تێکچوونی کەسایەتی ناجێگیر

له‌لایه‌ن: - سۆز عەتا - به‌روار: 2021-12-26-14:28:00 - کۆدی بابەت: 7395
تێکچوونی کەسایەتی ناجێگیر

ناوه‌ڕۆك

تێکچوونی کەسایەتی ناجێگیر چییە؟

تێکچوونی کەسایەتی ناجێگیر یان سنووردار (بە ئینگلیزی: Borderline personality disorder), گرفتێکی دەروونییە کە بریتییە لە ناجێگیری دەروونی و هەستی و ڕەفتاریی و ناجێگیری لە پەیوەندییەکاندا، ئەم گرفتە دەروونییە لە تەمەنی هەرزەکاران و تازە پێگەیشتووەکاندا (سەروو هەژدە ساڵەکان)دا ڕوودەدات و ئەگەر چارەسەری پێویستی بۆ نەکرێت دەبێتە هۆی پەرێشانی و بێزاربوونی کەسەکە.

نیشانەکانی تێکچوونی کەسایەتی ناجێگیر

ئەم گرفتە زۆرجار دەتوانێت کاریگەری لەسەر خۆشییەکانی ژیانی کەسەکە و چێژبینین و هەبوونی پەیوەندییەکی ڕاست لە ژیانیدا دروست بکات و ڕێگری لێ بکات لە بوون بە خاوەنی کارێکی باش و خوێندنێکی بەسوود، ئەم گرفتە دەروونییە کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکان و هەستەکان و وێناکردنی خود و ڕەفتارەکان و بیرکردنەوەکانی کەسی تووشبووەوە هەیە، نموونەی:

- کاریگەری تێکچوونی کەسایەتی ناجێگیر لەسەر ڕەفتارەکان: تێکچوونی کەسایەتی ناجێگیر لە لایەنە ڕەفتارییەکاندا پەیوەندی بە لایەنگری ڕەفتارە سەرەڕۆکان و ڕەفتارە پڕ سەرکێشییەکانەوە هەیە وەک بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر زۆر خواردنەوەی مەی و ماددە کحولییەکان و ئەنجامدانی سێکسی ناشەرعی و مەترسیدار و زۆر خۆری کردن، هەروەها ئەو کەسانەی دووچاری ئەم گرفتە بوونەتەوە خوازیاری زیان گەیاندنن بە خۆیان نموونەی بڕینی لاشە و خۆسووتاندن بە مەبەستی خۆکوشتن.

- هەستەکان: هۆکارە گەورەکەی تێکچوونی کەسایەتی ناجێگیر بریتییە لە ناجێگیری هەستەکان، کە تێیدا هەستەکان زۆر کتوپڕانە لە بارێکەوە بۆ بارێکی تر دەگۆڕێن بۆ نموونە کەسەکە هەست بە باشی دەکات پاشان لە ناکاو بە تەواوی هەستەکانی پێچەوانە دەبنەوە بۆ هەستی پەرێشانی و دڵتەنگی، ئەم گۆڕانکارییە لە ناکاوەش دەکرێت چەند خولەکێک یاخود چەند ڕۆژێکیش بخایەنێت و زۆر سەختیشن، توڕەیی و دڵەڕاوکێ و پەرێشان بوون و هەستکردن بە خاڵی بوون و چەندەها هەستی دیکە هەن کە پەیوەندیدارن بە ناڕێکی کەسایەتییەوە.

- پەیوەندییەکان: ئەو کەسانەی تێکچوونی کەسایەتی ناجێگیریان هەیە خواستی هەبوونی پەیوەندییە توندەکانیان هەیە بۆ نموونە وەک هەبوونی پەیوەندییەک کە کێشەی زۆری تێدا ڕووبدات و هەبوونی مشتومڕ و جیابوونەوە، ئەو کەسانەی تێکچوونی کەسایەتی ناجێگیریان هەیە ترسێکی زۆریان لە بەجێهێشتنیان لەلایەن خۆشەویستەکانیانەوە هەیە، لە خەیاڵیشیاندا خۆیان بەدوور دەگرن لەوەی جێبهێڵدرێن، کە ئەمەش هۆکارە بۆ متمانە نەکردن و گومانکردن لە کەسانی چواردەورییان و لە هەمان کاتدا لە پەیوەندییەکاندا ئەرکێکی زۆر دروست دەکەن.

- وێناکردنی خود: ئەو کەسانەی دووچاری ئەم گرفتەی کەسایەتی بوونەتەوە ناتوانن جڵەوی هەستیارییان بکەن، هەمیشە هەست بە کەمی یاخود هەست بە زۆری دەکەن، بۆ نموونە لە خولەکێکدا وا هەست دەکەن جوانن و لە خولەکی دواتردا هەست دەکەن ناشرینترین کەسی سەر زەوین و هەندێک جار هێندە خۆیان بە خراپ دەبینن کە خۆیان وەک شەیتان دێتە پێش چاو. 

