خورانی پێست لەماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-08-20-21:56:00 - کۆدی بابەت: 9924
خورانی پێست لەماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خورانی پێست لەماوەی دووگیانیدا (بە ئینگلیزی: Itchy skin during pregnancy، (بە عەرەبی: حكة في الجلد أثناء الحمل) لەماوەی دووگیانیدا ڕوودەدات. دووگیانی ماوەیەکی هەستیارە و بەگشتی بەهۆی گۆڕانکاری زۆر لە ئەندامەکانی جەستەدا، پێستیش تووشی ئەم گۆڕانکارییە دەبێت و هەستیار دەبێت. ئەم حاڵەتە دەکرێت لە هەر مانگێکی دووگیانیدا دەربکەوێت، بەڵام بە زۆری لە سێ مانگی یەکەم و سێیەمدا دەردەکەوێت، ئەو خانمانەی دووگیانن بە دووانە یان زیاتر خورانیان زیاتر دەبێت. بەگشتی پێستی جەستە هەمووی دەخورێت، بەڵام چەند شوێنێک بە دیاریکراوی ئەم خورانەیان زیاترە ئەوانیش، پێ و دەستەکان، سک. هەندێک کات لەوانەیە ئەم خورانە نیشانەیەک بێت بۆ حاڵەتێک یاخود نەخۆشییەک.

هۆکارەکان

هۆکارەکان دەکرێن بە دوو بەشەوە، جۆری یەکەم ئەو هۆکارانەن کە ئەگەر بەخێرایی چارەسەر نەکرێت دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە بۆ دایک و کۆرپەکەی. جۆری دووەم هۆکاری ئاسایی و بێ کێشەن کە دەکرێت لە ماڵەوە چارەسەر بکرێن و مەترسیدار نین.

جۆری یەکەم

گیرانی جۆگەی زراو لە کاتی دووگیانیدا - cholestasis

هەندێک کات خوران لەماوەی دووگیانیدا، بەهۆی حاڵەتێکەوەیە پێی دەوترێت (cholestasis) واتە گیرانی جۆگەی زراو. نزیکەی ٪٢ـی خانمان دووگیان دووچاری ئەم حاڵەتە دەبنەوە. لەم کاتەدا هۆڕمۆنەکانی ماوەی دووگیانی تێکچوونێک لە فرمانەکانی جگەر و کۆبوونەوەی ترشەکانی زراو (Bile acids) لەناو گەده و خوێندا. ئەم خورانە کاتێک ڕوودەدات کە شلەی زراو بەشێوەیەکی ئاسایی لەناو زراودا فرمانەکانی خۆی جێبەجێ ناکات، بەمەش خوێی زراو لەناو پێستدا کۆدەبێتەوە. ئەم ڕووداوە دەبێتە هۆی خورانێکی توندی دەست و پێیەکان. دەکرێت ئەم حاڵەتە بۆماوەیی بێت، پزیشک بە پشکنینی خوێن دەتوانێت دیاری بکات. گیرانی جۆگەی زراو پێویستە بەخێرایی چارەسەر بکرێت، چونکە لە ئەگەری نەبوونی چارەسەردا زیان دەگەیەنێت بە کۆرپەکە. دەبێتە هۆی منداڵبوونی پێشوەختە، کێشەی هەناسەدانی منداڵی تازە لەدایکبوو، لەدایکبوونی منداڵ بە مردوویی، هەرچەندە بەتەواوی پشتڕاست نەکراوەتەوە بەڵام توێژینەوەکان دەڵێن ئەو خانمەی ئەم حاڵەتەی هەبێت بە ئەگەری ٪٩٠ بۆ دووگیانی داهاتووشی تووشی هەمان حاڵەت دەبێتەوە. نیشانەکانی بریتییە لە:

  • زەردوویی
  • میزی تۆخ
  • کەمبوونەوەی حەزی خواردن
  • دڵتێکچوون
  • خەمۆکی
  • خورانی توندی دەست و پێیەکان

کێ ئەگەری تووشبوونی زیاترە؟

  • ئەو ژنانەی کە دووگیانن بە دووانە یاخود زیاترەوە.
  • ئەوانەی لە ڕابردوودا گرفتێکی جگەریان هەبووە.
  • ئەو خانمانی دایک یان خوشکیان لەماوەی دووگیانیدا ئەم کێشەیەی هەبووە.

