان و ئازاردانی ئەوان بێت، ئەوا باوەڕ و پشت بەخودا بەستن وای لێ دەکات هەڵنەچێت و زۆر خەفەت نەخوات و هەم باش بێ و ئەوەکەی دیکەش بەخودا بسپێرێت، خودای گەورە لەم ڕووەوە بە پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێت: (... فَأَعْرِضْ عَنْهُمْ وَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ ۚ وَكَفَىٰ بِاللَّهِ وَكِيلً) النساء:٨١، واتە: گوێ مەدە پێیان (دووڕووەکان) و لە نەخشەکانی ئەوان ترس و بیم داتنەگرێت، پشت بە خودا ببەستە بەسە ئەو پشتیوان و بەرگریکارت بێت.


سەرچاوەکان



4527 بینین