نەخۆشیی ڕاڕاییی بیرەسەپێنراو

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-01-01-23:15:00 - کۆدی بابەت: 7467
نەخۆشیی ڕاڕاییی بیرەسەپێنراو

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

نەخۆشیی ڕاڕاییی بیرەسەپێنراو یان ڕاڕاییی زۆرەملێ (بە ئینگلیزی: Obsessive-compulsive disorder) نەخۆشییەکی دەروونییە. بریتییە لە بۆهاتنی بیری دووبارەبووەوە لەلایەن مێشکی کەسەکە خۆی لەگەڵ کرداری جەستەیی یان دەروونیی دووبارە و سەپێنراو.

بەنزیکەیی ٢٪ـی خەڵک تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن و ڕێژەی بڵاوبوونەوە لە زیادبوونە. نیشانەکان لە تەمەنی منداڵی یان هەرزەکاریدا دەردەکەون و زۆر بەدەگمەن لەدوای تەمەنی ٤٠ـەکانەوە ڕوودەدەن.
بوونی ئەم نەخۆشییە کاریگەریی زۆری هەیە لەسەر ژیان و تەندروستیی کەسی تووشبوو و لە حاڵەتی توونددا سەر دەکێشێت بۆ خەمۆکی

نەخۆشی ڕاڕاییی بیرەسەپێنراو چییە؟

لە نەخۆشی ڕاڕاییی بیرەسەپێنراودا کەسێک بەڕوونی گرفتارە بەدەست کۆمەڵێک خوو کە لە ڕادەی ئاسایی بەدەرن، کەسەکە لە بیریدا تووشی ڕاڕایی دەبێت واتا بەردەوام تووشی جۆرە بیرکردنەوەیەک، یان هاتنە بەرچاو، یان زۆربۆهاتنێک دەبێتەوە کە بە ئینگلیزی پێی دەوترێت (Obsession)، ئەمەش وادەکات کەسەکە تووشی نائارامی و دڵەڕاوکێ ببێت و ئەم بیرانە لە مێشکی دەرناچن و ناتوانێت کۆنترۆڵیان بکات، بۆیە لە ئەنجامدا پێویستە کارێک بکات تا ئەم بیرانەی کە سەرچاوەی دڵەڕاوکێن، بڕەوێنێتەوە. ئەم کارەش کە دەیکات سەپێنراوە بەهۆی بیرکردنەوەکانی کەسەکە یان کاری زۆرەملێن و لە ئینگلیزیدا پێی دەوترێت (Compulsion). دوای ئەنجامدانی کارەکە کەسەکە هەست بە ئاسوودەبوونێک دەکات بەڵام ئەمە کاتییە و دووبارە بیرە ناڕاستەکان دەست پێ دەکەنەوە و بەمشێوەیە کەسەکە بەبەردەوامی گیرۆدەی چەند بیرکردنەوە و ڕەفتارێکی دووبارەبووەوە و جڵەونەکراو و سەپێنراو دەبێتەوە. 

خاڵی جیاکەرەوەی ئەم نەخۆشییە ئەوەیە کە کەسەکە خۆی دەزانێت ئەم بیرکردنەوانە ناواقیعین، بەڵام ناتوانێت جڵەویان بکات و ئەمەش دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ. لەئەنجامدا کەسەکە کاتێکی زۆر بەم بیرکردنەوە و کردارانە دەکوژێت و کاریگەری دەبێت بۆ سەر کارکردن، چالاکییەکانی ڕۆژانە و ژیانی کۆمەڵایەتیی کەسەکە.

جۆرەکان

ترس لە پیسبوون 

ئەمەیان بەربڵاوترین جۆری ڕاڕاییی بیرەسەپێنراوە، کەسەکە بەبەردەوامی هەست دەکات پیسە و پێویستە خۆی بشوات، یان زۆر دەترسێت لەوەی پیس ببێت و هەمیشە ئەو بیرکردنەوە لە مێشکیەتی کە نابێت دەست لە هیچ بدات بۆ ئەوەی پیس نەبێت. ئەمەش دەبێتە هۆی:

- زیاد لە پێویست ددان شوشتن یان دەست شوشتن. هەروەها کاتێکی زۆریش پێوەی خەریک دەبێت بۆ نموونە بۆ دەست شوشتنێک بە ئاو و سابوون دەکرێت پێنج خولەک تا نیوکاتژمێر کات ببات. 