چارەسەر

بۆ ئەم حاڵەتە پێویستە پزیشک چارەسەری پێویست دابنێت، وەک ئەمانە:

  • دەرمانی دژەخوران، یان ئەو دەرمانانەی کە کۆرتیکۆسترۆیدیین.
  • دەرمان بۆ کەمکردنەوەی ترشەکانی زراو.
  • خۆشۆردن بە ئاوی سارد و چوونە ناو ئاوی ساردەوە، بۆ کەمکردنەوەی خێرایی سوڕی خوێن و کەمکردنەوەی پلەی گەرمی جەستە.
  • بەکارهێنانی دەرمانی (دێکسامێزازۆن) کە یارمەتی کرانەوەی سییەکانی منداڵەکە دەدات.
  • خواردنی ڤیتامین k پێش و پاش دووگیانی.
  • پشکنینی بەردەوام بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی منداڵەکە، تاکوو بزانرێت گیرانی جۆگەی زراو کاریگەری لەسەری نەبووە.

لیری ئاڵۆشاویی لەماوەی دووگیانیدا - PUPPP

جۆرە سووربوونەوە و لیری پێستە کە خورانی لەگەڵدایە، ئەمانە لە کۆتایی دووگیانیدا لەسەر سک دەردەکەون، نیشانەکانی بریتییە لە:

  • خورانی زۆر بەتایبەت لە شەودا
  • هەبوونی بڵق لە دەوروبەری پێستەکە
  • پزیشک لە ڕێگەی پشکنینی ڕاستەوخۆی پێستەکەوە ئەم نەخۆشییە دیاری دەکات. نەخۆشییەکە سەرەتا لەسەر سک دەردەکەوێت، بەڵام دەکرێت بگوازرێنەوە بۆ بەشەکانی تری جەستەش وەک، پێ و دەست، سەر سنگ، پشت، بەڵام هەرگیز ناگوازرێنەوە بۆ ڕووخسار.
  • ئەم نەخۆشییەش مەترسی نییە بۆ سەر کۆرپەکەت، هەروەها چەند کاتژمێرێک یان چەند ڕۆژێک دوای منداڵبوون نامێنێت.

چارەسەر

بەکارهێنانی شێدارکەرەوە، کرێمە سترۆیدەکان، دەرمانەکانی دژەهەستیاری. هەموو ئەمانە چارەسەری ئەم حاڵەتەن و پزیشک دەتوانێت بە دەرمان خورانەکە بوەستێنێت تاکوو دوای دووگیانی.


پڕوریگۆ پیگمێنتۆسا - Prurigo pigmentosa

پڕوریگۆ پیگمێنتۆسا هەبوونی پەڵەی سوورە لەسەر قۆڵ و پێیەکان، سک. ئەگەری هەیە لە هەر یەکە لە سێ مانگەکانی دووگیانیدا دەربکەوێت. ئەگەر لە دووگیانیەکتدا دووچاری ئەم حاڵەتە بوویتەوە، ئەگەری هەیە لە دووگیانییەکانی داهاتووشتدا تووش ببیتەوە. 
پڕوگیرۆ پیگمێنتۆسا بەگشتی ماوەیەکی کەم دوای منداڵبوون نامێنێت، بەڵام لەوانەشە هەندێک جار بۆ ماوەی چەند هەفتە یاخود چەند مانگێک بمێنێتەوە.

چارەسەر

لەوانەیە شێدارکەرەوەکان یارمەتیدەر بێت بۆ چارەسەر، بەڵام بەگشتی ئەم حاڵەتە بە دەرمانی دژەهەستیاری و دەرمانە سترۆیدەکان لەناودەچێت.

پێمفگۆید - pemphgoid

لە هەندێک حاڵەتی زۆر دەگمەندا دەکرێت خوران بەهۆی تووشبوون بە پێمفگۆیدەوە بێت. کە نەخۆشییەکی دژەخۆییە، واتە کۆئەندامی بەرگری لەش خۆی هێرش دەکاتە سەر جەستە. بەمەش جەستەی خانمەکە تووشی سووربوونەوەیەکی زۆر دەبێت و لە ئەجامیشدا دەبێتە هۆی دروستبوونی تڵۆق. 

جۆری دووەم

گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکان

لەماوەی دووگیانیدا هۆڕمۆنی ئیسترۆجین بەرز دەبێتەوە، بەمەش دەبێتە هۆی خورانی پێست.

کشانی پێست

لەماوەی دووگیانیدا پێست بە تەواوی دەکشێت بەتایبەت لە ناوچەی سکدا، هەر ئەم کشانەش وادەکات کە پێستەکە بخورێت.

