نیشانە و دەرکەوتەکانی خەمۆکی لە پیاواندا

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2024-03-27-20:28:00 - کۆدی بابەت: 12339
نیشانە و دەرکەوتەکانی خەمۆکی لە پیاواندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

نیشانەکانی خەمۆکی لە پیاواندا (بە ئینگلیزی: the Signs and Symptoms of Depression in Men، بە عەرەبی: علامات وأعراض الاكتئاب عند الرجال)، دەکرێت ژنان و پیاوان لە هەر قۆناغێکی ژیانیاندا ئەزموونی خەمۆکی بکەن، خەمۆکی حاڵەتێکی جدییە کە کار دەکاتە سەر بیرکردنەوە و هەست و کرداری کەسی تووشبوو.

بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی خۆپاراستن و جڵەوکردنی نەخۆشییەکان (CDC) دەکرێت ژنان لە پیاوان زیاتر تووشی خەمۆکی ببن. بەڵام وا بیردەکرێتەوە کە پیاوان لە ئەم ژمارانە زیاتر تووش ببن و کەمتر تۆمار کرابێت. ئەمەش دەکرێت بگەڕێتەوە بۆ هۆکاری کۆمەڵایەتی و زیندەیی کە پیاوان بەهۆی فشاری کەلتووری و هەڵسەکەوتی پیاوانەیانەوە کەمتر نیشانەکان دەربخەن و هەستەکانیان بشارنەوە.

لەبەر ئەم هۆیەش ئەگەری زیاترە کە پیاوان بە نیشانەی جیاوازەوە تووشی خەمۆکی ببن و دیاریکردنی حاڵەتەکەیان قوورستر بێت. ئەگەر پێت وایە خۆت یان کەسێکی نزیکت تووشی خەمۆکی بووە، ئەوا لێرەدا ئاماژە بە نیشانەی کەسانی تووشبوو کراوە، هەروەها شێوازی مامەڵە و چارەسەر باسکراوە.

نیشانە جەستەییەکانی خەمۆکی لە پیاواندا

لە کاتێکدا خەمۆکی بە حاڵەتێکی دەروونی دانراوە، بەڵام دەکرێت لە جەستەشدا نیشانەی دەربکەوێت، بۆیە پیاوان دەکرێت سەرەتا نیشانە جەستەییەکانیان تێدا دەربکەوێت. زۆرێک لە پیاوان زیاتر بۆ کێشەی جەستەیی سەردانی پزیشکەکانیان دەکەن نەک بۆ کێشە سۆزدارییەکان. هەندێک لە نیشانە جەستەییە باوەکانی خەمۆکی لە پیاواندا بریتیین لە:

  • سنگ توندبوون.
  • کێشەکانی هەرس وەک غازات و سکچوون و قەبزی.
  • ناڕێکی لە ڕەپبوون و کێشە سێکسییەکانی تر.
  • سەرئێشە.
  • کێشەی هۆڕمۆن وەک کەمی هۆڕمۆنی تێستۆستیرۆن.
  • ئازار.
  • خێرابوونی لێدانی دڵ.
  • دابەزینی کێش (هەندێکجار زیادبوونی کێش).

نیشانە دەروونییەکانی خەمۆکی لە پیاواندا

  • نیشانە دەروونییەکانی خەمۆکی دەکرێت لە پیاواندا جیاواز بێت، کە ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی دیاریکردنی خەمۆکی لە پیاواندا قوورستر بێت. ئەم نیشانانەی خەمۆکی دەکرێت تێکەڵی شێوازی بیرکردنەوە و لێکدانەوەی زانیاری کەسی تووشبوو ببێت، کاربکاتە سەر ڕەوشت و لایەنی سۆزداری. باوترین نیشانە دەروونییەکانی خەمۆکی لە پیاواندا بریتیین لە:
     
    کەم توانایی سەرنجدان
  • کێشەی بیرەوەری
  • بەردەوام هەست بە نیگەرانی و بێزاری دەکات.
  • بیرکردنەوەی بەردەوام لە چەند شتێکی جیاواز لەیەک کاتدا.
  • کێشەی خەو (یان خەوی لێناکەوێت یان زۆر دەخەوێت).
  • بیرکردنەوەی لە خۆکوشتن.

نیشانە سۆزدارییەکانی خەمۆکی لە پیاواندا

زۆربەی خەڵک کاتێک وشەی (خەمۆکی) دەبیستن، وا بیر دەکەنەوە کە کەسی تووشبوو زۆر خەمبار دەرکەوێت. هەرچۆنێک بێت، خەمباری یەکێکە لە نیشانە چاوەڕوانکراوەکانی خەمۆکی. لەگەڵ خەمباریدا دەکرێت پیاوان ئەزموونی ئەم نیشانە سۆزدارییانەی تر بکەن:

  • شڵەژان.
  • توندوتیژی و شەڕخوازی.
  • تووڕەیی.
  • دابڕانی سۆزداری لە هاوڕێ و خێزان و هاوپۆلەکان.
  • بێهیوایی.
  • نەمانی هۆگری بۆ خێزان و کۆمەڵگا و دەوروبەر و کار.
  • نەمانی ئارەزووی سێکسی.
  • بێئارامی.

