زەیتی گوێزی هیندی

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-08-02-15:52:00 - کۆدی بابەت: 6147
زەیتی گوێزی هیندی

ناوه‌ڕۆك

زەیتی گوێزی ھیندی چییە؟

زەیتی گوێزی هیندی زەیتێکی خاوێنە کە لە گۆشت و شیری گوێزی ھیندی دروستدەکرێت، ڕەنگی سپییە و لە دۆخی ڕەقیدایە، لە پلەی گەرمی نزیکی ٢٥ پلەی سیلیزیدا دەتوێتەوە، لە مانگە گەرمەکانی وەرزی هاویندا لە دۆخی شلیدایە، جۆرە پوختە نەکراوەکەی بۆنێکی خۆش و ناسراوی هەیە، لە خواردن درووستکردن، بابەتی جوانکاری خانمان و پاککەرەوەدا بەکاردێت، لەبەر ئەوەی دەوڵەمەندە بە چەوری تێر زۆربەی شارەزایانی بواری تەندرووستی هۆشداری دەدەن لە زۆر بەکارنەهێنانی ئەم جۆرە زەیتە بۆ خواردن.

جۆرەکانی زەیتی گوێزی ھیندی

پوختەکراو و پوختەنەکراو Refined vs. Unrefined

دوو جۆری سەرەکی لە گوێزی ھیندی هەیە کە بریتین لە جۆری پوختەکراو و جۆری پوختەنەکراو، جۆری پوختەکراو هیچ تام و بۆنێکی نییە و لە ناوکی گوێزی ھیندی وشککراو بەرهەمدەهێنرێت، ئەم جۆرەی زەیتی گوێزی ھیندی پێویستی بە پڕۆسەی زۆرە بۆ بەرهەمهێنان، جۆری پوختەنەکراوی زەیتی گوێزی ھیندی بە جۆرێکی ڕەسەن و خاوێن دادەنرێت، تام و بۆنێکی کەمی هەیە کە لە بڕاندێکەوە بۆ بڕاندێکی دیکە جیاوازی هەیە، کوالیتییەکەی پشت دەبەستێت بە تازەیی و خاوێنی گوێزی هیندی و ئەو پڕۆسەیەی زەیتی گوێزی ھیندی لێ بەرهەمدێت.

ڕەسەن و تەواو ڕەسەن Virgin vs. extra Virgin

زەیتی گوێزی هیندی پوختەنەکراو بەشێوەیەکی گشتی بە دوو جۆر دەناسرێت، ڕەسەن و تەواو ڕەسەن، لە کاتێکدا کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا پێناسەیەکی یاسایی یاخود ستاندارد نییە بۆ دەستەواژەی ''تەواو ڕەسەن''، بۆیە جیاوازییەکی ناسراو نییە لە نێوان زەیتی گوێزی ھیندی ڕەسەن و تەواو ڕەسەن لە هەموو بڕاندەکاندا و هەر بڕاندێک بە دەستەواژەیەک ئەم جیاوازییە دەردەبڕێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی هەردوو جۆری زەیتی گوێزی ھیندی ڕەسەن و تەواو ڕەسەن بەبێ زیادکردنی هیچ ماددەیەکی کیمیایی و لە ئەنجامی یەکەم پەستان خستنەسەر سەرچاوەی زەیتەکەوە بەرهەمدێن، هەروەها لە گوێزی هیندی تازە و پێگەیشتوو بەرهەمدێن، وشەی ڕەسەن بە مانای ئەوە دێت کە بە هەنگاوی زۆری پڕۆسەی بەرهەمهێناندا تێپەڕنەکراوە بەڵکو ڕاستەوخۆ لە گوێزی هیندییەوە بەرهەمدێت، پڕۆسەی بەرهەمهێنان بە واتای پوختەکردن و پاککردنەوە لە بۆن دێت، بەڵام هەر براندێک شێوازێکی تایبەت بە خۆی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی ئەم جۆرەی زەیت و بە پێی کوالیتی زەیتەکە شێوازی بەرهەمهێنان گۆڕانکاری بەسەردا دێت، زەیتی گوێزی هیندی ڕەسەن بە شێوەیەکی ئاسایی بۆنی گوێزی هیندی دەدات.

کرۆکی سپی و تەواوی کرۆک Whole kernel vs. White kernel 

زەیتی گوێزی ھیندی تەواوی کرۆک، ئەو زەیتەیە کە لە کرۆکی گوێزی هیندی بەرهەمدەهێنرێت بە پێستی کرۆکەکەشەوە، ئەم جۆرەی زەیتی گوێزی ھیندی ماددەخۆراکییەکانی زیاتر تێدایە و تامێکی کەمی گوێزی ھیندی هەیە، جۆری کرۆکی سپی زەیتی گوێزی ھیندیش لە بەشە سپییەکەی گوێزی هیندی دروست دەکرێت و توێکڵە قاوەییەکەی ناوەوەی لێدەکرێتەوە بۆنێکی ناسک و نیانی هەیە، هەردوو جۆرەکەی لە بواری چێشت لێنان و پێستدا بەکاردێن، هەردوو جۆرەکە لە شێوەی پوختەنەکراون و هەمان خاڵی دووکەڵکردنیان هەیە، خاڵی دووکەڵکردن بریتییە لەو خاڵەی کە تێیدا ڕۆن دەستدەکات بە سووتان و بۆنێکی ناخۆش دروست دەكات، ئەگەر ڕۆنێک گەرمکرا تاکوو لە خاڵی دووکەڵکردن تێپەڕدەبێت ئەوکات زۆربەی پێکهاتەکانی ناوی ڕەوشتیان لە دەست دەدەن.

