سوودە گشتیەکانی مێخەک

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-06-30-23:39:00 - کۆدی بابەت: 13409
سوودە گشتیەکانی مێخەک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سوودەکانی مێخەک بۆ قژ چین؟ (بە ئینگلیزی: What are the benefits of cloves for hair، بە عەرەبی: ما هي فوائد القرنفل للشعر) کەسانێک هەن زەیتی مێخەک بەکاردەهێنن بە مەبەستی تەندروست بوونی زیاتر و چڕتربوونی قژیان.

لەناو زۆر کەسدا باو بووە کە مێخەک بۆ ئەستوورکردنی قژ و کەمکردنەوەی هەڵوەرینی قژ بەکاربهێنرێت بەڵام هیچ بەڵگەیەکی زانستی لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە ئایا مێخەک سوودی بۆ قژ هەیە یان نا، هەرچەندە چەندین سوودی دیکە دەڕەخسێنێت کە لە بابەتەکەدا ئاماژەی پێدەکەین. هەروەها بە گشتی؛ پێدەچێت سەلامەت بێت زەیتی مێخەک، یان ئەو کرێمانەی کە مێخەکیان تێدایە ڕاستەوخۆ بیخەنە سەر پێست، بەڵام ئەم بەرهەمانە ڕەنگە ببنە هۆی خوران یان هەستکردن بە سووتانەوەی پێست بۆ هەندێک کەس.

بەهای خۆراکی مێخەک

ئەم لیستەی خوارەوە ئەو ماددە خۆراکیانە نیشان دەدات کە لە ١٠٠ گرام مێخەکی وردکراودا بەردەستن:

توخمە خۆراکیەکان و بەهای خۆراکی

  • ئاو ٩.٨٧ ملیلیتر
  • کالۆری ٢٧٤ کالۆری
  • پرۆتین ٥.٩٧ گرام
  • چەوری ١٣ گرام
  • کاربۆهیدرات ٦٥.٥٣ گرام
  • ڕیشاڵی خۆراکی ٣٣.٩ گرام
  • کالیسیۆم ٦٣٢ میلیگرام
  • ئاسن ١١.٨٣ میلیگرام
  • مەگنیسیۆم ٢٥٩ میلیگرام
  • فسفۆر ١٠٤ میلیگرام
  • پۆتاسیۆم ١٠٢٠ میلیگرام
  • سۆدیۆم ٢٧٧ میلیگرام
  • زینک ٢.٣٢ میلیگرام
  • مس ٠.٣٦٨ میلیگرام
  • مەنگەنیز ٦٠.١٢٧ میلیگرام
  • سیلینیۆم ٧.٢ میلیگرام
  • ڤیتامین C ٠.٢ میلیگرام
  • کۆڵین ٣٧.٤ میلیگرام
  • ڤیتامین A ١٦٠ IU
  • ڤیتامین E ٨.٨٢ میلیگرام
  • ڤیتامین K ١٤١.٨ مایکرۆگرام

سوودە گشتیەکانی مێخەک

مێخەک هەندێک سوودی تەندروستی بە لەش دەبەخشێت، بەهۆی ڕێژەی مەنگەنیز و ڤیتامین K و ڤیتامین C و بڕێکی کەمی کالیسیۆم و مەگنیسیۆم و ڤیتامین E. هەروەها سەرچاوەیەکی باشی ڕیشاڵی خۆراکییە و هەندێک ئاوێتە کە تایبەتمەندی دژە ئۆکسێنەریان هەیە، وەکو یوجینۆڵ (بە ئینگلیزی: Eugenol)، کە تایبەتمەندی دژە ئۆکسێنەری سروشتی هەیە، فشاری ئۆکسێنەر کەمدەکاتەوە کە دەکرێت بەشداربێت لە گەشەکردنی زۆرێک لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان.

کاریگەری زیانبەخشی مێخەک

پلەی سەلامەتی مێخەک

لە خوارەوە ئاماژە بە پلەی سەلامەتی مێخەک دەکەین لەم حاڵەتانەی خوارەوە:

پلەی سەلامەتی خواردنی مێخەک: خواردنی مێخەک بە ڕێژەی ئاسایی کە بەزۆری دەخرێتە ناو خۆراکەوە بۆ زۆربەی خەڵک بە سەلامەت دادەنرێت. بەڵام هیچ زانیارییەک نییە ئاماژە بە پلەی سەلامەتی بەکارهێنانی بکات بە ڕێژەیەکی گەورەتر لەوەی کە بەزۆری لە خۆراکدا دەبینرێت. وەک ئەو بڕە کە لە دەرهێنراوەکانیدا دەدۆزرێتەوە.

پلەی سەلامەتی بەکارهێنانی مێخەک بۆ پێست: وەک پێشتر باسمان کرد پێدەچێت بەکارهێنانی زەیتی مێخەک یان ئەو کرێمانەی کە زەیتی مێخەکیان تێدایە بۆ پێست سەلامەت بێت، بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە دانانی لەناو دەم یان لەسەر پووک دەکرێت ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە پووک یان چەوری ددان (بە ئینگلیزی: tooth pulp)، یان ئەو پێست و شانەکانی پۆششی ناو دەم بە هەمان شێوە، بەکارهێنانی زەیت یان کرێمی مێخەک لەسەر پێست ڕەنگە هەندێک جار ببێتە هۆی هەستکردن بە سووتانەوە یان خوران.

