لێکدانەوەی خەونی خۆکوژی، واتای کوشتنی خۆمان یان کەسانی تر لە خەودا

له‌لایه‌ن: - شانۆ محمد شانۆ محمد - به‌روار: 2024-05-01-15:39:00 - کۆدی بابەت: 12726
لێکدانەوەی خەونی خۆکوژی، واتای کوشتنی خۆمان یان کەسانی تر لە خەودا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

لێکدانەوەی خەونی خۆکوژی، واتای کوشتنی خۆمان یان کەسانی تر لە خەودا (بە ئینگلیزی: Suicide dream interpretation، The meaning of suicide of ourselves or others in a dream، بە عەرەبی: تفسير حلم الانتحار، معنى انتحار أنفسنا أو الآخرين في المنام). زۆربەی مرۆڤەکان دوای خەوتن دەستدەکەن بە بینینی خەون کە ئەویش بریتییە لە یەک لە دوای یەک لە وێنە و بیرۆکە و هەستەکان کە بەزۆری لە کاتی هەندێک قۆناغی خەوتندا بە شێوەیەکی نائاگایی لە مێشکدا ڕوودەدەن. هەندێک لە توێژینەوەکان سەلماندویانە کە مرۆڤ لە شەوێکدا نزیکەی دوو کاتژمێر بە خەون بینین بەسەر دەبات.

ئایا خەونەکان هەمیشە واتایەکی قووڵ و ڕاستەقینە لەخۆدەگرن؟ 

جۆری خەونەکان دەکرێن بە سێ بەشەوە:

یەکەم: زۆرکات مرۆڤ پێش خەوتن دەروونی ئاسوودە نییە یاخود مێشکی پڕە لە بیرۆکە، بە تایبەت ئەگەر چەند کاتژمێرێک یاخود چەند ڕۆژێک پێشتر ڕووداوێک ڕوویدابێت لە ژیانی ئەو کەسەدا ئەوا کاریگەری دەخاتە سەر ئاستی باشی خەوی کەسەکە و زۆرکات دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە خەونی سەیر و جیاواز و بە تایبەتیش ناخۆش ببینێت، چونکە مێشک لە کاتی خەودا هەموو ڕووداوەکان و بابەتەکان و بیرۆکەکانت بۆ دەکاتەوە بە وێنە و هەست و دەینێرێتەوە بیرت. 

دووەم: جۆرێکی تری خەون هەیە کە بەهۆی کاریگەرییەکی کاتییەوە دروستدەبێت، بۆ نموونە زۆرکات خەون دەبینین کە دەستمان لە جەستەمان جیا دەبێتەوە و کاتێک خەبەرمان دەبێتەوە دەبینین کە بەڕاستی دەستمان هاتووچۆی خوێنی نەماوە و چۆتە دۆخی سڕبوونەوە، کە ئەمەش تایبەتمەندییەکی باشی مێشکە کە لە ڕێگەی خەونەوە ئاگادارمان دەکاتەوە.

سێیەم: هەندێک کاتیش خەونەکان بەڕاستی واتا بەخش دەبن و لە ڕووی ئاینییەوە لێکدانەوەیان بۆ دەکرێت و بۆ هەر جۆرە خەونێک شیکردنەوەیەک بەردەست دەبێت. هەموو خەونێک لێکدانەوەی جیاوازی هەیە و خەونی خۆکوژیش بێبەری نییە لەم یاسایە. خەونی خۆکوژی بەزۆری ئاماژەیە بۆ دۆخێک کە مرۆڤ دەیەوێت بیگۆڕێت یان ڕزگاری بێت لێی. لێکدانەوەی خەونی خۆکوژی بەزۆری خاڵی مەترسیدار نییە، بەڵام ئەگەر خەمۆکیت هەبوو واباشە ئەم خەونانە وەک ئاگادارکردنەوەیەک لە نائاگایی خۆتەوە لەبەرچاو بگرێت. 

هۆکارەکانی خەون بینین بە خۆکوشتن

ئاڵۆزی باری سۆزداری

خەونی خۆکوشتن لەوانەیە بەو واتایە بێت کە لە ئێستادا مامەڵە لەگەڵ فشارێکی زۆردا دەکەیت یان تووشی دۆخێکی سەختی سۆزداری بوویت. لە دۆخێکی ئاوادا نائاگایی تۆ لە ژێر فشارێکی زۆردایە و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ئەو جۆرە خەونانەوە ئەم فشارە کەم بکاتەوە.

