باسی (شفعة)
واتە: یەکێک لە هاوبەشەکان بەشەکەی خۆی بفرۆشێ، ئینجا هاوبەشەکەی تری بچێ شتەکە لە کڕیارەکە بستێنێتەوە بەو پارەیەی پێی کڕیوە، هەرچەند پێشی خۆش نەبێ.
(عن جابر -رضي الله عنه-: قال النبی ﷺ: الشفعة فی کل شرك لم یقسم: فی أرض، أو ربع، أو حائط، لا یحل له أن یبیع حتی یعرض علی شریکه فیأخذ أو یدع، فإذا باع ولم یؤذنه فهو أحق به) رواه مسلم، پێغەمبەر فەرمووی: شوفعە لە گشت شتێکی هاوبەشدا هەیە کە بەش نەکرابێ: زەوی بێ، یان باخ بێ، یان خانوو بێ، دروست نییە خاوەن بەشەکە بەبێ ئیزنی هاوبەشەکەی خۆی بیفرۆشێ، جا بیەوێ، یان نەیەوێ، جا ئەگەر بەبێ پرس فرۆشتی، ئەو کاتە هاوبەشەکەی مافی هەیە بە شوفعە وەری بگرێتەوە.
وەرگرتنەوەی ماڵی فرۆشراو بە شوفعە لە شەرعدا هەیە بەهۆی هاوبەشی نەک بەهۆی دراوسێیەتی، واتە: ئەگەر دراوسێیەک خانووەکەی، یان زەوییەکەی فرۆشت، دراوسێیەکەی تر ناتوانێ بە شوفعە وەری بگرێتەوە، بەڵام لە مەزهەبی ئیمامی (حنفي) ئەتوانێ وەری بگرێتەوە (عن أبی رافع -رضي الله عنه-: قال النبی ﷺ: الجار أحق بصقبه) رواه البخاری، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: دراوسێ لەپێشترە بەهۆی نزیکی کە ماڵی دراوسێیەکەی وەربگرێتەوە.
شوفعە لەو شتەدا هەیە کە بگونجێ بەش بکرێ، نەک لەو شتەی بەش نەکرێ، وەکو ژوورێکی بچکۆلە، یان پارچە زەوییەکی کەم، واتە: ئەگەر بەش بکرێ سوودی لێ وەرنەگیرێ.
هەروەها شوفعە لەو شتەدا هەیە کە نەگوازرێتەوە لە زەمین وەکو زەوی و شتی تر، وەکو خانوو و درەختی تەڕ لە زەوییە فرۆشراوەکەدا.
هاوبەشەکە هەر بەو پارەیە بەشەکە ئەستێنێتەوە کە بەشەکەی پێ فرۆشراوە بەبێ کەم و زیاد، کەوابوو: ئەگەر بەشەکە نەفرۆشرابوو، بەڵکو بەخشرابوو، یان نەزر کرابوو، یان وەقف کرابوو، یان بە میرات چووبوو، لەوانەدا -هیچیان- شوفعەی بۆ نییە.
وەرگرتنەوەی بە شوفعە دەم و دەستە، ئەگەر وەرگرتنەوەی دواخست لەگەڵ ئەوەش توانای هەبوو، شوفعەکەی بەتاڵ ئەبێ و مافی ئەسووتێ، بەڵام ئەگەر توانای نەبوو چونکە لە شوێنێکی تر بوو، یان لە بەندینخانە بوو، یان نەیزانی موڵکەکەی فرۆشراوە، یان نەیزانی مافی شوفعەی هەیە، یان لە ترسان داوای نەکرد، ئەوە مافی ناسوتێ، کەوابوو: با وەکیلێک بگرێ تاکو داوای بۆ بکا، یان با لەلای دوو شاهید بڵێ: من داوای شوفعە ئەکەم.
تێبینی
ئەگەر هاوبەشەکەی منداڵ بوو، یان شێت بوو، یان مزگەوت بوو، ئەبی سەرپەرشتکارەکەیان داوای شوفعەیان بۆ بکا، جا ئەگەر ئەو داوای نەکرد، ئەوان مافیان ناسوتێ، کەوابوو: کاتێ منداڵ گەورە بوو و شێت چاکبۆوە، بە شوفعە وەری ئەگرنەوە، بەڵام ئەگەر لەبەر بەرژەوەندیی ئەوان داوای نەکردبوو، ئەو کاتە مافیان ئەسووتێ.
هەر کاتێک ئافرەتێکی مارە کرد لەسەر بەشێکی ماڵە هاوبەشەکە، واتە: بەشەکەی خۆی کردە مارەیی ئافرەتەکە، هاوبەشەکەی تر لە ئافرەتەکەی ئەستێنێتەوە بە مارەیی هاوچەشنی ئافرەتەکە.
ئەگەر هاوبەشەکان کۆمەڵێک بوون گشتیان مافی وەرگرتنەوەیان هەیە بە ئەندازەی بەشە موڵکەکەی خۆیان، واتە: ئەگەر یەکیک چوارێکی هەبوو، ئەوە چوارێک بەشە فرۆشراوەکە وەرئەگرێتەوە، ئەگەر ئەوی تر سێیەکی هەبوو، ئەویش سێیەک وەرئەگرێتەوە، ئەوەی شەشێکی هەیە، ئەویش شەشێک وەرئەگرێتەوە. جا ئەگەر یەکێک گوتی: من بەشی خۆم وەرناگرمەوە. ئەبێ ئەوی تر گشت فرۆشراوەکە وەربگرێتەوە، یان واز لە گشتی بێنێ.