ڤایرۆسی کۆمپیوتەر و خۆپاراستن لێی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-06-21:56:00 - کۆدی بابەت: 2049
ڤایرۆسی کۆمپیوتەر و خۆپاراستن لێی

ناوه‌ڕۆك

ڤایرۆسی كۆمپیوتەر چییە و چۆن بتوانم خۆم لێی بپارێزم؟

ڤایرۆسی كۆمپیتەر چییە؟

ڤایرۆسی كۆمپیتەر بریتییە لە كۆمەڵێك كۆدی خراپ، كە داڕێژراوە لە ئامێرێكەوە بگوازرێتەوە بۆ ئامێرێكی تر، یەكێكە لە بەشە لاوەكییەكانی سیخوڕیكردن كە خۆی كۆپی دەكات و زیان بە ئامێرەكان دەگەیەنێت و زانیارییەكانت دزەپێدەكات.
بیر لە ڤایرۆسێكی بایۆلۆجی بكەرەوە، ئەو ڤایرۆسانەی كە تووشی نەخۆشیمان دەكەن. كە زۆر مەترسیدارن و تەندروستیت تێك دەدەن، هەندێك كات پێویستی بە دەرمانێكی زۆر بەهێزە بۆ لەناوبردنی. ڤایرۆسی كۆمپیتەریش بەهەمان شێوەیە، بەشێوەیەك داڕێژراوە كە خۆی كۆپی بكات و ئەو پڕۆگرام و زانیارییانەی كە لە كۆمپیتەرەكتدا هەیە تێكیان بدات، هەندێك جار دەبنە لەكارخستنی كۆمپیتەرەكەت.

ڤایرۆس چی لە كۆمپیتەر  دەكات؟

هەندێك لە ڤایرۆسی كۆمپیتەر بەشێوەیەك داڕێژراون كە زیان بە پڕۆگرامەكانی ناو كۆمپیتەرەكەت بگەیەنن، یاخود سڕینەوەی زانیارییەكانت و فۆڕماتكردنی هاردەكانت، وە هەندێكییان نێتۆركی كۆمپیتەرەكەت تێكدەدەن و ناهێڵت بچیتە ناو وێب سایتەكانەوە، جۆرێكی كە لە ڤایرۆسەكان ڕامی كۆمپیتەرەكانمان دەگرن و وای لێدەكەن لە ناكاو بكوژێتەوە.

چۆن كۆمپیتەر تووشی ڤایرۆس دەبێت؟

هەرچەندە وریابیت، دەكرێت كۆمپیتەرەكەت تووشی ڤایرۆس ببێت لەڕێكەی هەندێك كاری ئاسایی كە ڕۆژانە لە وێب سایتەكان دەیكەیت وەك:

  • ناردن یان وەرگرتنی گۆرانی، فایل، وێنە لەگەڵ بەكارهێنەری تردا.
  • سەردانی كردنی وێبسایتە مەترسیدارەكان.
  • كردنەوەی ئەو فایلانەی كە لەڕێگەی ئیمەیڵە نەناسراوەكانەوە بۆ دێت.
  • داونلۆدكردنی بەرنامە و یارییە خۆڕاییەكان كە لە بنەڕەتدا بە پارەن.
  • دابەزاندنی بەرنامە تازە و نەزانراوەكان بەبێ خوێندنەوەی مەرجەكانی.

چۆن ڤایرۆسی كۆمپیتەر بڵاو دەبێتەوە؟

ڤایرۆسی كۆمپیتەر  بە چەند شێوەیەك بڵاو دەبنەوە، لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە، سی دی، یاخود ئەو فایلانەی لكێنراون بە ئیمەیڵە نەناسراوەكانەوە، هەروەها داتا هەڵگرەكان وەك (USB). بەڵام لە سەردەمی زوودا زۆربەی ڤایرۆسەكان لە ڕێگەی (floppy disks)ەوە دەگوازرانەوە. لە ئێستادا زۆربەی وێبسایتە بچووك و نەناسراوەكان هەڵگری ڤایرۆسن، بۆیە پێویستە وریابین لە كاتی كلیك كردن لە لینكی وێب سایتەكان. بەپێی (U.S. Cybersecurity and Infrastructure Security Agency) باوترین ڕێگە بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكان ئەو ئیمەیلە نەناسراوانەن كە فایلیان پێوە لكێنراوە.

