ناکۆکی خێزانی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-16-20:14:00 - کۆدی بابەت: 2307
ناکۆکی خێزانی

ناوه‌ڕۆك

ناکۆکی خێزانی

ناساندنی ناکۆکی

دەتوانین بڵێین ناکۆکی نە کارێکی باشە و لە هەمانکاتیدا نە کارێکی خراپ، چونکە ئەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی دروست بوونی ناکۆکی، بە شێوەیەکی ڕۆژانە ڕوودەدەن، بۆ نموونە لەوانەیە هەڵوێست وەرگرتنێک لە بیر و بۆچوونی کەسێک یان هەڵسوکەوتی کەسێک ببێتە هۆی دروست بوونی ناکۆکی، یان تێنەگەیشتن لە بیر و بۆچوونی کەسێک یان تێنەگەیشتن لە هەڵسوکەوتی کەسێک ببێتە هۆی دروست بوونی ناکۆکی.

هاوکاری و ناکۆکی

بێگومان کاتێک مرۆڤەکان هەڵسوکەوت لەگەڵ یەک دەکەن و بیر و بۆچوون لەگەڵ یەک ئاڵوگۆڕ دەکەن، کارلێکی کۆمەڵایەتی لە نێوانیان دروست دەبێت، هەر کارلێکێکی کۆمەڵایەتیش کار و کاردانەوەی خۆی هەیە بە هەردوو ڕووی پۆزەتیڤ و نەگەتیڤی، واتە دەتوانین بڵێین هاوکاری و ناکۆکی دوو ڕووی یەک پارەن، چونکە کاتێک تاکێک هەڵسوکەوتێک دەکات لە ناو کۆمەڵێک، ئەوا ڕووبەڕووی کاردانەوە دەبێتەوە لە لایەن تاکەکانی ئەو کۆمەڵە، جا چ کاردانەوەکە پۆزەتیڤ بێ یان نەگەتیڤ بێ.
شێوازی نواندنی ئەم هەڵسوکەوتە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێ، بۆ نموونە لە کەسێکی نەزانەوە بۆ کەسێکی زانا جیاوازە، واتە بەوەی کەسە نەزانەکە ناتوانێت ناکۆکی یان ئەو شتەی لە دڵیدایە بیشارێتەوە لەگەڵ ئەو کەسەی حەزی پێ ناکا، بەڵکو زۆر بە ئاشکرا باسی دەکات و چاوەڕێی هەلێک دەکا بەسەر ناحەزەکەی سەرکەوێ، بەڵام ئەم حاڵەتە لای کەسێکی زاناوە جیاوازە، بەوەی هەرچەندە ناکۆکی هەبێ لەگەڵ کەسێک یاخود حەزی پێ نەکا، ئەوا بە هیچ شێوەیەک ڕاستەوخۆ دەری نابرێ، بەڵکو دەتوانێت کۆنترۆڵی بیرکردنەوە و قسەکردنی خۆی بکات و پەردە پۆشی بکات بە ئایات و فەرموودە یاخود بە خۆشەویستی نیشتیمان و بەرژەوەنی گەل، بەڵام لە ڕاستیدا تەنها لە پێناو بەرژەوەندی خۆی دەجەنگێ و هیچی تر نا.
(صموئیل بتلر) پێی وایە ژیانی کۆمەڵایەتی بریتییە لە تاڵە دەزوو و چەقۆ، دەزووەکە خەڵکەکە بە یەکەوە دەبەستێتەوە و چەقۆیەکەش ئەو دەزووە دەپچڕێنێت، واتە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ناتوانین بێ بەشی بکەین لە ناکۆکی هەروەکو ناتوانین بێ بەشی بکەین لە هاوکاری، چونکە هەردوولاش پێویستن بۆ بەردەوام بوونی ژیانی مرۆڤ، چونکە هیچ کام لە ناکۆکی و هاوکاری پەیدا نابن، تاوەکو ئەوی تریان پەیدا نەبێت، واتە تەواوکەری یەکترن، بۆ نموونە کاتێک سەیری خێزان دەکەین بەوەی هەموو تاکەکان خۆشەویست و هاوکاری یەکترن، بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو خۆشەویستییە و هاوکاری کردنەی یەکتر، لە پڕ گوێمان لە هاوار و ناکۆکی تاکەکانی دەبێت، هەروەکو پەندێکی عەرەبی هەیە دەڵێت (الأقارب کالعقارب)، واتە خزم و کەس وەکو دووپشک وان.
نموونەیەکی تر: ئەگەر چاودێری منداڵێک بکەین لە کاتی گەشەکردنیدا دەتوانین هاوکاری و ناکۆکی تێدا بەدی بکەین لە یەک کاتدا، وەک کاتێک منداڵێکی هاوتەمەنی خۆی دەبینێ و یاری لەگەڵدا دەکا، بەڵام هێندەی پێناچێ دەبێتە دەمەقاڵێ و شەڕیان و دەست بە گریان دەکا، داوای یارمەتی لە دایک و باوکی دەکات بۆ ئەوەی هاوکاری بکەن لە سەرخستنی بەرامبەر دوژمنە تازەکەی.

