شێدارکەرەوە و نەرمکەری پێست

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-10-14-23:45:00 - کۆدی بابەت: 6881
شێدارکەرەوە و نەرمکەری پێست

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بریتییە لەو کرێمەی کە بەکاردێت بۆ پاراستن و شێدارکردنەوە و چەورکرن و نەرمکردنی پێست، ئەم تایبەتمەندییانەش بە شێوەیەکی ئاسایی پێست خۆی خاوەنییەتی بە یارمەتی چەورییە ڕژێنەکانی پێست، بەڵام ئەگەر هاتوو کەسێک تووشی بارودۆخێکی نەخوازراو بوو و ئەم تایبەتمەندییانەی لە دەستدا و تووشی وشکبوونەوەی پێست بوو، دەتوانرێت بە یارمەتی شێدارکەرەوە ڕەونەق و جوانی بگەڕێنرێتەوە بۆ پێستی.

ڕێگای کارکردن

لە لەشی مرۆڤدا بە شێوەیەکی جێگیر ئاو دەبێت بە هەڵم لە چینە قووڵەکانی پێستدا، بە ڕێکخستنی ڕێژەی ئاو تێیدا پێستی مرۆڤ بە شێوەیەکی سروشتی تایبەتمەندی وشکی و نەرمی و ڕووبەرووبوونەوەی پیسی و تێکچوون و توشبوون بە نەخۆشی هەیە، هەروەها توانای هەیە خۆی بپارێزێت دژی وشکبوونەوەی زۆر و زبربوون و قڵیشان، توانای هێشتنەوە شێداری پێست پشت دەبەستێت بە دووانە چینە چەورییەکانی پێست، کرێمە شێدارکەرەوەکان ڕێژەی لە دەست دانی ئاو لەلایەن پێستەوە دەگۆڕن، بەهۆی ئەو پێکهاتە چالاکانەی کە تێیاندایە، پێکهاتە چالاکەکان دەکرێن بە دوو جۆرەوە کە بریتین لە داخەر و تەڕکەر.

  1. ئەو جۆرانەی کە داخەرن (بە ئینگلیزی: Occlusive)، چینێک لەسەر پێست دروست دەکەن و رێگری لە دەرچوونی شێ دەکەن لە پێست، تاکوو پێکهاتەی داخەر لە کرێمی شێدارکەرەوەدا زیاتربێت ئەم کاریگەرییەی زیاتر دەبێت، ئەو شێدارکەرەوانەی کە لە شێوەی مەڵهەمن زیاتر داخەرن بە بەراورد بەوانەی کە کرێمێکی شلن، هەروەها کرێمیش زیاتر داخەرە بە بەراورد بە نەرمکەرەوە (لەوشن)، ئەگەر چینێک لە ڤازلین بدرێت لە پێستێکی ئاسایی ئەوا دەتوانێت بۆ چەندین کاتژمێر نزیکەی ٥٠٪ بۆ ٧٥٪ ڕێژەی لە دەستدانی ئاو لەلایەن پێستەوە کەم بکاتەوە.
  2. ئەو جۆرانەشی کە تەڕکەرن (بە ئینگلیزی: Humectants) ئاو هەڵدەمژن، دەتوانن ئەم ئاوە لە ڕێگەی هەواوە هەڵبمژن و پێستی پێ شێدار بکەنەوە کاتێک کە ڕێژەی شێ زیاتر بێت لە ٧٠٪ بەڵام بە شێوەیەکی باو ئاو لە چینی ناوەوەی پێستەوە هەڵدەمژن بۆ چینی دەرەوەی پێست، کە ئەمەش دەبێتە هۆی زیاتر وشکبوونەوەی پێست، لە توێژینەوەیەکدا کە لە ساڵی ٢٠٠١ تایبەت بە پێست ئەنجامدراوە بۆ دۆزینەوەی پەیوەندی لە نێوان تەڕکەر و کاریگەری شێدارکردنەوەی، کاتێک بە شێوەیەکی کرداری بەکارهات، هەمیشە لەگەڵ داخەردا بەکاردەهات بۆ بوونی کاریگەرییەکەی.

هەندێکجار شێدارکەرەوەکان ئاویان تێدایە بۆ پێدانی شێدارییەکی کاتی بە پێست و پێدانی ڕێگایەک بۆ هەڵمژینی هەندێک پێکهاتە لەلایەن پێستەوە بۆ بەهەواداچوونی شێدارکەرەوەکە.

جۆرەکان

نەرمکەر (لەوشن)

لەوشن پێکهاتەیەکی لینجی کەمە بە پێچەوانەی زۆربەی کرێم و جێڵەکانی دیکە کە لینجییان زیاترە، کەمی لینجییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کەمی ئاو تێیدا، بەکاردێت بۆ نەرمکردن و شێدارکردنەوە و نەهێشتنی هەستیاری و پێدانی بۆنێکی خۆش بە بەشی دەرەوەی پێستی دەست و لەشی مرۆڤ، هەروەها دەتوانرێت لە بواری چارەسەری پزیشکیشدا بەکاربێت.

