چارەسەری خێرا بۆ ئازاری گوێ

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2024-04-24-16:01:00 - کۆدی بابەت: 12666
چارەسەری خێرا بۆ ئازاری گوێ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چارەسەری خێرا بۆ ئازاری گوێ (بە عەرەبی: حلٌّ سریع لألم الأذن، بە ئینگلیزی: Quick treatment for earache).کۆمەڵێک بژاردەی چارەسەر هەیە کە دەتوانرێت بۆ چارەسەر کردنی خێرای کێشەی ئازاری گوێچکە بە کار بهێنرێت بەپێی هۆکارەکەی. ئەم چارەسەرانەش بریتین لە:

  • دەرمانی دژەزیندەیی: دەرمانی دژەزیندەیی بە شێوەی زاری یان لە ڕێگەی خوێنبەرەوە بەکاردەهێنرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەندروستییە تووندەکان کە دەبنە هۆی ئازاری گوێ.
  • دڵۆپەی گوێ: چەند جۆرێک لە قەترە هەن کە بۆ نەرمکردنی مۆمی کەڵەکەبووی ناو گوێ بەکاردێن، هەروەها جۆری تریش هەن کە لەوانەیە دژە زیندەیی یان ستیرۆیدیان تێدابێت، کە بۆ نەهێشتنی هەوکردنی گوێ بەکاردێت.
  • دەرمانی ئازارشکێن کە دەتوانرێت بەبێ ڕەچەتە بدرێت: وەکو ئەسیتامینۆفین و ئیبوپڕۆفین.
  • چارەسەری نەشتەرکاری: نەشتەرکاریی بڕینی پەردەی گوێ لەوانەیە بۆ چارەسەر کردنی هەوکردنی درێژخایەنی گوێی ناوەڕاست یان تێکچوونی بەردەوامی بۆریی ئیوستەیکیەن (بۆرییەکە لە نێوان گوێی ناوەڕاست و گەروو)، بە کار بێت.

کەمکردنەوەی ئازاری گوێ

کۆمەڵێک ڕێگەی سروشتی ماڵەوە هەیە کە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ کەمکردنەوەی ئازاری گوێ، لەوانە:

  • گوێیەکانت دوور بخەرەوە لە کەشیی شێدار.
  • خاولی یان پارچەیەک پەڕۆی سارد بخەرە سەر گوێچکە هەوکردووەکە.
  • جوینی بنێشت؛ ئەمە سوودی هەیە لە کەمکردنەوەی فشاردا.
  • دانیشتن و بە پێوە وەستانت با مامناوەند بێت، نە زۆر دابنیشە و نە کەم؛ چونکە ئەمە یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی فشار.

هۆکارەکانی ئازاری گوێ

ئەو هۆکار و کێشانەی کە ڕەنگە ببنە هۆی ئازاری گوێچکە دەتوانرێت لەم چەند خاڵەدا کورت بکرێنەوە:

  • تووشبوونی گوێ بە هەوکردن.
  • تووشبوون بە قورگ ئێشە.
  • هەبوونی هەوکردنی لەوزەتێن.
  • کەڵەکەبوونی زۆری مۆمی گوێچکە.
  • بوونی تەنێکی نامۆ کە لەناو گوێچکەدا.
  • ددان هاتنی منداڵ، یان کیسی ددان.
  • کونبوونی پەردەی گوێ.
  • گۆڕانکاری لە پەستانی ناو گوێچکەدا، وەک ئەوەی لە کاتی فڕین لە فڕۆکەدا ڕوودەدات.
  • هەوکردنی جیوب.
  • چوونە ناوەوەی ئاو یان شامپۆ بۆ ناو گوێ.
  • بەکارهێنانی گوێ پاککەرەوە.

هۆکارە کەمتر باوەکان کە ڕەنگە ببنە هۆی ئازاری گوێ، بریتین لە:

  • تێکچوونی کارکردنی جومگەی لاجانگ و شەویلگەی خوارەوە.
  • هەوکردنی ماستۆید.
  • هەوکردنی خوێنبەری خانە زەبەلاحەکان.

ڕێگریکردن لە ئازاری گوێ

کۆمەڵێک ڕێگا هەیە کە لە ڕێگەیەوە دەتوانرێت ڕێگری لە ئازاری گوێ بکرێت، لەوانە ئەمانەی خوارەوە:

  • شتی نامۆ مەخەرە ناو گوێچگەتەوە.
  • دڵنیابە لە وشککردنەوەی گوێچکەکان دوای مەلەکردن یان خۆشۆردن.
  • دوور بکەوەرەوە لە جگەرەکێشان یان بەرکەوتن بە دوکەڵی جگەرە.
  • دوور بکەوەرەوە لە بەرکەوتن بە هۆکارەکانی هەستیاری، وەک تۆز و هەڵاڵەی گوڵ.


سەرچاوەکان



951 بینین