پێویستیەکانی گفتوگۆیەکی سەرکەوتوو لە ئیسلامدا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-30-00:23:00 - کۆدی بابەت: 3924
پێویستیەکانی گفتوگۆیەکی سەرکەوتوو لە ئیسلامدا

ناوه‌ڕۆك

پێویستیەکانی گفتوگۆیەکی سەرکەوتوو

بۆ ئەوەی گفتوگۆ سەرکەوتووبێت دەبێت لایەنەکان ڕەچاوی چەند بنەمایەک بکەن لەوانەش:

قسەکردنی زانستی و بابەتی

لایەنەکان پێش ئەوەی بچنە ناو گفتوگۆوە دەبێت لەم ڕووە جوان خۆیان ئامادەکردبێت و لایەنەکانی بابەتی گفتوگۆ لەسەرکراوو ئامانجەکانیان لا ڕوونبێت وە لایەنی بەرامبەریش جوان بناسن، قورئان لەم ڕووەدە دەفەرموێت: (... قُلْ هَاتُوا بُرْهَانَكُمْ إِنْ كُنْتُمْ صَادِقِينَ) ابقرة:١١١، واتە: گەر لە داواکەتاندا ڕاست دەکەن بەڵگە لەسەر ڕاستی قسە و بۆچوونەکانتان بهێننەوە، هەروەها قورئان دەفەرموێت: (وَلَا تَقْفُ مَا لَيْسَ لَكَ بِهِ عِلْمٌ ۚ إِنَّ السَّمْعَ وَالْبَصَرَ وَالْفُؤَادَ كُلُّ أُولَٰئِكَ كَانَ عَنْهُ مَسْئُولً) الإسراء:٣٦، واتە: هەڵوێستە لەمەڕ شتێک مەکە و باوەڕی پێمەکە و پشتی پێ مەبەستە کە زانیاریت پێی نییە و جوان دەرکت نەکردووە و نازانیت حەقیقەتەکەی چییە.

پەی بردن بەوەی کە جیاوازی یاسایەکی گەردونیە

وەک باسکرا خودای گەورە مرۆڤەکانی بە ڕەنگ و زمان و نەتەوە و ئەقڵی جیاوازەوە بەدیهێناوە هەموو ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە فرەیی (التعددیة) حاڵەتی سروشتی ژیان و بونەوەرە و دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت و هەرکەسێک بەزۆر هەوڵی سڕینەوەی جیاوازیەکان بدات دژی ئیرادەی خودای گەورە دەوەستێتەوە، چونکە ویستی خودا وایە ئەو جیاوازیانە هەبن: (وَمِنْ آيَاتِهِ خَلْقُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَاخْتِلَافُ أَلْسِنَتِكُمْ وَأَلْوَانِكُمْ ۚ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَآيَاتٍ لِلْعَالِمِينَ) الروم:٢٢، واتە: یەکێک لە نیشانەکانی خودای گەورە بریتیە لە بەدیهێنانی ئاسمان و زەوی و جیاوازی ڕەنگ و زمانتان ئەوەش بەڵگە و نیشانە گەلێکن بۆ زانایان. دەبێت لایەنەکانی هەر گفتوگۆیەک لە داننان بەم جیاوازیانە و جیاوازی نێوانیانەوە دەست پێبکەن و هەر لەوێشەوە بەدوای ڕێککەوتن لەسەر کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش بگەڕێن

زۆر لێنەکردن

یەکێک لە مەرجە بنەڕەتیەکانی گفتوگۆ ئازادی لایەنەکانە لە دەربڕینی بیروڕا و بۆچوونی خۆیان و ئەو شتانەی کە لەسەری ڕێکدەکەون، بۆ لایەنێک نییە زۆر لە لایەنێکی دیکە یاخود لایەنەکانی دیکەی گفتوگۆ بکات یاخود بترسێنێت: (لا إکراە في الدین ...) البقرة:٢٥٦. هەروەها دەفەرموێت (... وَمَا أَنْتَ عَلَيْهِمْ بِجَبَّارٍ ۖ فَذَكِّرْ بِالْقُرْآنِ مَنْ يَخَافُ وَعِيدِ) ق:٤٥، واتە: ئەی موحەممەد تۆ زۆردارنیت بەسەر ئەو خەڵکەوە تا شتێک خۆیان ڕازی نەبن پێی بەزۆر پێیان بکەیت، تۆ بە قورئان ڕاستیەکان بیری ئەو کەسانە بهێنەوە کە لە هەڕەشەی خودایی و ڕۆژی دوایی دەترسن. دیارە ئەگەر خودا مافی زۆرلێکردن لە خەڵکی بۆ وەرگرتنی ئاینی خۆی ڕەتکردبێتەوە، ئەوا بۆ هیچ هێز و لایەنێکی دیکە نییە بەزۆر ئیرادەی خۆی بەسەر ئەوانی دیکەدا بسەپێنێت.

