مۆتەکە

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-11-01-00:23:00 - کۆدی بابەت: 7054
مۆتەکە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مۆتەکە بریتییە لە خەونی ترسناک یان بێزارکەر، ئەو شتانەی لە خەوەکەدا دەبینرێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە، بەڵام شتە باوەکان بریتیین لە ڕاونران یان کەوتن یان هەستکردن بە ونبوون یان ڕفاندن، هەروەها مۆتەکە دەبێتە هۆی هەستکردن بە چەند هەستێکی جیاوازی وەک:

ئەم هەستانە لەوانەیە بە بەردەوامی هەستیان پێبکرێت دوای هەستان لە خەو، هەر کەسێک لە هەر قۆناغێکی تەمەنیدا ئەگەری بینینی مۆتەکەی هەیە، بەڵام زیاتر لە منداڵاندا باوە بە تایبەت منداڵانی خوار تەمەن ١٠ ساڵ، کچان زیاتر ئەگەری ترسانیان لە مۆتەکە هەیە بە بەراورد بە کوڕان، مۆتەکە بە گشتی حاڵەتێکی ئاساییە، بەڵام ئەگەر بە شێوەیەکی بەردەوام بێت و ببێت بە خوویەکی شەوانە ئەوا دەبێتە کێشە، کە دەبێتە هۆی تووشبوون بە خەوزڕان و ڕێگری کردن لە ئەنجامدانی کاری ڕۆژانە بە شێوەیەکی ئاسایی.

هۆکارەکانی مۆتەکە

بینینی فیلمی ترسناک، کردنی یاری ڤیدیۆیی ترسناک یان خوێندنەوەی کتێبێکی ترسناک.

  • خواردنی سوکەژەم پێش نووستن.
  • نەخۆشی یان تا.
  • دەرمانی وەک دژەخەمۆکییەکان.
  • زۆر خواردنی دەرمانی خەولێخەر.
  • خواردنەوە کحولییەکان و ماددەی هۆشبەر.
  • ئالوودەبوون بە دەرمانی خەو یان دەرمانی ئازارشکێنی هۆشبەر.
  • پەستانی دەروونی، دڵەڕاوکێ، خەمۆکی.
  • هەناسە توندی لە کاتی خەودا.
  • نەخۆشی گیرۆدەیی خەو (خەواڵوویی).
  • نەخۆشی (PTSD)، نەخۆشییەکە کە زۆرجار تووشی کەسێک دەبێت دوایی بینین یان ئەزموونکردنی ڕووداوێکی دڵتەزێنی وەک ڕفاندن یان کوشتن.

گرنگە کە بزانرێت مۆتەکە جیاوازە لە شەوڕەوی (ڕۆیشتن لە خەودا)، لە شەوڕەویدا کەسەکە هەڵدەستێتەوە و دەڕوات لە کاتێکدا کە نوستووە، هەروەها جیاوازە لە حاڵەتی تۆقین لە خەودا، ئەو کەسانەی تووشی تۆقین لە خەودا دەبن خەبەریان نابێتەوە لە کاتی تۆقینەکەدا و بەیانی کە هەڵدەستن لە خەو هیچیان بیرنەماوە.

جیاوازی مۆتەکە و تۆقین لە خەودا

لە کاتێکدا مۆتەکە و تۆقین لە خەودا لای زۆربەی خەڵک جیاوازیان نییە، بەڵام هەریەکە و بە شێوەیەکی جیاواز ئەزموون دەکرێن، مۆتەکە بریتییە لە خەونی ترسناکی ڕوون کە وا لە کەسەکە دەکات بە خێرایی لە خەو ڕاپەڕێت، هەروەها دوای هەستان لە خەو بەئاسانی خەوەکەی لەبیرە، بەڵام ئەو کەسەی لە خەودا دەتۆقێت قورسە خەبەری ببێتەوە، کەسەکە لەوانەیە ئەزموونی قیژاندن یان ڕۆیشتن لە خەودا بکات لە کاتی تۆقیندا، هەروەها بە درێژایی ئەم حاڵەتە کەسەکە خەوتووە و خەبەری نابێتەوە.
تۆقین لە خەودا و مۆتەکە بە درێژایی قۆناغە جیاوازەکانی خەوتن ڕوودەدەن، کاتێک خەوت لێدەکەوێت بە چوار قۆناغی جیاوازی خەوتندا تێدەپەڕیت، قۆناغی یەکەم و دووەم قۆناغێکی سووکی خەون و خەبەربوونەوە ئاسانە لەم ڤۆناغانەدا، بەڵام لە قۆناغی سێیەم و چوارەمدا دەکەویتە قۆناغی خەوی قووڵەوە، ئەم چوار قۆناغە پێیان دەوترێت جۆری خەوی خێرا نەجووڵاندنی چاو، دوای ئەم جۆرە قۆناغی پێنجەم دەست پێدەکات کە پێی دەوترێت خەوی خێرا جووڵاندنی چاو، تۆقین لە خەودا لە کۆتا قۆناغەکانی خەوی خێرا نەجووڵاندنی چاودا ڕوودەدات و مۆتەکە لە قۆناغی خەوی خێرا جووڵاندنی چاودا ڕوودەدات.