ناکۆکی لە ناو خێزان

دوای ئەوەی کە زانیمان ناکۆکی چییە، زۆر پێویستە بزانین ناکۆکی خێزانی چییە، تاوەکو بتوانین هاوکاری هەردوولایەن (ژن و مێرد) بکەین، بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی تەندروست، جا ئەگەر هاتوو پارێزگارییان لە مانەوەی خێزانەکە کرد یاخود لە یەکتر جیابوونەوە، بۆیە لێرە چەند لایەنێک دەخەینە ڕوو سەبارەت بە ناکۆکی خێزانی.

ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکان

هەموو مرۆڤێک چەند ڕۆڵێکی کۆمەڵایەتی دەبینێت، وەکو ڕۆڵی باوک، دایک، پیاو، ژن، کوڕ، کچ، برادەر، فەرمانبەر ...هتد، بێ گومان هەر یەکێک لەم ڕۆڵانە بە شێوەیەکی جیا لە ڕۆڵەکەی تر ئەنجام دەدرێت.
زۆر گرنگە ئەوە بزانین ڕۆڵی ژن و مێرد لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر جیاوازە، هەروەها لە خێزانێکەوە بۆ خێزانێکی تر جیاوازە، هەرچەند لێک چوونێک هەیە لە نێوان خێزانەکان، بەڵام ناتوانین دوو خێزان وەک یەک ببینین لە هەموو ڕوویەکەوە لە یەک بچن، چونکە باکگڕآوندی کۆمەڵایەتی و عەشیرەت و بنەماڵە و شێوەی خێزان و ژینگە و ئاستی خوێندن و پیشە و ئاستی ئابووری ...هتد، هۆکارن بۆ ئەوەی مرۆڤەکان لێک جیاواز بن، زۆرجاریش بەهۆی بوونی جیاوازی لە نێوان مرۆڤەکان کێشە دروست دەبێت.