خەمۆکی

یەکێک لە نیشانەکانی خەمۆکی بیرکردنەوەیەکی زۆرە لە مردن و هەبوونی بیری خۆکوژییە، ئەمەش دەبێتە هۆی خەونی خۆکوژی. لە لایەکی ترەوە خۆکوشتن لە خەودا لەوانەیە نیشانەی دڵتەنگی و نائومێدی ناوەوەی کەسێکی خەمۆک بێت. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەو کەسانەی بەدەست خەمۆکییەوە دەناڵێنن بەزۆری تووشی کێشەی خەو دەبن و ئەم بابەتە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی خەونی نەرێنیتر لە کاتی ئاسایی ببینن.

ڕاڕایی زۆرەملێ

یەکێک لە جۆرەکانی نەخۆشی کە پێی دەڵێن ڕاڕایی زۆرەملێ (OCD) بە جۆرێکە کە دەبێتە هۆی بیرکردنەوەی ڕاڕایی سەبارەت بە خۆکوشتن. ئەم بیرکردنەوانە کاریگەرییان لەسەر خەوی ئەو کەسە هەیە کە بەدەست ئەم جۆرە نەخۆشیە (ڕاڕاییە زۆرەملێ)یەوە دەناڵێنێت و وا لە کەسەکە دەکات خەونی خۆکوشتن ببینێت.

ترس لە شکست و جیابوونەوە

هەندێک جار خەونەکان قووڵترین ترس و تاریکترین بیرکردنەوەکانی مرۆڤ وێنا دەکەن. ئەگەر ترسی لەدەستدانی کەسێک یان شتێکی ئازیزت هەیە، لەوانەیە خەونی خۆکوشتن ببینیت. بەگشتی خەونی خۆکوشتن لەوانەیە هێمای ترس، لەدەستدان یان گۆڕانکاری بێت لە ژیانتدا.

ئەزموونەکانی ڕابردوو

زۆر جار خەونەکان لەو ڕووداوانەوە سەرچاوە دەگرن کە لە ڕابردوودا ئەزموونمان کردوون و بوونەتە بەشێک لە نیشانەکانی نەخۆشی فشاری پاش زەبری دەروونی (PTSD). ئەگەر لە ڕابردوودا خۆکوشتنی کەسێک کاریگەری لەسەرت بووبێت، تووشی زەبر و زەنگ بووبیت. یان کەسێکی ئازیزت لەدەستدابێت، لەوانەیە خەونی خۆکوشتن ببینیت.

مۆتەکە

مۆتەکە جۆرێکە لە تێکچوونی خەو کە دەبێتە هۆی بینینی زیاتری کابوسی ترسناک وەک خەونی خۆکوژی. ئەم کابوسانە دەبنە هۆی تێکچوونی خەو و هەستە نەرێنییەکانی وەک ترس و ماندوێتی و دڵەڕاوکێ لە ڕۆژدا لەگەڵ کەسەکەدا دەمێننەوە.

ئاگادارکردنەوەی نائاگایی مرۆڤ

زۆرکات بینینی خەونی مردن و خۆکوژی لەوانەیە ناردنی ئاگاداری بێت بۆ بەشی نائاگایی مرۆڤ و بیرهێنانەوەی بێت لە کردنی کارێک یان بیرکردنەوە لە شتێک یاخود دەستکردن بە گۆڕانکاری و داخستنی ڕابردوو بەرەو ژیانێکی نوێ.

لێکدانەوەی خەونی خۆکوژی

خەون لێکدانەوە بۆ خۆکوشتنی خۆت

هەندێک جار لێکدانەوەی خەونی خۆکوژی ئاماژەیە بۆ بیرکردنەوە و هەستی ناوەوەت سەبارەت بە خۆت. بۆ نموونە خەونی خۆکوژی لەوانەیە واتای پێشکەوتن بێت لە خۆناسین یان نیشانی بدات کە تۆ هەندێک لایەنی کەسایەتی خۆت پشتگوێ دەخەیت. واتایەکی تری ئەم خەونە ڕزگاربوونە لە لایەنێکی نەرێنی بوونت کە گەشەی تۆی ڕاگرتووە.