- پاککردنەوەی بەردەوامی ناوماڵ، وەکوو چێشتخانە و گەرماو و شوێنەکانی تر. هەروەها زۆر بەکاهێانی ماددە پاککەرەوه زیانبەخشەکان.

- خۆ بەدوورگرتن لە قەڕەباڵغی و تێکەڵ نەبوون. 

- زۆرجار بەهۆی کەسی تووشبووەوە، ئەندامانی تری خێزانەکە تووشی ناڕەحەتی دەبن بەتایبەت ئەگەر دایک تووشی ئەم حاڵەتە ببێت.

- هەندێک جار ئەم کەسانە لەو کاتانەی مامەڵەیەکی خراپیان لەگەڵ دەکرێت یان ڕەخنەیان لێ دەگیرێت، بەهۆی ناڕەحەتبوونیانەوە هەست بە پیسی دەکەن و بۆ ڕەواندنەوەی ئەم هەستەش خۆیان دەشۆن. 

پشکنین

کەسەکە هەست بەوە دەکات کە بەردەوام پێویستە شتەکان بپشکنێت و دڵنیا ببێتەوە لێیان، بۆ نموونە:

- پشکنین و سەیرکردنەوەی بەلووعە، کاتژمێری وریاکردنەوە، قفڵی دەرگا، پلاکی کارەبا و گڵۆپ و هەروەها کەلوپەلەکانی ناوماڵ بۆ ڕێگریکردن لە دزەکردنی ئاو، زیان و گڕگرتن بۆ نموونه غاز. لە هەندێک حاڵەتدا کەسەکە زیاد لە دەجار شتێک دەپشکنێت و دڵنیای دەکاتەوە لە هەمان کاتدا. یان زۆرجار بە ڕووناکی مۆبایلەوە لە تاریکیدا دەچێت پلاکی کارەبا بپشکنێت بۆ ئەوەی دڵنیا ببێتەوە کە کوژاوەتەوە. 

- زۆر جار کەسەکە ئەوەندە ڕاڕا دەبێت کە کارێکی ئەنجامداوە یان نا، متمانەی بە خۆی نامێنێت و بە کەسێکی تر دەڵێت سەیر بکە بزانە کردوومە یان نا. بۆ نموونه گرتنەوەی غاز، یان داخستنی دەرگا. 

- پشکنینی جەستەی خۆیان بۆ بوونی نیشانەی نەخۆشی.

- دووپاتکردنەوە لە پشتڕاستیی یادەوەرییەکان. 

- پشکنینی بەردەوامی ئیمەیڵ و ئامرازەکانی تری پەیوەندی، لە ترسی ئەوەی هەڵەیەکیان کردبێت یان وەرگرەکەیان عاجز کردبێت.

ڕێکوپێکی و هاوتایی 

کەسانی تووشبوو بەم جۆرەی ڕاڕاییی بیرەسەپێنراو وا هەست دەکەن پێویستییان بەوەیە شتەکان بە ڕێکوپێکی و ڕیزبەندی دابنێن تا دووربن لە ناڕەحەتی و زیان. بۆ نموونە لە  شێوازی دەقکردنی جل، ڕێکخستن و هەڵگرتنی کەلوپەل و شتی تایبەتی، وەک ڕێکخستنەوەی کتێبەکان لەسەر ڕەفەکە بەبەردەوامی. تەنانەت لە گونجاندنی جلوبەرگ و خۆ ڕێکخستنیشدا، کە ئەمەش کاتێکی زۆر لە کەسەکە دەبات، بۆیە زۆرجار ئەم کەسانە کێشەیان لە دواکەتن هەیە کە چەند زووش هەڵبستن لە بەیانیاندا بەڵام هەمیشە دوا دەکەون و لەکاتی خۆی ناگەنە سەر کار. 

بیری نەخوازراو

ئەم جۆریەیان بریتییە لە هەستکردن بەوەی کەسەکە بەبەردەوامی هەندێک بیری نەخوازراوی بۆ دێت و ناتوانێت ڕێگرییان لێ بکات، بۆ نموونە:

- بیری تووندوتیژی، وەکوو خۆکوژی یان زیانگەیاندن بە کەسانی تر. 

- ئەو کەسانەی پێشینەیەکی ئایینییان هەیە زۆرجار بیر و قسەی نەشیاو و نەخوازراو دێتە مێشکیان بەرامبەر خودا و بنەماکانی ئاییەنەکەیان ئەمەش تووشی دڵەڕاوکێ و بێتاقەتییان دەکات. 

