ناوهڕۆك
ناساندن
ناوەندی کۆنترۆڵکردن و ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکان (CDC) (بە ئینگلیزی: Center for Disease Control and Prevention، بە عەرەبی: مركز السيطرة على الأمراض والوقاية منها) دەزگای تەندروستی گشتیی نیشتمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. ئاژانسێکی فیدراڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە لە ژێر چاودێری وەزارەتی تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکانە و بارەگای سەرەکی لە ئەتلانتا، جۆرجیایە.
زانیارییە گشتییەکان
دامەزراندن | لە ساڵی ١٩٤٦ واتا ٧٧ ساڵ لەمەوبەر |
ئاژانسە بەرەوپێشچووەکان |
|
دەسەڵاتی دادوەری | حکومەتی فیدراڵی ویلایەتە یەکگرتووەکان |
بارەگای سەرەکی | ئەتلانتا، جۆرجیا، ئەمریکا. |
ژمارەی فەرمانبەرانی | ١٠٨٩٩ (بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٥) |
بودجەی ساڵانە | ١١.١ ملیار دۆلاری ئەمریکی (FY18) |
جێبەجێکاری ئاژانسەکان | ماندی کۆهین بەڕێوەبەر و نیراڤ دی شا جێگری بەڕێوەبەری سەرەکی |
وێبسایتی خزمەتگوزارییەکانی | www.cdc.gov |
ئامانجی سەرەکی ئاژانسەکە پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی گشتییە لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردن و ڕێگریکردن لە نەخۆشی و برینداربوون و کەمئەندامی لە ئەمریکا بەتایبەتی و جیهان بەگشتی. ئەم ڕێکخراوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان جەخت دەکاتەوە لەسەر پەرەپێدان و جێبەجێکردنی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان. بە تایبەتی سەرنجی خۆی دەخاتە سەر هەوکردنە گوازراوەکان، نەخۆشییە گوازراوەکانی خۆراک، تەندروستی ژینگەیی، سەلامەتی پیشەیی و تەندروستی، برەودان بە تەندروستی، ڕێگریکردن لە برینداربوون و چالاکییە پەروەردەییەکان کە بۆ باشترکردنی تەندروستی دانیشتووانی ویلایەتە یەکگرتوو دیاریکراون.
هەروەها CDC توێژینەوە ئەنجام دەدات و زانیاری دەربارەی نەخۆشییە نا گوازراوەکان دابین دەکات، وەک قەڵەوی و شەکرە، و ئەندامێکی دامەزرێنەری کۆمەڵەی نێودەوڵەتی پەیمانگای تەندروستی گشتی نیشتمانییە.ماندی کۆهین بەڕێوەبەر و نیراڤ دی شا جێگری بەڕێوەبەری سەرەکیبەڕێوەبەری ئێستای CDC ماندی کۆهینە کە لە ١٠ی تەممووزی ٢٠٢٣ پۆستەکەی وەرگرتووە.
بودجەی ڕێکخراوەکە
بودجەی ساڵی ٢٠١٨ی CDC ١١.٩ ملیار دۆلار بووە. CDC بەخشین پێشکەش دەکات بۆ یارمەتیدانی ڕێکخراوەکان بۆ بەرەوپێشبردنی تەندروستی و سەلامەتی و هۆشیاری لەسەر ئاستی کۆمەڵگا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان. خەڵات و بەخشیینەکانی CDC زیاتر لە ٨٥٪ی بودجەی ساڵانەی خۆی دەگرێتەوە.