کاریگەریی تێکچوونی کەسایەتی ناجێگیر لەسەر بیرکردنەوەکان: کەسانی تووشبوو بە تێکچوونی کەسایەتی ناجێگیر، بیرکردنەوەکانیان بە زوویی دەگۆڕێت و گومانێکی زۆریان لە دەورووبەریان هەیە، چونکە وا بیردەکەنەوە کە کەسانی دەورووبەریان خواستیانە ئازاریان بدەن هەروەها ڕقیان لە خۆیان دەبێتەوە یانیش بێ هەست دەبن و هیچ هەستێکیان نامێنێت.

گشت تووشبوانی گرفتی تێکچوونی کەسایەتی ناجێگیر هەموو خاڵەکانیان تێدا نابێت، هەندێکیان ڕەنگە چەند دانەیەکی کەمیان تێدا بێت و بەشێکی دیکەیان زۆرینەیان تێدا بێت.

دەستنیشانکردنی نەخۆشی تێکچوونی کەسایەتی ناجێگیر

دەستنیشانکردنی نەخۆشی تێکچوونی کەسایەتی ناجێگیر بەهۆی هەڵسەنگاندی تاکەکان و ڕەچاو کردنی باری دەروونی پێشتری کەسەکە دەستنیشان دەکرێت، هەروەها ڕەنگە پزیشک تاقیکردنەوەی جەستەیی و تاقیگەیی بەکاربهێنێت بۆ دیاریکردنی نیشانەکان.
بۆ دەستنیشانکردنیشی، پێویستە تاکەکان پێنج خاڵ یان زیاتر لەم خاڵانەی خوارەوەیان تێدابێت و لە زۆر بارودۆخدا ڕەنگ بداتەوە تیایاندا.

  • هەوڵدان بۆ دوورکەوتنەوە لە پەیوەندییەکان بە مەبەستی دوورکەوتنەوەیان لەوەی بەجێبهێڵرێن
  • زوو گۆڕانی هەستەکانیان
  • هەست بە خاڵی بوون دەکەن
  • هەبوونی کەسایەتییەکی شڵەژاو
  • ڕەفتاری سەرەڕۆیانە ئەنجام دەدەن
  • توڕەبوونی زۆر و نەگونجاویان هەیە
  • نەچەسپاوی و ناجێگیری لە پەیوەندییەکانیاندا هەیە
  • ئەنجامدانی کرداری خۆکوژی یاخود ئازاردانی خۆیان
  • بەگومان بوون و سڵ کردنەوەی لە هەموو کەسێکی چواردەووریان

هۆکارەکانی تێکچوونی کەسایەتی ناجێگیر

هاوشێوەی زۆرینەی تێکچوونە دەروونییەکانی دیکە، هۆکارەکانی توشبوون بەم نەخۆشییە نەزانراوە، هەرچەندە لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە کە پەیوەندییان بە ژینگەی بۆماوەیی و زیندەیی و ئەو ژینگەیەی کە تێیدا دەژین، هەیە و هەروەها هۆکارەکان بریتین لە: 

- پێکهاتەی مێشک: پێکهاتەی مێشکی ئەو کەسانەی دووچاری گرفتی کەسایەتی ناجێگیر بوونەتەوە، جیاوازترە لە پێکهاتەی مێشکی کەسانی ئاسایی، بەتایبەتی لەو بەشەی مێشکدا کە هەستەکان ئاڕاستە دەکات، هەرچەندە تا ئێستاش بە تەواوی ڕوون نییە کە ئایا ئەم جیاوازییانەن دەرەنجامی تێکچوونی کەسایەتی ناجێگیرن یاخود بەشێکن لە هۆکارەکان.

- ژینگەی خێزانی: ئەگەر لە ماڵەکەدا خوشکێک یاخود برایەک هەبێت کە دووچاری نەخۆشی تێکچوونی کەسایەتی ناجێگیر بووبێتەوە، ئەوکات مەترسییەکە زیاتر دەکات و ئەگەری گەشەسەندنی هەیە.

- ئەزموونێکی ڕابردووی سەخت: زۆرینەی ئەو کەسانەی ئەم نەخۆشییەیان تێدا دەستنیشان دەکرێت، لە منداڵییاندا دووچاری دەستدرێژی یان زەبری دەروونی یاخود گرنگی پێنەدانیان یان جیابوونەوەیان لە دایک و باوکیان بوونەتەوە، هەرکەسێک دووچاری ئەم کێشانە بووبێتەوە مەرج نییە تووشی تێکچوونی کەسایەتی ناجێگیر بێت بەڵام زۆرینەیان بەو جۆرەن.

