ناوهڕۆك
ناساندن
گەشەپێدانی گەشت و گوزار (بە عەرەبی: التنمیة السیاحة، بە ئینگلیزی: Development of Tourism) بریتیە لە کۆمەڵێك کرداری گەشەپێدان بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزاری و کارئاسانی دامەزراوەکانی کەرتی گەشت و گوزار، بە مەبەستی دابینکردنی سەرجەم داواکارییەکانی گەشتیاران لە ناوچە گەشتیارییەکان تا ئەوپەڕی دڵنیایی.
کەواتە گەشەپێدانی گەشت و گوزار جەخت دەکاتەوە لەسەر دابینکردنی پێداویستیەکانی گەشتیاران و تێرکردنیان و بەرەوپێشبردنی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەوەی گەشتیار بە تەواوی ھەست بە حەوانەوە و ئاسوودەیی دڵ و دەرونی بکات لەو ناوچەیی کە ڕووی تێکردووە لەو ماوەی کاتی گەشتەکەیدا.
کەرتی گەشت و گوزار لە ئێستادا لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو گرینگی زۆری پێدەدرێت ھاوشانی کەرتی (کشتوکاڵ و پیشەسازی). ئەم کەرتە سەرچاوەی سەرەکی داھات و پێشخستنی وڵات و تێکھەڵاوبوونی دابوونەریتە کۆمەڵایەتی و کلتورییەکانە ئەمەش جگە لەوەی دەبێتە مایەی ڕەخساندنی ھەلی کار بۆ گەنجان و ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت لە کەمکردنەوەی ڕێژەیی بێکاری و دروستبوونی پەرەپێدانی پەیوەندییە گەشت و گوزارییەکان لەگەڵ وڵاتانی تر.
گەشەپێدانی گەشت و گوزار Devlopment of Toursim
گەشەپێدانی گەشت و گوزار (التنمیة السیاحة) زاراوەیەکی بەربڵاوە بەکاردەهێنرێت لەگەڵ سەرجەم کەرتە ئابووریەکاندا، بەجۆرێك کە بریتیە لە پەرەپێدانی کەرتێکی ئابووری بە شێوەی قۆناغ بە قۆناغ لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا، لە پێناو سوود گەیاندن بە سەرجەم پێکهاتەکانی نێو ئەم چوارچێوەیە بە شێوەیەکی خێراو تێچوویەکی کەم.
یەکێکیش لە جۆرەکانی گەشە پێدان لە کەرتی ئابووری بریتیە لە (گەشەپێدانی گەشت و گوزار) کە گرینگی دەدات بە سەرجەم لایەنەکانی پەیوەست بەشێوازی خستنەڕوو و داواکاری گەشتیاران، هەر بۆیە گەشەپێدانی گەشت و گوزار بۆ هەر ناوچە و هەرێمێك چەند ئامانجێکی هەیە کە زۆربەیان هاوبەشن لەگەڵ ئامانجەکانی پلاندانانی گەشتیاری، وەك بەرزکردنەوەی ئاستی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و ژینگەیی، کەواتە گەشەپێدانی گەشت و گوزار: بریتیە لە بەردەستکردنی ئاسانکاری و خزمەتگوزاری بە مەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستی و خواستی گەشتیاران، ئەم کردارەش دەبێتە هۆی دابینکردنی هەلی کار بۆ دانیشتووان و بەدەست خستنی داهاتی نوێ (دراوی گران بەها).
بۆ ئەوەی چەمکی (گەشە پێدانی گەشت و گوزار) بە شێوەیەکی ڕوونتر بخەینەڕوو پێویستە چەند پێناسەیەك و زاراوەیەکی تر ڕوون بکرێنەوە بۆ ئەوەی ببن بە بنەمایەك بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم چەمکە.
جوگرافیای گەشت و گوزار Geography of Tourism
ئەم زاراوەیە بۆ یەکەمین جار لە لایەن (Strander) لە ساڵی ١٩٠٥ ز بەکارهێنراوە، کە هەوڵی داوە جەخت لەسەر هۆکارە سروشتی و مرۆییەکان بکاتەوە کە بنەماکانی گەشت و گوزاریان لەسەر بنیات نراوە، بەڵام بە شێوەیەکی سەربەخۆ و پڕمانا زاراوەی گەشت و گوزار وەك لقێکی جوگرافیا بۆ یەکەمین جار لە لایەن جوگرافیا ناسی پۆڵەندی (S.Leszczyki) لە ساڵی ١٩٣٩ دەرکەوت، ئەمەش دووای ئەوەی لە چوارچێوەی لقێکی تری جوگرافیا پۆڵێن دەکرا.