نیشانەکانی خەمۆکی لە هەڵسوکەوتی پیاواندا

نیشانە دەروونی و جەستەیی و سۆزدارییەکانی خەمۆکی لە پیاودا دەکرێت کاربکاتە سەر هەڵسەوکەوتی کەسی تووشبوو. لەبەر ئەوەی زۆربەی پیاوان هەستەکانیان دەرنابڕن، بۆیە زۆربەی جار نیشانەکان لە هەڵسەکەوتیاندا ڕەنگ دەداتەوە. نیشانە باوە کردارییەکانی خەمۆکی لە پیاواندا بریتیین لە:

  • بەرپرسیارێتییە کەسی و خێزانی و پیشەییەکان لەسەری قوورس دەبێت.
  • زیاد و نادروست بەکارهێنانی دەرمان.
  • زۆر خواردنەوەی خواردنەوە کحولییەکان.
  • حەز بۆ چالاکییە مەترسیدارەکانی وەک شۆفێریکردنی سەرشێتانە.
  • دابڕانی کۆمەڵایەتی.
  • هەوڵدان بۆ خۆکوژی.

بۆچی دەکرێت خەمۆکی لە پیاواندا بە دەستنیشان نەکراوی بمێنێتەوە؟

بەشێوەیەکی گشتی پیاوان لەناو کۆمەڵگادا وا فێرکراون کە دەبێت هەست و سۆزیان بشارنەوە، کە لە لایەنی دەروونییەوە ئەوە شتێکی تەندروست نییە. پیاوان بۆ پابەندبوون بەم بیرکردنەوەیەی کۆمەڵگاوە، تەندروستی دەروون و لەش و سۆزدارییان لەگەڵ کۆمەڵگادا دەگونجێنن.

لەبەر ئەمە زۆربەری پیاوان هەرگیز فێرنەبوون کە کەمترین نیشانەکانی خەمۆکی بناسنەوە و وادەزانن ئەوەی هەستی پێدەکەن شتێکی ئاسایی و کاتییە. زۆربەی پیاوان هەرگیز بیر لە چارەسەری خەمۆکییەکەیان ناکەنەوە چونکە ناتوانن نیشانەکانی بناسنەوە. هەندێک کاتیش ئەو پیاوانەی کە پەی بە نیشانەکان دەبەن و دەزانن تووشی خەمۆکی بوون لەبەر ترسی قسەی کۆمەڵگا ناوێرن داوای هاوکاری بکەن و بۆ چارەسەر بگەڕێن.

لەئەنجامدا ئەو پیاوانەی کە ئەزموونی خەمۆکی دەکەن، دەست دەکەن بە کارکردن بۆ ماوەیەکی زۆر، یان هەوڵ دەدەن لە کاتە بەتاڵەکانیشیاندا بە سەرقاڵی بمێننەوە. دیاریکردنی خەمۆکی و وەرگرتنی چارەسەر دەکرێت ژیانی کەسی تووشبوو ڕزگار بکات. چونکە ڕێژەی خۆکوشتن بەهۆی خەمۆکییەوە لە جیهان لە پیاواندا زیاترە.

چارەسەر

زۆزبەی جار خەمۆکی بە ڕاوێژکردن لەگەڵ ڕاوێژکاری دەروونی، دەرمان یان هەردووکیان چارەسەر دەکرێت. شارەزای بواری چارەسەری دەروونی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دیاریکردنی باشترین چارەسەر بۆ کەسی تووشبوو. لە حاڵەتە مامناوەندەکانی تووشبوون بە خەمۆکیدا، لەگەڵ ڕاوێژکاری دەروونیدا خشتەیەکی تایبەت بە چارەسەر دادەنرێت.

هەرچۆنێک بێت بۆ حاڵەتە توندترەکانی خەمۆکی. دەکرێت یەکسەر چارەسەر بە دەرمان پێشنیار بکرێت بۆ ئەوەی هەندێک نیشانەی جەستەیی و دەروونی و سۆزداری و کرداری خەمۆکییەکە کەم بکاتەوە. کە ئەم حاڵەتە توندەش زۆرجار ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە هەوڵی خۆکوژیان داوە یان بیریان لێ کردۆتەوە. دەرمانەکانی وەک (paroxetine (Paxil یان (sertraline (Zoloft بەشێوەیەکی باو بەکاردێن بۆ چارەسەری خەمۆکی. هەرچۆنێک بێت، پزیشکی دەروونی دەکرێت دەرمانی تریش پێشنیار بکات.

ئاگاداربە کە ئەم دەرمانانە زۆرجار تەنها بۆ ماوەی چەند هەفتە یان مانگێک بەکاردێن، یان تا ئەو کاتەی کە تێبێنی گۆڕانکاری لە بیرکردنەوە و هەستی کەسی تووشبوودا دەکرێت بەکاردێن. ئارامگربە و پابەندبە بە پلانی چارەسەرکەتەوە.


سەرچاوەکان



87 بینین