لێکدانەوەی خەون بۆ خۆکوشتنی ئەندامێکی خێزان

ئەگەر کێشەیەکت لەگەڵ ئەندامێکی خێزانەکەت هەبوو و لەگەڵیدا ناکۆک بوویت، لەوانەیە خەونی خۆکوشتنەکەی ببینیت. لە ڕاستیدا ئەم خەونە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە تۆ نیگەرانیت لەو کەسەی باسکراوە. ڕەنگە لە ژیانی ڕاستەقینەدا ئەم کەسە ڕێگایەکی باشی نەگرتبێتە بەر و بڕیاری دروستی نەدابێت و ئەم بابەتەش دوودڵی و نیگەرانی تۆی لێکەوتبێتەوە. هەروەها لەوانەیە تێبینی ئەوە بکەیت کە ئەندامێکی خێزانەکەت باری دەروونی باش نییە و  توشی خەمۆکی بووە، لەم دۆخەدا ڕەنگە خەون بە خۆکوشتنی ئەوەوە ببینیت. لە هەردوو دۆخەکەدا باشترە قسە لەگەڵ کەسی ئاماژەپێکراو بکرێت و پرسیار لە بارودۆخەکەی بکرێت.

لێکدانەوەی خەون بۆ خۆکوشتنی ژن

خەونی خۆکوشتنی هاوسەرەکەت بەزۆری بەو واتایە دێت کە تۆ نیگەرانیت لە دۆخی پەیوەندییەکەت یان دەترسیت پاڵپشتی هاوسەرەکەت لەدەست بدەیت. لە ڕاستیدا ئەم خەونە خۆشەویستی و وابەستەیی قووڵت بە هاوسەرەکەتەوە دەردەخات.

لێکدانەوەی خەون بۆ خۆکوشتنی یەکێک لە دایک و باوکەکان

ئەگەر لە خەودا بینیوتە یەکێک لە دایک و باوکت خۆی بکوژێت، پێدەچێت لە ژێر فشاری سۆزداری تونددا بیت یان گۆڕانکارییەکی گەورە لە ژیانتدا ڕوودەدات. لێکدانەوەیەکی تری ئەم خەونە ئەوەیە کە لەم دواییانەدا نیشانەکانی خەمۆکی و گۆشەگیری و تەنیایی لە دایک و باوکتدا بینیوە و نیگەرانی تەندروستی و بەختەوەرییان دەبیت.

لێکدانەوەی خەونی خۆکوژی بەکۆمەڵ

بە گوتەی پزیشکی بەناوبانگی دەروونی کارل یۆنگ، ئێمە نائاگایەکمان هەیە کە پێی دەوترێت نائاگایی بەکۆمەڵ کە لە ژێر کاریگەری ئەزموونی کەسانی دیکەدایە. خەون بە خۆکوشتنی بەکۆمەڵەوە بەو واتایەیە کە نائاگایی بەکۆمەڵەکەت چالاکە و هەوڵدەدات ئاگادارت بکاتەوە لە کێشە و زەبر و زەنگی ئەوانی تر. لێکدانەوەیەکی دیکەی خەونی خۆکوژی بەکۆمەڵ ڕەنگە لە ژێر کاریگەری شوێنکەوتنی گروپێکی دیاریکراودا بێت. لە ڕاستیدا ئەم خەونە بەو واتایەیە کە ئەو ڕێگایەی کە تۆ بە شوێنکەوتنی ئەم گروپە گرتوتەبەر کاریگەری نەرێنی لەسەر نائاگایی تۆ هەبووە.

لێکدانەوەی خەونی خۆکوشتن لە بەردەوە

ئەگەر لە خەودا بینیوتە کە خۆت لە بەردێکەوە فڕێدەدەیت، ئەوە واتای وایە کە دوودڵیت هەیە لە بڕیاردانی گرنگ لە ژیانی ڕاستەقینەتدا و لە ئەنجامی بڕیارەکەت دەترسیت. ئەگەر لە خەودا لە بەردێکەوە بازت دا و دواتر فڕی، ئەوە مانای ئەوەیە کە بڕیارە ڕزگارت بێت لە شتێک کە ماوەیەکی زۆرە ڕێگریت لێدەکات لە بەدەستهێنانی سەرکەوتن.