بۆیە دەتوانین بڵێین کێشە دروست دەبێت بەهۆی

شێوازی ژیانی پیاو و ئافرەت و منداڵ لە خێزان

واتە ئەگەر تەماشای خێزان بکەین لە کۆمەڵگایەکی عێڕاق بە گشتی، دیاردەیەک دەبینین، کە وێنەی کەمە لە کۆمەڵگاکانی تری مرۆڤایەتی، ئەویش دیاردەی دابەش بوونی تاکەکانیەتی لە شێوازی ژیان لە نێوان پیاو و ئافرەت و منداڵ.
هەروەکو دەزانین خێزان پێک دێت لە ژن و مێرد و منداڵ، بەڵام لە کۆمەڵگای عێڕاقی کە ئێمەش وەکو هەرێمی کوردستان بەشێکین لێی، واتە هەمان جیاوازی ژیان پەیڕەو دەکەین، دەبینین هەر یەکێکیان بە شێوازێک دەژی کە جیاوازە لە شێوازی ژیانی ئەوی تر، بۆ نموونە: ئافرەت لە ماڵەوە کار دەکات، هەرچەندە هەندێ گۆڕانکاری ڕوویداوە، بەوەی ئافرەتێکی زۆر دامەزراون و لە دەرەوە کار دەکەن، بەڵام لە کۆش ئیش و کارەکانی ماڵەوە نەبوویتەوە و هەموو ئیش و کارەکانی ماڵەوەشی لەسەر شانە.
واتە دەتوانین بڵێین بەهۆی چوونە دەرەوەی ئافرەت، ئەرکی سەرشانی قورستر بووە، بەوەی لە دەرەوە و لە ماڵەوە کار دەکات، هەرچی پیاوە ئیش و کاری لە دەرەوەیە، ئەگەر هاتوو بێ ئیش و کاریش بێت، ئەوا لە ماڵەوە نابێت و یارمەتی ژن و منداڵی نادات، بەڵکو ڕوو لە گازینۆ و چایەخانەیەک دەکات و کاتی تێدا بەسەر دەبات، هەر بۆیە دیاردەیەکی تری سەیر دەبینین لە عێراق، ئەویش زۆری ژمارەی گازینۆ و چایەخانەکانە، کە لە بچووکترین شارۆچکە تاوەکو گەورەترین شار دەبینین گازینۆ و چایەخانەی لێیە و پڕیەتی لە پیاو، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری سەیرکردنی پایەی ئافرەت لە کۆمەڵگا، چونکە لە کۆمەڵگا بە چاوێکی کەمتر سەیری ئافرەت دەکرێت و ناهێنرێتە ڕیزی پیاوان، هەر بۆیە پێویست ناکات پیاو هەموو کات لە ماڵەوە بێت و لە دیار ژنەکەی دابنیشێت، بێگومان ئەم بۆچوونەش پاشخانی مێژوویی خۆی هەیە، ئەگەر بێتو سەیری سەردەمی پێش ئێستا بکەی، واتا ساڵانێکی زۆر بەر لە ئیستا کاتێک پیاو ئیش و کاری نەبووبێت، ئەوا لە بری ئەوەی چووبێتەوە ماڵەوە، ڕووی کردۆتە دیوەخانی ئاغا و کوێخا تا درەنگانی شەو لەوێ کاتی بەسەر بردووە، ئەگەرنا ئەوا نازناوی ئۆمەر و خدر و ژنانیی بەسەردا بڕاوە، بۆ نموونە: دەڵێن کاتی خۆی ڕۆژێکیان ئاغایەک پیاوەکانی گوندی کۆدەکاتەوە، بۆ ئەوەی بزانێ کامەیان زۆر توند و پیاوانەیە و کامەیان نەرم و ژنانەیە (بەپێی بۆچوونی کۆمەڵگا)، ئاغا دەڵێتە پیاوەکانی کێ وەکو من ئازا و بەجەرگە و لە ژنەکەی ناترسێ با بێتە لای من دانیشێ و کێ لە ژنەکەی دەترسێ و ترسنۆکە با بچێتە ڕیزەکەی بەرامبەرم، کاتێ پیاوەکانی گوند بڕیاری خۆیان دەدەن و هەریەکیان دەچنە ڕێزێک، لەو ناوەدا پیاوێک دەمێنێتەوە ناوی (خدر)ـە، ئاغا دەڵێ ها خرد بۆ لایەک هەڵنابژێری و بڕیارێک نادەی، کابرای ناو خدریش دەڵێ ئاغام خۆش بی بڵێم چی، با بچم پرسیارێک بە فاتەی ژنم بکەم بزانم ئەو کامە لا هەڵدەبژێرێ، بۆ ئەوەی بڕیار بدەم.
بۆیە دەبینین، ئەگەر هاتوو پیاوێک پرسی بە خێزانی خۆی کرد و بیر و بۆچوونی لەسەر بابەتێک یان کێشەیە وەرگرت، ئەوا کۆمەڵگا نازناوی ئۆمەر یان خدر ی بەسەر دادەبڕێت، بەمەش دابونەریتی کۆمەڵایەتی لە گوند و دێهاتەکان لە دیوەخانی ئاغا گوازراوەتەوە بۆ گازینۆ و چایخانەکانی شار، هەر بۆیە دەبینین پیاو پارووی کۆتایی نان خواردنەکەی قوت نادات، دەردەپەڕێ بۆ ئەوەی چایەکەی لە چایەخانە بخواتەوە.
سەبارەت بەمنداڵیش، ئەوا هەموو یاری و کات بەسەر بردنێکی لە کۆڵانە، تەنها بۆ خەوتن و نووستن نەبێت دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، بۆیە ئەگەر سەیری شێوازی دروست کردنی خانووش بکەین دەبینین هیچ جێگا و ڕێگایەک نییە بۆ منداڵ و بە هیچ جۆرێک بیری لێ نەکراوەتەوە، بەڵکو هەمیشە بیرمان لەوەیە کە کۆڵانێک هەیە بۆ ئەوەی بچێت یاری تێدا بکات و کاتی تێدا بەسەر ببات، بەمەش هەموو کات منداڵ لە دەرەوە و کۆڵانی لە لا خۆشترە وەک لەوەی لە ماڵەوە بێت.
ئەگەر ئەمە شێوازی ژیانی تاکەکانی خێزان بێت لە کۆمەڵگاکەمان، بێگومان لەیەکگەیشتن ڕوونادات، هیچ کاتێکیش ناتوانن چارەسەر بۆ کێشەکانیان بدۆزنەوە، چونکە تەنها چەند کاتێکی کەم بە یەکەوەن، کە ئەویش کاتی خواردن و نووستنە، بەمەش بەوە ڕاناگەن چارەسەر بۆ کێشەکانیان بدۆزنەوە.

