برایانی ڕایت (وڵبەر ڕایت و ئۆرڤێل ڕایت)

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-07-17:03:00 - کۆدی بابەت: 1160
برایانی ڕایت (وڵبەر ڕایت و ئۆرڤێل ڕایت)

ناوه‌ڕۆك

برایانی ڕایت 

وڵبەر ڕایت ١٨٦٧- ١٩١٢ز
ئورڤیڵ ڕایت ١٨٧١-١٩٤٨ز
ئەو دوو برایە تەنێ بایەخیان بە بواری فڕین نەدەدا، ساڵی ١٨٩٦ز وەرشەیەکیان بۆ دروستکردن و فرۆشتنی پاسکیل کردەوە. دوای تەواوکردنی خوێندن یەکەم کاریان دەرکردنی ڕۆژنامەیەک بووە.
ھەرچەند پێش ئەو دووبرایە چەند کەسێک ھەوڵی دروست کردنی فڕۆکەیان دابوو، بەڵام بە کارەساتی دڵتەزێن ھەوڵەکانیان پوچاوەتەوە و بە ھۆی ڕووداوی فڕۆکەوە گیان دەسپێرن.

ئەو دووبرایە بە یەکەوە بە وردی بیر لەم بابەتە دەکەنەوە، سەرەتا ساڵی ١٩٠٠ز فڕۆکەیەکی بێ ماتۆڕیان دروست کرد، جێگەی تەنیا یەک کەسی تێدا دەبویەوە، ویستیان پێی بفڕن، بەڵام شکستی ھێنا و سەرکەوتو نەبوون. دواتر فڕۆکەیەکی دیکەیان دروست کرد، وەلێ ئەو جارەش نەیانتوانی سەرکەوتن بە دەست بێنن. جاری سێیەم ھەوڵەکانیان سەری گرت و زیاتر لە سەد جار بە ئاسماندا سووڕانەوە. 
برایانی ڕایت ١٧ی کانوونی یەکەمی ١٩٠٣ز، یەکەم تاقیکردنەوەیان لەسەر فڕین لە نزیک شاری (کیتی ھوک) لە باکووری کارۆلینادا بە سەرکەوتووانە جێبەجێ کرد. سەرەتا (وڵبەر) لە فرینی فڕۆکەکە شکستی ھێنابوو، بەڵام دواتر ئۆرڤیڵ کارەکەی بە سەرکەوتوی ئەنجامدا، لە دوانزە چرکەدا ٢٢٠ پێی بڕی. پاشان وڵبەر لە ٥٩ چرکەدا ٨٥٢پێی بڕی. لە کۆتای ئەو ڕۆژەدا ھەردوو برا، سەرکەوتنێکی مەزنیان لە بواری فڕیندا بە دەست ھێنا. 
لە ساڵانی دوای فڕۆکەکەیان نوێ کردەوە و بە شێوەیەکی نایاب و دڵگیر نیشانی خەڵکیان دا، وڵبەر لە فەڕەنسا پێشانگایەکی بۆ کردەوە، خەڵک پۆل پۆل دەھاتن سێریان دەکرد. دوای چەند ڕۆژێک ئۆرڤیڵیش لە (فرجینیا) پێشەنگایەکی بۆ کردەوە.
دووای ساڵێک نێوبانگی ئەو دووبرایە ھەموو دنیای پڕ دەکات، لە چەندان لاوە کۆمەک دەکران، چەندان فڕۆکەی بازرگانییان دروست کرد، لە ئەمریکا و ئەورووپا سەرکەوتنێکی زۆر مەزنیان وەدەست ھێنا.

پوختەیەک لە ژیانیان

 • ھەردووکیان خەڵکی ئەمریکان.
 • وڵبەر تاولەرزێکی توند دەگرێت و لە ساڵی ١٩١٢ز، کۆچیدوایی دەکات. 
 • ئۆرڤیڵ دەبێتە ماخۆی پارەوپوولێکی زۆر، بە تایبەتی وەختێک پڕۆژەی خۆی و برا کۆچکردووەکەی دەفرۆشێت.


سەرچاوەکان



722 بینین