ڤیتامین K

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-07-07-22:25:00 - کۆدی بابەت: 9320
ڤیتامین K

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

ڤیتامین K (بە ئینگلیزی: Vitamin K) ناسراوە بە ڤیتامینی لە چەوریدا تواوە، واتە لە توانایدا هەیە لە چەوریدا بتوێتەوە. لەشی مرۆڤ ئەم ڤیتامینە لە چەورییە خانەکان و جگەردا کۆدەکاتەوە. جیاواز لە ڤیتامینەکانی تر، لەش پێویستی بە بڕێکی کەم لەم ڤیتامینە هەیە بۆ ئەوەی بە تەندروستی بمێنێتەوە. ڤیتامین K زۆر بەخێرایی لە لەشدا تێک دەشکێنرێت و لەڕێگەی میز و پیساییەوە دەکرێتە دەرەوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە کە ئەگەری ژەهراوی بوون بە ئەم ڤیتامینە دەگمەنە. 

بۆچی لەش پێویستی بە ڤیتامین K هەیە؟ 

ڕۆڵی سەرەکی ڤیتامین K ئەوەیە کە لەڕێگەی دروستکردنی پڕۆتینێکەوە پێی دەوترێت پڕۆثرۆمبین (prothrombin)  ڕێگری لە خوێنبەربوون دەکات و یارمەتی کرداری خوێن مەیین دەدات، کەواتە ئەگەر کەسێک کێشەی کەمی ڤیتامین K هەبێت ئەوا ئەگەری خوێنبەربوونی زیاترە.
یەکێکی تر لە ئەرکەکانی ڤیتامین K ئەوەیە کە هەڵدەستێت بە دروستکردنی پڕۆتینێک کە پێی دەوترێت ئۆستیۆکاڵسین (osteocalcin)، بۆ بنیاتنانی ئێسک و هێشتنەوەیان بە تەندروستی. 

سەرچاوەکانی ڤیتامین K

لەشی مرۆڤ بە نزیکەیی لە (٪٧٥)ـی ڤیتامین K لەڕێگەی ئەو بەکتریا سوودبەخشانەوە دەست دەکەوێت کە لە ڕیخۆڵە ئەستوورەدا هەن. واتە سەرچاوەی سەرەکی بەرهەمهێنانی ڤیتامین K لەلایەن بەکتریا سودبەخشەکانی ناو ڕیخۆڵە ئەستوورەوەن. 
هەروەها دەکرێت ڤیتامین K لەڕێگەی خۆراکەوە دەست بکەوێت، ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین K بریتین لە: 
 • بڕۆکولی
 • بەزالیا
 • ڕووەکە گەڵا سەوزەکان وەک سپێناخ
 • جگەر
 • شیر
 • زەردێنەی هێلکە 
لەکاتێکدا ئەگەر کەسەکە کێشەی کەمی ڤیتامین K هەبوو، ئەوا دەکرێت لە ڕێگەی تەواوکەری خۆراکییەوە وەری بگرێت. 
ڤیتامین K چەند ناوێکی جیاوازی هەیە. ئەو ڤیتامین Kـەی کە لەلایەن بەکتریای ناو ڕیخۆڵە ئەستوورەوە بەرهەم دەهێنرێت پێی دەوترێت مێناکواینۆن (menaquinone)، ئەو جۆرەی لەلاین ڕووەک بەرهەم دەهێنرێت پێی دەوترێت فیلۆکوینۆن (phylloquinone) و ئەو جۆرەی لەناو تەواوکەرە خۆراکیەکاندا هەیە پێی دەوترێت مێنادایۆن (menadione).

کەمی ڤیتامین K و هۆکارەکانی 

ڤیتامین K گرنگە لە کرداری خوێنمەییندا و ڕێگری لە خوێنبەربوون دەکات. ئەگەر کەسێک بڕی ئەو ڤیتامین Kـەیەی کە ڕۆژانە وەریدەگرێت کەمتر بێت لە بڕی پێویست، ئەوا ئەگەری توشبونی بە کەمی ڤیتامین K هەیە، لە سەرەنجامدا کەمی ڤیتامین K دەبێتە هۆی خوێنبەربوون. حاڵەتی کەمی ڤیتامین K دەگمەنە بەتایبەتی لە گەنجاندا، بەڵام لە منداڵی تازەلەدایکبوودا زۆر باوە. ئەو کەسانەی دەرمانی دژەزیندەیی (antibiotic) بەکاردەهێنن دەکرێت توشی کەمی ئەم ڤیتامینە ببن، لەبەرئەوەی بەکارهێنانی دژەزیندەیی بۆ ماوەیەکی درێژ دەبێتە هۆی تێکشکاندن و لەناوبردنی بەکتریا سوودبەخشەکانی ناو ڕیخۆڵە ئەستوورە، لە ئەنجامدا سەرچاوەی سەرەکی بەرهەمهێنانی ڤیتامین K لەناو دەچێت و مرۆڤ تووشی کەمی ئەم ڤیتامینە دەبێت. 

نیشانەکانی کەمی ڤیتامین K

  • نیشانەی سەرەکی کەمی ڤیتامین K بریتییە لە خوێنبەربوون. بۆ نموونە: خوێنبەربوونی پووک، بوونی خوێن لە میزدا یان لە پیساییدا و بوونی خوێنێکی زۆر لەکاتی سوڕی مانگانەدا. 
  • درەنگ وەستاندنەوەی خوێن، کە لەلایەن پسپۆڕی تایبەت بەم باباتە دیاری دەکرێت. 
  • پوکانەوەی ئێسک.

کەمی ڤیتامین K لە منداڵی تازەلەدایکبوودا

لە منداڵی تازەلەدایکبوودا کەمی ڤیتامین K زۆر باوە لەبەرئەوەی ڕیخۆڵەی منداڵ هیچ بەکتریایەکی سوودبەخشی تێدا نییە واتە منداڵ سەرچاوەی سەرەکی بەرهەمهێنانی ڤیتامین K نییە. لەماوەی دووگیانیدا ڤیتامین K لە ڕێگەی دایکەوە ناگوازرێتەوە بۆ منداڵ لەبەرئەوەی ناتوانێ بە وێڵاشدا تێپەڕبێت. لەدوای لە دایکبوون خۆراکی سەرەکی منداڵ شیری دایک یان شیری وشک، شیری دایک بڕێکی زۆر کەم لە ڤیتامین K تێدایە کە پێویستی لەش دابین ناکات. لەبەرئەوە منداڵ لەدوای لەدایکبوون ڕاستەوخۆ دەرزی ڤیتامین K بۆ دەکرێت بۆئەوەی لە کەمی ڤیتامین K دووربێت.


سەرچاوەکان



1574 بینین