کۆنفۆشیۆس

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-10-21:34:00 - کۆدی بابەت: 2138
کۆنفۆشیۆس

ناوه‌ڕۆك

کۆنفۆشیۆس
٥٥١ - ٤٧٩ پ.ز

فەیلەسووفی مەزنی چینی کۆنفۆشیۆس... بە دامەزرێنەری ئەو (ڕژێمە هۆزاکیانە) دادەنرێت کە بیرکردنەوەی سەرانسەی گەلانی جیهانی هەژاندبوو، فەلسەفەکەی دامەزراوە لەسەر خووڕەوشتی مەردایەتی و لەسەر ئەو چەمکەی کە دەبێت میری بەوپەڕی ڕێکوپێکییەوە لە خزمەتگوزاری گەلدا بێت.
ئا بەم شێوە و ڕێبازە دەسەڵاتی کێشباوە سەر ناخی ژیان و ڕۆشنبیرانی چینەوە بە درێژایی دوو هەزار ساڵێک، تەنانەت ئەو ماوەیە کارێکی گەورەشی کردبووە سەر بەشێکی فراوان لە دانیشتوانی جیهان.
کۆنفۆشیۆس نزیکەی ٥٥١ پ.ز لە میرنشینێکی بچووکدا کە پێی دەوترا (لۆ) لەدایک بووە کە ئێستا هەرێمێکی سەر بە (شانتانگا)یە لە باکووری چیندا.
بە منداڵی باوکی مردووە ئیتر دایکی بە کولەمەرگی ژیانوویەتی، کە گەیشتۆتە تەمەنی لاوێتی بۆتە فەرمانبەرێکی بچووک لە دەوڵەتدا بەڵام پاش ماوەیەک وازی لە فەرمانبەریش هێناوە و کەوتۆتە بڵاوکردنەوەی ئامۆژگارییەکانی بۆ ماوەی ١٦ ساڵ، لەو ماوەیەدا زۆر لە شاگردان و یارانی لێکۆبووەوە، لە تەمەنی ٥٠ ساڵیدا دەوڵەت زۆر ڕێزی لێگرت، لە پاداشتی ئەو خزمەتەیدا خرایە پلە و ئاستێکی بەرز لە لایەن دەوڵەتی (لۆ) وە.

بەڵام چوار ساڵ زیاتری نەخایاند کە ناحەزانی کۆشک کەوتنە گزیری و پیلانگێڕان لێی تا بوونە هۆی دەرکردنی و دوورخستنەوەی لە دەوڵەت.
لە نزیکەی ١٣ ساڵی دواییدا وەک مامۆستایەک گەڕۆکانە دەیبردەسەر. بەڵام لە ٥ ساڵی دواژیانیدا گەڕایەوە وڵاتەکەی و لە ساڵی ٤٧٩ پ.ز دا مرد. کۆنفۆشیۆس لە ڕواڵەتدا بەنادەرێکی ئایینی دادەنرێت بەڵام بەم پەسن و لێ ورد بوونەوەیە لەوەدەکات کە دووربێت لەوەی کە ڕێبازگەیەکی ئاینی دابنرێت، چونکە نە بە کەم وە نە بە زۆر ئەوەندەی ناوی خواوەند نابات و نەیشی ویستووە لە ژیانی دوامەرگیدا (دوا جیهانی) بدوێت و تەنانەت دووریش بووە لە هەموو تێڕامانێکی میتافیزیکەوە، لەبەر ئەوە زیاتر وەک فەیلەسوفێکی جیهانی دەناسریت کە بایەخی دانابێت بە خوو ڕەوشتی مەردوم و سیاسەت و خۆش ڕەفتاری.
دوو زانست نەرێت و گرنگن لای کۆنفۆشیۆس، ئەویش (جن) و (لی)یە. جا ژیانی مەردومی نموونەیی پەیوەست و سەروومڕی ئەم دووانەیە. (جن) ناسراوە بە میهرەبان و خۆشەویستی، واتە خەمخواری میهرەبانی لە نێو برایانی مەردومدا، بەڵام (لی) ناسراوە بە نریت و ڕەوشت و ئەتەکییەت و شۆخ و شەنگی و بەناوبانگی. لە ئامۆژگارییەکانیدا زۆر بایەخی داوە بە ژیانی خێزانداری و ڕێزگرتنی دایک و باوک، هەروەها پەیڕەوی و سەرنەوایی ژن بۆ مێردەکەی، گەل بۆ فەرمانڕەوایانی. لەگەڵ ئەمانەشدا زۆر سەرنج پەرێزیش بووە، لەو بڕوایەدا بوو کە چەرخی زێڕین زۆر دەمێکە ڕابوردووە. هانی دەسەڵاتداران و گەلی دەدا کە بگەڕێنەوە سەر هەڵسەنگاندنە دێرینەکان دەربارەی خووڕەوشت.
کاتی خۆی لە سەردەمی پاشایەتی بنەماڵەی (هان) دا فەرمانبەرانی دەوڵەت هەڵدەبژێران بە تاقیکردنەوە، جا بەشێکی زۆر لەو پرسیارانەی کە لەو کەسانە دەکران بریتی بوو لە ئامۆژگارییەکانی کۆنفۆشیۆس، بەڵام لەم دواییەدا پلە و ناوازی هاتە خوارەوە چونکە چینی کۆمۆنیست شاڵاوێکی توندی کردە سەر کۆنفۆشیۆس و پەیڕەوانی، لەوانەیشە هەر ستارەی گەشی زیاتر بەرەو کزی بڕوات کە لە دەمێکیشدابوو تەواو ڕەگی خۆی داکوتابوو. زۆر سەیریش نییە چاوەڕوان بکرێت پاش ٥ ساڵ یان ١٠٠ ساڵی تر فەیلەسووفێکی وەها هەڵبکەوێت و یەکانگیر بسازێنێت لە نێوان ئامۆژگارییەکانی کۆنفۆشیۆس و ماوتسی تۆنگ دا.


سەرچاوەکان



2250 بینین