- هەندێک لەم کەسانە دەترسن لەوەی تووشی حاڵەتی پیدۆفیلیا (بە ئینگلیزی: pedophilia) بووبن، واتە هەبوونی حەزی سێکسی بۆ منداڵ.

کۆکردنەوە و هەڵگرتن

ئەم جۆرەیان بریتییە لەوەی کەسەکە ناتوانێت هیچ شتێک و کەلوپەلێکی بێسوود فڕێ بدات، هەمیشە هەموو شتەکان کۆدەکاتەوە بەسەریەکەوە.

نیشانەکان 

نەخۆشیی ڕاڕاییی بیرەسەپێنراو، نیشانەی ڕاڕایی و بیری سەپێنراو (زۆرەملێیی) دەگرێتەوە یان هەردووکیان بەیەکەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی ناڕەحەتی و کاردەکاتە سەر توانای تاک بۆ جێبەجێکردنی چالاکییەکانی ڕۆژانەی.

ڕاڕایی (Obsession)

ئاسایی هەمووکەسێک نیگەران و دوودڵ دەبێت، بەڵام لە تووشبووانی ئەم نەخۆشییەدا نیگەرانی و دڵەڕاوکێ زاڵ دەبن بەسەر کەسەکەدا و وای لێ دەکەن بەزەحمەت بتوانێت ئەرکەکانی ئەنجام بدات. نیشانەکانی ئەم دڵەڕاوکێیەش کە لە بیری کەسەکەدا دروست دەبن ئەمانەن:

  • هەستکردن بە پیسبوون: بە شلەکانی جەستە، میکرۆب، پیسی و ماددەکانی تر. 
  • لەدەستدانی کۆنترۆڵ: وەکوو ترس لە زۆربۆهاتنێک یان ئەنجامدانی کارێک کە زیان بە خود یان کەسانی تر بگەیەنێت.
  • تەواوی (Perfectionism): کە بریتییە لە ترس لە بزربوونی شتەکان، یان زۆر سەرنجدانە سەر وردی و بیرهاتنەوەی شتەکان. 
  • زیان: وەکوو ترسان لەوەی بەرپرسیار ببێت لە ڕووداوێکی جەرگبڕ.
  • بیری نەخوازراوی سێکسی: وەکوو بیرکردنەوە لەوەی کەسەکە چالاکی و کاری نەشیاو بکات.
  • بیروباوەڕی ئایینی یان پڕوپووچ: وەکوو ترس لەوەی بێڕێزی بە خوا بکات، یان خوار هەنگاونان بەسەر ڕەسیفەکانی ڕێگای ڕۆیشتندا.

کاری بیرەسەپێنراو یان زۆرەملێ (Compulsion)

هەموو ڕەفتارێکی دووبارەبووەوە نابێت بە بیرەسەپێنراو یان زۆرەملێ، خەڵک بەئاسایی زۆر ڕەفتار دووبارە دەکەنەوە بۆ نموونە هەموو شەوێک ددانیان دەشۆن. 

یەکێک لە نیشانەکانی ڕاڕاییی بیرەسەپنێراو بریتییە لە ڕەفتاری دووبارەبووەوە کە بۆ ڕەواندنەوەی بیری دڵەڕاوکێ و ڕاڕاییەکە ئەنجامی دەدەن. ئەم ڕەفتارانە لەڕادەی ئاسایی بەدەر دووبارە دەبنەوە و زۆریش کات لە کەسەکە دەبەن، لە نموونەی ڕەفتارە دووبارەبووەوەکان:

- شوشتن و پاککردنەوە، وەکوو دەست شوشتن و ماڵ پاککردنەوە. 

- پشکنینی جەستە بۆ نیشانەی نەخۆشی.

- دووبارەکردنەوەی شێوازێکی دیاریکراو لە چالاکییەکانی ڕۆژانە، وەک شێوازی هەستانەوە لەسەر کورسی. 

- بیرەسەپێنراو یان زۆرەملێییی دەروونی وەکوو، بیرکردنەوەی بەردەوام لە ڕووداوێک.

