نەزۆکی

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-04-21-14:42:00 - کۆدی بابەت: 4710
نەزۆکی

ناوه‌ڕۆك

نەزۆکی چییە؟

نەزۆکی هەمیشە بەو مانایە نایەت کە هەرگیز نەتوانیت ببیتە خاوەنی منداڵ، چونکە زۆرینەی هاوسەرە نەزۆکەکان دوای هەوڵدانێکی زۆر و وەرگرتنی چارەسەر لەکۆتایدا سەرکەوتوو دەبن و دەبنە خاوەنی منداڵ، کێشەی نەزۆکی تەنها لە کەسێکەوە نییەو دەکرێت لە خانمەکەوە یاخود لە پیاوەکەوە بێت و زۆر جاریش دوای چەند لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون هۆکاری نەزۆکی دوو هاوسەر دەرناکەوێت و نادیارە زۆرێک لە هاوسەران نەزۆکی بە عەیبە و کەمییەک دەبینن و تەواوی هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ چارەسەرکردنی.

نیشانە و هۆکارەکانی نەزۆکی لە خانماندا

کێشەی هێلکەدانان لە خانماندا یەکێکە لە هۆکارەکان بۆ نەزۆکی و هەروەها گۆڕانکاری بەردەوامی سوڕی مانگانە و سوڕی مانگانەی نائاسایی و بوونی خوێنبەربوونێکی زۆر لەوکاتەدا و یاخود وەستانی لەناکاوی سوڕی مانگانە و نیشانەی قورسی سوڕەکە وەک ئازارێکی زۆری پشت و سک لەو ماوەیەدا ئەگەر هەموو ئەم نیشانانەت هەبوو ئەوا سەردانی پزیشک بکە تاکوو شەنسی منداڵبوونت زیاتر بێت و دووچاری نەزۆکی نەبیتەوه.

هەروەها هەندێک لە نیشانەکان لەوانەیە بەهۆی گۆڕانکاری بێت لە هۆڕمۆنەکاندا کە نیشانەکانی ئەمانەن:

  • گۆڕانکاری پێست و زۆربوونی زیپکە
  • کەمبوونەوەی حەزی سێکسی
  • زۆربوونی موو لە سمێڵ و چەناگە و سنگ
  • وەرین و تەنکبوونی قژ
  • زیادبوونی کێش
  • بوونی شیر لەناو مەمکدا بێ ئەوەی خانمێکی شیردەر بیت و تەنانەت هەندێک جار خانمێک کە هاوسەرگیریشی نەکردووە ئەم حاڵەتەی هەیە.
  • بوونی ئازار لەکاتی سەرجێیدا
  • (نەخۆشی فرە کیسەیی هێلکەدان) یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی وەستاندنی هێلکەدانان لە خانماندا.
  • هەروەها لەوانەیە ترشێتی زۆری ملی منداڵدان ببێتە هۆی لەناوبردن و کەمکردنەوەی سپێرمەکان و بەمەش سپێرم نەگات بە هێلکە.
  • یەکێکی تر لە کێشەکان بوونی کێشەیە لە بۆری منداڵداندا، کە فەرمانیان گواستنەوەی هێلکەیە لە هێلکەدانەکانەوە بۆ منداڵدان، هەندێک کات بۆری منداڵدان بەهۆی پاشماوەی ناوپۆشی ناوەوەی منداڵدانەوە یاخود پاشماوەی برینێکەوە دەگیرێت.
  • یاخود دەکرێت هێلکە و سپێرم و کێشەیان نەبێت و یەکبگرن و سپێرمەکە هێلکەکەش بپیتێنێت بەڵام هێلکە پیتێنراوەکە نەتوانێت جێی خۆی بکاتەوە و جێگیر ببێت لە منداڵداندا، دوای گەیشتنی هێلکەی پیتێنراو بە منداڵدان هۆکاری زۆر هەیە تاکوو ڕێگربن لە جێگیربوونی لەناو منداڵداندا.
  • تەمەنی زۆر بەتایبەت لەسەرو ٣٥ ساڵییە و هەروەها دووگیانی لە سەرو ٤٥ ساڵییەوە بە دەگمەن ڕوودەدات، هەروەها کێشی زۆر یاخود کێشی کەم و لاواز و جگەرەکێشانیش بەهەمان شێوە هۆکارێکه بۆ نەزۆکی و جگە لەمەش ئەگەری سکپڕی لەدەرەوەی منداڵدان زیاد دەکات.