گرنگیدان بە خاڵە هاوبەشەکان و بەیەکدی گەیشتن

گومانی تێدا نییە کە لایەنەکان کۆمەڵێک خاڵی هاوبەشیان لەنێواندایە، ئەو جیاوازیانە هێندە گەورە نەبن ببنە ناکۆکی وکێشەیان لێ بکەوێتەوە و نەتوانن بەیەکەوە بژین، دەربارەی گیانی گفتوگۆ و ڕێزگرتن لە ڕای بەرامبەر ئیمامی شافیعی لە وتەیەکدا دەڵێت: (ڕای من ڕاستە و گریمانەی هەڵەبوونیش هەڵدەگرێت، ڕای بەرامبەرەکانیشم هەڵەن بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە ڕاستبن). ئیمامی مالیکش دەڵێت: (لا تحسم الخلف، دع الناس وما اختلفوا) واتە: جیاوازی کۆتایی پێ مەهێنن یەکلایی مەکەنەوە، واز لە خەڵکی بێنن لەو شتانەی لەگەڵ یەکدیدا جیاوازن، مێژوی ئیسلامیش چەندین لاپەڕە و هەڵوێستی گەشی ڕێزگرتن لە جیاوازی تێدایە.

گفتوگۆکاری سەرکەوتوو ئەوەیە کە قسەکان لەم خاڵانەوە دەست پێ بکات و هەر لە سەرەتاوە جیاوازیەکان نەوروژێنێت، بۆئەوەی مەسەلەی گەیشتن بە چارەسەرێکی هاوبەش و کەمکردنەوەی جیاوازی و ناکۆکیەکان ببێت بە هەوڵی هاوبەشی هەردوولا یاخود سەرجەم لایەنە بەشداربووەکانی گفتوگۆکە، وەک لە پێشەوە ئاماژەمان پێکرد قورئان بانگەشەی خاوەن کتێبەکانی دیکە دەکات بۆ ڕێککەوتن لەسەر کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش کە ئاینە ئاسمانیەکان تیایدا هاوبەشن.

جوان گوێگرتن

گفتوگۆکاری سەرکەوتوو دەبێت گوێگرێکی سەرکەوتووبێت، چونکە بەهۆی جوان گوێگرتنەوە دەتوانێت بە جوانی لە مەبەستی بەرامبەرەکەی تێبگات و بزانێت چۆن بیردەکاتەوە، هەروەها قسەی پێنابڕێت و بەمەش ڕێزی خۆی لای ئەو زیاتر دەکات و ئامادەیی زۆرتر دەبێت بۆ پێکهاتن.

دەستپێکردن لە گرنگترینەوە

گفتوگۆکاری سەرکەوتوو لە شتە گرنگەکانەوە دەستپێدەکات و کاتی خۆی و بەرامبەرەکانیش بە سەرقاڵبوون بە مەسەلە لاوەکیەکانەوە لەسەر حسابی ابەتە گرنگەکان ناکوژێت، بۆ نموونە پێغەمبەرانی خوا (دخ) کاتێک نەتەوەکانیان بۆ کای ئاینی خودا بانگهێشتکردووە لە بیر و باوەڕەوە دەستیان پێکردووە چونکە بناغەی شتەکانی دیکەیە.

ڕێزگرتن لە ڕاستی

مرۆڤ لەکاتی گفتوگۆدا بەتایبەتیش لەکاتی گفتوگۆی بیرمەندیدا دەبێت ڕێز لە ڕاستی بگرێت با لەسەر زمانی بەرامبەرەکەیشیەوە دەربکەوێت، ئیمامی شافیعی لە وتەیەکدا لەم ڕووەوە دەڵێت: (مشتومڕی زانستیم لەگەڵ هەرکەسێک کردبێت لە خودا پاڕاومەتەوە کە حق بە زمانیدا بێت) ئەمەش ئەوە دەردەخات کە گفتوگۆکاری هەق ویست مەبەستی شکاندنی بەرامبەرەکەی نییە بەڵکو مەبەستی گەیشتنە بە ڕاستی و ڕێزلێگرتنیەتی.

دوورکەوتنەوە لە ڕاناوی (من)

مرۆڤ تا بۆی بکرێت دەبێت لە کاتی گفتوگۆدا خۆی زۆر لە بەکارهێنانی ڕاناوەکانی من و ئێمە بپارێزێت چونکە بەربەست لەنێوان خۆی و لایەنی یاخود لایەنەکانی بەرامەردا دروست دەکات وە وێنەیەک دەخاتەڕوو کە تەنها ڕای خۆی بەلاوە شتە و زۆر بایەخ بە ڕای بەرامبەر نادات و دەشتەوێت ئەو ڕایەی خۆت بسەپێنیت. خودای گەورە لە ڕەچاوکردنی ئەم جێکەوتەوە هەمیشە جەختی لەوە کردۆتەوە کە پێغەمبەرانی خودا مرۆڤێکن وەک هەر مرۆڤێکی دیکە، تەنها ئەوەیە خودا پەیامی خۆی بۆیان ڕەوانە دەکات و لە پێگەی خۆ بەبەرزگرتنیشەوە نەهاتوون بیروباوەڕی خۆیان بەسەر خەڵکدا بسەپێنن، یاخود بە چاوی نزم سەیریان بکەن.


سەرچاوەکان



1265 بینین