منداڵبوونی سروشتی

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-06-27-14:21:00 - کۆدی بابەت: 503
منداڵبوونی سروشتی

ناوه‌ڕۆك

منداڵبوونی سروشتی چییە؟

منداڵبوونی سروشتی ڕێگایەکی فیسیۆلۆجی و تەواو سروشتییە، کە بەهۆی گرژبوونی خودی جەستەوە بە سروشتی ڕوودەدات و دەست پێدەکات و کاتێک کە ملی منداڵدان بە تەواوەتی کرایەوە و منداڵەکە هاتە دەرەوە کۆتایی پێ دێت.

منداڵبوونی سروشتی دابەش دەبێت بۆ سێ ‌قۆناغ

قۆناغی یەکەم

قۆناغی یەکەم کاتێک ڕوودەدات کە گرژبوون دەست پێدەکات و دەبێتە هۆی چەند گۆڕانکاریەک لە منداڵدان و ملی منداڵداندا و کاتێک کە ملی منداڵدانی ژنەکە بەتەواوەتی کرایەوە قۆناغی یەکەم کۆتایی پێدێت.

قۆناغی یەکەم دابەش دەبێت بۆ دوو بەش

  • ژان و هەوڵدانی یەکەم: منداڵدانت هەنگاو و بە هەنگاو گرژدەبێت و وردە وردە ملی منداڵدان دەکرێتەوە
  • ژان و هەوڵدانی چالاک: منداڵدانت بە خێرای کێشی دێت و پان دەبێت و گرژبوونەکان درێژتر و توندتر و نزیکتر دەبێت

قۆناغی دووەم

قۆناغی دووەم کاتێک دەست پێدەکات کە ملی منداڵدانت بەتەواوەتی کراوەتەوە و بە لەدایکبوونی منداڵەکە کۆتایی دێت، هەندێک کاتیش ناودەبرێت بە (پاڵنان).

قۆناغی سێیەم

قۆناغی سێیەم ڕێک دوای لەدایکبوونی منداڵەکە دەست پێدەکات و بە هاتنە دەرەوەی وێڵاش کۆتایی دێت.

هەنگاوی یەکەمی منداڵبوونی سروشتی

ئەم هەنگاوەیان بە ژانی منداڵبوونی سروشتی دەست پێدەکات.

کاتێک کە هەست بە ژان دەکەیت ئاگاداری ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بە:

  • زیادبوونی بڕی ژانەکە
  • ڕێکاری ئەزموونکراو
  • زیاتر درێژە کێشانی
  • زیاتر نزیکبوونەوەی ژانەکان

کاتێک کە پەردەی سەراوت دەتەقێت ئاگاداری ئەم چەند خاڵە بە:

  • ڕەنگی شلەکە
  • بۆنی شلەکە
  • تەقینەکە چ کاتێک ڕوویدا

ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە بەڕێکەویت بۆ نەخۆشخانە و وردە وردە خۆت ڕابهێنیت لەگەڵ ئازارەکەتدا و دەست بکەیت بە هەناسەدانی قوڵ و وردە وردە پیاسە بکەیت و یاخود دەتوانیت گەرماوێکی گەرمیش بکەیت و بەردەوام ئاو بخۆرەوە و زوو زوو میز بکە.

هەندێک خاڵ بۆ کەسی پاڵپشت کە لەگەڵ خانمەکەدایە بەتایبەت (هاوسەر)

  • مەساجی سکی خانمەکە بکە.
  • لەگەڵیدا بەردەوام تەکنیکەکانی هەناسەدان بکە و پێی دووبارە بکەرەوە.
  • یارمەتی بدە تاکوو ئاسودە بێت.
  • یارمەتی بدە تاکوو منداڵبوونێکی ئاسانی هەبێت، قسەی بۆ بکە یاخود بیبە گەرماوێکی گەرم و پیاسەی لەگەڵ بکە.
  • هەوڵبدە بیروهۆشی بڵاو بکەیت و مۆسیقای بۆ لێبدە یاخود باسی شتێکی جیاوازی بۆ بکە.
  • لە کاتی منداڵبوونەکە دایکەکە بەتەواوەتی پێویستی بە کەسی پاڵپشتی هەیە و پشتی پێ دەبەستێت، ئەمە کورتترین بەشە و بەڵام قورسترین و ئازاربەخشترین بەشیەتی و هەوڵبدە بیر لەوە بکەرەوە کە کاتێکی زۆرت تێپەڕاندووە و زۆر کەمت ماوە و دەتوانیت بە هەوڵدانێکی باش ڕزگارت ببێت.