نیشانەکانی سەرەوە کە لە خانماندا ڕوودەدات دەکرێت نیشانەی نەزۆکی بن، بەڵام نەزۆکی لەوانەیە هۆکارێکی تری هەبێت کە هیچ نیشانەیەکی نییە، یەکێک لە کێشەکان بوونی کێشەیە لەکاتی هێلکەداناندا، واتە هیچ هێلکەیەک بەڕەڵا ناکرێت و بەمەش سپێرم ناتوانێت بیپیتێنێت.

نیشانە و هۆکارەکانی نەزۆکی لە پیاواندا

کێشەی پیاو بۆ نەزۆکی ئەوەندە ئاسان دەرناکەوێت و ڕوون نییە و زۆر جار تا کاتێک کە دوو هاوسەرەکە هەنگاو نەنێن بۆ منداڵبوون دەرناکەوێت، هەندێک نیشانە هەیە وەک:

  • گۆڕانکاری لە گەشەی قژدا
  • کەمبوونەوەی حەزی سێکسی
  • ئازار، یاخود فتق
  • کێشەکانی خاوبوونەوە و ڕەقبوونی چووک
  • بچوکی یاخود ئاوسان و گەورەبوونی گوونەکان

ئەمانە چەند نیشانە و هۆکارێکن و کێشەی سەرەکی نەزۆکی لە پیاواندا پەیوەندی بە سپێرمەوە هەیە، کێشەی وەک نەبوون یان کەمبوونەوەی بڕی سپێرمەکان، کەمی جوڵە یاخود نائاسایی بوونی شێوەی سپێرمەکان ئەمانە هۆکارێکن بۆ نەزۆکی لە پیاواندا، هەروەها کەمبوونەوەیەکی کاتی لە بەرهەمهێنانی سپێرمدا بەهۆی بەرکەوتنێکی توند بە گوونەکان و یاخود گەرمبوونێکی زۆری گوون و یاخود کارکردن لەو شوێنانەی کە ماددەی کیمیایی تێدایە کە هۆکارە بۆ کەمبوونەوەی ڕێژەی سپێرمەکان و خواردنەوە کهولیەکان و جگەرەکێشان و نێرگەلەکێشانیش بەهەمان شێوە هۆکارێکن، و زیاتر پیاوان لە تەمەنی ٤٠ ساڵ بەرەوسەردا تووشی ئەم حاڵەتە دەبنەوە.

چ کاتێک پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟

ئەگەر تەمەنت کەمترە لە ٣٥ ساڵ و ماوەی ساڵێکە هەوڵدەدەیت بۆ منداڵبوون و بەڵام سەرکەوتوو نەبوویت یاخود تەمەنت زیاترە لە ٣٥ ساڵ و ماوەی شەش مانگە هەوڵدەدەیت بۆ منداڵبوون و بەڵام سەرکەوتوو نەبوویت ئەوا پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت، هەروەها ئەگەر هەردوو هاوسەرەکە هەر یەکە لەو نیشانانەی سەرەوەیان هەبوو پێویستە سەردانی پزیشک بکەن و ئەگەریش نەیانەوێت جارێک منداڵیان ببێت هەر باشترە کە زوو فریا بکەون.

کاتێک سەردانی پزیشک دەکەیت ئەم چەند خاڵەت لەبیربێت

  • هەر جۆرە دەرمانێک کە بەکاریدەهێنیت چ دەرمانی نەخۆشی درێژخایەن و چ ئازارشکێن و چ ڤیتامیناتەکان پێویستە بە پزیشکی بڵێیت.
  • ژمارەی ئەو جارانەی کە بەبێ ڕێگریکردن لە دووگیانی سەرجێیت کردووە و ماوەی سەرجێیکردنەکە و هەوڵدانت لە یەکەم کاتەوە بۆ منداڵبوون تاکو ئێستا چەند بووە و بەرواری کۆتا جار کە سەرجێیت کردووە.
  • هەر گۆڕانکارییەک ئەگەریش زۆر بچوک بێت کە لە جەستەتدا هەستت پێکردووە
  • پێشینەی هەر جۆرە نەخۆشیەکی قورس یاخود نەشتەرگەری کە بۆت کرابێت
  • ئەگەر لە شوێنێک کار دەکەیت کە ماددەی کیمیایی زۆری لێیە و یاخود پێشتر چارەسەری کیمیایت بۆ کراوە.
  • بڕی جگەرەکێشان و خواردنەوە کهولیەکانت


سەرچاوەکان



3426 بینین