ژەهراوی بوون

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-12-15-11:40:00 - کۆدی بابەت: 7250
ژەهراوی بوون

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ژەهر بە هەر ماددەیەک دەوترێت کە زیانبەخش بێت بۆ لەش، چەندین جۆری جیاواز لە ژەهر بوونی هەیە، ماددەی ژەهراوی دەکرێت لە بەرهەمەکان ناوماڵدا بوونی هەبێت، ئەو دەرمانانەی کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ بەکارنایەن دەکرێت زیانبەخش بن، چەندین ڕێگای جیاواز هەیە کە دەکرێت کەسێک بەهۆیەوە تووشی ژەهراوی بوون ببێت، لە ڕێگای هەناسەدان، قووتدان و  مژین لە ڕێگای پێستەوە، ژەهراوی بوون دەکرێت ڕێکەوت یان پلان بۆ داڕێژراو بێت.

نیشانە

کاریگەری ژەهراوی بوون پشت دەبەستێت بە جۆری ژەهرەکە، بڕەکەی و شێوازی بەرکەوتن، هەروەها نیشانەکانی پشت دەبەستێت بە تەمەن، کێش و دۆخی تەندروستیی کەسی بەرکەوتوو، نیشانە چاوەڕوانکراوەکان بە شێوەیەکی گشتی بریتیین لە:

  • سەرگێژخواردن و ڕشانەوە.
  • سکچوون.
  • لیروو.
  • سووربوونەوە و برینی چواردەوری دەم.
  • وشکبوونی ناودەم.
  • لیک و کەفی دەم.
  • کێشەی هەناسەدان.
  • گەورەبوون یان بچووک بوونەوەی بیلبیلەی چاو.
  • سەرلێ‌شێوان.
  • بوورانەوە.
  • لەرزین یان پەرکەم.

هۆکار

چەندین ماددە بوونیان هەیە کە زیانبەخشن و دەبنە ھۆی ژەهراوی بوون، وەک:

  • بەرهەمەکانی خاوێنکردنەوەی ماڵ و گرنگیدان بە خود وەک لابەری بۆیەی نینۆک (ئەسیتۆن) و گیراوەی دەمشۆر کە زیانبەخشن بۆ منداڵ.
  • بەرهەمەکانی خاوێنکەرەوە و تاید.
  • تەنەری تەڕکردنەوەی بۆیەی دیوار.
  • دەرمانی مێرووکوژ.
  • کانزاکانی وەک قوڕقوشم.
  • جیوە کە لە گەرمی پێو و باترییە کۆنەکاندا بوونی هەیە.
  • خواردنی سەربەخۆ و بە هەڵە یان زیاد لە پێویست دەرمانی پزیشکی.
  • دەرمانی نایاسایی.
  • گازی ئۆکسیدی کاربۆن.
  • خواردنی بەسەرچوو.
  • ڕووەکی ژەهراوی.
  • ژەهری مار یان دووپشک.

دیاریکردن

پزیشک دەتوانێت ژەهراوی بوون دیاری بکات، سەرەتا پرسیار و پێداچوونەوە دەکات بۆ مێژووی بەکارهێنانی دەرمانی پزیشکی لەلایەن کەسی توشبوو یان تاقیکردنەوەی فیزیایی ئەنجام دەدات لەسەر کەسی تووشبوو، دەکرێت چەند تاقیکردنەوەیەکی تاقیگەییش داوا بکات تاکوو بزانێت هۆکاری ژەهراوی بوونەکە چییە، زۆربەی ژەهرەکان لە خوێن یان میزدا دەردەکەون.