نەخۆشیی ڕاڕاییی بیرەسەپێنراو لە منداڵدا

یەکەمین نیشانەی ئەم نەخۆشییە لە تەمەنی هەرزەکاریدا دەردەکەوێت، بەڵام جاروبار لە منداڵیشدا ڕوودەدات. هەرچەندە نەخۆشییەکە لەنێوان ڕەگەزی نێرینە و مێیینە بەیەکسانی ڕوودەدات، بەڵام لە منداڵاندا ڕێژەی دەرکەوتن لە ڕەگەزی نێرینەدا زیاترە. کاریگەری و لێکەوتەکانی ئەم نەخۆشییە بۆ سەر منداڵ بریتین لە:

- کەمیی خودبەهایی

- پەکخستنی چالاکیی ڕۆژانە

- زەحمەتی لە بەجێگەیاندنی ئەرکی قوتابخانە

- نەخۆشیی جەستەیی، بەهۆی فشارەوە بۆ نموونە

- کێشە لە دروستکردنی هاوڕێیەتی یان پەیوندییەکانی تر

هۆکار 

هەرچەندە تا ئێستا هۆکاری ئەم نەخۆشییە بەدیاریکراوی نەزانراوە، ئەو هۆکارانەی دەکرێت بەرپرس بن بریتین لە: 

هۆکاری بۆماوەیی

ئەم نەخۆشییە لەناو خێزانەکاندا دەگوازرێتەوە، توێژینەوەکان دەریان خستووە کە مێشکی ئەو کەسانەی تووشی ئەم نەخۆشییە بوون بە شێوەیەکی جیاواز کار دەکات. ئەو بۆهێڵانەی کە کاریگەرییان هەیە لەسەر چۆنیەتی وەڵامدانەوەی مێشک بۆ دەمارەگوێزەرەوەکانی وەکوو دۆپامین و سیرۆتۆنین، لەوانەیە بەرپرس بن لە ڕوودانی ئەم حاڵەتە.

- هۆکارە پەیوەندیدارەکان بە خۆیییەبەرگریی جەستەوە (بە ئینگلیزی: Autoimmune causes).

هەندێک جار ئەم نەخۆشییە لە منداڵاندا دەر دەرکەوێت دوای تووشبوونی میکرۆبی، وەکوو:

- تووشبوونی میکرۆبی بە کۆمەڵەی یەکەمی بەکتریای سترێپتۆکۆکای (بە ئینگلیزی: Group A  streptococcal infections) وەکوو قوڕگ ئێشە بەهۆی ئەم بەکتریایەوە. 

- نەخۆشیی لایم

- ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای H1N1.

- کۆنیشانەی دەرووندەماریی کورتخایەن لە منداڵاندا (بە ئینگلیزی: PANS).

هۆکارە ڕەفتاری و هزرییەکان 

هۆکارە ڕەفتارییەکان وەکوو خۆلادان لە مەترسی و ترسی بەردەوام لە شتێک یان لە بارودۆخێک، کە زۆر جار ئەم ڕەفتارە بەهۆی فشارێکی زۆرەوە بۆ کەسەکە دروست بووە، وەکوو ڕووداوێکی بەزەبر یان لەدەستدان.

هۆکارە هزرییەکانیش وەکوو بەهەڵە تێگەیشتن لە بیرکردنەوەکانی خود. هەموو کەسێک بیری خراپی بۆ دێت، بەڵام زۆرجار ئەم نەخۆشییە کاتێک سەر هەڵدەدات کە کەسەکە بەهەڵە لە بیرکردنەوەکانی خۆی تێ بگات و لێکدانەوەی خراپیان بۆ بکات و وەکوو بابەتێکی زۆر گرنگ لێی بڕوانێت.

هۆکارە ژینگەیییەکان

شێوازی ژیان و ڕووداوی پڕ لە فشار لەوانەیە هانی دەرکەوتنی نەخۆشیی ڕاڕییی بیرەسەپێنراو بدەن، بەتایبەتیش لەو کەسانەی کە نەخۆشییەکە لە بۆماوەیاندا هەیە. نموونەی هۆکارە ژینگەیییەکان، وەکوو:

- منداڵبوون

- بوونی کێشە لەکاتی دووگیانی یان منداڵبوون

- ناکۆکی و ململانێی تووند

- هەبوونی نەخۆشییەکی مەترسیدار

- برینداربوونی مێشک بەهۆی زەبرەوە (بە ئینگلیزی: TBI)

- هەروەها ئەم نەخۆشییە دەکرێت لەگەڵ نەخۆشیی فشاری پاش زەبری دەروونیدا (بە ئینگلیزی: PTSD) ڕووبدات

دەستنیشانکردن

پزیشکەکان بەپێی چەند بنەمایەک نەخۆشییەکە دەستنیشان دەکەن، کە بریتین لە:

- بوونی ڕاڕاییی، کاری بیرەسەپێنراو یان هەردووکیان.