نیشانەكانی ڤایرۆسی كۆمپیتەر چییە؟

كۆمپیتەرەكەت تووشی ڤایرۆس بووە گەر ئەم نیشانانەی تێدا هەیە:

  • خاوبوونەوەی كۆمپیتەرەكەت.
  • ڕەفتاری ناتەواوی كۆمپیتەرەكەت وەك، (داخرانەوەی بەرنامەكانت بەبێ هۆكار).
  • سڕانەوەی داتاكانت بەبێ هۆ.
  • كوژانەوەی لەناكاوی كۆمپیتەرەكەت.

چۆنیەتی لەناوبردنی ڤایرۆسی كۆمپیتەرەكەت

دژە ڤایرۆسەكان بەرەوپێشچوونێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە لە ڕێگریكردن لە ڤایرۆسەكان. كاتێك كۆمپیتەرەكەت تووشی ڤایرۆس دەبێت، باشترین ڕێگە بۆ لەناوبردنی بریتییە لە دابەزاندنی دژە ڤایرۆسێكی بەهێز، زۆربەیان لە كاتی دابەزاندنیاندا گەڕانێك دەكەن بەناو كۆمپیتەرەكەتدا بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسەكان، پاشان چەند ڕێكارێكت دەخاتە بەدەست بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسەكە.

چەند نموونەیەك لە ڤایرۆسی كۆمپیتەر

لە 2013 ڤایرۆسی (Gameover ZueS) كە لەجۆری (botnet)ـە بەناو ئینتەرنێتدا بڵاوبوویەوە و چەندین كۆمپیتەری تووشكرد كە بویە هۆی دزینی پارە. ئێستە ڤایرۆسەكان لەگەڵ بەرنامەی تر تێكەڵدەكرێن كە پێیان دەوترێت (malware)، كاری سەرەكی ئەم بەرنامانە تێكدانی كۆمپیتەرەكەتە.
ئەمانەی خوارەوە چەند جۆرێكی باوی (malware)رە:

كرم (worm): ئەم جۆرە ڤایرۆسانە پێویستی بە كرداری بەكارهێنەر نییە بۆ بڵاوبوونەوەی لە ئامێرێكەوە بۆ ئامێرێكی تر.
ترۆجان (trojan): ئەو جۆرە ڤایرۆسانەن كە لە شێوەی بەرنامەی باوەڕپێكراو خۆیان حەشاردەدەن بەناو كۆمپیتەرەكەتدا بڵاو دەبنەوە.
ڕانسۆموێر (ransomeware): ئەم جۆرە ڤایرۆسە هەڵدەستێت بە داخستن و قفڵ كردنی داتاكانی ناو كۆمپیتەرەكەت، داوای پارەت لێدەكات بۆ كردنەوەی.

چۆنیەتی پاراستنی كۆمپیتەرەكەت لە ڤایرۆس

كاتێك خۆت پڕ چەك دەكەیت بە زانیاری، زۆر زەحمەت دەبێت كە كۆمپیتەرەكەت تووشی ڤایرۆس ببێت. لێرەدا چەند خاڵێك دەخەینەڕوو كە یارمەتی پاراستی كۆمپیتەرەكەت دەدەن.

  • دژەڤایرۆس و فایەرواڵ (firewall) بەكاربهێنە.
  • بەرنامەی دژەسیخووڕی بەكاربهێنە.
  • هەمیشە ڤێرژنی دژەڤایرۆسەكەت تازە بكەوە.
  • ڤێرژنی سیستەمی كۆمپیتەرەكەت تازە بكەرەوە.
  • سكیورتی (پاراستن)ی براوزەرەكەت زیاد بكە.
  • دوور بكەوە لە وێبسایتە باوەڕپێنەكراوەكان.
  • بەرنامە لە وێبسایتە باوەڕپێكراوەكانەوە داببەزێنە.
  • وریای ئەو بەرنامانە بە كە بە خۆڕایی لە وێبسایتەكانەوە دایان دەبەزێنیت.
  • ئیمەیڵی نەناسراو مەكەرەوە.

كۆمپیتەری نەپارێزراو وەك دەرگایەكی كراوە وایە بەڕووی ڤایرۆسەكاندا، بۆیە كاری سەرەكی فایەرواڵ و دژەڤایرۆسەكان ڕێگرتنە لەو ڤایرۆسانە.
هەرچەندە دژەڤایرۆسی خۆڕایی زۆر هەن بەڵام ناتوانن هەموو جۆرە ڤایرۆسێك بوەستێنێت، بۆیە باشتر وایە دژە ڤایرۆسێكی بەهێز داببەزێنیت و هەمیشە نوێی بكەیتەوە بۆ ئەوەی بە پارێزراوی بتهێڵێتەوە. 

 


سەرچاوەکان



7942 بینین