پلەی سەلامەتی هەڵمژینی زەیتی مێخەک: هەڵمژینی ئەو دوکەڵەی کە لە سووتانی مێخەکەوە بەرز دەبێتەوە زۆرجار بە ناپارێزراو دادەنرێت و دەکرێت هەندێک کاریگەری لاوەکی و کێشەی هەناسەدان و سییەکان دروست بکات.

پلەی سەلامەتی مێخەک بۆ منداڵان: زۆرجار خواردنی زەیتی مێخەک بە ناپارێزراو دادەنرێت بۆ منداڵان. بەو پێیەی لەوانەیە ببێتە هۆی هەندێک کاریگەری لاوەکی توند، وەک تێکچوونی جگەر، گرژبوون و ناهاوسەنگی شلە لە جەستەدا.

پلەی سەلامەتی مێخەک بۆ خانمانی دووگیان و شیردەر: زۆرجار خواردنی مێخەک بەو بڕە کە لە خۆراکدا هەیە بە سەلامەت دادەنرێت لە کاتی دووگیانی و شیرپێدان، بەڵام زانیارییەکی جێی متمانە نییە سەبارەت بە پلەی سەلامەتی خواردنی بە ڕێژەیەکی زۆر، بۆیە پێشنیار دەکرێت بۆ ئەوەی لەم دوو ماوەیەدا بە ڕێژەیەکی زۆر لە خواردنی زەیتی مێخەک دوور بکەونەوە.

هۆشداری لە بەکارهێنانی مێخەک

ئەو کەسانەی بەدەست هەندێک حاڵەتی تەندروستیەوە دەناڵێنن ئامۆژگاری دەکرێن لەکاتی بەکارهێنانی مێخەکدا وریا بن لە نێو ئەم حاڵەتانەدا بریتین لە:

نەخۆشانی شەکرە: مێخەک مادەی کیمیایی تێدایە کە دەکرێت کاریگەری لەسەر ئاستی شەکری خوێن هەبێت لە تووشبووانی شەکرەدا. بۆیە دەبێت بە وردی چاودێری نیشانەکانی دابەزینی شەکرە و ڕێژەیەکەی بکەن لەکاتی خواردنی مێخەکدا.

ئەوانەی بەدەست تێکچوونی خوێنبەربوونەوە دەناڵێنن: (بە ئینگلیزی: Bleeding disorders)، ئەو مادەیەی یوجینۆل (بە ئینگلیزی: Eugenol) کە لە مێخەکدا هەیە، دەتوانێت پرۆسەی خوێن مەین خاو بکاتەوە، ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی خوێنبەربوون لەو کەسانەی کە تووشی تێکچوونی خوێنبەربوون دەبن.

ئەوانەی نەشتەرکارییان بۆ دەکرێت: وەک پێشتر باسمان کرد، ئەو یۆجینۆلەی کە لە مێخەکدا هەیە، دەکرێت خوێن مەین خاو بکاتەوە. ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی خوێنبەربوون لە کاتی نەشتەرکاری یان دوای نەشتەرکاری، بۆیە پێویستە لانیکەم دوو هەفتە پێش نەشتەرکارییەکەی کە بەرنامە بۆ داڕێژراوە، واز لە خواردنی مێخەک بهێنیت.

کارلێکی دەرمان لەگەڵ مێخەک

خواردنی لەگەڵ دەرمانی دژە خرۆشان و دژە پەڕەکانی خوێن دەکرێت ڕێگرییان لێ بکات، چونکە خواردنی لەگەڵ ئەم دەرمانانە ئەگەری خوێنبەربوون و کێشان زیاد دەکات، چونکە پێکهاتەی یوجینۆلی تێدایە کە دەکرێت خوێن مەین خاو بکاتەوە. بۆیە پێویستە ئاگاداری ئەوە بیت کە مێخەک لەگەڵ ئەم دەرمانانە بەکارنەهێنیت و پێش ئەوەی پێکەوە بیانخۆیت، ڕاوێژ بە پزیشکەکەت بکە. نموونەی ئەم دەرمانانە بریتین لە:

  • ئەسپرین.
  • کلۆپیدۆگرێل.
  • دیکلۆفیناک (بە ئینگلیزی: Diclofenac).
  • ئایبوپڕۆفین (بە ئینگلیزی: Ibuprofen).
  • ناپرۆکسێن.
  • داڵتێپارین.
  • هیپارین.
  • وارفارین.

پرسیارە زۆر باوەکان سەبارەت بە مێخەک بۆ قژ

سوودەکانی زەیتی مێخەک بۆ قژ چین؟

هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە لەسەر سوودەکانی زەیتی مێخەک بۆ قژ، بەڵام شایەنی باسە کە زەیتی مێخەک سوودی زۆری هەیە، کە دەگەڕێتەوە بۆ تایبەتمەندییە ئازارشکێن و دژە بەکتریا و دژە هەوکردنەکەی. هەروەها پێدەچێت بەکارهێنانی زەیتی مێخەک لەسەر پێست سەلامەت بێت.

سوودەکانی زەیتی مێخەک بۆ قژی سپی چییە؟

تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر سوودەکانی زەیتی مێخەک بۆ قژی سپی لەبەردەستدا نییە.


سەرچاوەکان



36 بینین