سرکەی سێو

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-01-02-01:17:00 - کۆدی بابەت: 7470
سرکەی سێو

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سرکەی سێو (بە ئینگلیزی: Apple cider vinegar یان cider vinegar) بریتییە لەو سرکەیەی کە لە ئەنجامی ترشاندنی شەربەتی سێوەوە دەست دەکەوێت، بەکاردێت لە دروستکردنی زەڵاتە و ماریناد( تێکەڵەیەکی ڕۆن و بەهارات و زەردەچەوە و سرکەیە کە ماسی یان گۆشتی تێدا دەخووسێنرێت و پاشان لێدەنرێت)، سۆسی سرکە و پارێزەرەکانی خۆراک.
بەرهەمهێنانی سرکەی سێو بە هاڕینی سێو و دەرهێنانی شەربەتەکەی دەست پێدەکات، پاشان کەڕوو و بەکتریای تێدەکرێت بۆ دەستپێکی پڕۆسەی ترشاندنی کحولی، کە تێیدا شەکر دەگۆڕدرێت بۆ کحول، لە قۆناغی دووەمی ترشاندندا کحول دەگۆڕێت بۆ سرکە لە ڕێگای بەکتریای ترشی سرکەوە، پاشان ترشی سرکە و ترشی مالیکی ناو سێو یەکدەگرن بۆ بەخشینی تامە ترشەکەی سرکەی سێو.
سرکەی سێو مێژوویەکی دوور و درێژی بەکارهێنانی هەیە وەک چارەسەری سروشتی ئازاری قوڕگ و فراوانبوونی خوێنهێنەرەکان، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی زانستی بوونی نییە دەربارەی پشتڕاست کردنەوەی ئەم سوودانەی سرکەی سێو.

مێژوو

مێژووی سرکە دەگەڕێتەوە بۆ ٥٠٠٠ ساڵی پێش زایین، کاتێک بابلییەکان خورمایان بەکارهێناوە بۆ دروستکردنی سرکە، وەک سەرچاوەیەکی خواردن و پارێزەر و ترشەمەنی بەکاردەهات، کۆنترین سرکە کە دۆزراوەتەوە خاوەندارییەتی بۆ میسڕییە کۆنەکان دەگەڕایەوە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٣٠٠٠ ساڵی پێش زایین، لە یۆنانی کۆن و نزیکی ٤٠٠ ساڵی پێش زایین سرکەی سێویان لەگەڵ هەنگوین تێکەڵ کردووە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی وەک کۆکە و سەرمابوون.
هەروەها سرکەی سێو مێژوویەکی بەهێزی بەکارهێنانی هەبووە وەک دەرمان لە وڵاتانی چین و ئەفریقا.

ڤیتامین C و ڤیتامین B تێدایە، ترشی سرکەی تێدایە کە توانای لەش زیاد دەکات بۆ مژینی کانزا گرنگەکان لە خۆراکەوە، تێکڕای خێرایی گۆڕینی کاربۆهیدرات بۆ شەکر لەلایەن لەشەوە خاو دەکاتەوە.

پێکهاتە

١٠٠ گرام لە سرکەی سێو ئەم پێکهاتانەی تێدایە:

پێکهاتە بڕەکەی
وزە ٢٢ کیلۆکالۆری
کاربۆهیدرات ٠٫٩٣ گرام
شەکر ٠٫٤٠ گرام
کالسیۆم ٧ میلیگرام
ئاسن ٠٫٢٠ میلیگرام
مەگنیسیۆم ٥ میلیگرام
فۆسفۆڕ ٨ میلیگرام
پۆتاسیۆم ٧٣ میلیگرام
سۆدیۆم ٥ میلیگرام
زینک ٠٫٠٤ میلیگرام
ئاو ٩٣٫٨١ گرام


بەرهەمهێنان

سێوەکان دەخرێنە پشتوێنی بە پڕۆسەکردنەوە کە تیایدا دەهاڕدرێن و پەستانیان دەخرێتە سەر و شەربەتەکەیان لێ جیا دەکرێتەوە، پاشان دەخرێنە لەناو تانکێکەوە و تیایدا یەکەمین پڕۆسەی ترشاندن دەست پێدەکات بە زیادکردنی ئۆکسجین، پاشان ترشاندنی کحولی تەواو دەبێت بە بەکارهێنانی بەکتریای ترشی سرکە بۆ بەرهەمهێنانی ترشی سرکە و سرکە.