هەنگاوی دووەمی منداڵبوونی سروشتی

هەنگاوی دووەم قۆناغی پاڵپێوەنان و هاتنە دەرەوەی منداڵەکەیە، تا ئەم ساتە جەستەت تەواوی کارەکانی بۆ کردوویت و ئێستا کە ملی منداڵدان بەتەواوی کراوەتەوە و گەشتۆتە ١٠ سانتیمەتر و کاتیەتی کە ئیتر خۆشت هەوڵ بدەیت و یارمەتیدەر بیت.

دەبێت چاوەڕێی چی بیت؟

  • دەبێت هێزێکی زۆرت پێبێت بۆ پاڵپێوەنان 
  • لە لای ڕاستی ڕیخۆڵەتەوە هەست بە فشارێکی زۆر دەکەیت
  • لەوانەیە لەناکاو میزێکی زۆر یاخود پیساییەکی زۆر بکەیت
  • سەری منداڵەکە تەواو هاتۆتە خوارەوە و دەبینرێت
  • هەست بە کزانەوە و سووتانەوە دەکەیت

دەبێت چی بکەیت؟

  • کاتێک فشارێکت بۆ دێت زیاتر فشاری بدە و لەگەڵی بڕۆ 
  • ناوچەی حەوزت شل بکە و بیکەرەوە
  • زوو زوو پشوو بدە تاکوو هێزت تێدا بێت و پێت بمێنێت
  • ئەگەر حەز دەکەیت ئاوێنە بەکاربهێنە تاکوو ساتی هاتنە دەرەوەی منداڵەکە ببینیت
  • تەواوی وزە و هێزت بەکاربهێنە بۆ پاڵپێوەنانی منداڵەکە
  • ئەگەر سەری منداڵەکەت هەر نەبینرا و یاخود هات و گەڕایەوە نیگەران مەبە و بەردەوام بە لە پاڵنان.

کەسی پاڵپشت لەم کاتەدا چی بکات؟

  • یارمەتی بدە تاکوو ئاسودە بێت لەگەڵت و زوو زوو ئارەقەکەی بسڕە و ئەگەر توانیت سەهۆڵی پێبدە خۆی فێنک بکاتەوە.
  • پیاهەڵدانی بەردەوام.
  • قسەی باش و بەسودی بۆ بکە.
  • ئەگەر خانمە دووگیانەکە توڕەیە یاخود دەگری دڵگران مەبە و لە دڵی مەگرە.

لەم ساتانەدا منداڵەکە چی دەکات؟

  • کاتێک کە خانمەکە خەریکی پاڵنان و فشار کردنە، منداڵەکەش بەهەمان شێوە هەنگاوی باش دەنێت بۆ هاتنە دونیاوە و سەری بە بارێکدا دەسوڕێت و چەناگەی دەخاتە سەر سنگی تاکوو پشتی سەری بتوانێت بێتە دەرەوە.
  • ئەوکاتەی کە بەتەواوەتی منداڵدان کراوەتەوە و سەری منداڵەکەت نزیک دەبێتەوە لە ناوچەی زێ و دەردەکەوێت.
  • کاتێک کە سەری منداڵەکە دێتە دەرەوە، سەر و شانەکانی دووبارە دەسوڕێتەوە بە ئاڕاستەی ڕووی دایکەکە و ئەمەش یارمەتی منداڵەکە دەدات تاکوو ئاسانتر بێتە دەرەوە.

کاتێک منداڵەکە دێتە دەرەوە چۆنە؟

  • سەری بەرەوخوارە
  • ماددەیەکی سپی لینجی وەک پەنیر بە جەستەوەیەتی
  • چاوی ئاوساوە
  • مووی ورد لەسەر شان و پشت و ناوچاوی هەیە
  • ئەندامی زاوزێی گەورەیە

هەنگاوی سێیەمی منداڵبوونی سروشتی

هەنگاوی سێیەم کورتترین قۆناغە و بریتییە لە هاتنە دەرەوەی وێڵاشەکە و ٥ تا ٣٠  خولەک دەخایەنێت.

دەبێت چاوەڕێی چی بکەیت لەم کاتەدا؟

  • دوای لەدایکبوونی منداڵەکەت گرژبوونی بچوک و کەمت بۆ دێت و ئەمەش بەهۆی ئەوەیە کە وێڵاش جیادەبێتەوە لە دیواری منداڵدان و دێتە دەرەوە لەوانەیە دوای هاتنەدەرەوەی وێڵاشەکە تووشی لەرزێکی لەناکاو کەم ببیت و کە جێگای نیگەرانی نییە.
  • دوای منداڵبوونەکە پێویستە تا چەند کاتژمێرێک لەژێر چاودێری پزیشکیدا بیت تاکوو ئاگاداری خوێنبەربوونت بن و دڵنیابنەوە کە خوێنبەربوونەکەت زۆر نییە.


سەرچاوەکان



17796 بینین