هونەری پەروەردەکردنی منداڵ لە باخچەی ساوایان

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2024-06-14-21:14:00 - کۆدی بابەت: 13187
هونەری پەروەردەکردنی منداڵ لە باخچەی ساوایان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هونەری پەروەردەکردنی منداڵ لە باخچەی ساوایان (بە ئینگلیزی: The art of raising children in kindergarten، بە عەرەبی: فن تربية الأطفال في الروضة) کە ئەم قۆناغە پێی دەوترێت قۆناغی گەشە، یان قۆناغی دایەنگە و باخچەی ساوایان. بە قۆناغیکی گرنگ دادەنرێت لە پەروەردەکردنی منداڵ چونکە منداڵ لە سەرەتاکانی تەمەنیدایە و دەتوانرێت بەو شێوەیە پەروەردە بکرێت کە مەبەستە.

ساڵانی سەرەتایی بۆ منداڵ گرنگترین سالانی تەمەنن

ساڵانی بەرایی تەمەن بناغەی دەروونیی دادەمەزرێت، هەروەها نیشانە سەرەکییەکانی کەسایەتیی منداڵ کە ڕێڕەوی ئایندەی دیاری دەکەن.

فۆرۆید پێی وایە کە پێنج ساڵی سەرەتایی بە گرنگترین قۆناغەکانی ژیانی مرۆڤ دادەنرێت، لە دروستکردنی بنیاتی مرۆڤدا، بە بەردی بناغە هەژماردەکرێن. لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانین ئایندەی منداڵ ببینین. بەشێک لە زانایان دەڵێن کاتێک تەمەنمان دەگاتە ٧ ساڵی، ٪٩٠ی بیر و هۆشمان بە بەهای باش یان خراپ  شێوە وەردەگرێت تەمەنی داهاتوومان لەسەر دروست دەبێت.

بەشێکی دیکە لە توێژەران پێیان وایە هەتا تەمەنمان دەگاتە چل ساڵی، بە دەست کارە خراپەکانی هۆش و ویژدانمانەوە دەناڵێنین.

لەم قۆناغەدا، منداڵ پشت بە خۆی دەبەستێت، جیهانی دەوروبەری ئاشکرا دەکات. منداڵ لەم چەند ساڵەی بەرایی تەمەنی،دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت خۆی بچەسپێنێت، هەندێک جار بە خراپی ڕەفتار دەکات، وەک لاساری و لاملی، جووڵە و مێز بەخۆدا کردن، دزی و درۆکردن، نان نەخواردن.

تایبەتمەندییەکانی منداڵی ساوا

گەشەی جەستەیی

لەم قۆناغەدا گەشەی جەستە، لە قۆناغی (کۆرپەلەیی و شیرەخۆریی) سستر دەبێت. گەشەکە زیاتر بۆ درێژبوونی باڵایە، نەک کێش. باڵای منداڵ لەم قۆناغەدا هێندەی ئەو کاتەی کە لە دایک دەبێت زیاد دەکات کە دەگاتە (١١٠) سم. هەڵبەت لەم قۆناغەدا کوڕان زیاتر لە کچان گەشە دەکەن، کێشی کوڕان نزیکەی (١٨) کیلۆگرام دەبێت، هی کچانیش دەگاتە (٥،١٧)، دەبێت جیاوازی منداڵێک بۆ منداڵێکی دیکە، لەبەرچاو بگیرێت.

دایک و باوک لەم قۆناغەدا دەبێت زۆر بە چڕی چاودێریی منداڵەکانیان بکەن، لە کێش و درێژییان ئاگاداربن. دەربارەی ددان، منداڵ لەم قۆناغەدا ددانی دەردەکەون، ددانی شیری تاکوو ٧ساڵی بەردەوام دەبن، ئەوسا ددانی شیری دەکەون و ددانی تەمەن، یان هەمیشەیی دێن. لە کۆتایی ئەم قۆناغەدا وردە وردە کێشی مێشکی منداڵ دەگاتە ٪٩٠ی کەسی پێگەیشتوو، لەگەڵ گەشەی مێشکیش منداڵ چالاکی زیاد دەبێت و دەتوانێت زانیاری دەست بخات.

گەشەی جووڵەی منداڵ لەم قۆناغەدا

منداڵ لەم قۆناغەدا، زۆر بە ئاسانی دەتوانێت بڕوات و هاتووچۆ بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە دایک و باوک ئاگایان لێی بێت و خۆی بە دیوار و کەلوپەلدا نەکێشێت. هەروەها پێویستە منداڵ لەم قۆناغەدا فێری سەرکەوتن و هاتنە خوارەوەی پەیژە بکرێت. هەروەها لەم قۆناغەدا دەکرێ منداڵ کۆمپیوتەر بەکاربهێنێت و یاری بکات. لە ڕێگەی یارییەو کارامەییەکانی منداڵ دەردەکەوێت.

