کالیفۆرنیا

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2022-07-31-23:41:00 - کۆدی بابەت: 9640
کالیفۆرنیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کالیفۆرنیا یاخود کالیفۆڕنیا (بە ئینگلیزی: California، بە عەرەبی: کالیفورنیا) ویلایەتێکە لە ڕۆژاوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە ڕووبەرەکەی نزیکەی ٤٢٣.٩٧ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، سێهەمین گەورەترین ویلایەتی ئەمریکایە. بەپێی سەرژمێری ٢٠٢٢ دانیشتووانەکەی نزیکەی ٣٩.٢ ملیۆن کەسە، ئاوەدانترین ویلایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانە و بە پلەی ٣٤ دێت له ئاوەدانترین شوێنەکانی جیهان. ناوچەی لۆس ئەنجلسی گەورە کە زیاتر لە ١٨.٧ ملیۆن دانیشتووانی هەیە هەروەها ناوچەی کەنداوی سانفرانسیسکۆ کە دانیشتووانەکەی ٩.٦ ملیۆن کەسە، دووەم و پێنجەمین ناوچە شارستانییە ئاوەدانەکانی نەتەوەکەن. ساکرامێنتۆ پایتەختی ویلایەتەکەیە لەکاتێکدا لۆس ئەنجلس ئاوەدانترین شاریەتی.

لە کولتوورە بەناوبانگەکان و بوارەکانی (وەرزشی، چالاکی هونەری، ئابووری، سیاسی، داهێنان، ژینگەپارێزی) بەشداری بەرچاوی کردووە. کالیفۆرنیا ماڵی هۆڵیودە، کۆنترین و گەورەترین پیشەسازی فیلمەکان، کە کاریگەری قووڵیان لەسەر چالاکییە هونەرییە جیهانییەکان هەبووە لەوێوە سەریان هەڵداوە. لەنێو داهێنانەکاندا بە بنچینەی داهێنەری (کولتووری کەناردەریا، کۆمپیوتەری تاکەکەسی، ئۆتۆمبێلی تاکەکەسی و دژایەتی کولتووری هایپی) دادەنرێت. ناوچەکانی بەنداوی سانفرانسیسکۆ و لۆس ئەنجلسی گەورە بەشێوەیەکی بەرچاو وەک ناوەندی پیشەسازی سینەمایی و تەکنەلۆجیا دەبینرێن. کالیفۆرنیا چەندین جار هەوڵی سەربەخۆیی داوە و (بەڵێ کالیفۆرنیا) کۆمیتەیەکی کاری سیاسییە کە ئامانجی سەربەخۆیی ویلایەتەکەیە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ڕێکەوتی ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٠، واژووی سکاڵای کۆکردەوە بەڵام هەر بێ ئەنجام بووە.

مێژوو

مێژووی کالیفۆرنیا بۆ چەند قۆناغێک دابەش دەکرێت:

  • قۆناغی ئەمریکی ڕەسەن (١٠٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا - ١٥٤٢)
  • گەڕانی ئەورووپی (١٥٤٢ - ١٧٦٩)
  • داگیرکاری ئیسپانی (١٧٦٩ - ١٨٢١)
  • سەردەمی مەکسیکی (١٨٢١ - ١٨٤٨)
  • دەوڵەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان (١٨٥٠ - ٢٠٢٢)

لەساڵی ١٥٤٢، دەریاگەڕ جوان ڕۆدریگۆز، یەکەم ئەورووپی بوو کە ناوچەکەی دۆزینەوە، لەو کاتەدا نزیکەی ١٣٠٠٠٠ ئەمریکی ڕەسەنی لێ دەژیا. بەهۆی هەژاری ناوچەکە، تاکوو ساڵی ١٧٦٩ بۆ  دوو سەدە پشتگوێخرا، بەڵام دواتر ئیسپانییەکان دەستیان کرد بە گەڕانی زیاتر و دەستیان بەسەر ناوچەکە گرت. لە ١٨٢١ مەکسیکییەکان دژی داگیرکەرانی ئیسپانی جەنگیان هەڵگیرساند، توانیان سەربەخۆی بەدەست بهێنن و کالیفۆرنیای ئێستا چووە ژێر دەستی مەکسیکییەکان. دوو ساڵ دوای جەنگی مەکسیک-ئەمریکا (١٨٤٦-١٨٤٨)، لە ڕێکەوتی ٩ی ئەیلوولی ١٩٥٠، کالیفۆرنیا بە فەرمی بوو بە یەکێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا.