لێکدانەوەی خەونەکان بۆ خۆکوشتن

ئەگەر لە خەودا خۆت هەڵواسی ئەوە واتای وایە کە دۆخێک یان کەسێکی تایبەت لە ژیانتدا هەیە کە وا دەکات هەست بە خنکان بکەیت. لە ڕاستیدا ئەگەر هەست بکەیت لە ژیانی ڕاستەقینەدا ئازادیت لێ سەندراوەتەوە، لەوانەیە خەونێکی لەو شێوەیە ببینیت. لێکدانەوەیەکی تری خەونێک سەبارەت بە خۆکوشتن ئەوەیە کە لە ژیانی ڕاستەقینەدا هیچ پاڵنەرێکت نییە و لە دۆخی ئێستاتدا گیرت خواردووە.

لێکدانەوەی خەون بۆ خۆکوشتن بە تەقەکردن

خەون بە تەقەکردن لە سەرتدا واتای ئەوەیە کە لە ژیانتدا سەرت لێ شێواوە و پێویستە بیرکردنەوەکانت ئارام بکەیتەوە. هەروەها بینینی ئەم خەونە ڕەنگە واتای ئەوە بێت کە لە ژیانی ڕاستەقینەدا کەسانی تر بە دروستی لێت تێنەگەیشتوون و نەتتوانیوە هەست و بیرکردنەوەکانت دەرببڕیت.

لێکدانەوەی خەونی خۆکوشتنی منداڵ

جۆری جیاوازی هەیە و بە گشتی ڕوانگەی بیرکردنەوە و هەست و هەندێکجار ئەزموونی ژیانی ڕۆژانەی نائاگایانە دەور دەبینێت. کاتێک ببینیت کە منداڵێک لە خەودا خۆی بکوژێت لەوانەیە ئەو منداڵە بێت لە ناوەوەت کە هەوڵی سەرکوتکردنی دەدەیت چونکە ناتەوێت کەسانی تر بزانن لە منداڵیدا لەگەڵ چ کێشەیەکدا مامەڵەت کردووە. ڕەنگە ئەم خەونە نوێنەرایەتی زەبرێک بێت کە نەتتوانیوە بەسەریدا زاڵ بیت. لە ڕاستیدا نائاگایی تۆ هەوڵدەدات بەم خەونە پێت بڵێت کە پێویستت بە سەرنجدان، پشتگیری یان پەیوەندی سۆزدارییە.

لێکدانەوەی خەون بۆ خۆکوشتن بە چەقۆ

خەون بینین بە خۆکوشتن بە چەقۆ ڕەنگە نیشانەیەک بێت بۆ ئەوەی کە تووشی نەخۆشی تێکچوونی کەسایەتی ناجێگیر یان سنووردار (BPD) بوویت. ئەوانەی تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن بەزۆری خەونی توندوتیژیان هەیە و زیان بە خۆیان دەگەیەنن. هەروەها بینینی ئەم خەونە لەوانەیە واتای ئەوە بێت کە لە دونیای ڕاستەقینەدا خیانەتت لێ کراوە و ئەو ئازار و مەینەتیەی کە بەهۆیەوە دروست بووە بووەتە هۆی ئەوەی خەونێکی لەو شێوەیە ببینیت.

لێکدانەوەی خەون بۆ خۆکوشتن لە ئاودا

ئەگەر لە خەودا بینیوتە کە بڕیارە خۆت بخنکێنیت، ئەوە واتای ئەوەیە لە دونیای ڕاستەقینەدا لە هەستەکانتدا دەخنکێیت و بارێکی قورسی سۆزداریت هەڵگرتووە. خەون بینین بە خۆکوشتن بە خنکان لەوانەیە نیشانەیەک بێت بۆ ئەوەی کە دەتەوێت لە شتێک ڕابکەیت. بۆ نموونە ڕەنگە لە ژیانی ڕاستەقینەی خۆتدا بەشدار بیت لە بیرکردنەوە تێکدەرەکان یان هەندێک بارودۆخ و هەست کە دەتەوێت ڕزگارت بێت لێی.

