هۆکارەکانی سەرئێشە لە هەردوو لای سەردا

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-04-27-18:27:00 - کۆدی بابەت: 12707
هۆکارەکانی سەرئێشە لە هەردوو لای سەردا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هۆکارەکانی سەرئێشە لە هەردوو لای سەردا (بە ئینگلیزی: Cause of headache on both sides، بە عەرەبی: أسباب وجع الرأس من الجانبين) نزیکەی ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵک دووچاری ئازاری سەرئێشە دەبنەوە، هەندێک کەس لە ماوەیەکی کورتدا چەند جارێک دووچاری ئەم ئازارە دەبنەوە. جۆرەکانی سەرئێشە جیاوازن هەندێکیان کەمن و بە پشوودان چارەسەر دەبن، بەڵام هەندێکیان بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام دەبن و پێویستیان بە وەرگرتنی دەرمان دەبێت. 

سەرئێشەی سەرەتایی

سەرئێشەی سەرەتایی جۆرێکی سەرئێشەیە کە بەهۆی چالاکی زۆر یان کێشە لەو بەشانەی مێشک وەک خوێنبەرەکان، ماسولکەکان و دەمارەکانی سەر و مل کە هەستیارن بۆ ئازار ڕوودەدات، هەروەها لەوانەیە لە ئەنجامی گۆڕانکاری لە چالاکی کیمیایی مێشک ڕوو بدات و باوترین نموونەکانی سەرئێشەی سەرەتایی بریتین لە شەقیقە، سەرئێشەی کۆکراوە یان هێشوویی و سەرئێشەی گرژی. جۆر و هۆکارەکانی سەرئێشەی بەردەوام لە هەردوو لای سەردا دەتوانرێت بەم شێوەیە ڕوون بکرێتەوە:

سەرئێشەی سەرەتایی لە هەردوو لای سەر

لەنێوان جۆرە سەرەتاییەکانی سەرئێشەدا، سەرئێشەی گرژی باوترین جۆری سەرئێشەیە لە هەردوو لای سەردا. سەرئێشەی گرژبوون بە هەستکردن بە فشار لە هەردوو لای سەردا دەناسرێتەوە. ئازارەکە بەزۆری لە پێشەوە دەست پێدەکات و دواتر دەچێتە پشتی سەر، دەکرێت لە ٣٠ خولەکەوە بۆ ٧ ڕۆژ بخایەنێت جیاوازە لە شەقیقە بەهۆی ئەوەی ئەم جۆرەی سەرئێشە سکچوون یان ڕشانەوەی لەگەڵ ڕوونادات وەک ئەوەی هەندێک جار لە شەقیقەدا ڕوودەدات، بەڵام لەوانەیە لەهەندێک کەسدا نەمانی ئارەزووی خواردن ڕووبدات. ئەم جۆرە سەرئێشەیە لە ئەنجامی فشاری دەماری، دڵەڕاوکێ، کەمخەوی، گۆڕانی پلەی گەرمی، بەڕۆژووبوون یان خواردن نەخواردن لە کاتی خۆیدا ڕوودەدات.

سەرئێشە لە لایەکی سەر

باوترین جۆرەکانی سەرئێشە لە لایەکی سەردا بریتین لە:

سەرئێشەی هێشوویی cluster headache: نەخۆشییەکی دەگمەنە بە سەرئێشەی توند لە لایەکی سەردا، سووربوونەوەی چاوەکان، فرمێسک، گیرانی لووت، سووربوونەوە یان ئارەقەکردنی دەموچاو و هەستکردن بە کەمخەوی دەناسرێتەوە. ئەم سەرئێشەیان بە شێوەیەکی توند ڕوودەدات  کە بۆ چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێک دەخایەنێت.

شەقیقە: شەقیقە بە سەرئێشەی شەقیقەش ناسراوە، جۆرێکە لە سەرئێشە کە دووبارە دەبێتەوە و دەبێتە هۆی ئازارێکی مامناوەند یان توندی سەر، ئەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی خراپتربوونی شەقیقە بریتین لە: چالاکیی جەستەیی، ڕووناکی، دەنگ و جوڵەی جەستەیی بەزۆری ئازارەکە لە ٤ کاتژمێر بۆ ٣ ڕۆژ دەخایەنێت. ئەو کەسەی بەدەست شەقیقە دەناڵێنێت، لەوانەیە بە ڕووناکی، دەنگ یان بۆن هەستیار بێت. هەروەها نەخۆشەکە لەوانەیە تووشی سکچوون، ڕشانەوە یان هەردووکی ببێت.

سەرئێشەی لاوەکی

سەرئێشەی لاوەکی یەکێکە لە نیشانەکانی نەخۆشییەکی تر، واتە هۆکارە سەرەکییەکەی هەبوونی نەخۆشییەکی ترە کە دەبێتە هۆی چالاککردنی هەستەدەمارەکانی مێشک و ئەم جۆرە سەرئێشەیە یەکێکە لە نیشانەکانی.

هۆکارەکانی سەرئێشەی لاوەکی بریتین لەمانەی خوارەوە:

وەرەمی دەماخ: بوونی وەرەمی دەماخ یان دەرپەڕینی بەشێکی بۆری خوێن لە دەماخ (Brain aneurysm) دەبێتە هۆی سەرئێشە، لە ئەنجامی فشاری وەرەمەکە یان خوێنبەربوون لە کاسەی سەردا.