شار و شارۆچکەکانی

کالیفۆرنیا ٤٨٢ شار و شارۆچکە لەخۆ دەگرێت هەرچەندە کالیفۆرنیا چەمکی شار و شارۆچکە تێکەڵ دەکەن، ٤٦٠ـی شارە و ٢٢ـی شارۆچکەیە. لە ڕێکەوتی ٢٧ی شوباتی ١٨٥٠، ساکرامێنتۆ بوو بە یەکەم شاری ویلایەتەکە. لە ١ـی تەممووزی ٢٠١١، نوێترین و ٤٨٢ـهەمین شاری بەناوی دۆڵی جوروپا ناسێندرا. پێنج گەورەترین شارەکانی ئەمانەن (لۆس ئەنجلس، سان دیاگۆ، سان جۆیزی، سان فرانسیسکۆ، فرێنسۆ). ئاوەدانترین شاری لۆس ئەنجلسە و شاری ئاماندا بچووکترین ڕووبەر و کەمترین دانیشتووانی هەیە کە تەنها ٢٠٠ کەسە. شاری لۆس ئەنجلس ساڵانە زۆرترین سەردانیکەری هەیە. سانفرانسیسکۆ بەباشترین شاری دادەنرێت بۆ ژیان.

جوگرافیا

کالیفۆرنیا لەدوای ئالاسکا و تەکساس سێیەمین گەورەترین ویلایەتە. لە ڕووی جوگرافی یەکێکە لە هەمەجۆرترین ناوچەکان. زۆربەی کات بۆ دوو بەش دابەش دەکرێت، کالیفۆرنیای باشوور کە باشووری ناوچەکە دەگرێتەوە و کالیفۆرنیای باکوور کە ٤٨ هەرێمی باشوور دەگرێتەوە. کالیفۆرنیا لە باکوور لەگەڵ ئۆریگۆن هاوسنوورە، نێڤادا و ئەریزۆنا لە ڕۆژهەڵات، ویلایەتی مەکسیکی باجا کالیفۆرنیا لە باشوور و لە ڕۆژاواوە بە درێژای زەریای هێمن هێڵی کەناری هەیە. ناوەندی ویلایەتەکە پێی دەوترێت دۆڵەکانی ناوەڕاستی کالیفۆرنیا کە ناوەندی زەوییە کشتوکاڵیەکانیەتی. دەلتای ڕووباری ساکرامێنتۆ سان جۆکوین شوێنێکی گرنگی دابینکردنی ئاوە بۆ ویلایەتەکە. ٪٤٥ـی کالیفۆرنیا بە دارستان داپۆشراوە.

کەشوهەوا

هەرچەندە کالیفۆرنیا بە کەشوهەوای گەرمی دەریای ناوەڕاست و بای وەرزیی مانسن بەناوبانگە، بەڵام کەشوهەوای شوێنەکانی ویلایەتەکە لە دارستانە باراناوییەکانی باکوورەوە بۆ بیابانە وشکەکانی ناوەڕاست و ناوچە شاخاوییە بەفراوییەکان جیاوازن. بە تێپەڕبوونی کات وشکەساڵی و ئاگرە گەورەکان زیادیانکردووە بەهۆی گۆڕانی ئاووهەوا کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی وەرزی ناوچەکە و تێکشکانی ئاسایشی ئاوی کالیفۆرنیا، کە کاریگەری لەسەر کشتوکاڵ و بازرگانی و پیشەسازی کالیفۆرنیا هەیە. 