گەشەی هۆش

منداڵ لە قۆناغی شیرەخۆریدا لە دەوری دایکیدا دەبێت، وەکو ئەوەی کە خۆی  ودایکی یەک شت بن، بەڵام لە مانگی شەشەمی تەمەنیدا وردە وردە لە دایکی جیادەبێتەوە، کاتێک کەسێک لە باوەشی دەکات کە دەمووچاوی لە دایکی ناچێت دەست دەکات بە گریان. هەروەها ئەگەر منداڵێک ئازاری منداڵێکی دیکە بدات دەترسێت، وەک ئەوەی لەو بدرێت. بەلام کاتێک دایکی لێی دەدات بۆی دەچێت و خۆی بە باوەشدا دەکات.

گەشەی زمانەوانیی لەم قۆناغەدا

ئەگەر قۆناغی شیرەخۆری بۆ گەشەی تەمەنی منداڵ بە کاتی زێڕین هەژمار دەکرا، ئەوە ئەو قۆناغەش بۆ گەشەی زمانەوانی، بە کاتی زێڕین دادەنرێت، چونکە زۆر بە خێرایی زمانی منداڵ دەپژێت و دەکەوێتە گۆ. منداڵ لە ساڵی یەکەمیدا ٦ بۆ ١٠ وشە فێر دەبێت، لە تەمەنی ساڵ و نیوێک نزیکەی ٢٠٠ وشە فێردەبێت. لە دوو ساڵیدا دەتوانێت دوو وشە بە یەکەوە دەرببڕێت، وەک: (بابە وەرە)، لە سێ ساڵی تەمەنیدا دەتوانێت ڕستەیەکی سێ وشەیی دەرببڕێت، بەڵام بەبێ ئامڕازی پەیوەندی. لە تەمەنی چوار ساڵیدا دەتوانێت دەتوانێت ڕستەیەکی چوار وشەیی بە ئامڕازی پێوەندیشەوە دەرببڕێت، هەروەها فێری جێناوەکانیش دەبێ وەک: من، تۆ، ئەوان، ئێمە. هەروەها دەتوانێت لاسایی ئاژەڵانیش بکاتەوە.

گەشەی هەڵچوون

منداڵ لەم قۆناغەدا کاتێک شتێک بە دڵی ئەو نابێت هەڵدەچێت و توڕە دەبێت، گەشەی هەڵچوون لەگەڵ گەشەی زمانەوانیی هاوتەریبە. منداڵ لەم قۆناغەدا هەندێک جار توندوتیژ دەردەکەوێت، یاخود نەرم و نیان بۆیە بەشێک لە زانایان ئەم قۆناغە بە قۆناغی (ناهاوسەنگ – سەنگەلا) نێو دەبەن، میزاجیبوون و ترسان، غیرە و لاساری و لاملبوون، خەسڵەتی ئەم قۆناغەی منداڵن.

گەشەی کۆمەڵایەتی

زانایان دەڵێن: مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، تەنیا لەوانی دیکەوە هەست بە خۆی دەکات، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین: گەشەی کۆمەڵایەتی منداڵ هەر لە ساوابوونەوە دەست پێ دەکات. لەم قۆناغەشدا هۆشی منداڵ فراوان دەبێت و هۆگربوونی بە کەسانی دەوروبەری زیاد دەکات. لەم قۆناغەدا منداڵ یەک بە یەک یاری لەگەڵ منداڵانی هاوتەمەنی خۆیدا دەکات واتا: بە کۆمەڵ یاری لەگەڵ منداڵانی تردا ناکات، دواتر وردە وردە لێیان نزیک دەکەوێتەوە، تاکوو خووی ئەوان دەگرێت و پێوەندێیکی بەهێزیان لەگەڵدا دروست دەکات.

سروشتی کۆمەڵایەتی دەرەوەی ماڵ، کاریگەری لەسەر چۆنیەتیی سروشتی کۆمەڵایەتیی منداڵ دروست دەکات لە ماڵەوە. زۆر پێویستە لەم قۆناغەدا دایک و باوک پەیوەندییەکی بە‌هێزیان لەگەڵ منداڵەکانیان هەبێت، فێری باوەڕ بەخۆبوونیان بکەن، هەرەوەها یاری لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن، تاوەکو ڕەفتاری کۆمەڵایەتیی لە لا بچەسپێت و فێربن چۆن لەگەڵ کۆمەڵ و کۆمەڵگادا هەڵدەکەن.


سەرچاوەکان



54 بینین