چۆن قسەی خەڵکی لەبیر بکەم؟

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-04-24-16:41:00 - کۆدی بابەت: 12668
چۆن قسەی خەڵکی لەبیر بکەم؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن قسەی خەڵکی لەبیر بکەم؟ (بە ئینگلیزی: How can I forget what people say، بە عەرەبی: کیف أنسى كلام الناس) مرۆڤ ڕۆژانە ڕووبەڕووی ڕەفتار و قسەی کەسانی چواردەوری دەبێتەوە کە ڕەنگە ئەم وشانە ڕووخێنەر و ئازار بەخش بن. بەڵام پێویستە مرۆڤ هەوڵبدات ئەم وشانە لەبیر بکات، تاکوو کاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانە و تواناکانیان نەبێت.

بۆچوونی خەڵک

مرۆڤ بەهۆی مامەڵەکردنی لەگەڵ مرۆڤەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی، بەرەوڕووی بارودۆخێک دەبێتەوە کە ڕەنگە ڕاست یان هەڵە بێت، لە هەردوو حاڵەتەکەدا ڕووبەڕووی هەڵوێست و بۆچوونی خەڵک دەبێتەوە، ئەگەر هەڵوێستەکان باش یان خراپ بن، ئەمەش کاریگەری خۆی  دەبێت. چۆن مرۆڤ دەتوانێت قسەی خەڵکی لەبیر بکات، ئەو هۆکارانە چین کە یارمەتیدەرن  و  ئایا هەمیشە پێویستە لەبیری بکەین کە سانی چواردەورمان چی دەڵێن؟

بنەماکانی مامەڵەکردن لەگەڵ بیروڕای کەسانی تردا

ئەمانە چەند ڕێگایەکن تاکوو بتوانیت بەشێوەیەکی تەندروست مامەڵە لەگەڵ بیروڕای کەسانی چواردەورت بکەیت:

  • خودا مرۆڤەکانی جیاواز دروستکردووە بەجۆرێک جیاواز لە بیرکردنەوە و تێگەیشتن ئەمەش سوودێکی زۆری لە سەرهەڵدانی ئاستی وزەت، توانای داهێناندا و یەکخستنی تێگەیشتن لەنێوان مرۆڤەکاندا هەیە.
  • هەمیشە کولتوورەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر، لە کۆمەڵگایەک بۆ کۆمەڵگایەکی تر جیاوازن.
  • مرۆڤەکان لە حوکمدان و بڕیاردان لەسەر شتەکانی دەوروبەریان جیاوازن، هەندێک لەسەر چەند بنەمایەکی ڕوون بڕیار دەدات و هەندێک لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هەندێک کەسیش هیچ بنەمایەکی بۆ بڕیاردان لەسەر شتەکانی دەوروبەری نییە.
  • تایبەتمەندی ئیرەیی، تایبەتمەندییەکی سروشتی بەشێکی زۆری مرۆڤەکانە.
  • بەردەوام بوون لە هەڵوێستی دروست هەندێک جار باجێک لە خاوەنەکەی دەبات.

بناغەکانی پشتگوێخستن و قبوڵکردنی بۆچوونی کەسانی تر

ئەمانە هەندێک لەو بناغانەن  کە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بۆچوونی ئەوانی تر یارمەتیدەرمانن، چ لەبەرچاویان بگرین یان پشتگوێیان بخەین:

  • هۆشیاری تەواو لە سەر ڕاستی و سەلامەتی دۆخەکە.
  • هۆشیاری تەواو دەربارەی دەرئەنجامی شتەکان.
  • زانینی هۆکارەکانی دوودڵی خەڵک بۆ ئەو کارە، و ئایا ڕەوایە یان نا.
  • پەسەندکردنی وتوو وێژ و گفتوگۆکردن ئەگەر پێویست بوو، بە تایبەت ئەگەر دژایەتی هەڵوێستەکە هۆکاری هەبێت کە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵەیەک لە تێڕوانین بۆ هەڵوێستەکە.
  • متمانە بەخۆبوون یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی سەرکەوتنی مرۆڤ لە ژیانیدا.
  • ئارامگرتن و پەسەندکردنی دەرئەنجامەکانی دۆخەکە.
  • ئیرادە و بوێری بەدەست دەهێنێت، بۆیە بەبێ دواکەوتن و دوودڵی بەرەو پێگەی خۆی دەڕوات.
  • بەردەوامبوون لەسەر هەڵوێستەکە دوای ئەوەی بە باوەڕەوە بڕیاردەدەیت کە هەڵوێستەکەت دروستە.
  • دوای ئەوەی بە باوەڕەوە بڕیار دەدرێت، بەردەوامبوون پێویستە تەنانەت ئەگەر قوربانیدانی خاوەنەکەشی پێویست بێت.
  • پێویستە گرنگی بە هۆکارەکانی سەرکەوتنی بڕیارەکان بدرێت، ئەگەر وانەبێت کەسەکە لە بازنەیەکدا بەدەوری خۆیدا دەخولێتەوە ئەمەش بە یەکێک لە هۆکارەکانی لاوازی کەسێتی دادەنرێت. زۆر کەس هەن شانازی بە بڕیارەکانیانەوە دەکەن دوای ئەوەی بە تەواوی باوەڕیانەوە بڕیار دەدەن. خوای گەورە توانای بیرکردنەوە و بڕیاردانی بە مرۆڤەکان داوە تاکوو بتوانن بەباشی بیربکەنەوە و بڕیار بدەن.

کاریگەری دەستێوەردان و کۆنترۆڵکردنی خەڵک بەسەر ژیانمان و بارودۆخەکاندا

ئایا ڕێگە دەدەیت مرۆڤ و بارودۆخەکان کۆنتڕۆڵی ژیانت، باری دەروونیت و توانای بیرکردنەوەت بکەن؟ هەست بەچی دەکەیت، ئەگەر سەرۆکەکەت ڕەخنە لە کارەکەت بگرێت، یان شتێکت پێ بڵێت کە تۆ بەدڵت نییە، کاتێک شۆفێرێک لە ناکاو و بەبێ هەڵکردنی نیشانەی پێویست دەچێتە ناو هێڵی بەردەم ئۆتۆمبێلەکەتەوە؟ ئایا بەردەوام بیر لەم حاڵەتە هاوشێوەیانە دەکەیتەوە لە ڕووداوەکەدا؟ ئایا هەست بە توڕەیی و ناخۆشی یان بێزاری دەکەیت؟ ئەمە بەسەر زۆر کەسدا ڕوودەدات، نزیکەی هەموو ڕۆژێک. تەنها بیربکەرەوە، چەند خولەک یان زۆرجاریش چەند کاتژمێری هەموو ڕۆژێک بەسەر دەبەیت بۆ پرسیارکردن لەوەی ئەم کەسە چی وتووە و ئەو کەسە چی کردووە. ئەگەر ئەم ڕووداوانە بە شێوەیەکی کەسی وەربگریت، لە شوێنی کار، لە ماڵەوە، و لە هەر شوێنێکی تردا.

توانای سەرنجدان و کارامەیت لەسەر کارەکەت، ماڵەوە یان هەرشوێنێکی تر کەم دەبێتەوە. ئەگەر ڕێگا بدەیت خەڵک یان بارودۆخەکان کاریگەرییان لەسەر ژیانت و توانای بیرکردنەوەت هەبێت ئەوا تۆ ڕێگەت داون کە کۆنتڕۆڵت بکەن. مرۆڤ هەموو کات توانای کۆنترۆڵکردنی بارۆدۆخەکانی نییە، ناتوانێت کۆنترۆڵی قسە و ڕەفتاری کەسانی تر بکات. بەڵام  دەتوانین خۆمان فێر بکەین بەشێوەیەکی جیاوازتر ڕەفتار بکەین. ئێمە کۆنترۆڵی هەموو ئەو شتانەمان نییە کە بەسەرماندا دێت، بەڵام دەتوانین فێربین مامەڵە بکەین و وەڵام بدەینەوە، لە ڕووی سۆزداری و دەروونییەوە، بە شێوەیەکی جیاواز. دەتوانین فێربین کاردانەوە  و ڕەفتارەکانمان دیاری بکەین.


سەرچاوەکان



372 بینین