هێزی کار
تا ساڵی ٢٠٢١، ژمارەی کارمەندانی CDC نزیکەی ١٥.٠٠٠ کارمەندیان هەبووە (لەوانە ٦.٠٠٠ بەڵێندەر و ٨٤٠ ئەفسەری خزمەتگوزاری تەندروستی گشتی ویلایەتە یەکگرتووەکان) لە ١٧٠ پیشەدا. هێزی کاری ڕێکخراوەکە لە سەدا هەشتاییان بڕوانامەی بەکالۆریۆس یان بەرزتریان هەیە. هەروەها نزیکەی نیوەیان بڕوانامەی پێشکەوتوویان هەیە (بڕوانامەی ماستەر یان دکتۆرا وەک PhD, D.O, M.D)
ناونیشانی کارە باوەکانی CDC بریتین لە ئەندازیار، مێرووناس، پەتاناس (ئەوانەی کار لەسەر پەتا درمییەکان دەکەن)، زیندەزانان، پزیشک، ڤێتێرنەر، زانای هەڵسوکەوت، پەرستار، تەکنەلۆجیای پزیشکی، ئابووریناس، ڕاوێژکاری تەندروستی گشتی، پەیوەندیکەری تەندروستی، ژەهرناس، کیمیازان، زانای کۆمپیوتەر و ئامارناس. CDC هەروەها ژمارەیەک بەرنامەی ڕاهێنان و سکۆلەرشیپ بەڕێوە دەبات.
سەرنجی کارکردنی
نەخۆشییە گوازراوەکان (پەتا درمییەکان)
بەرنامەکانی CDC باس لە زیاتر لە ٤٠٠ نەخۆشی و هەڕەشەی تەندروستی و ئەو حاڵەتانە دەکەن کە هۆکاری سەرەکی مردن و نەخۆشی و کەمئەندامین. ماڵپەڕی CDC زانیاری هەیە دەربارەی نەخۆشییە جۆراوجۆرەکانی هەوکردن (و نا هەوکردنەکانیش)، لەوانە ئاوڵە، سورێژە و چەندانی تر.
لە نموونەی نەخۆشییە گوازراوەکان ئەنفلۆنزایە کە CDC هەوڵیداوە گواستنەوەی ئەنفلۆنزای بەراز بە ئامانج بگرێت، لەوانە ئەنفلۆنزای بەراز H1N1، و ماڵپەڕێکی کردەوە بۆ پەروەردەکردنی خەڵک دەربارەی پاکوخاوێنی.
نەخۆشییە ناگوازراوەکان
هەروەها CDC کار لەسەر نەخۆشییە ناگوازراوەکان دەکات، لەوانە نەخۆشییە درێژخایەنەکان کە بەهۆی قەڵەوی و ناچالاکی جەستەیی و بەکارهێنانی جگەرەوە دروست دەبن. هەروەها بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستن و کۆنترۆڵکردنی شێرپەنجە، کە لە ساڵی ٢٠١٠ەوە لەلایەن لیزا سی ڕیچاردسۆنەوە سەرپەرشتی دەکرێت، لەو ئەرکەدایە.
بەرگری دژی دژە بەکتریاکان
ڕێکخراوی CDC پلانی کاری نیشتمانی خۆی جێبەجێ کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو بەکتریایانەی بەرگرییان دژی دژە بەکتریاکان هەیە ئەمەش وەک ڕێوشوێنێک دژی بڵاوبوونەوەی بەرگری دژە بەکتریا لە ئەمریکا. ئەم دەستپێشخەرییە بودجەیەکی ١٦١ ملیۆن دۆلاری هەیە و پەرەپێدانی تۆڕی تاقیگەیی دروستبوونی بەرگری بەرامبەر دژە بەکتریا لەخۆ دەگرێت.
تەندروستی جیهانی
لە سەرتاسەری جیهاندا، CDC لەگەڵ ڕێکخراوەکانی دیکە کار دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەندروستییە جیهانییەکان و کۆنترۆڵکردنی هەڕەشەی نەخۆشی لە سەرچاوەکەیان. ڕێکخراوەکە لەگەڵ چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی وەک ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و وەزارەتی تەندروستی و گروپەکانی دیکە لە هێڵەکانی پێشەوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان کار دەکەن.