-  ڕاڕاییی و کاری بیرەسەپێنراو کە کاتی کەسەکە دەکوژن، بۆ نموونە ئەگەر کەسێک گیرۆدەی یەکێک لە خووەکان بووبێت و ڕۆژانە بەلایەنی کەمەوە کاتژمێرێک کاتی لێ ببات. 

- ناڕەحەتبوون و پەککەوتنی پەیوندی و ژیانی کۆمەڵایەتی بەهۆی خووەکانی کەسەکەوە.

- بوونی نیشانەکانی نەخۆشییەکە کە هۆکارەکەیان بەکارهێنانی دەرمان و ماددەی هۆشبەر نەبێت، یان هیچ هۆکارێکی تەندروستیی تریان نەبێت.

چارەسەر 

چەند چارەسەرێکی کاریگەر بۆ نەخۆشیی ڕاڕاییی بیرەسەپێنراو هەن، دیاریکرنی چارەسەری گونجاو بەندە لەسەر نیشانەکانی نەخۆشییەکە و ڕادەی کارتێکردنی نیشانەکان بۆ سەر ژیانی کەسەکە. هەندێک لە چارەسەرەکان بریتین لە:

چارەسەری هزریی ڕەفتار

  • ئەم چارەسەرە دەروونییە یارمەتی نەخۆشەکە دەدات کە شێوازی هەستکردن، بیرکردنەوە و ڕەفتارکردنی بگۆڕێت. ئەم چارەسەرەش بە دوو جۆر دەکرێت، بەرکەوتن و ڕێگریکردن لە وەڵامدانەوە (بە ئینگلیزی: ERP) لەگەڵ چارەسەری هزری. 
  • لە بەرکەوتندا کەسەکە دەخەنە بەر ئەو بابەت و بارودۆخانەی کە هانی ترس و دڵەڕاوکێ دەدەن. بەپێی کات لە پڕۆسەیەکدا کە پێی دەوترێت ڕاهاتن، بەرکەوتنی دووبارەبووەوە دەبێتە هۆی کەمبوونەوە یان نەمانی دڵەڕاوکێیەکە.
  • لە وەڵامدانەوەدا کەسەکە فێردەبێت کە بەرگری بکات لە ئەنجامدانی ڕەفتارە زۆرەملێیەکان. 
  • چارەسەری هزری هانی کەسەکە دەدات کە بیروباوەڕەکانی دەستنیشان بکات و دووبارە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکات بۆ ئەوەی دووربێت لە ئەنجامدانی کاری بیرەسەپێنراو و زۆرەملێیی.

چارەسەر بە دەرمان

کۆمەڵە دەرمانێک بەکاردێن بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیی ڕاڕاییی بیرەسەپێنراو، کە بریتین لە ڕێگرەکانی تایبەت بە هەڵمژینەوەی سیرۆتۆنین (بە ئینگلیزی: SSRIs)، کە جۆرێکی دەرمانی دژەخەمۆکین. بۆ نموونە:

  • ئەسیتالۆپرام
  • فلوڤۆکسامین
  • پارۆکسێتین
  • فلوکسێتین
  • سێترالین

پزیشک لەوانەیە ژەمێکی زیاتری ئەم دەرمانانە بەکار بهێنێت بۆ نەخۆشیی ڕاڕاییی بیرەسەپێنراو بە بەراورد لەگەڵ خەمۆکی. لەگەڵ ئەمەشدا لەوانەیە سێ مانگ بخایەنێت تا ئەنجامی دەرمانەکان بەدیار بکەوێت.

نزیکەی نیوەی تووشبووانی نەخۆشیی ڕاراییی بیرەسەپێنراو وەڵامدانەوەیان نابێت بۆ ئەم دەرمانانە بەتەنیا و پزیشکەکان دەرمانی دژەسایکۆتیکیش لەگەڵیدا بەکاردەهێنن.

لە ساڵی ٢٠١٢ـدا هەندێک توێژەرەوە دەریان خست کە دەرمانی نەخۆشیی سیل، دێکسترۆ-سایکلۆسێرین (سێرۆمایسن) (بەئینگلیزی: D-cycloserine (Seromycin)) لەگەڵ چارەسەری هزریی ڕەفتار یارمەتیدەر دەبێت لە چارەسەرکردنی نەخۆشیی ڕاڕاییی بیرەسەپێنراو.


سەرچاوەکان



3489 بینین