دیاریکردنی حاڵەت

زۆربەی منداڵان و کەسانی پێگەیشتوو تووشی بینینی مۆتەکە دەبن لە خەودا، ئەگەر ئەم حاڵەتە زۆر دووبارە بوویەوە و بە شێوەیەکی بەردەوام بەسەرتدا هات، کێشەی بۆ خەوتنت دروستکرد، هەروەها کێشەی بۆ ئەنجامدانی چالاکی ئاسایی ڕۆژانە دروستکرد، ئەوا پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت و گفتوگۆ لەبارەی چارەسەرەکەی بکرێت، پزیشک پرسیارت لێدەکات دەربارەی خواردنەوەی هاندەرەکانی وەک کافایین و خواردنەوە کحولییەکان و ماددەی هۆشبەر، هەروەها دەربارەی کۆتا دەرمان و چارەسەر و چۆنییەتی و ماوەی بەکارهێنانیان پرسیارت لێدەکات، ئەگەر هەستت کرد بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانێکی پزیشکییەوە بۆ چارەسەر تووشی بینینی مۆتەکە بوویت، ئەوا داوا بە پزیشکەکەت بکە دەرمانی جێگرەوەت بۆ پێشنیار بکات ئەگەر بوونی هەبێت.
هیچ پشکنینێکی تایبەتی بوونی نییە بۆ دیاریکردنی تووشبوون بە بینین مۆتەکە لە خەودا.

چارەسەری مۆتەکە

چارەسەری پزیشکی

بە شێوەیەکی ئاسایی ئەو کەسەی تووشی بینینی مۆتەکە دەبێتەوە پێویستی بە چارەسەری پزیشکی نییە، تەنها لە حاڵەتێکدا نەبێت کە هۆکاری بینینی مۆتەکە نەخۆشییەکی دیکەی وەک PTSD، دڵەڕاوکێ، خەمۆکی بێت، ئەوکات پزیشک ڕێنموونیت دەکات بۆ وەرگرتنی چارەسەری ئەم نەخۆشییانە، تاکوو دووربیت لە بینینی مۆتەکە.

چارەسەر بە گۆڕینی شێوازی ژیان

چەند گۆڕانکارییەکی سادە لە ژیانی ڕۆژانەدا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دووربوون لە بینینی مۆتەکە، گۆڕانکارییەکان بریتیین لە:

  • وەرزشکردن بە لایەنی کەمەوە سێ ڕۆژ لە حەفتەیەکدا.
  • سنووردارکردنی خواردنەوەی خواردنەوە کحولییەکان و کافایین.
  • دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی دەرمانی هێورکەرەوە.
  • خۆڕاهێنان بە ئەنجامدانی تەکنیکەکانی ئارامکەرەوەی وەک یۆگا یان چارەسەری دیکەی سروشتی پێش خەوتن.
  • ڕێککردنی سیستمی خەو بە دیاریکردنی کاتی خەوتن و لەخەو هەستان و پابەندبوون بەو کاتەوە.

ئەگەر منداڵەکەت تووشی بینینی مۆتەکە دەبێتەوە، ئەوا بەم ڕێگایانە یارمەتیدەریبە:

  • هانی بدە قسەت بۆ بکات دەربارەی مۆتەکەکەی و بۆی ڕوون بکەرەوە کە مۆتەکە ناتوانێت ئازاری ئەو بدات.
  • کاتی خەوتن و لەخەو هەستانی منداڵەکەت دیاری بکە و یارمەتیدەریبە تاکوو پابەند بێت بەو کاتەوە.
  • پێش نووستن ئارامی بکەوە بە ڕاهێنانی هەناسەدانی قووڵ.
  • وا لە منداڵەکەت بکە کۆتایی مۆتەکەکەی بنووسێتەوە.
  • پێی بڵێ قسە لەگەڵ ئەو شتانە بکات کە بوون بە مۆتەکە لێی.
  • هەوڵبدە کەلوپەلی یاریکردنی وەک ئاژەڵی لەلا خۆشەویست بکەیت.
  • ئەگەر بە تەنها دەخەوێت، با ژوورەکەی ڕووناکییەکی کەمی تێدابێت و کە جێتهێشت دەرگای ژوورەکەی بە کراوەیی جێبهێڵە.


سەرچاوەکان



2004 بینین