خۆپاراستن

باشترین ڕێگا بۆ ڕێگریکردن لە ژەهراوی بوون دوورکەوتنەوەیە لە بەرکەوتن بە ماددە ژەهراوییەکان، ئەم ڕیزبەندییەی خوارەوە چەن ڕێنوێنییەکە و بە جێبەجێ کردنیان لە ژەهراوی بوون پارێزراو دەبیت:

  • هەموو ماددە خاوێنکەرەوە و پارێزەرەکانی ناوماڵ دوور بخەوە لە منداڵەکەت، دەبێت لە شوێنێکی بەرز و کلیلدراودا دابنرێن، ئەم ماددانەش وەک: دەرمان، بەرهەمەکانی خاوێنکەرەوە و ماددە کیمیاییە زیانبەخشەکانی دیکە.
  • دەستکێش و دەمامک بەکاربهێنە لە کاتی بەکاربهێنانی پاککەرەوە و ماددە کیمیاییەکاندا.
  • دووربە لە بەکارهێنانی مێرووکوژ و تەنەری بۆیە و ماددە کیمیاییەکانی هاوشێوەیان لە ماڵەوە یان لە گەراجدا.
  • ئەگەر ئەو ماددە کیمیاییانە لە ماڵەوە بەکاردێنیت ئەوا با شوێنەکەت وشک بێت، نەک شێدار.
  • ماددە کیمیاییەکان بەشێوەیەکی سەربەخۆ تێکەڵ مەکە، چونکە هەندێکیان زیاتر ژەهراوی دەبن کاتێک تێکەڵ دەکرێن، وەک سپیکەرەوە و ئەمۆنیا کە ئەگەر تێکەڵ بکرێن ئەوا گازێکی کوشندەیان لێوە دەردەچێت.
  • دەرمان و ماددەی کیمیایی لەناو قتووی خۆیاندا دابنێ و هەوڵ مەدە بیانخەیتە شتێکی دیکەوە.
  • هەر دەرمانێک کە هەڵدەگریت زانیاری لەسەر بنووسە.
  • ئەو دەرمان و ماددە خاوێنکەرەوە و پارێزەرانەی ماڵ فڕێ بدە کە کۆن بوون و بەسەرچوون.
  • زانیارییەکانی سەر هەموو بەرهەمێک بخوێنەوە.

چارەسەر

چارەسەر پشت دەبەستێت بە کەسەکە و جۆری ژەهرەکە، گرنگترین شت لەو حاڵەتەدا ئەوەیە کە بەسەر خۆتدا زاڵ ببیت و هێمن بیت، یەکەمین ڕێگا خۆ ڕزگارکردن لە ژەهرەکە و دوورخستنەوەیەتی تا دەتوانرێت، ئەگەر ژەهرەکە لە هەوادا بوو ئەوا بەخێرایی بچۆرە شوێنێکی دیکە کە هەوای پاکی تێدابێت، ئەگەر ژەهرەکە لەسەر پێست بوو ئەوا بە ئاو بیشۆ و جلەکانی لاببە، ئەگەر کەسەکە بەهۆی قوتدانەوەی ژەهراوی بوو ئەوا هەوڵ مەدە ڕێگری لە ڕشانەوەی بکەیت، هەروەها هەوڵبدە بە زووترین کات داوای ئۆتۆمۆبێلی فریاکەوتن بکەیت.

کاریگەری

بەردەوامی ژیان دوای ژهراوی بوون دەگۆڕێت، لە زووترین کاتدا نیشانەکانی ژەهراوی بوون دەردەکەون، بەڵام کاریگەرییەکانی ژەهراوی بوون جیاوازن، پشت دەبەستن بە جۆری ژەهرەکە و بڕەکەی و جۆری بەرکەوتن، هەروەها کێش و تەمەن و باری تەندروستی کەسی بەرکەوتوو، دەکرێت ژەهراوی بوون ببێتە هۆی جێهێشتنی کاریگەری کورتخایەنی وەک لیرووی پێست و نەخۆشکەوتن، لە حاڵەتە جدییەکانی ژەهراوی بوونیشدا دەکرێت ببێتە هۆی تێکشکانی مێشک و کۆما و مردن.


سەرچاوەکان



766 بینین