کرێم

کرێم پێکهاتەیەکی نیمچە ڕەقی هەیە و لە شیراوگی ئاو و ڕۆنەوە بەرهەم دەهێنرێت، دوو جۆری هەیە، جۆری یەکەمیان بریتییە لە ڕۆن لە ئاودا (بە ئینگلیزی: oil-in-water یان (O/W)) و جۆری دووەمیان بریتییە لە ئاو لە ڕۆندا (بە ئینگلیزی: water-in-oil یان (W/O))، ئەو کرێمانەی کە لە ڕۆن لە ئاودا پێکهاتوون بەکارهێنانیان ئاسوودەترە و خواستی زیاتریان لەسەر چونکە کەمتر چەورن و لە کاتی شۆردندا زووتر لێدەبنەوە، ئەوانەشی کە پێکهاتوون لە ئاو لە ڕۆندا هەڵگرتنیان قورسە بەڵام هەندێک جۆری دەرمان کە بە شێوەی کرێم بوونیان هەیە، ناهۆگری ئاون و زیاتر بە شێوەی ئاو لە ڕۆندا دروست دەکرێن نەک ڕۆن لە ئاودا، ئەم جۆرەی کرێم زیاتر شێدارکەرەوەن چونکە بەربەستێکی ڕۆنی لەسەر پێست دروست دەکەن و ڕێژەی لە دەستدانی ئاو لەلایەن پێستەوە کەم دەکەنەوە.

ڤازلین

تێکەڵەیەکی نیمچە ڕەقە لە هایدرۆکاربۆنەکان، بە کەمکردنەوەی ڕێژەی لە دەستدانی شێداریی پێست، ڤازلین دەتوانێت ڕێگری بکات لە قڵیشانی پێستی دەست و لێوەکان و پێستی دەوری نینۆک.

مەترسییە تەندروستییەکانی

بەکارهێنانی زیاد لە پێویست

دوای هەر شۆردنێک یان تەڕکردنێکی پێست بەکارهێنانی بەردەوام و یەک لەدوای یەکی شێدارکەرەوە، دەبێتە هۆی کاردانەوەی هەستیاری یان سووتانەوە و هەڵئاوسانی پێست هەروەها ڕێگەدان بە چوونە ژوورەوەی تەنی نامۆ بۆناو پێست، جگە لەوانە دەتوانێت جۆری ئاسایی و پێکهاتەی پێست بگۆڕێت و هاوکاربێت بۆ فرەگەشەی زیندەوەری هۆکاری نەخۆشی.

هەستیاری

شێدارکەرەوەکان هەندێک پێکهاتەی ئەڕۆماتیکی یان کۆکراوەی هەندێک خۆراکیان تێدایە کە دەبێتە هۆی هاندانی کاردانەوەی سیستمی بەرگری یان دەبێتە هۆی توشبوون بە جۆری نوێی هەستیاری، ئەو کەسانەی کە نەخۆشی ئەگزیمایان هەیە ئەوا پێستیان بەرگری نییە بۆ کاردانەوەی کرێم و لەوشن، لە ساڵی ٢٠١٤ لە ڕێکخراوێکی پزیشکی ئەمریکی ئاگادارکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە دەربارەی ئەوەی کە لەوشنی سروشتی چەند پێکهاتەیەکی تێدایە کە لە خواردنی وەک (شیری مانگا، شیری بزن، شیری گوێزی ھیندی و ڕۆن)دا بوونی هەیە، کە ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی تووشبوون بە هەستیاری نوێ یان کاردانەوەی هەستیاری کاتێک کە دوای بەکارهێنانی لەوشنەکان ئەو خواردنانە بەکاربێن.

مەترسی ئاگر

ئەو بەرهەمانەی کە ماددەی کیمیایی پارافینیان تێدایە دەتوانن ببنە ھۆی مەترسی ئاگرکەوتنەوە، لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر کاریگەری پارافین بۆ ئاگرکەوتنەوە ئەنجامدراوە، تێیدا پارچە پەڕۆیەک کە کرێمێکی لێدرا نزیکی ٢١٪ـی پێکهاتبوو لە پارافین، کاتێک ئاگرێکی لێ نزیک کرایەوە بۆ ماوەی ٣ چرکە گڕی گرت، بۆیە لە ساڵی ٢٠٠٨ ئاگادارییەک بڵاوکرایەوە دەربارەی توانای گڕگرتنی ئەو بەرهەمانەی کە پارافینیان تێدایە، لەو ئاگادارکردنەوەیەدا پێشنیاری ئەوە کرا کە لە نزیکی ئەو کەسانەی بەرهەمێکیان بەکارهێناوە پارافینی تێدایە جگەرە نەکێشرێت و ئاگرێکی کراوەیان لێ نزیک نەکرێتەوە.


سەرچاوەکان

435 بینین