بابل

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-12-20-02:09:00 - کۆدی بابەت: 7318
بابل

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پارێزگای بابل (بە عەرەبی: بابل، بە ئینگلیزی: Babil) دەکەوێتە بەشی باشووری ڕۆژئاوای عێراق، شاری حللە ناوەندی پارێزگاکەیە، لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە ڕیزبەندی پێنجەم گەورەترین شاری عێراقە و سنووری جوگرافی هاوبەشی هەیە لەگەڵ پارێزگاکانی ئەنبار و بەغداد و کەربەلا و نەجەف، لەسەر ڕۆخی ڕووباری فووڕاتە و چەند لقێکی ئەو ڕووبارە لە پارێزگاکە هەیە، ڕووبەرەکەی نزیکەی 5,116 کیلۆمەتر دووجایە ڕێژی 1.2%ی ڕووبەری عێراق پێکدەهێنێت، کەشوهەوای ناوچەکە بە هاوین گەرم و وشکە، تەنانەت بە زستانیش کەشێکی گەرمی هەیە و ڕێژەی باران بارینی کەمە، لەڕووی کارگێڕییەوە بابل بەسەر شەش شارۆچکەدا دابەشکراوە.

واتای ناوی بابل

چەند بۆچوون و ڕایەکی جیاواز هەیە لەسەر واتای ناوی بابل گرنگترینیان ئەمانەن:
ـ وشەی بابل وشەیەکی ئەکەدییە لە باب ئیلۆ وەرگراوە کە لە زمانی عەرەبی واتای "باب اللە" دەدات واتا: دەرگای خودا.
ـ تەندەر، بە واتای ناوەند و کڕۆکی ژیان.
ـ ئایریدۆکی، بە واتای شارێکی باش، واتا بەهەشت.
ـ سو-ئانا، بە وتای شارێکە کە دیواری بەرزە. 

مێژووی پارێزگای بابل

ـ زۆرێک لە شارستانییەتە دێرینەکان نیشتەجێی ناوچەکە بوونە، نموونەی سۆمەرییەکان و ئەکەدییەکان و بابلییەکان.
ـ دوای ڕووخانی دەسەڵاتی سۆمەرییەکان، پارێزگای بابل بوو بە بنکەیەکی ئیمپراتۆریی سەرەکی.
ـ 2100 ساڵ پێش زایین ئەو پارێزگایە لەلایەن حامۆڕابییەوە دامەزراوە و دروستکراوە وەکوو پایتەختی شارستانییەتی بابل دایناوە، سنوورەکانی لە کەنداوی عەرەبییەوە بۆ باشوور تاکوو ڕووباری دیجلە لە باکوورەوە درێژبووەتەوە، دەسەڵاتی حمۆڕابی چل و سێ ساڵ درێژەی کێشاوە، و لە سەردەمی دەسەڵاتیدا پارێزگاکە گەشایەوە و ناوی سەردەمی زێڕینی لێنراوە.
ـ لە ساڵی 1920 ئەم پارێزگایە بەشداری کردووە لە شۆڕشی دژ بە داگیرکاری بەریتانیا.
ـ ساڵی 2003 ئەم پارێزگایە لەگەڵ هەموو وڵاتەکەدا لەلایەن ئەمریکاوە داگیرکرا و لە سەردەمی مانەوەی ئەمریکا شارەکە بارودۆخی ئەمنی ناجێگیر بوو و چەندان کردەوەی تیرۆرستی تێدا ئەنجام دراوە.
ـ لە ساڵی 2011 هێزەکانی ئەمریکا لەو پارێزگایە کشانەوە. 

دانیشتوان 

بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی پەیڕەوی ئایینی ئیسلامن و لەسەر ڕێبازی شیعە مەزهەبن، کەمینەیەک لە پەیڕەوانی ڕێبازی سوننە و ژمارەیەکی دیارییکراویش لە پەیڕەوانی ئاینی سابیئە و مەندائی لەو شارە بوونیان هەیە، چەند مەزارێکی تایبەت بە ئاینی شیعەکانی تێدایە نموونەی مەزاری ئیمام قاسم و مەزاری ئیمام حەمزە و مەزاری ئیمام ئەحمەدی کازم و چەندانی تر، خەڵکی لە بۆنە و یادەکاندا سەردانی ئەو مەزارنە دەکەن، لەو شارە زمانی عەرەبی زمانی فەرمییە، بەپێی سەرژمێرییەکانی ساڵی 2008ی عێراق ژمارەی دانیشتوانکەی نزیکەی 2،065،042 کەسن و بە پێنجەم گەورەترین شاری عێراق دادەنرێت. 

شوێنەوارە گرنگەکانی پارێزگای بابل

شوێنەواری مێژوویی بابل

شوێنەوارێکی دێرێن و گرنگە لە عێراق و جیهاندا، بەدووری پێنج کیلۆمەتر لە شاری حللەوە دوورە، یەکێکە لە حەوت سەمەرەکانی جیهان، لەلایەن پاشای بابلییەکان نەبووخز نەسڕ بنیاتنراوە و پێی دەوترێت باخچە هەڵواسراوەکانی بابل، لە هەشت دەروازەی سەرەکی پێکهاتووە، دەروازەی "عەشتار" لە بەرزترین و ناوازەترین دەروازەکانە، هەروەها پەرستگای "مەردووخی" تێدایە کە لەنێو شووراکەیە، لە ساڵی 2019 بەپێی بڕیاری یۆنسکۆ شوێنەواری بابلی لە لیستی کەلەپوورەکانی جیهان دانا، لە ساڵی 2021 شارەکە وەکوو پایتەختی گەشتیاری عەرەب دانرا.

شوێنەواری کیش (تەل ئەحیمەر)

بەدووری 13 کیلۆمەتر لە شاری حللەوە دوورە، بە دووری شەش کیلۆمەتر دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شوێنەواری مێژوویی بابلەوە، شوێنەوار و پەرستگایەکی دێرینە کە خوداوەندی جەنگی تێدایە بە ناوی "ئێل بابا".

شوێنەواری تەل عەقیر

شوێنەوارێکی مێژووییە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای ناوچەی سوەیرە لە حللە، مێژووەکەی بۆ شەش هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، شوێنەواری پەرستگای ڕەنگاوڕەنگی تێدایە. 


سەرچاوەکان



1507 بینین