بۆچی سێوی ئادەم ئەم ناوەی لێنراوە؟

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2024-04-24-17:41:00 - کۆدی بابەت: 12676
بۆچی سێوی ئادەم ئەم ناوەی لێنراوە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سێوی ئادەم (بە عەرەبی: تفاحة آدم، بە ئینگلیزی: Adam's apple)، ناوی سێوی ئادەم بە بەشە دیار و دەرکەوتووەکەی پێشەوەی ملی پیاوان دراوە، کە لە هەندێک وڵات و هەرێمدا بە گوێزی قوڕگ ناسراوە، هۆکاری دیاربوونی ئەم بەشە بریتییە لە کڕکڕاگەکانی تایبەت بە ڕژێنی غودەی دەرەقی، کە بە گەورەترین و دیارترین کڕکراگە دادەنرێت لە نێوان ئەو دە کڕکڕاگەیانەی کە قوڕگ دروست دەکەن، هەروەها دەوری ناوچەی قوڕگ دەدەن، سێوی ئادەم بە ڕادەیەک گەورەیە کە لە بەشی خوارەوەی قوڕگەوە درێژ دەبێتەوە بۆ لوولەی هەناسە، کە هاوتایە بە درێژی کڕکڕاگەی سێیەم هەتاکوو کڕکڕاگەی پێنجەم.

کاتی دەرکەوتنی سێوی ئادەم

سێوی ئادەم لە نێرەکاندا و لە تەمەنی پێگەیشتندا دەست بە دەرکەوتن دەکات، ئەمەش بەگشتی لە تەمەنی پانزە ساڵیدایە، لەم تەمەنەدا هۆرمۆنی تێستێسترۆنی نێرینە زۆردەبێت، کە دەبێتە هۆی گەورەبوون و زیادبوونی قەبارە و ئەستووری دەنگە ژێیەکان، ئەوانیش فشار دەخەنە سەر کڕکڕاگەکانی ڕژێنی غودەی دەرەقی، بەم شێوەیە سێوی ئادەم لە نێرینە پێگەیشتووەکاندا دەردەکەوێت، شایەنی باسە سێوی ئادەم تەنها لە نێرەکاندا نییە و لە مێینەکانیشدا بوونی هەیە، بەڵام دیار و دەرکەوتوو نییە چونکە ڕێژەی هۆڕمۆنی تێستێسترۆن لە مێینەدا کەمترە، جگە لە ئەمەش جیاوازی هەیە لە گۆشەی نێوان دوو چینی کڕکڕاگەکانی ڕژێنەکە لە نێرەکاندا.

گرنگی سێوی ئادەم

سێوی ئادەم گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ کە دەتوانرێت لەم خاڵانەی خوارەوەدا کورتبکرێتەوە:

  • ئاسانکاری کرداری هەناسەدان لە هەردوو هێنانە ژوورەوە و دەرکردنەوەی هەوا.
  • ئاسانکاری لە جوینی خۆراک و قووتدانی.
  • پاراستنی دەنگە ژێیەکان و جڵەوکردنی دەرکردنی دەنگەکان.

هۆکاری ناونان

لە بنەڕەتدا هیچ هۆکارێکی زانستی نییە بۆ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە کە بۆچی سێوی ئادەم ئەم ناوەی لێنراوە، هەروەها هیچ ڕوونکردنەوەیەکی ئایینی باوەڕپێکراویش نییە، تەنها هەندێک شیکاری فەلسەفی و هەوڵی تاکەکەسی هەبوون لەلایەن هەندێک کەسەوە کراون، کە ئاماژەی پێدەدەین لەم خاڵانەی خوارەوەدا:

  • ناوی ئادەم دەگەڕێتەوە بۆ ئادەمی باوکمان سەلامی خودای لەسەر بێت، ئەو باوکی هەموو مرۆڤەکانە و هەموو نێرینەکانیش لە ئەوەوە دروستبوون، دیاربوونی ئەم کڕکڕاگەیەش تەنها لە نێرینەکاندایە، لەبەر ئەوە دەکرێت هۆکاری ناونانەکە بۆ ئەو بگەڕێتەوە.
  • کەسانێک هەن دەڵێن ناوەکە لە شێوەی دەرکەوتنی کڕکڕاگەکانی ڕژێنەکەوە هاتووە، بەو پێیەی لە شێوەی سێوێک دەچێت.
  • هەندێک کەس هۆکاری ناونانەکە دەگەڕێننەوە بۆ ئەو سێوەی کە ئادەم سەلامی خودای لەسەر بێت خواردوویەتی، سێوەکە هۆکاری دابەزاندنی ئادەم و حەوای هاوسەری بووە لە بەهەشتەوە بۆ سەر زەوی، ئەمەیان بیرۆکەی هەندێک لە جولەکەکانە کە پێیان وایە کاتێک ئادەم هەوڵی قووتدانی سێوەکەی دەدا سێوەکە لەو ناوچەیەدا گیر بووە.
  • هەندێکی تر دەڵێن ناوەکە بۆ گرنگی ئەم کڕکڕاگەیە دەگەڕێتەوە، چونکە بەرکەوتنی هەر لێدانێکی توند لەو جێگەیەدا دەکرێت ببێتە هۆی مردنی کەسەکە، هەروەک چۆن سێوەکەی ئادەم خواردی بووە هۆی دەرکردنی ئادەم و حەوا لە بەهەشت.


سەرچاوەکان



421 بینین