سوودەکانی لینجی لولپێچ

له‌لایه‌ن: - پەیوەست غەفوور پەیوەست غەفوور - به‌روار: 2024-05-26-16:35:00 - کۆدی بابەت: 12992
سوودەکانی لینجی لولپێچ

ناوه‌ڕۆك

پێشەکی

سوودەکانی لینجی لولپێچ (بە ئینگلیزی: snail mucin benefits، بە عەرەبی: فوائد مخاط الحلزون) لینجی لولپێچ شلەیەکە لەلایەن کرمی لولپێچ (حەلەزۆن)ەوە بەشێوەیەکی سروشتی دەردەدرێت و بەکاری دەهێنن بۆ چەورکردنی جەستە نەرمەکەیان، بەهۆیەوە دەتوانن بەئاسانی ڕێبکەن بەبێ ئەوەی بریندار ببن و لەهەمانکاتدا بەرگریان لێدەکات و لە هێرشە بەکتریاییەکان دەیانپارێزێت. لەڕوی کیمیاییەوە پێکهاتەیەکی ئاڵۆزە لە چەندین ئاوێتە پێکدێت وەک: ترشی هیالۆرۆنیک، ترشی گلایکۆلیک، ئەلەنتۆن و هەروەها چەندین دژەبەکتریا و دژەهەوکردن لە پێکهاتەکەیدا بەدیدەکرێت.

سوودەکانی لینجی لولپێچ 

بەهۆی پێکهاتە بەسوودەکانی لە بەرهەمەکانی جوانکاری و بەتایبەت گرینگیدان بە پێستدا بەکاردەهێنرێت چونکە:

پێست شێداردەکاتەوە

بەشێوەیەکی گشتی ئەو بەرهەمانەی کە لینجی لولپێچیان تێدایە شێدارکەرەوەیەکی زۆر باشن بۆ پێست، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە پێستیان وشکە. تایبەتمەندی شێدارکەرەوەی تێدایە کە خزمەت بە بەهێزکردنی بەربەستی پێست و هێشتنەوەی شێداری پێست دەکات، ئەمەش بەهۆی ترشی هیالۆرۆنیکەوەیە کە پێست شێدار دەکاتەوە و لە لینجی لولپێچدا هەیە و ڕاستەوخۆ دوای بەکارهێنانی شێداری پێست زیاد دەکات، نەرمی پێست دەپارێزێت، هێڵەوردەکان و چرچبوونی پێست باشتر دەکات.

پێست دەپارێزێت لە نیشانەکانی پیربوونی پێشوەخت

کۆلاجینی پێست زیاد دەکات و لەهەمانکاتدا لە هەندێک لە توێژینەوەکاندا دەرکەوتووە یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی پیربوونی پێست، ئەمەش بەهۆی پێکهاتەی ترشی گلایکۆلیک کە لە لینجی لولپێچدا هەیە. "ترشی گلایکۆلیک هاندەرە بۆ دروستبوونی کۆلاجین، ئەمەش نەک تەنها هێڵەوردەکان و چرچ و لۆچی کەمدەکاتەوە بەڵکو بریقەیەکی جوان و گەنجیش بە پێست دەبەخشێت".

یارمەتی زوو چاکبوونەوەی برینەکانی پێست دەدات

لینجی لولپێچ یارمەتیدەرێکی باشە بۆ چاکبوونەوەی برینەکانی پێست و هەروەها یارمەتیدەرە بۆ نەمانی شوێن برین و پەڵە. یارمەتی کەمبوونەوە و نەمانی زیپکە دەدات بەهۆی ئەو پێکهاتە دژەبەکتریا و دژەهەوکردنانەی کە تێیدایە.


سەرچاوەکان



2348 بینین