گەشت و گوزار Tourism
ئەم زاراوەیە لە دووای شۆڕشی پیشەسازی لە ئەوڕوپا بە شێوەیەکی گشتی لە سەرەتای سەدەی بیستەم بەتایبەتی ببوو بە یەکێك لە دیاردەکانی سەردەم، هەربۆیە هەوڵێکی زۆر دراوە بۆ ناساندن و پێناسەکردنی کە زیاتر لە پێناسەیەك بەخۆی هەڵدەگرێت، بۆ نموونە (جوبیر فردیلر) وەك دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ پێشخستنی پەیوەندییە مرۆییەکان و گەشەکردنی ڕۆشنبیری ناساندوویەتی، بەڵام (فۆن شۆلیرن) وەك دیاردەیەکی ئابووری ناساندوویەتی، لە فەرهەنگی (Webster) بە گەشتێك لە پێناو خۆشی پێناسەکراوە کەواتە زاراوەی (Tour) بە مانای گەشتکردن دێت و زاراوەی (Tourism) بە مانای گەشت و گوزار دێت بە جۆرێكی تر بە واتای گواستنەوە دێت لە پێناو خۆشی و بەسەربردنی کاتێکی خۆش و حەسانەوەی دڵ و دەروون بە تایبەتیش لە بۆنەو پشووەکاندا، دوور لە شوێنی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی.
گەشتیار Tourist
لە هەر لێکۆڵینەوەیەکی گەشت و گوزاریدا ناسینی گەشتیار گرینگی خۆی هەیە، چونکە هەموو دیاردە و چاڵاکییەکانی تر لە پەیوەندیەکی بەهێزدان و توخمێکی گرینگی چاڵاکی گەشت و گوزارە، هەربۆیە گەشتیار ئەو کەسەیە کە گەشت بۆ دەرەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی دەکات لە ناوخۆیی وڵات بێت یان لە دەرەوەی وڵات بێت کە ماوەی مانەوەی گەشتەکەی لە (24) کاتژمێر کەمتر نەبێت و لە (ساڵێك) زیاتر نەبێت بە مەرجێك بۆ دەسکەوتی ماددی و خوێندن و بازرگانی و تەندروستی نەبێت، بەڵام لە کاتێکدا ئەگەر ماوەی مانەوەی گەشتیار لە (24) کاتژمێر کەمتربوو ئەوا بە گەشت دانانرێنت و بە سەیران دادەنرێت.
گەشت و گوزاری ژینگەیی Eco Tourism
بریتیە لە گەشتکردن بۆ ئەوناچانەیی کە تێك نەچوون و پیس نەبوون، بە ئامانجێکی دیاریکراو وەك لێکۆڵینەوە و چێژ وەرگرتن لە سەیرکردنی سروشت یان شارەزابوون لە دیاردە ڕۆشنبیری و مێژووی و شوێنەوارییەکان.
خستەڕووی گەشت و گوزار Supply Tourism
لە سەرجەم ئەو پاڵنەرە گەشت و گوزاریانە پێکدێت کە توانستی ڕاکێشانی سروشتی بێت یان مرۆیی، ئەمەش جگە لەو خزمەتگوزاری و کاڵایانەی لە لە ناوچە گەشت و گوزارییەکان پێشکەشی گەشتیار دەکرێن . سێ جۆری سەرەکی خستنەڕووی گەشتیاری ھەن کە بریتین لە :
- پێکھاتەی سروشتی: وەك (ئاوھەوا، بەرزی و نزمی، شوێنی جوگرافی، ڕووەکی سروشتی، ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، دەرامەتی ئاو و دیاردە سروشتیە سەر سوڕھێنەرەکان).
- پێکھاتەی مرۆیی: وەك (دانیشتوان، ناوچە مێژووی و شارستنیەتیەکان، شوێنە ئاینی و پیرۆزەکان، گیانی میوانداریەتی، کۆنگرە زانستیەکان، بەرھەمە ڕوشنبیر و کۆمەڵایەتیەکان، جەژن و بۆنە تایبەتەکان).
- پێکھاتەی تەواوکاری یان ئاسانکاری گەشت و گوزاری، کە دەبن بە دووجۆر:
- دامەزراوەکانی ژێرخانی ئابووری: وەکو تۆڕەکانی ڕێگاوبان، ئاو و ئاوەڕۆ، کارەبا، وێستگە، بازاڕ، نەخۆشخانە یان بنکەی تەندروستی، پۆستە و گەیندن.
- دامەزراوەکانی سەرخانی ئابووری: وەکو گوند، شار، شاری یاری، پاڕك، میوانخانە، ھۆتێل، کابینە و خانوو و چادرگەی گەشتیاری، سینەما و شانۆ، ڕێسۆرانت.
داواکاری گەشت و گوزار Demand Tourism
بە شێوەیەکی گشتی: بریتیە لەو بڕە کاڵایەیی بەشێك لە بەکاربەران دەیانەوێت بە نرخێکی دیاریکراو لە کات و شوێنی دیاریکراو، بەڵام لە ڕوانگەی جوگرافیەوە: بریتیە لە کۆی گشتی ژمارەی ئەو گەشتیارانەی، کە دامەزراوە خزمەتگوزارییە گەشت و گوزارییەکان بەکاردێنن ئەگەر ھاتوو ھاوڵاتی نێوخۆ بن یاخود بێگانە.