تەندروستی گەشتیاران
ڕێکخراوی CDC زانیاری تەندروستی کۆدەکاتەوە و بڵاوی دەکاتەوە بۆ گەشتیاران لە کتێبێکی گشتگیردا بە ناوی زانیاری تەندروستی CDC بۆ گەشتی نێودەوڵەتی، کە بە "پەرتووکی زەرد" ناسراوە. کتێبەکە هەموو ساڵێک بە شێوەی ئۆنلاین و چاپکراو بەردەست دەبێت. وەک چاپێکی نوێ و ڕێنماییە تەندروستییەکانی ئێستای گەشتکردن و پێشنیاری کوتان و زانیاری دەربارەی شوێنی دیاریکراوی گەشتکردن لەخۆ دەگرێت.
سەلامەتی کوتاوەکان
وەزارەتی تەندروستی چەند ئامرازێک بەکاردەهێنێت بۆ چاودێریکردنی سەلامەتی کوتاوەکان. سیستەمی ڕاپۆرتکردنی ڕووداوە نەرێنییەکانی کوتان (VAERS)، بەرنامەیەکی نەتەوەیی چاودێری سەلامەتی کوتانە کە لەلایەن CDC و FDA بەڕێوە دەبرێت. ڤایەرز کێشەی سەلامەتی لەگەڵ کوتاوەکانی ئەمریکا دەدۆزێتەوە بە کۆکردنەوەی زانیاری دەربارەی ڕووداوە نەخوازراوەکان (کاریگەری لاوەکی یان کێشە تەندروستییەکان) دوای کوتان. زانیاری سەلامەتی CDC لە ڕێگەی لاپەڕەی کوتاوەوە لیستێک لە نوێترین زانیاری سەلامەتی و کاریگەرییە لاوەکییەکان و وەڵامی پرسیارە باوەکان پێشکەش دەکات.
دەستەی بەڕێوەبەرانی
بەڕێوەبەری CDC پۆستێکی خزمەتگوزاری جێبەجێکاری باڵایە کە لەوانەیە پڕبکرێتەوە یان لەلایەن کارمەندێکی پیشەییەوە، یان وەک دیارییەکی سیاسی کە پێویستی بە پشتڕاستکردنەوەی ئەنجومەنی پیران نییە، لەگەڵ ئەم ڕێگایەی دوایی بە شێوەیەکی ئاسایی بەکاردێت. بەڕێوەبەرەکە لە ڕەزامەندی سەرۆک خزمەت دەکات و لە هەر کاتێکدا بێت دەردەکرێت. لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، پۆستی بەڕێوەبەری CDC دەگۆڕێت بۆ ئەوەی داوای پشتڕاستکردنەوەی ئەنجومەنی پیران بکات، بەهۆی بڕگەیەک لە یاسای تەرخانکردنی یەکخراو بۆ ساڵی ٢٠٢٣. بەڕێوەبەری CDC لە هەمان کاتدا وەک بەڕێوەبەری ئاژانسی تۆمارکردنی ماددە ژەهراوییەکان و نەخۆشییەکان خزمەت دەکات.
بیست بەڕێوەبەر خزمەتیان بە CDC یان ئاژانسەکانی پێشووی کردووە، لەوانە سێ بەڕێوەبەر کە لە ماوەی بەڕێوەبەرایەتی ترامپدا خزمەتیان کردووە (لەوانە ئان شوچات کە دوو جار وەک جێگری بەڕێوەبەر خزمەتی کردووە) و سێ بەڕێوەبەر کە لە ماوەی بەڕێوەبەرایەتی کارتەر خزمەتیان کردووە (لەوانە یەک بەڕێوەبەر کە لێرە نیشان نەدراوە). دوو کەس لە ماوەی دەسەڵاتی بیڵ کلینتۆن خزمەتیان کردووە، بەڵام تەنها یەکێکیان لەژێر مەرجەکانی نیکسۆن بۆ فۆرد.
