مافی یەکسانی لە ئیسلامدا

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-26-01:22:00 - کۆدی بابەت: 3739
مافی یەکسانی لە ئیسلامدا

ناوه‌ڕۆك

مافی یەکسانی

بنەمای یەکسانی بنەمایەکی بنەڕەتی ئاینە ئاسمانیەکان و بیرۆکەی مافەکانی مرۆڤیشە، ئاینە ئاسمانیەکان جاڕی ئەوەیان دا کە بەندەکان لەبەردەم خودادا یەکسانن، ئیسلام لە کەرامەت و مافەکاندا یەکسانی لەنێوان خەڵکیدا بڕیاری داوە و هەر بەراوردێک لەنێوان مرۆڤەکاندا لەسەر بناغەی ڕەنگ و نەژاد و ڕەگەز و زمان ڕەتدەکاتەوە، مرۆڤایەتی بە گشتی لە ڕوانگەی ئیسلامەوە یەک بنەڕەتی هەیە و لە یەک دایک و باوکەوە پەیدابووە، هەروەک قورئان دەفەرموێت: (هُوَ الَّذِي خَلَقَكُمْ مِنْ نَفْسٍ وَاحِدَةٍ) الاعراف ١٨٩، واتە: ئەو خودایەی ئێوەی لە یەک (نفس) و بنەڕەتەوە بەدیهێناوە (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَىٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا ۚ إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ) الحجرات ١٣، واتە: ئەی خەڵکینە ئێمە ئێوەمان لە نێر و مێیەک بەدیهێناوە وە کردومانن بە هۆز و گروپ و گەلی جیاواز بۆ ئەوەی یەکدی بناسن و وە بە میهرەبانی مامەڵە لەگەڵ یەکدی بکەن، بەڕاستیش بەڕێزترینتان لای خوا (بۆ ئەو دنیا) ئەوەتانە کە زۆرتر خۆپارێز و چاکەکار بووە.
ڕووی ئایەتەکە لە هەموو خەڵکیە (يَا أَيُّهَا النَّاسُ) نەک تەنها باوەڕداران و جەخت لەسەر یەکبوونی بنەڕەتی سەرجەم مرۆڤایەتی دەکاتەوە، پێغەمبەر (د.خ) لە چەندین فەرموودەی خۆیدا گرنگی بنەمای یەکسانیمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. هەروەک دەفەرموێت: (أَيُّهَا النَّاس ان ربکم واحد، وان اباکم واحد، کلکم لأدم و أدم من تراب، ان أکرمکم عند اللە أتقاکم، لا فضل لعربي علی أعجمي ولا لأعجمي علی عربي، ولا لأسود علی أحمر ولا لأحمر علی أسود إلا بالتقوی، اللهم هل بلغت اللهم فاشد، ألا فلیبلغ الشاهد منکم الغائب) واتە: ئەی خەڵکینە هەموو خەڵکی بە بێ جیاوازی ئاین و ڕەگەز و ڕەنگ و زمان) بەڕاستی پەروەردگارتان یەکە و باوکتان یەکە و هەمووتان لە ئادەمن و ئادەمیش لە خۆڵە، بەڕێزترینتان لای خوا خۆپارێزترین و چاکەکارترینتانە، با بزانن عەرەب ڕێزی نییە بەسەر غەیری عەرەبدا، غەیری عەرەب ڕێزی نییە بەسەر عەرەبدا، ڕەشپێست ڕێزی نییە بەسەر سوورپێستدا. سوورپێستیش ڕێزی نییە بەسەر ڕەشپێستدا، بە خۆپارێزی و چاکەکاری نەبێت. خوداوەندە ئەوە من پەیامەکەی تۆم گەیاند و تۆش شاهیدبە لەسەری، با ئەوەتان لێرە ئامادەیە و ئەم پەیامەی بیست، بیگەیەنێت بەوانەی نەیانبیستبوو و لێرە نین.
لەبەر ئەوە لە ئیسلامدا مرۆڤی پلە یەک و مرۆڤی پلە دوو نییە، هەموو مرۆڤێک بەدیهێنراوی خودای گەورەیە و بەو هەناسەیە زیندووە کە خودای گەورە پێی بەخشیووە و کەرامەتی مرۆڤی هەیە. ڕێز و پلە و پایەش بە ڕەچەڵەک و بنەچە و نەتەوە و ڕەنگ و زمان و هۆز و بنەماڵە نییە، بەڵکو لەبەر شتێکە کە لەبەردەستی هەموواندایە و هەر مرۆڤێکیش دەتوانێت سوودی لێوەربگرێت و پەیوەندی بە ئیرادەی خۆیەوە هەیە کە ئەویش تەقوا و چاکەکارییە. هەژار و دەوڵەمەندێک، سپی پێست و ڕەش پێستێک، کرد و عەرەب و هەر نەتەوەیەکی دیکە، لەبەردەم یاسای خودادا یەکسانن، پێویستە ئەم هەست بە یەکسانی کردنەش لە ناخی هەر یەکەماندا بە قوڵی بچەسپێت.


سەرچاوەکان



5728 بینین