لێکدانەوەی خەون بۆ خۆکوشتن بە حەب و دەرمان

هەروەها لێکدانەوەی خەونی خۆکوشتن بە حەب لەوانەیە بە واتای ئارەزووی ناوەوە بێت بۆ دەربازبوون لە دۆخ و بیرکردنەوە یان هەستە ناخۆشەکان کە لە ژیانی ڕاستەقینەدا هەتبێت. هەروەها ئەگەر له ژیانی ڕاستەقینه دا هەست بکەیت که ناتوانیت لەگەڵ بەرپرسیارێتییەکانتدا ڕوبەڕوو بیتەوە و کێشەکانی ژیان له دەرەوەی کۆنترۆڵی خۆت دەربکەوێت، لەوانەیە خەونێکی ئاوا ببینیت، چونکه نائاگایی تۆ بیر له ڕزگاربوون دەکاتەوە لەو هەستە نەرێنییانە.

دوای خەونی خۆکوشتن چی بکەین؟

خەونەکەت لەگەڵ کەسێکی متمانەپێکراودا باس بکە

ئەگەر پێویستت بە قسەکردن بوو لەگەڵ کەسێک لەسەر خەونەکانت یان داوای یارمەتی بکەیت، باشتر وایە بچیتە لای کەسێکی ئازیزت کە متمانەت پێیەتی و دەزانیت حوکمت لەسەر نادات.

سەردانی پزیشکی پسپۆڕی تێکچوونی خەو بکە

ئەگەر خەوی خۆکوژی خەوی شەوانەتی تێکداوە، باشتر وایە سەردانی پزیشکی پسپۆڕی تێکچوونی خەو بکەیت. هۆکاری ئەو خەونانەی کە دەیبینیت لەوانەیە تێکچوونی خەو و کێشەکانی وەک تێکچوونی ڕیتمەکانی ڕۆژانە بێت. سەرنج بدەن کەمخەوی ئەگەری هەوڵی خۆکوشتن زیاد دەکات، بۆیە چارەسەرەکەی گرنگییەکی تایبەتی هەیە.

دەستبکە بە سەردانیکردنی پزیشکی دەروونی

لەوانەیە پزیشکی دەروونناس ئەو هۆکارە نائاگایانە دەستنیشان بکات کە بوونەتە هۆی زیادبوونی فشار و دڵەڕاوکێت. هەروەها دەتوانێت فێری کارامەییەکانت بکات کە یارمەتیت دەدات باشتر بخەویت و مامەڵە لەگەڵ خەونە ناخۆشەکان بکەیت وەک خەونی خۆکوژی.

هەوڵبدە یادنامە بنووسیت

دەفتەرێک و قەڵەمێک لە تەنیشت جێگاکەتەوە هەڵبگرە بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ دوای لە خەو هەڵسان وردەکاری خەوتنەکەت بنوسیت. بە تێپەڕبوونی کات ئەمە یارمەتیت دەدات بۆ دۆزینەوەی شێوازی خەوتن و هۆکارەکانی هاندانی.

تەکنیکەکانی ئاسوودەبوون بەکاربهێنە

چارەسەرەکانی وەک تێڕامانی قووڵ و هەناسەدانی قووڵ و ئاسوودەبوونی گشتی دەروون و جەستە پێش خەوتن ئارام دەکەنەوە. لەم دۆخەدا ئەگەر خەونێکی ناخۆشت بینی ئەوا بە دڵەڕاوکێیەکی کەمترەوە لە خەو هەڵدەستیت.

دەرئەنجام

خەون بە خۆکوشتن لەوانەیە ببێتە هۆی نیگەرانی و نائارامی، بەڵام لەبیرت بێت کە بینینی ئەم خەونە مەرج نییە مەترسیدار بێت. سیناریۆ جیاوازەکانی خەونی خۆکوژی لێکدانەوەی جیاوازیان هەیە، بۆیە باشتر وایە وردەکاری خەونەکەت لە شوێنێکدا بنووسیت.


سەرچاوەکان



159 بینین