بەڕێوەبەران | وەرگرتنی پۆستەکە | جێهێشتنی پۆستەکە |
لویس ئێڵ ولیام | ١٩٤٢ | ١٩٤٣ |
مارک دی هۆڵیس | ١٩٤٤ | ١٩٤٦ |
ڕایمۆند ئەی ڤۆبدەرلەر | ١٩٤٧ | ١٩٥١ |
جەستن ئێم ئەندریۆ | ١٩٥٢ | ١٩٥٣ |
سیۆدۆر جەی باور | ١٩٥٣ | ١٩٥٦ |
ڕۆبەرت جەی ئەندەرسن | ١ حوزەیران ١٩٥٦ | ٣٠ تشرینی یەکەم ١٩٥٦ |
کلارێند ئەی سمز | ١٩٦٠ | ١٩٦٢ |
جەیمس ئێڵ گۆدارد | ١٩٦٢ | ١٩٦٦ |
دەیڤد جەی سێنسەر | ١٩٦٦ | ١٩٧٧ |
ویلیام ئێچ فۆوج | ١٩٧٧ | ١٩٨٣ |
جەیمس ئێم ماسۆن | ١٩٨٣ | ١٩٨٩ |
ویلیام ئێڵ رۆپەر | ١ی ئازاری ١٩٩٠ | ٣٠ی حوزەیرانی ١٩٩٣ |
دەیڤد ستاچەر | ١٩٩٣ | ١٣ی شووباتی ١٩٩٨ |
جێفری پی کۆپلان | ٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ | ٣١ی ئازاری ٢٠٠٢ |
جولیا گێربێردین | ٣ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ | ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٩ |
تۆماس ئاڕ فریدن | ٨ی حوزەیرانی ٢٠٠٩ | ٢٠ی تەمووزی ٢٠١٧ |
ئانە سچوچات | ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ | ٧ی تەمووزی ٢٠١٧ |
برێندا فیزگێراڵد | ٧ی تەممووزی ٢٠١٧ | ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ |
ئانە سچوچات | ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ | ٢٦ی ئازاری ٢٠١٨ |
ڕۆبەرت ئار رێدفێڵد | ٢٦ی ئازاری ٢٠١٨ | ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ |
ڕۆچێل واڵێنسکی | ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ | ٣٠ حوزەیرانی ٢٠٢٣ |
نیراڤ دی شاهـ | ١ی تەمموزی ٢٠٢٣ | ١٠ی تەمووزی ٢٠٢٣ |
ماندی کۆهن |
١٠ی تەممووزی ٢٠٢٣ | تا ئێستا |
دامەزراوەی CDC
دامەزراوەی CDC بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە ڕێکخراوی CDC کار دەکات وەک ڕێکخراوێکی قازانج نەویست تایبەتە 501(c) کە لە ویلایەتی جۆرجیا دامەزراوە. دامەزراندنی دامەزراوەکە لەلایەن ماددەی 399F لە یاسای خزمەتگوزاری تەندروستی گشتی ڕێگەی پێدراوە بۆ پشتگیریکردنی ئەرکی CDC بە هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت، لەوانە ڕێکخراوەکان، دامەزراوەکان، کۆمپانیاکان، گروپە پەروەردەییەکان و تاکەکان. لە ساڵی ١٩٩٥ بۆ ٢٠٢٢، دامەزراوەکە زیاتر لە ١.٦ ملیار دۆلاری کۆکردەوە و زیاتر لە ١٢٠٠ بەرنامەی تەندروستی هەبووە. بیڵ کۆسبی پێشتر وەک ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری دامەزراوەکە خزمەتی کردووە و بەردەوام بوو وەک ئەندامێکی شەرەف دوای تەواوکردنی ماوەکەی.
چالاکییەکانی دامەزراوەی CDC
دامەزراوەکە ساڵانە بەشداری لە پڕۆژەکانی توێژینەوە و بەرنامەی تەندروستی دەکات لە زیاتر لە ١٦٠ وڵاتدا، لەوانە لە بوارەکانی وەک نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە و وەڵامدانەوەی فریاکەوتن و نەخۆشییە گوازراوەکان بەتایبەتی ئایدز و ئیبۆلا و ڤایرۆسی ڕۆتا و کۆڤید - ١٩.