ناوهڕۆك
ناساندن
پەند و ئامۆژگاری چاکان (بە ئینگلیزی: Wisdom and advice of the great، بە عەرەبی: حكم و نصائح العظماء)، پەند و ئامۆژگاری پیاوچاکان و خواناسان ڕۆڵی کاریگەر دەبینێت لە گێڕانەوەی مرۆڤ لە خراپەکاری و تاوان و خستنە سەر ڕێگای ڕاست.
تاوانی گەورە و بچوک
پێغەمبەری خودا ﷺ فەرموویەتی: تاوانی بچوک لەگەڵ بەردەوام بووندا، تاوان و گوناهی گەورەیە، تاوانی گەورە لەگەڵ پەشیمان بوونەوەدا بە گوناه و تاوانی گەورە ناژمێردرێ.
نزیکترین و دوورترین جێگا لە پەروەردگار
پیاوچاکان فەرموویانە: نزیکترین جێگای بەندە بە خوداوە کاتێکە کە ئەگەر شتێکی ویست لە خودای داوا بکات، دوورترین جێگای بەندە کاتێکە کە ئەگەر شتێکی ویست لە خەڵکی داوا بکات.
هاوڕێ سێ جۆرن
مەئموونی خەلیفە دەڵێت: دۆستان و هاوڕێیان سێ چینن:
١- چینێکیان وەکو خۆراک و بژێوی وان بوونیان پێویستە.
٢- چینێکی تریان وەکو دەرمان وان، جار جار پێویستن.
٣- ئەو چینەی دیکەیان وەکو نەخۆشی وان، خوا بمانپارێزێ لێیان.
هۆی تاریکی دڵ و دەروون
عبدوڵای کوڕی مەسعوود یەکێک لە هاوەڵە بەڕێزەکانی پێغەمبەری خودا ﷺ، فەرموویەتی: چوار شت دەبنە هۆی تاریکی و ستەمی دڵ و دەروون:
- زۆر خۆری.
- هاوڕێیەتی و تێکەڵبوون لەگەڵ ستەمکاران.
- لەبیرچوونەوەی گوناهی ڕابردوو.
- ئارەزووی دوور و درێژ.
ئەوانەی دەبنە هۆی ڕۆشنایی و ڕووناکی دڵ و دەروون
- کەم خۆری.
- هاوڕێیەتی و تێکەڵبوون لەگەڵ پیاوچاکان.
- بیرکردنەوە لە تاوان و گوناهی ڕابردوو.
- کەمکردنەوەی هیوا و ئارەزوو و خەیاڵی بەتاڵ و دوور و درێژ.
ئوممەتی پێغەمبەر ﷺ پێنج شت لەبیری خۆیان دەبەنەوە
پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: کاتێک دێت بەسەر ئوممەتەکەمدا پێنج شتیان خۆش دەوێت و پێنج شت لەبیری خۆیان دەبەنەوە:
١- ژیانیان خۆشدەوێت و پاشەڕۆژ لەبیری خۆیان دەبەنەوە.
٢- ماڵ و کۆشکیان خۆشدەوێت و گۆڕ لەبیر خۆیان دەبەنەوە.
٣- دارایی و سامانیان خۆشدەوێت و لێپرسینەوەی ڕۆژی دوایی لەبیری خۆیان دەبەنەوە.
٤- ژیانیان خۆش دەوێت، نیعمەت و ژیانی پاشەڕۆژ لەبیر خۆیان دەبەنەوە.
٥- خۆیانیان خۆشدەوێت و خودا لەبیری خۆیان دەبەنەوە، ئەوانەی ئەم خوو ڕەوشتە ناپەسەندانەیان هەبێت لە من بەرین و منیش لەوان بەریم و خۆشمناوێن.
دەرمانی دڵ
ئیبراهیمی خەوواس فەرموویەتی: دەرمانی دڵ پێنج شتە:
١- قورئان خوێندن بە بیرکردنەوەوە.
٢- سکی خاڵی (کەم خۆری).
٣- شەو بێداری.
٤- سکاڵا لە بەرەبەیاندا.
٥- دانیشتن و هاوڕێیەتی کردنی کەسانی پیاو چاک.
کام ڕۆژت جەژنە؟
لە شێخ حەسەنی بەسرییان پرسی: چ ڕۆژێک بەلای تۆوە جەژنە؟
فەرمووی: هەر ڕۆژێک بێ فەرمانی خودا نەکەم ئەو ڕۆژەم جەژنە.
دوو ڕەوشتی چاک و دوو ڕەوشتی خراپ
پێغەمبەری خودا ﷺ فەرموویەتی:
دوو خووڕەوشت هەن هیچ شتێک لەوان چاکتر نییە:
١- ئیمان بەخوا.
٢- سوود گەیاندن و دڵسۆزی بۆ موسڵمانان.
دوو ڕەوشت هەن لەوان خراپتر نییە:
١- هاوەڵ دانان بۆ پەروەردگار.
٢- زیان گەیاندن بە موسڵمانان.