لیرەی لوبنانی

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-09-29-11:40:00 - کۆدی بابەت: 6750
لیرەی لوبنانی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا و ناساندن

دراوی لیرەی لوبنانی (بە ئینگلیزی: Lebanese pound و بە فەڕەنسی: Livre Libanaise) کورتکراوەی LBP بۆ بەکاردەهێنرێت دراوی فەرمی وڵاتی لوبنانە و مامەڵەی پێوە دەکرێت. 

مێژووی لیرەی لوبنانی

لە پێش جەنگی جیهانی یەکەم وڵاتی لوبنان لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانییەکان بوو و دراوی فەرمی لیرەی عوسمانی بوو کە پێی دەوترا "عوسمانلی" یاخود "عیسملی"، لە پاش ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانی و کۆتایی دەسەڵاتیان، لە سەرەتادا وڵاتی لوبنان جونەیهی میسڕی، وەکوو دراوی فەرمی بەکارهێنا، هەر بۆیە تاکوو ئێستا بە شێوەزاری لوبنانی بە پارە دەوترێت "مصاری"، لە پاش داگیرکاری فەڕەنسا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فەڕەنسا بڕیارێکی دەرکرد کە یەک جۆر دراوی فەرمی دابنێت بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی، بۆیە دراوێکی یەکگرتووی دانا بۆ هەردوو وڵاتی سوریا و لوبنان و ڕاستەوخۆ پەیوەست بوو بە جونەیهی ئیستەرلینی کە بەهای یەک لیرە یەکسان بوو بە 20 فرەنکی ئەو سەردەمە، و بانکی نێودەوڵەتی سوریا و لوبنان ئەم دراوەی چاپ دەکرد، لە ساڵی 1924 لوبنان دراوی کانزایی خۆی دەرکرد و پاشان ساڵێک دواتر دراوی کاخەزیشی چاپکرد، لە ساڵی 1939 لیرەی لوبنانی لە لیرەی سوری جیابووەوە، بەڵام هەر پەیوەست بوو بە فڕەنکی فەڕەنسی، لە دوای شکستهێنانی فەرەنسییەکان لە سەرەتای جەنگی جیهانی دووەمدا، لیرەی لوبنانی گواسترایەوە سەر پاوەندی بەڕیتانی ڕێژەی 8.8 لیرە بۆ هەر پاوەندێكی بەڕیتانی دیاریکرا، پاشان لە دوای جەنگەکە جارێکی تر لیرەی لوبنانی پەیوەست بوو بە فڕەنك و لە ساڵی 1949 لیرەی لوبنانی سەربەخۆیی وەرگرت.

یەکەکانی لیرەی لوبنانی بریتی بوون لە "غرش"، "فرانک" (یەک فرانک یەکسانە بە پێنج غرش) و "لیرە" (یەک لیرە یەکسانە بە 100 غرش یان 20 فرانک)، پۆلێنەکانی لیرەی لوبنانی بریتین لە 1000, 5000, 10000, 20000, 50000, 100000 لیرەی لوبنانی.

داڕووخانی ئابووری

بە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی لوبنان لە ساڵی 1983 لیرەی لوبنانی بەهایەکی زۆری بۆ دۆلاری ئەمریکی و دراوەکانی تر لەدەستدا، و ڕێژەی هەڵئاوسانی ئابووری بەرزبووەوە بە ڕادەیەك بەهای یەك دۆلاری ئەمریکی کە یەکسان بوو بە 3.30 لیرە دابەزی بۆ زیاتر لە 3000 لیرە بۆ یەك دۆلاری ئەمریکی، لە پاش کۆتایی هاتنی جەنگەکە نرخی لیرەی لوبنانی جێگیر بوو بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی و دراوەکانی تر و بەهاکەی گەیشتە 1500 لیرە بۆ یەك دۆلاری ئەمریکی.

لە کۆتایی ساڵی 2019 بەهۆی کێشە ئابووریەکانی لوبنان و خۆپیشاندانەکانی "تیشرین" بەهای لیرەی لوبنانی دابەزی و نرخی گەیشتە نزیکی 12000 لیرە بۆ یەک دۆلاری ئەمەریکی، و تاکوو ئێستایش نرخی لیرەی لوبنانی ناجێگیرە و پسپۆڕانی ئابووری پێیان وایە 90% بەهاکەی لەدەستداوە، هەر بۆیە نرخی شتوومەك لە بازاڕەکانی لوبنان زۆر گران بووە و دانشتوانەکەی دەناڵێنن بەدەست گرانییەوە. 


سەرچاوەکان



1131 بینین