بزر بوونی ڕۆڵ

هەر وەکو باسمان کرد هەموو مرۆڤێک بەهۆی خێزان و ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییەی تیایدا گەورە بووە، هەروەها بەهۆی خوێندن و سەفەر کردن و کارکردن ....هتد، فێری جۆرە زانیارییەک و هەڵسوکەوتێک بووە، جیاوازە لە مرۆڤێکی تر، جا بەهۆی ئەو هەموو جیاوازیەیە کە هەیە ئەو ژن و مێردە ئەگەر هاتوو لە سەرەتا بە شێوەیەکی ڕوون و دروست ڕێکنەکەون لەسەر ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکان، ئەوا تووشی شکست و ناڕەحەتی دەروونی دەبن، چونکە هەر یەکێکیان چاوەڕێی چەندین هەڵوێست و هاوکاری لەوەکەی تر دەکات، بە بێ ئەوەی بە یەکتر بڵێن، بۆ نموونە: مێردەکە گلەیی و گازاندە لە ژنەکەی دەکات ئەگەر هاوکاری نەکات لە هێنانی جل و بەرگی بۆ ئەوەی لەبەری بکات، بەڵام ژنەکە چاوەڕێی ئەوەی ناکات کە ئەمە ئەرکی ئەوە وەکو ژن، بەڵکو هەست بە ناڕەحەتی دەکات، بەڵام مێردەکە وا دەزانێ کە ئەمە ئەرکی ژنەکەیەتی و پێویست ناکات پێی بڵێ، بۆیە ئەگەر هاتوو توانایەکی کۆمەڵایەتیی باشیان نەبوو لە چآرەسەرکردنی گرفت و لەگەڵ یەکتر گفتوگۆ نەکەن، ئەوا کێشەکە بەرە بەرە گەورە دەبێت و توانای چارەسەر کردنیش کەم دەبێت، بۆیە زۆر پێویستە لە سەرەتای ژیانی هاوسەری ژن و مێرد ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ یەک باس بکەن و یەکلایی بکەنەوە.

