ڕۆژی زەوی چییە؟

له‌لایه‌ن: - سۆزیار یاسین سۆزیار یاسین - به‌روار: 2024-07-30-14:53:00 - کۆدی بابەت: 13832
ڕۆژی زەوی چییە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕۆژی زەوی چییە (بە عەرەبی: ما هو يوم الأرض، بە ئینگلیزی: What is Earth Day) ڕۆژی زەوی لە ٢٢ ی نیسانی ھەموو ساڵێکدا یاد دەکرێتەوە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٧٠ لە ئەنجامی ناڕەزایی خەڵک سەریھەڵداوە لە پێناو پارستنی ژینگە تیایدا چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت وەک هەستكردن بە گیانی بەرپرسیارێتی بەرامبەر ئەو زەوییەی كە هەتا ئێستاش تاكە جێگەی شیاوە بۆ ژیانی هەموومان.

ڕۆژی زەوی چییە؟

ڕۆژی زەوی بۆنەیەکی ساڵانەیە کە لە بیست و دووی مانگی نیسانی هەموو ساڵێکدا بەڕێوەدەچێت، بە مەبەستی ئاهەنگگێڕان بە ژینگە و زیادکردنی هۆشیاری لە جیهاندا سەبارەت بە پیسبوونی ژینگە، لە سەرانسەری جیھاندا چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت وەک: چالاکیەکانی دەرەوە، کۆنگرەکان و ئەنجامدانی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لە پێنا و بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری خەڵک سەبارەت بە ژینگە، ئەم چالاکیانەش لە لایەن رێکخراوە قازانج نەویستەکانەوە ڕێکدەخرێن، ڕۆژی  زەوی کە لە ساڵی١٩٧٠ دەرکەوت، توانی کۆمەڵیک دەسکەوت بەدەستبهێنێت لە جیهاندا، وەک: یاسای پاراستنی ھەوای پاک، یاسای پاراستنی ئاوی پاک و یاسای پاراستنی ئەو بوونەوەرانەی ترسی لە ناوچونیان لەسەرە.

دامەزرێنەری ڕۆژی زەوی

سیناتۆر گایلۆرد نێڵسنی ئەمریکی لە ساڵی ١٩٦٢ بیرۆکەی خۆی تایبەت بە  پاراستنی ژینگە و زیادکردنی هۆشیاری کولتووری خەڵک لەو بارەیەوە بۆ ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا خستەڕوو، بەڵام لەلایەن ئەنجومەکەوە ھیچ گرنگییەکی پێنەدرا، چونکە پێیان وابوو گەلی ئەمەریکا گرنگی بە پرسە ژینگەییەکان نادەن، بەڵام ئەوەی تووشی سەرسوڕمانی کردن ئەوەببوو کە ٢٠ملیۆن کەس هاتنە دەرەوە بۆ پشتگیری کردن لە یەکەم ئاهەنگی ڕۆژی زەوی لە ساڵی ١٩٧٠دا، ئەمەش لە دوای ڕژانی بڕێکی زۆری نەوت بوو کە بەشێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبۆیەوە لە شاری سانتا باربارا لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، بۆیە سیناتۆر پشتگیری لە بیرۆکەکەی خۆی کرد و دووبارە خستییەڕوو تا ڕۆژی زەوی دیاریبکرێت بە کۆمەڵێک بیرۆکە و پرۆژەوە کە ڕەنگە یارمەتی خەڵکی گشتی بدات ھۆشیاربن دەربارەی کێشە و پرسە ژینگەییەکان.

چۆنیەتی ئاهەنگ گێڕان بەبۆنەی ڕۆژی زەوی

کۆمەڵێک کردار ھەیە  کە خەڵکی دەتوانن ئەنجامی بدەن لەکاتی ئاھەنگێڕان بۆ ڕۆژی زەوی، کە بریتین لە:

خۆ بە دوورگرتن لە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل: ئۆتۆمۆبیل یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی پیسبوونی ژینگە لە ژیانی ڕۆژانەدا، بۆیە دەبێت ئەو ڕۆژە بەبێ ئۆتۆمبێل بەسەر ببرێت، بە بەکارهێنانی چەندین ڕێگای تر لەوانە:یاوەریکردنی ھاوکارەکەت بۆ چوونە سەر کار، سواربوونی شەمەندەفەر یاخود پاس، ئەنجامدانی کارەکەت لە ماڵەوە، یان لێخوڕینی پاسکیل.

کاری خۆبەخشی: ڕۆژی زەوی پڕە لە چالاکی خۆبەخشانە کە دەبێتە ھۆی بەرزکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی ژینگە، وەک: چاندنی نەمام، خاوێنکردنەوەی باخچەکان، یان سەردانیکردنی ڕێکخراوێکی خێرخوازی کە گرنگی بە ژینگە دەدات، وە چەندان شتی تر.


سەرچاوەکان



138 بینین