سوودەکان

سرکەی سێو وەک چارەسەرێکی سروشتی باوە کە لە ماڵەوە بەکاردێت، خەڵکی بۆ ماوەی چەندین سەدەیە بەکاری دەهێنن بۆ مەبەستی چارەسەر و لێنانی خواردن، زۆربەی خەڵکی باسیان لەوە کردووە کە دەتوانێت مەودایەکی فراوان لە کێشەی تەندروستی کەم بکاتەوە، سرکەی سێو چەندین جۆری جیاواز لە تایبەتمەندی تەندروستی هەیە، وەک کاریگەری دژەمیکرۆب و دژەئۆکسان، هەندێک بەڵگەی زانستیش پێشنیازی ئەوە دەکەن کە سرکەی سێو چەند سوودێکی تەندروستی پێشکەش بە لەش بکات وەک:

  • یارمەتی کێش دابەزاندن دەدات.
  • کۆلیستڕۆڵ کەم دەکاتەوە.
  • ئاستی شەکری خوێن کەم دەکاتەوە.
  • نیشانەکانی نەخۆشی شەکرە بەرەو باشتر بوون دەبات.

هەرچەند ئەم سوودانە باسکراون بەڵام توێژینەوەکان بەپێی پێویست نین و توێژینەوەی زیاتر پێویستە بۆ دڵنیابوونەوە لەم سوودانەی سرکەی سێو و پێنشیازکردنی وەک چارەسەرێک.

ژەم و شێوازی بەکارهێنان

باشترین ڕێگا بۆ بەکارهێنانی سرکەی سێو لە ژەمەکاندا بەکارهێنانییەتی لە لێنانی خواردندا، هەروەها ئاسانتر ئەوەیە کە لەگەڵ زەڵاتەدا تێکەڵ بکرێت، هەندێک کەسیش حەز دەکەن لەگەڵ ئاودا تێکەڵی بکەن و وەک خواردنەوەی بیخۆنەوە، بڕی باو و گونجاو بریتییە لە ١-٢ کەوچکی چا (٥-١٠ میلیلیتر) بۆ ١-٢ کەوچکی چێشت (١٥-٣٠ میلیلیتر) سرکەی سێو لە ڕۆژێکدا کە تێکەڵ بکرێت لەگەڵ پەرداخێکی گەورە لە ئاو.
باشترە کە سەرەتا لە بڕێکی کەمەوە دەست پێ بکەیت و دووربیت لە خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە ڕۆژێکدا، خواردنی زۆری سرکە کاریگەری زیانبەخشی دەبێت وەک داخورانی مینای ددان، زۆربەی شارەزایانی بواری پارێزی خۆراک پێشنیازی سرکەی نەپاڵێوراو دەکەن کە خەڵتەکەی تێدابێت و ڕوون نەکرابێتەوە.

مەترسی و کاریگەری لاوەکی

چونکە ڕێژەی ترشێتی بەرزە خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە سرکەی سێو دەتوانێت ددانەکان دابخورێنێت و زیان بە قوڕگ و گەدە بگەیەنێت، جگە لەمانە دەکرێت زیانی تری هەبێت وەک:

  • لە کاتێکدا کە هەندێک توێژینەوە دڵنیایی دەدەن لە سوودی سرکەی سێو بۆ دابەزاندنی کێش، بەڵام ئەو سەلماندنانە بەپێی پێویست نین.
  • دەکرێت ببێتە هۆی دابەزینی ئاستی پۆتاسیۆم بۆ ئاستێکی زۆر کەم، لە کاتێکدا کە ماسولکە و دەمارەکان پێویستیان بە پۆتاسیۆمە بۆ ئەنجامدانی فەرمانەکانیان.
  • جۆرێکی دیکە توێژینەوە لەسەر جۆری یەکەمی شەکرە ئەوەی دۆزیوەتەوە سرکەی سێو خێرایی ڕۆیشتنی خواردن و شلەمەنی بۆ گەدە و ڕیخۆڵە کەم دەکاتەوە، خاوکردنەوەی کرداری هەرسکردن وادەکات کۆنترۆڵکردنی ئاستی شەکری خوێن قورس بێت.
  • دەکرێت هۆکار بێت بۆ ڕێگریکردن لەوەی هەندێک چارەسەر کاریگەری خۆیان هەبێت، وەک دەرمانەکانی شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ.
  • بە کورتی بەکارهێنانی سرکەی سێو بە شێوەیەکی گونجاو زیانت پێ ناگەیەنێت، دەتوانیت تاقی بکەیتەوە چونکە خاڵییە لە کالۆری و تامێکی زۆر دەبەخشێت بە خواردن و سوودی تەندروستی هەیە، بەڵام پەرچووی (موعجیزەی) چارەسەر و چاککردنەوەی نەخۆشی نییە.


سەرچاوەکان



1264 بینین