وێڵاش

له‌لایه‌ن: مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-05-11-16:15:00 - کۆدی بابەت: 5273
وێڵاش

ناوه‌ڕۆك

وێڵاش

وێڵاش بەشێکی نوێیە لە جەستەی دایکانی دووگیاندا، کە تەنها لەماوەی دووگیانیدا لەناو دیواری منداڵداندا دروست دەبێت و دوای منداڵبوونیش لە منداڵدان دێتە دەرەوە، وێڵاش بەرپرسی پاڵپشتی و گەشەی منداڵەکەیە.

ئەندامێکی زۆر گرنگە کە دایک و منداڵەکە دەگەیەنێت بە یەک، وێڵاش ماددەی خۆراکی و ئۆکسجین لەڕێگەی ناوکە پەتکەوە دەگەیەنێت بە کۆرپەکە و پاشەڕۆش لە منداڵەکە وەردەگرێت و فڕێی دەدات.

پێش هەفتەی ٢٠ ـی دووگیانی کێشی وێڵاش لە کێشی منداڵەکە زیاترە زۆرینەی کارەکانی منداڵەکە دەکات چونکە منداڵەکە هێشتا بە ئەندازەی پێویست گەشەی نەکردووە، بەتایبەت لە دوانزە هەفتەی سەرەتای دووگیانیدا کە ماددەی کیمیایی زیانبەخش و ڤایرۆسەکان و ژەهر دەتوانن گەشەی منداڵەکە لەناوببەن.

ئەوەی هەڵیدەمژیت و ئەو خۆراکەشی دەیخۆیت لە ڕێگەی وێڵاشەوە دەگات بە کۆرپەکەت، وێڵاش فەرمانێکی زۆر گرنگی هەیە ئەویش پارێزگاریی و پاڵپشتی کۆرپەیە، وێڵاش بەتەواوەتی کارەکەی خۆی بەباشی ئەنجام دەدات، بەتایبەت کاتێک تووشی کێشەکانی دووگیانی دەبیتەوە وەک هەوکردن.

دروستبوون و کارەکانی وێڵاش

لێرەدا باسی کارکردنە سەرسوڕهێنەرەکەی دەکەین، دوای چەقینی کۆرپەکە کە لەم کاتەدا پێی دەوترێت (blastocyst) چووەتە کۆتای جۆگەی فالوب و لە دیواری منداڵدانەوە دەچێتە ناو منداڵدان ، ئەمە ترسناکترین گەشتە کە هەر مرۆڤێک لەماوەی ژیانیدا دەیکات.

چونکە ئەگەر (blastocyst) لەماوەی حەوت ڕۆژدا نەتوانێت جێی خۆی بکاتەوە لەناو منداڵداندا، ناوەوەی دیواری منداڵدان پاکدەبێتەوە و تەنانەت نازانیت کە دووگیان بوویت، و کاتێک کە هێلکە پیتراوەکە چەقی لە منداڵداندا ئیتر کۆرپەکە دەست بە گەشەکردن دەکات.

هێلکە پیتێنراوەکە دوو ڕووی هەیە، بەشی ناوەوە و بەشی دەرەوە، بەشی ناوەوە خانەیە و دەگۆردرێت بۆ منداڵ بەشی دەرەوەشی وێڵاشە کە پارێزگاری منداڵەکە دەکات.

ئەگەر واتزانیووە کە وێڵاش تەنها ئەم کارە دەکات ئەوا هەڵە دەکەیت، وێڵاش لەگەڵ خۆراک پێدان و کردنەدەرەوەی پاشەڕۆش هاوسەنگی هۆڕمۆنەکانیش ڕادەگرێت و منداڵەکە دەپارێزێت.

ئەو هۆڕمۆنانەی کە وێڵاش هاوسەنگییان ڕادەگرێت

هۆڕمۆنی (HCG)

وێڵاش بۆ ڕێگری کردن لە لەناوچوونی منداڵەکە هۆڕمۆنی (HCG) بەرهەم دەهێنێت، ئەم هۆڕمۆنە گرنگە بۆ هاوسەنگکردنی هەردوو هۆڕمۆنی (ئیسترۆجین و پڕۆجیسترۆن)

هۆڕمۆنی (HPL)

هەروەها ڕێکخستنی هۆڕمۆنی (HPL)ـیش لە ئەستۆی وێڵاشدایە و ئەم هۆڕمۆنە دەبێتە هۆی ئەوەی کە مەمکەکان ئامادە بکات بۆ شیرپێدان، هەروەها ئەم هۆڕمۆنە بڕی شەکر، پڕۆتین و چەوری دایکەکە کۆنتڕۆڵ دەکات، تا هەمیشە ئامادە بێت بۆ کۆرپەکە.

هۆڕمۆنی ئیستڕۆجین

هۆڕمۆنی ئیسترۆجینش وەک ئەوان کۆنتڕۆڵ دەکرێت لەلایەن وێڵاشەوە، یارمەتی مەمک دەدات بۆ ئامادەکاری بۆ شیرپێدان، هەروەها بۆ ڕێگری کردن لە منداڵبوونی پێش وەختە هۆڕمۆنی پڕۆجیسترۆنیش بەرهەم دەهێنێت.

گواستنەوەی دژە تەنەکانی دایک بۆ منداڵەکە لە هەفتەی ٢٠ـی دووگیانییەوە دەست پێدەکات، ئەم دژە تەنانە منداڵەکە دەپارێزن لە بەرامبەر هەوکردنەکان، ئەم پارێزگاریکردنە بەردەوامی هەیە لەمانگەکانی سەرەتایی منداڵدا.

ئامۆژگاری بۆ ژنانی سکپڕ

ئەگەر فشاری خوێنت بەرزە و بۆ ئەم مەبەستەش دەرمان بەکار دەهێنیت، بەدڵنییایەوە زیاتر ئاگادار بەو دەرمانەکان جوان بەکاربهێنە، چونکە فشاری خوێنی دایک کاریگەری هەیە لەسەر چۆنیەتی گەیشتنی خوێن، ماددەی خۆراکی، ئۆکسجین، هەربۆیە هەر جۆرە فشارێکی بەرز یان نزم دەتوانێت کاریگەری هەبێت لەسەر وێڵاش.


سەرچاوەکان

72 بینین