شتی فرۆشراو پێش وەرگرتنی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-04-13:30:00 - کۆدی بابەت: 4136
شتی فرۆشراو پێش وەرگرتنی

ناوه‌ڕۆك

باسی شتی فرۆشراو پێش وەرگرتنی

دروست نییە فرۆشتنی ئەو شتەی کە کڕیویەتی بەڵام وەری نەگرتووە، تا وەری ئەگرێ، یان ئەیگوازێتەوە بۆ شوێنێکی تر (عن حکیم بن حزام -رضي الله عنه-: عن النبی ﷺ: إذا إشتریت شیئا فلا تبعه حتی تقبضه) رواه أحمد، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: هەر کاتێک شتێکت کڕی، مەیفرۆشە تا وەری ئەگری.

شتی فرۆشراو تا کڕیارەکە وەری ئەگرێتەوە، هەر لە ئەستۆی فرۆشیارەکەیە، واتە: ئەگەر لەناوچوو، فرۆشتنەکە هەڵئەوەشێتەوە و ئەبێ پارەکە بداتەوە کڕیارەکە.

مەبەست بە وەرگرتن ئەمەیە فرۆشراوەکە بخرێتە ژێر دەسەڵاتی کڕیارەکە ئەگەر خانوو، یان زەوی و شتێکی وا نەبێ کە نەگوازرێتەوە، چونکە ئەگەر بیگوازێتەوە، ئەبێ لە شوێنی خۆی بیباتە شوێنێکی تر.

هەروەها دروست نییە فرۆشتنی گۆشت بە ئاژەڵی زیندوو، جا گۆشتی بخورێ، یان نا (نهی النبی ﷺ عن بیع اللحم بالشاه) رواه الحاکم، پێغەمبەر ﷺ قەدەغەی کردووە گۆشت بە مەر بفرۆشرێ.

دروستە فرۆشتنی زێڕ بە زیو، هەرچەندەش یەکیکیان لەوی تر زیاتر بێ، بەو مەرجەی دەستبەجێ بێ، هەروەها دروستە پارەی ووڵاتێک بە پارەی ووڵاتێکی تر بفرۆشرێ، هەرچەندەش یەکێکیان لەوی تریان زیاتر بێت، بەو مەرجەی دەستبەجێ بێ، واتە: پێش لێک جیابوونەوە -هەردوو لا- پارەکە بدەنە یەکتر، چونکە هەریەکەیان جۆرێکی جیاوازە لەوی تر (عن عبادة -رضي الله عنه-: قال النبی ﷺ: فإذا اختلفت هذه الأصناف فبیعوا کیف شئتم إذا کان یدا بید) رواه مسلم، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: هەر کاتێک جۆری ئەو شتانە لێک جیاواز بوو، بە هەر شێوەیەک پێتان خۆشە بیفرۆشن، ئەگەر دەست بە دەست بێ.

خواردەمەنیش وەکو زێڕ و زیوە، دروست نییە ڕەگەزێک لە خواردەمەنی بفرۆشرێ بە وێنەی خۆی، وەکو گەنم بە گەنم، جۆ بە جۆ، هەرچەندەیش یەکێکیان لەوی تر باشتر بێ، مەگەر بە ئەندازەی یەکتری بن، وە دەستبەجێ بێ، واتە پێش لێکجیابوونەوە -هەردوو لا- شتەکە بدەنە یەکتری.

دروستە ڕەگەزێک لە خواردەمەنی بفرۆشرێ بە ڕەگەزێکی جیاواز، هەرچەندەش یەکێکیان لەوی تر زیاتر بێ، وەک کیلۆیەک گەنم بە دوو کیلۆ جۆ، بەو مەرجەی دەستبەجێ بی (عن عبادة -رضي الله عنه-: قال النبی ﷺ: الذهب بالذهب والفضة بالفضة والبر بالبر والشعیر بالشعیر والتمر بالتمر والملح بالملح مثلا بمثل سواء بسواء یدا بید، فإذا اختلف هذه الأصناف فبیعوا کیف شئتم إذا کان یدا بید) رواه مسلم، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: زێڕ بە زێڕ، زیو بە زیو، گەنم بە گەنم، جۆ بە جۆ، خورما بە خورما، خوێ بە خوێ، ئەبێ بە ئەندازەی یەک بن و دەست بە دەست بێ، بەڵام ئەگەر جۆری ئەوانە لێک جیاواز بوو، ئەو کاتە چۆنی پێتان خۆشە بیفرۆشن، ئەگەر دەست بە دەست بێ.

هەر شتێک بە قەرز بدا بەو مەرجەی لە ئەندازەی خۆی زیاتر، یان باشتری بداتەوە، ئەوە دروست نییە و ڕیبایە، حەدیسی (فمن زاد أو استزاد فهو ربا) بەڵگەیە.

جا بزانە: لەو زیادە وەرگرتنەی قەرز، جیاوازی نییە لە نێوان زێڕ و زیو و پارە و خواردەمەنی و ئاژەڵ و دار و ئاسن و شتی تر.

دروست نییە فرۆشتنێک فریودانی تێدا بێت، وەک شتەکەی نەدیتبێ، یان نەزانێ چەندە و چۆنە.


سەرچاوەکان



479 بینین