تاوانی لووتبەرزی (الکبر)
لووتبەرزی بریتیە لە شانازی و لەخۆبایی بوون و فیز زلی، خوای گەورە دەفەرموێت: (وَقَالَ مُوسَىٰ إِنِّي عُذْتُ بِرَبِّي وَرَبِّكُم مِّن كُلِّ مُتَكَبِّرٍ لَّا يُؤْمِنُ بِيَوْمِ الْحِسَابِ) واتە: موساش وتی بێگومان من پەنا دەگرم بە پەروەردگاری خۆم کە پەروەردگاری ئێوەشە لە هەموو لووتبەرز و خۆبەزل زانێک کە باوەڕی بە ڕۆژی لێپرسینەوە نەبێت.
وە هەروەها خوای گەورە دەفەرموێت: (إِنَّهُ لَا يُحِبُّ الْمُسْتَكْبِرِينَ) واتە: بەڕاستی ئەو زاتە ئەو کەسانەی خۆش ناوێت کە لووتبەرزن و خۆیان بە گەورە دەنوێنن.
پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (بینما رجل یجر من الخلیاء خسف به فهو یتجلجل في الأرض إلی یوم القیامة) واتە: کابرایەک بە کەش و فشەوە دامێنی دەخشاند و خۆی دەنواند، خوای گەورە بردی بە ناخی زەویدا، ئیتر تا ڕۆژی قیامەت هەر بە ناخی زەویدا ڕۆدەچێت.
یەکەم تاوان کە سەرپێچی خوای پێکراوە لووت بەرزییە، خوای گەورە دەفەرموێت: (وَإِذْ قُلْنَا لِلْمَلَائِكَةِ اسْجُدُوا لِآدَمَ فَسَجَدُوا إِلَّا إِبْلِيسَ أَبَىٰ وَاسْتَكْبَرَ وَكَانَ مِنَ الْكَافِرِينَ) واتە: کاتێکیش بە فریشتەکانمان گوت: سەژدە بەرن بۆ ئادەم سوژدەیان برد، جگە لە ئیبلیس کە سەرپێچی کرد و خۆی بە گەورە زانی و خۆی خستە ڕیزی کافرەکانەوە.
پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (الکبر بطر الحق وغمط الناس) واتە: خۆ بەزل زانین شاردنەوەی حەق و ڕاستییە و بە سووک تەماشاکردنی خەڵکە.
وە هەروەها پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (لا یدخل الجنة أحد في قلبه مثقال ذرة من کبر) واتە: هیچ کەسێک ناچێتە بەهەشتەوە کە تۆزقاڵە گەردیلەیەک لووت بەرزی لە دڵیدا هەبێت.
خوای گەورە دەفەرموێت: (إِنَّ اللَّهَ لَا يُحِبُّ كُلَّ مُخْتَالٍ فَخُورٍ) واتە: بەڕاستی خوا ئەو کەسانەی خۆش ناوێت کە خۆهەڵکێش و فەخر فرۆش و فیزاوین، هەروەها پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (اختصمت الجبنة والنار، فقالت الجنة: ما لي لا یدخلني إلا ضعفاء الناس وسقطهم؟ وقالت النار: أوثرت بالجبارین بالمتکبرین) واتە: بەهەشت و دۆزەخ کەوتنە مشت و مڕ، بەهەشت وتی: ئەوە چییە کەس نایەتە ناو منەوە جگە لە لاواز و بێ دەسەڵاتەکان نەبێت؟ ئاگریش وتی: بەشی منیش تەنها ستەمکار و لووت بەرزانە.
خوای گەورە دەفەرموێت: (وَلَا تُصَعِّرْ خَدَّكَ لِلنَّاسِ وَلَا تَمْشِ فِي الْأَرْضِ مَرَحًا ۖ إِنَّ اللَّهَ لَا يُحِبُّ كُلَّ مُخْتَالٍ فَخُورٍ) واتە: هەروەها ڕووت وەرمەگێڕە لە خەڵکی و بەسەر زەویدا بەناز و فیزەوە مەڕۆ، بەڕاستی خوا ئەو کەسانەی خۆش ناوێک کە خۆهەڵکێش و فەخر فرۆش و فیزاوین.
(سلمة)ـی کوڕی (الأکوع) دەڵێت: پیاوێک لە خزمەتی پێغەمبەر ﷺ بە دەستی چەپی نانی خوارد، فەرمووی: بە دەستی ڕاستت بخۆ، وتی: ناتوانم، فەرمووی: بەڵکو ئەتوانیت، هیچ شتێک بەرهەڵستی نەکرد جگە لە خۆبەزل زانین نەبێ، دوای ئەوە نەیتوانی ئەو دەستەی ببات بۆ دەمی!.
وە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (ألا أخبرکم بأهل النار، کل عتل جواظ مستکبر) واتە: ئایا هەواڵتان پێ بدەم بە دانیشتوانی دۆزەخ؟ هەموو دڵڕەق و سەختگیر و خۆبەزلزانن.
خراپترین جۆری لووت بەرزی ئەوەیە کە کەسێک بە هۆی زانست و چاکەوە خۆی بە گەورە بزانێت، ئەم کەسە هیچ سوودی لە زانستەکەی وەرنەگرتووە، بێگومان ئەوەی زانست فێر ببێت بۆ دواڕۆژ و قیامەتی، ئەو زانستە وای لێ دەکات نەرم و نیان و ڕۆح سووک و خۆ بە کەم زان بێت، بەردەوام لەگەڵ نەفسیدا لە بەربەرەکانی بێت و لێپرسینەوەی لەگەڵ بکات، چونکە نەفس ئەگەر لێپرسینەوەی لەگەڵ نەکرێت لە ڕێگەی ڕاست دەردەچێت.
وە ئەوەی زانست بخوێنێت بۆ شانازی پێکردن و دەسەڵات و خەڵک بە کەم زانین، بە ڕاستی ئەمە گەورەترین لووت بەرزییە، ناچێتە بەهەشتەوە هەرکەسێک بەقەدەر تۆزقاڵە گەردیلەیەک لووت بەرزی لە دڵیدا هەبێت.