ململانێی خێزانی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-16-20:49:00 - کۆدی بابەت: 2312
ململانێی خێزانی

ناوه‌ڕۆك

ململانێی خێزانی

ناساندنی ململانێ

دەتوانین بڵێین ململانێ جۆرێکە لە جۆرەکانی هەڵسوکەوتی کێبڕکێکاری لە نێوان گروپێک یان کۆمەڵە گروپێک، ململانێ کاتێک سەر هەڵدەدات ئەگەر هاتوو دوو کەس یان زیاتر کێبڕكێیان کرد لەسەر بەدەست هێنانی ئامانجی دژ بە یەک، جا ئەگەر هاتوو ئەو ئامانجە ڕاستی بێت یان خەیاڵی بێ.
مەرج نییە ململانێ هەموو کاتێک لایەنی خراپە و تێکدانی هەبێت، بەڵکو زۆر جار ململانێ لایەنی بآشی هەیە وەک: بەهێزکردنی پەیوەندی، چارەسەرکردنی گرفت، گۆڕانکاری لە دید و بۆچوونی ئەو لایەنانەی ململانێ لە نێوانیاندا هەیە.

جۆرەکانی ململانێ

ملمانێ چەند جۆرێکی هەیە، لەوانە:

١- دەتوانین بڵێین نزمترین ئاستی ململانێ کردن ئەو ململانێیەیە کە لە نێوان ئاژەڵاندا هەیە، کە ئەمەش لە سروشتەوە نزیکە.

٢- لە جۆری دووەمی ململانێ مرۆڤ توانا و زیرەکیی خۆی بەکار دەهێنێ بۆ سەرکەوتن بەسەر ڕکابەرەکەی، وەک: فێڵ لێکردنی بۆ دەست بەسەرداگرتنی بەسەر زۆرترین سوود و قازانج لە بەرژەوەندی خۆی.

٣- جۆری سێیەمی ململانێ ئەو جۆرەیە کە لە ووڵاتانی پێشکەوتوودا هەیە، وەک:ململانێ کردن لە نێوان ژن و پیاو لەسەر پۆست و دەسەڵات و داهات یان ململانێی نێوان پارتە سیاسییەکان لە بەدەست هێنانی زۆرترین دەنگ لە هەڵبژاردنەکان و گەیشتن بە دەسەڵات.

٤- جۆری چوارەم بریتییە لە ململانێی بەرهەمهێن کە ئەمیش خۆی لە ململانێی زانستی و ئابووری و ڕامیاری دەبینێتەوە.

٥- جۆرێکی تری ململانێ ئەو جۆرەیە کە لە نێوان تیپە وەرزشییەکاندا هەیە و دەبێتە هۆی بەتاڵکردنەوە و ڕاحەتی دەروونی.

چۆن چارەسەری ململانێ دەکەین؟

چەند ڕێگایەک هەیە بۆ چارەسەرکردنی ململانێ، لەوانە:

  • دوور کەوتنەوە لە کێشە: واتە لایەنە ناکۆکەکان بڕیار بدەن، بەوەی دوور بکەونەوە لەو کێشەی کە هەیە و گرنگی پێ نەدەن و باسی نەکەن.
  • چارەسەکردنی کێشە: واتە لایەنە ناکۆکەکان هەڵبستن بە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەی لە نێوانیاندا هەیە، وەک دانیشتن لەگەڵ یەک و گفتوگۆ کردن لەسەر ئەو کێشەیەی لە نێوانیاندا هەیە، بە بێ ئەوەی هەتا بۆ ناوبژیوان و لایەنی سێیەم ببەن.
  • ئەنجامدانی دانوستان: کاتێک لایەنە ناکۆکەکان گفتۆگۆ لەگەڵ یەک بکەن بۆ ئەوەی ڕێگا چارەیەکی گونجاو بدۆزنەوە، وەک هەر لایەنێک لە هەندێ لەو داواکارییانەی خۆش بێ کە بە حەقی خۆی دەزانێ بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەرێکی گونجاو.
  • نێوانگری کردن: واتە لایەنە ناکۆکەکان بانگی لایەنی سێیەم دەکەن بۆ ئەوەی یارمەتییان بدات لە چارەسەر کردنی گرفتەکان یان ڕێگا چارەیان پیشان بدات.
  • بەکارهێنانی توندوتیژی: کاتێک لایەنە ناکۆکەکان هەڵدەستن بە بەکارهێنانی توندوتیژی وەکو ڕێگا چارەیەک بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان و کۆتایی پێ هێنانی ململانێیەکە.
  • ڕێگا چارەی تر: وەکو پەنا بردنە بەر دام و دەزگا ئیدارییەکان دادگاکان، واتە ئەو ڕێگایانی توند و تیژی تێدا بەکار نایەت.


سەرچاوەکان



3065 بینین