چارەسەرکردن

نیشانەکانی تێکچوونی کەسایەتی ناجێگیر لە زۆر شوێن و بارودۆخدا کاریگەرییان دەبێت وەک قوتابخانە و پەیوەندییەکان و بارە یاساییەکان و هەروەها لەسەر تەندروستی جەستەیی لەبەر ئەم هۆکارانەیە کە چارەسەرکردن زۆر گرنگە، لەگەڵ زۆری ئاستەنگەکانی ناجێگیری کەسایەتیدا کە دووچاری کەسانی تووشبوو دەبێتەوە بەڵام زۆرینەی تووشبووان بە ئاسایی دۆخەکە تێدەپەڕێنن لەبەر ئەوەی ژیانیان لەگەڵ پلانێکی چارەسەری باشدا بەڕێ دەکەن.

هەبوونی ڕەفتاری سەرکێشانە و ویستی ئازاردانی خود و خۆکوشتن پەیوەندییان بەم گرفتەی کەسایەتییەوە هەیە، هەروەها مامەڵەکردنێکی چارەسەرکارانە لەگەڵ ئەم کێشانەدا یارمەتیدەر دەبێ بۆ کەمکردنەوەیان، ئەوانیش بریتیین لە:

- چارەسەری دەروونی: ئەمە مامەڵەکردنێکی چارەسەرییانەی ستانداردە بۆ گرفتی تێکچوونی کەسایەتی ناجێگیر، نموونەی چارەسەریی بۆ گرفتی تێکچوونی کەسایەتی ناجێگیر بریتیین لە چارەسەری لۆجیکی ڕەفتار و چارەسەری هۆشەکی.

- تێڕامانی قووڵ: چارەسەرکارە دەروونییەکان ڕەنگە پێشنیازی کرداری تێڕامانی قووڵ بکەن بۆ چارەسەری هەندێک لە نیشانەکانی وەک خەمۆکی یاخود زوو گۆڕانی باری دەروونی.

- چارەسەرییەکانی دیکە: لە نەخۆشخانە مانەوە یاخود بەکارهێنانی مامەڵەی چارەسەریی توندی دیکە ڕەنگە پێویست بن لە کاتێکدا ئاستی نەخۆشییەکە دەگۆڕێت.

گونجاندن لەگەڵ تێکچوونی کەسایەتی ناجێگیر

ئەگەر تۆ دووچاری تێکچوونی کەسایەتی ناجێگیر بوویتەتەوە، ئەوا چەند ڕێگەیەکی یارمەتیدەر هەن کە وادەکەن تواناکانی گونجاندنت لەگەڵیدا گەشەبکات، چەند هەنگاوێک کە وادەکات ژیانت باشتر بکات، ئەوانیش بریتیین لە:

- بەدوای چارەسەری گونجاودا بگەڕێ: ئەگەر پێت وایە خۆت یان کەسێکی نزیک و خۆشەویستت گرفتی تێکچوونی کەسایەتی ناجێگیرتان هەیە، ئەوا پێویستە بەدوای کەسێکی باوەڕپێکراو و شارەزای دەروونیدا بگەڕێن، وەک ڕاوێژکارێکی تەندروستی دەروونی یان توێژەرێکی کۆمەڵایەتی یان دەروونناسێک یاخود پزیشکێکی دەروونی.

- پێویستە کەسی شارەزا گرفتەکە دەستنیشان بکات: گرنگە کە بزانرێت هەموو نیشانەکانی ئەم گرفتە نیشانەگەلێکن کە هەموو کەسێک لە ژیانیدا بە تێپەڕبوونی کات هەستی پێکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە نیشانەکان تێکەڵ بە بارێکی دەروونی یاخود جەستەیی دیکە بوون و بەو هۆیەوە تەنها کەسانی پسپۆڕ و شارەزا دەتوانن بە وردی گرفتی تێکچوونی کەسایەتی ناجێگیر دەستنیشان بکەن.

- لەگەڵ پزیشکەکەت یاخود چارەسەرکارە دەروونییەکەت لەسەر پلانی چارەسەرییەکانت بە باشی کار بکە: هەواڵە باشەکە ئەوەیە کە کاتێک تێکچوونی کەسایەتی ناجێگیر لە لایەن کەسانی شارەزاوە دەستنیشان کرا ئەوکات هیوایەکی زیاتر هەیە بۆ چارەسەرکردن، چونکە پزیشکەکەت یاخود چارەسەرکارە دەروونییەکەت دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ دیاریکردنی پلانێکی کرداری کە ڕەنگە چارەسەری دەروونی یان دەرمان یاخود چارەسەرییەکانی دیکەی لەخۆبگرێت.

- بە پلانی چارەسەرییەکەتەوە پابەندببە: توێژینەوەکان دەریان خستووە لەگەڵ هەبوونی چارەسەرێکی باش و گونجاودا، نیشانەکانی تێکچوونی کەسایەتی ناجێگیر دەتوانرێت بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم ببێتەوە، لەکاتیکدا هەندێک لە تووشبووان لەدوای دەست نیشان کردنی گرفتەکە تیایاندا، چیتر بەدوای چارەسەریدا ناگەڕێن و پابەندی نابن.


سەرچاوەکان



3085 بینین