وشکی پێست

گۆڕانکارییە هۆڕمۆنییەکان کە بەهۆی دووگیانییەوە ڕوودەدەن. وادەکات جەستە وشک ببێتەوە و بەهۆی ئەمەشەوە دەخورێت.

ماددە کیمیاییەکان

بەکارهێنانی بۆن و ماددە پاککەرەوەکان کە هەستیاری دروست دەکەن، هۆکارێکی ترن بۆ خورانی پێست.

چارەسەر

چارەسەر بۆ ئەم هۆکارانە ئاسنترە و دەکرێت لە ماڵەوە چارەسەری بکرێت بەم ڕێگایانە:

  • دوورکەوتنەوە لە زۆر بەکارهێنانی بۆن و ئەو ماددە جوانکارییانەی ماددەی کیمیایی زۆریان تێدایە، یاخود هەستیاری دروست دەکەن بۆ پێستت.
  • پێویستە خانمان لەماوەی دووگیانیدا جلی فراوان لەبەربکەن، هەروەها دەبێت قوماشی جلەکان جۆرێک بێت هەستیاری بۆ پێستەکە دروست نەکات. جلی فراوان نالکێت بە پێستەکەدا و بەمەش پێستەکە هەستیار نابێت و دوور دەبێت لە خوران.
  • بەکارهێنانی شێدارکەرەوە زۆر گرنگە، چونکە یەکێک لە هۆکارەکان بۆ خورانی پێست وشکبوونەوەی پێستەکەیە.
  • ڕۆژانە ئاوی زیاتر بخۆنەوە وادەکات جەستە شێدار بێت و دووربێت لە وشکبوونەوە و خوران.
  • دەتوانیت لە زەیتی سروشتی سوود وەربگریت، زەیتەکە بدە لەو شوێنەی کە دەخورێت و مەساجی پێ بکە. باشترین زەیتەکانیش زەیتی گوێزی هیندییە.
  • بڕێک سرکەی سێو بدە لەسەر سکت و مەساجی پێ بکە تاکوو خورانەکەی نەمێنێت.
  • دانانی شەڵتەی سارد بۆ ماوەی پێنج بۆ ١٠ خولەک، لەسەر ئەو شوێنەی کە خورانی زۆرە، ئەمەش یەکێکی ترە لە چارەسەرەکان.

ڕێگریکردن

  • ناکرێت بەتەواوی ڕێگری بکرێت لە خورانی جەستە، بەڵام چەند ڕێگایەک هەیە دەتوانێت ڕێگری بکات لە زیادبووی و یارمەتی کەمکردنەوەی خوران دەدات:
  • دوورکەوەرەوە لە خوراندنی جەستە، چونکە ئەمە وادەکات پێستەکە زیاتر هەستیار ببێت و بخورێت.
  • خانمان نابێت بە ئاوی گەرم خۆیان بشۆن، ئاوی گەرم هۆکارێکە تاکوو پێست زۆر وشک ببێتەوە و بەمەش زۆر بخورێت.
  • دووربکەوە لە بەکارهێنانی سابوونی بۆندار.
  • هەردەم جەستەت بە وشکی و پاکی بهێڵەرەوە. جەستە لەماوەی دووگیاندا زۆر ئارەق دەکاتەوە، ئارەقیش وادەکات جەستە زیاتر بخورێت. بۆیە پێویستە زوو زوو خۆت بشۆیت. هەروەها نابێت لە هەوای گەرمدا نەچیتە دەرەوە.
  • دوای خۆشۆردن شێدارکەرەوە بەکاربهێنە بۆ جەستەت.
  • ئەگەر پزیشک هەر کرێمێکی تایبەتی بۆ نوسیوویت، دەبێت سەرەتا کرێمەکە بدەیت لە جەستەت و پاشان شێدارکەرەوەکە.
  • کەمکردنەوەی هەندێک جۆری خواردن بەتایبەت بۆ ئەو دایکانەی کە هەست دەکەن، بە یەکێک لەم جۆره خۆراکانە هەستیار دەبن، کە ئەگەری خوران زیاتر دەکەن وەک: هێلکە، ماسی، بەهارات، تەماتە، باینجان. تاکوو دەتوانن سەوزە و میوە بخۆن بەتایبەت ئەوانەی کە بڕێکی باش لە ئاوییان تێدایە.


سەرچاوەکان



4610 بینین