پێکهاتەکانی زەیتی گوێزی ھیندی

یەک کەوچکی چێشت لە زەیتی گوێزی ھیندی ئەم پێکهاتانەی تێدایە:

  • ١٢١ کالۆری.
  • ١٣,٥ گرام چەوری، کە ١١,٢ گرامی بریتییە لە چەوری تێر.
  • زەیتی گوێزی ھیندی ڤیتامین E تێدایە، هیچ ڕیشاڵ و کانزا و ڤیتامینێکی دیکەی تێدانییە.
  • زەیتی گوێزی ھیندی نزیکەی ١٠٠٪ چەورییە و زۆربەی ئەو چەورییەش لە جۆری چەوری تێرە.
  • دەوڵەمەندە بە (MCT Medium chain triglycerides) کە چەورییەکی دەستکردە و لە زەیتی گوێزی ھیندییەوە بەرهەمدەهێنرێت و وەک دەرمان بەکاردێت.

سوودەکانی زەیتی گوێزی ھیندی

ڕێژەی چەوری سوودبەخش لە لەشدا بەرزدەکاتەوە

دوو جۆری کۆلیسترۆڵ هەیە لە لەشدا high-density lipoprotein (HDL) کە چەوری سوودبەخشە، low-density lipoprotein (LDL) کە چەوری زیانبەخشە، چەوری سوودبەخش ڕێژەی چەوری زیانبەخش لە لەشدا کەمدەکاتەوە، زۆری ڕێژەی چەوری سوودبەخش دەبێتە هۆی پاراستنی تەندروستیی دڵ.

کۆنترۆڵی شەکرەی خوێن دەکات

بەسوودە بۆ کۆنتڕۆڵی شەکرەی خوێن، ئەو MCTیەی کە لە زەیتی گوێزی ھیندیدا هەیە، لەوانەیە یارمەتی پاراستنی هەستیاریی هۆرمۆنی ئەنسۆلین بدات.

نائارامی دەروون کەمدەکاتەوە

زەیتی گوێزی ھیندی ڕەسەن بە ئەگەری زۆرەوە دژەئۆکسانی تێدایە کە یارمەتی کەمکردنەوەی ئەو نائارامییانە دەدات کە لە ئەنجامی ڕاهێنانێکی زۆر و سەرماوە تووشی لەشدەبێت.

تەندرووستی ددانەکان دەپارێزێت

ڕاکێشانی ڕۆن بۆ ددانەکان بریتییە لە پڕژاندنی زەیت بە دەوری کلۆربوونی دداندا کە لە کۆندا بەکاردەهات بۆ شۆردن و چارەسەرکردنی ددانەکان، زەیتی گوێزی ھیندی زەیتێکی باشە بۆ ددانەکان ئەگەر بەم شێوەیە بەکاربێت.

تاڵەکانی موی قژ بەهێز و درەوشاوە دەکات

لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر بەکارهێنانی زەیتی گوڵەبەڕۆژە و گوێزی ھیندی و کانزاکان کراوە بۆ قژێک کە تاڵەکانی زبر و باریک و بێهێزبووە، بە مەبەستی دیاری کردنی باشترین زەیت بۆ تەندروستی قژ، توێژەرەوەکان بڕی ئەو پڕۆتینەیان پێوا کە قژ لەدەستی دەدا بە بەکارهێنانی هەریەک لەو زەیتانە پێش یاخود پاش شۆردنی قژ، ئەوەیان بۆ دەرکەوت کە زەیتی گوێزی ھیندی لە هەردوو زەیتەکەی تر زیاتر ڕێگربوو لە لەدەستدانی پرۆتینی قژ دوای بەکارهێنانی، کە ئەمەش خاڵێکی گرنگە بۆ دیاری کردنی باشی زەیتی گوێزی ھیندی بۆ تەندروستی قژ، چەورکردنی قژ بە زەیتی گوێزی ھیندی پێش شۆردنی دەبێتە هۆی ڕێگری کردن لە تێکچوونی تاڵەکانی قژ، چونکە قژ کاتێک کە تەڕە زیاتر ئەگەری لاوازبوونی تاڵەکانی هەیە ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە چەند پێکهاتەیەکی تاڵەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت کاتێک ئاو هەڵدەمژن، زەیتی گوێزی ھیندیش بڕی ئەو ئاوە کەمدەکاتەوە کە قژ هەڵیدەمژێت لە کاتی شۆردنیدا، هەروەها چەورکردنی قژ بە زەیتی گوێزی هیندی دوای شۆردنی دەبێتە هۆی نەرم بوون و خاوبوونەوەی قژ، ڕێگری دەکات لەو زیانانەی کە بە قژ دەگات لە کاتی داهێنان و خاوکردنەوەدا.


سەرچاوەکان



2083 بینین