سەرئێشە بەهۆی کێشەی ملەوە (cervicogenic headache): ئەم جۆرە سەرئێشەیە کاتێک ڕوودەدات کە بڕبڕەکانی مل دەست بە تێکچوون دەکەن و فشار دەخەنە سەر بڕبڕەی پشت، ئەمەش دەبێتە هۆی سەرئێشە و ئازارێکی زۆر لە ملدا.

سەرئێشە لە ئەنجامی زۆر بەکارهێنانی دەرمان: ئەم جۆرە سەرئێشەیە لە ئەنجامی زۆر بەکارهێنانی دەرمانی کەمکردنەوەی سەرئێشە و دواتر کەمکردنەوە یان وەستاندنی خواردنی ئەم دەرمانانە لەناکاو ڕوودەدات. نموونەی ئەو دەرمانانەی کە زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانیان دەبێتە هۆی ئەم جۆرە سەرئێشەیە بریتین لە: هایدرۆکۆدۆن.

سەرئێشەی پەیوەست بە هەوکردنی پەردەی مێشک: هەوکردنی پەردەی مێشک لە ئەنجامی هەوکردنێک لە پەردەکاندا ڕوودەدات کە ناوپۆشی کەلەی سەر دەکەن و هەردوو بڕبڕەی پشت و مێشک دەورە دەدەن.

سەرئێشەی دوای زەبر: لەوانەیە کەسێک تووشی سەرئێشە ببێت دوای بەرکەوتنی زەبری مێشک، لە ئەنجامی کەوتن یان ڕووداوی ئۆتۆمبێل.

سەرئێشەی جیوبەکان: هەوکردن لە بۆشاییەکانی جیوب کە پڕن لە هەوا دەبێتە هۆی فشار و ئازار کە دەبێتە هۆی سەرئێشەی جیوب.

سەرئێشە بەهۆی بڕبڕەی پشت: سەرئێشە بەهۆی بڕبڕەی پشت دەتوانێت لە ئەنجامی دزەکردنی هێواشی شلەی مێشک و بڕبڕەی پشت ڕووبدات و ئەم دزەکردنە بەزۆری دوای بێهۆشکردن لە ڕێگەی پشتەوە بۆ ناو ئەو شلەیەی دەوری دڕکەپەتک دەدات (Spinal anesthesia) یان بۆ ناو ئەو بۆشاییەی لەنێوان دڕکەپەتک و ئەو پەردەیەی دەوری دەدات (Epidural anesthesia) ڕوودەدات.

هۆکارەکانی تر لەوانە:

  • نۆبەی تۆقین (Panic attack)
  • هێرشی مێشک
  • سەرئێشە بەهۆی خواردنی بەرهەمە بەستووەکان بە بەستنی مێشک ناسراوە.
  • ژەهراوی بوون بە یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن
  • خوێنبەربوونی مێشک یان خوێنبەربوون لە دەوروبەری مێشک
  • لێدانی کتوپڕ لە مێشک
  • ئاوی ڕەشی چاو
  • ددانە جیڕە لە شەودا
  • ئەنفلوەنزا
  • بەرزی پەستانی خوێن یان فشار کە بەهۆی بەستنی کڵاو یان چاویلکەی توندەوە دروست دەبێت.

سەرئێشە کە پێویستی بە سەردانی پزیشک هەیە

هەندێک حاڵەت پێویستیان بە سەردانی پزیشک هەیە بۆ دیاریکردنی چارەسەری سەرئێشە لە هەردوو لای سەر، دەتوانرێت بەم شێوەیە باس بکرێت.

  • سەرئێشە کە چەند هەفتەیەک بەردەوام دەبێت بەبێ ئەوەی کەسەکە بارودۆخی باشتر بێت، یان سەرئێشەی پەیوەست بە نیشانەکانی تری دەمارەوە، وەک: لاوازی لە لایەکی جەستە.
  • سەرئێشە کە بۆ یەکەمجار دەردەکەوێت و خراپتر دەبێت، بەتایبەتی لەو کەسانەدا کە بە شێوەیەکی ئاسایی تووشی سەرئێشە نابن.
  • سەرئێشە کە کەسەکە لە بەیانیان و لە کاتی پاڵکەوتندا هەست بە خراپی و ئازار دەکات.
  • سەرئێشەیەک کە مرۆڤ لە خەو بەئاگا دەهێنێتەوە، یان سەرئێشەیەک کە سکچوون یان ڕشانەوەی لەگەڵدا بێت.
  • گۆڕانکاری لە جۆر یان توندی سەرئێشە، سەرەڕای جووت بینی، لاوازی یان لەدەستدانی بینین.
  • سەرئێشە کە لە کەسێکی تووشبوو بە شێرپەنجەدا ڕوودەدات
  • زیادبوونی فشار لەسەر پشتی سەر.
  • سەرئێشە لەگەڵ سەرگێژخواردن یان لەدەستدانی هاوسەنگی.
  • سەرئێشە لەگەڵ گرژبوون، لەدەستدانی توانای قسەکردن، یان کێشەی بیستن.
  • سەرئێشە لەگەڵ لاوازی یان وردە وردە لەدەستدانی توانای هەستکردن لە قۆڵ یان قاچدا.
  • سەرئێشە لەگەڵ گۆڕانی کەسایەتی وەک ئارەزووکردنی تەنیایی و دوورکەوتنەوە لە کەسانی تر، توڕەبوون یان بە ئاسانی هەست بە سەرلێشێواوی کردن.


سەرچاوەکان



103 بینین