ئاماری دانیشتووان

هەشت یەکی خەڵکی ئەمریکا لە کالیفۆرنیا دەژین. لە ئامارێکی ساڵی ٢٠٢٢ دانیشتووانەکەی زیاتر لە ٣٩ ملیۆن کەسە. لە ساڵانی ١٩٠٠ بۆ ٢٠٢٠ دانیشتووان بە ڕێژەیەکی زۆر زیادی کردووە، کە بە ٣٠٠٠٠٠ کەس لە ساڵێکدا مەزندە دەکرێت ئەم گەشەسەندنە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ کۆچکردن دەگەڕێتەوە. ڕێژەی ڕەگەزی مێ بە ٥٠.٣% و نێر بە ٤٩.٦% مەزندە دەکرێت.

پۆلێنکردنی دانیشتووان بە پێی نەژاد، ئاماری ٢٠٢٢

سپی ٪٥٦
ئاسیاییەکان ٪١٤.٨
ئەفریقی ئەمریکی ٪٥.٧
ئەمریکی ڕەسەن ٪٠.٧٩
خەڵکی هاوای و دوورگەکانی زەریای هێمن ٪٣٨
دوو نەژادی ٪٧.٩
نەژادەکانی تر ٪١٤،٣

ئابووری

کالیفۆرنیا یەکێکە لە گەورەترین شوێنە ئابوورییەکان لەسەر ئاستی جیهان. لە ساڵی ٢٠٢١، بەرهەمی گشتیی ٣.٣ ترلیۆن دۆلار بوو، کە ئەمەش بەرزترین ئاست بوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. یەک حەوتی بەرهەمی ناوخۆی ئەمریکا لە کالیفۆرنیاوە دێت. لە ساڵی ٢٠١٨ بەرهەمی ناوخۆی بەتەنها لە دوای وڵاتانی (ئەمریکا، ژاپۆن، چین، ئەڵمانیا) گەورەترین بوو. لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، ڕێژەی بێکاری ویلایەتەکە ٧.٣% بووە. (هەناردەکردن، گواستنەوە، کاروباری حکوومەت، خزمەتگوزاری پیشەی و بازرگانی، پەروەردە و تەندروستی) گەورەترین کەرتەکانی دامەزراندنن.

سەرچاوەکانی وزە لە کالیفۆرنیا

لەبەر ئەوەی کالیفۆرنیا یەکێکە له ئاوەدانترین ویلایەتەکان، وزەیەکی زۆر بەکاردەهێنێت. بەهۆی زۆری خواستی کارەبا، کارەبا زیاتر لە هەر ویلایەتێکی تر هاوردە دەکات بۆ ناوچەکەی، بەشێوەیەکی سەرەکی هایدرۆ ئەلەکتریک لە ویلایەتەکانی باکووری ڕۆژاوای زەریای هێمن و بەرهەمهێنانی خەڵووز و گازی سروشتی لە بیابانەکانی باشووری ڕۆژاوا. نەوت و گازی سروشتی ویلایەتەکە دەکەونە دۆڵەکانی ناوەڕاست. لە ئێستادا گازی سروشتی زیاتر لە نیوەی کارەبای کالیفۆرنیا دابین دەکات. یەکێکە لەو شوێنانەی کە ئامانجی گەورەی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە لە داهاتوودا، لە ئێستادا چەندین کێڵگەی بەرهەمهێنانی وزەی هەیە لە خۆرەوە، بۆ نموونە سیستمی بەرهەمهێنانی وزەی خۆر لە بیابانی مۆجاف. کێڵگەکانی بای کالی و چەندین بەنداو لە سەرانسەری ویلایەتەکە هەن کە وزەی هایدرۆ ئەلیکترۆنی دابین دەکەن. پێشبینی دەکرێت تاکوو ٢٠٥٠، سەرچاوەکانی وزە بگۆڕێن بە وزەی نوێبووەوە کە کەمتر زیان دەبەخشن.


سەرچاوەکان

89 بینین