ناکۆکی لە نێوان ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکان

لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخی ژیان ڕۆڵی ژن و مێردیش گۆڕانکاری بەسەردا دێت، واتە هەر یەکەیان چەند ڕۆڵیکیان بۆ زیاد دەبێت کە لەمەوپێش ئەو ڕۆڵەیان نەبووە، بەمەش بارگرانییەک دەکەوێتە سەر شآنی هەر یەک لەو ژن و مێردە، کە لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی نەتوانن هەموو ئەو ئەرکەی کە لەسەر شانیانە جێبەچێی بکەن، بەمەش تووشی کێشە و دڵتەنگی و ناڕەحەتی دەبن، بۆ نموونە: ئافرەتەکە ڕۆڵی ژن و دایک و خوشک و فەرمانبەر لە یەک کاتدا دەبینێ، کە ئەمەش لەوانەیە نەتوانێ هەموو ئەو ڕؤڵانەی لەسەر شانییەتی بە شێوەیەکی جوان و ڕێکو  پێک ئەنجامی بدا، چونکە زۆر ماندوو دەبێ، بەمەش لەوانەیە تووشی نائومێد و دڵتەنگی بێ، سەبارەت بە پیاویش بە هەمان شێوە زیاتر لە ڕۆڵێک ببینێت وەک باوک و مێرد و کوڕ و برادەر و فەرمانبەر لە یەک کاتدا بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی ژیانیان دابین بکەن، ئەو شتانەی یاخود ئەو کەل و پەل و پێویستیانەی وەکو پێویستی لاوەکی و جوانکاری (کمالیات) وەک: تاخم قەنەفە، زیاتر لە سەیارەیەک، زیاتر لە تەلەفزیۆنێک، زیاتر لە مۆبایلێک، زیاتر لە کۆمپیوتەرێک لە ماڵێک سەیری دەکرێت، دەبنە پێداویستی سەرەکی وەکو نان و ئاو و جێگای حەوانەوە، بۆیە لێرەدا زۆر پێویستە ئەو ژن و مێردە پێداچوونەوەیەک بە ژیانیاندا بکەنەوە و دووبارە ڕێکی بخەنەوە بە شێوەیەک لەگەڵ توانا و بارودۆخی ژیانیان بگونجێت، هەروەها زۆر پێویستە ئاگاداری هەوڵ و کۆششی یەکتر بن و کەم تەرخەمی لە یەکتر نەبینن یاخود کەم و کوێری لە یەکتری نەدۆزنەوە.

داگیرکردنی ڕۆڵ

سەرچآوەی دەسەڵات و کاریگەری ئەو دەسەڵاتە لە خێزانێکەوە بۆ خێزانیکی تر جیاوازە، ئەو سەرچاوەیەش خۆی دەبینێتەوە لە زانست و زانیاری یان لە سەروەت و سامان یان لە نزیکی و خزمایەتی یاخود لە پلە و پایەی کۆمەڵایەتی ...هتد.
ئەگەر هاتوو دەسەڵات لە خێزان بە شێوەیەکی ناڕێک و نا دروست دابەش بکرێت، ئەوا لەوانەیە ببێتە هۆی ئەو ئەندامەی دەسەڵاتێکی زۆری پێدراوە ڕۆڵی ئەندامێکی تر داگیر بکات، بۆ نموونە: خەسوو هەوڵی ئەوە دەدات ڕۆڵی بووکەکەی بزر بکات یاخود لاوازی بکات وەکو ژن، هەروەها وەکو دایکیش، چونکە ژنی کوڕەکەیەتی و هەروەها دایکی منداڵەکانی کوڕەکەیەتی.
یاخود منداڵێکی ئیشکەر کاتێک دەیەوێت ڕۆڵی باوکە هەژارەکەی ببینێت، کاتێک باوکەکە ناتوانێت خێزانەکەی بە شێوەیەکی باش یاخود وەکو پێویست بەخێو بکات.
بۆیە زۆر پیویستە ژن و مێرد پێداچوونەوەیەکی جددی بکەن سەبارەت بە دابەش کردنی دەسەڵات لە ناو خێزان، بۆ ئەوەی هەر یەکێک لە ئەندامانی خێزان دەسەڵات و سنووری خۆیان بزانن و ڕؤل و پێگەی ئەوانی تر داگیر نەکەن یان لاوازی نەکەن.


سەرچاوەکان



2558 بینین