پێگەی ڕەوشتی جوان لە ئیسلامدا

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-26-12:36:00 - کۆدی بابەت: 3730
پێگەی ڕەوشتی جوان لە ئیسلامدا

ناوه‌ڕۆك

پێگەی ڕەوشتی جوان لە ئیسلامدا

ئیسلام ئاینی سروشتی (فطرة)ی پاک و تەندروست و ژیرە پێگەیشتووەکان و دەروونە خاوێنەکانە. ئەگەر ڕەوشتیش لە سەرجەم ئاینە ئاسمانییەکاندا پێگەیەکی خولگەیی و بەهێزی هەبووبێت، ئەوا لە ئیسلامیشدا بە هەمان شێوە و بەهێزتریشە، بەجۆرێک دەتوانین بڵێین دوای باوەڕ ئیسلام بە پلەی یەکەم پەیامێکی ڕەوشتییە. ئیسلام هەر لەیەکەم ساتی هاتنە خوارەوە و سەرهەڵدانیدا، هاوشان لەگەڵ دژایەتیکردنی بیروباوەڕ و بۆچونی نەفامانەی ئەو سەردەمە، دژایەتی ئاشکرای خۆشی بۆ هەموو ئەو ڕەوشت و ڕەفتارانە ڕاگەیاند کە هەڵقوڵاوی ئەو بیروباوەڕە نەفامییە بوون و لەگەڵ ئەو ڕێز و ڕۆڵە نەدەگونجان کە خودای گەورە بە مرۆڤی بەخشیووە و دەخوازێت بەو شێوەیە بژیت. ئیسلام بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدات کە هەستی ڕەوشتی لای تاکی مسوڵمان پەرە پێبدات و وای لێ بکات ژیانێکی پڕ ڕەوشتی جوان بباتە سەر، چونکە جوانی و کەسێتی مرۆڤ بە ڕەوشتی بەرزەوەیە و هەر ئەویش وای لێدەکات لای خودا و خەڵک و کۆمەڵگە خۆشەویست بێت. هەروەها ڕەوشتە جوانەکان هۆکارێکی گرنگی پێشکەوتن و ئارامی و ئاسایشی کۆمەڵایەتین، ڕەوشت خراپیش هۆکارێکی هەڵوەشاندنەوە و ئاژاوە و نائارامی کۆمەڵگەکانە. ئیسلام هانی مرۆڤ و خەڵکی دەدات بۆ پەیڕەوکردنی ڕەوشتە جوانەکان وە دەیکات بە پێوەری دوور و نزیکی لە پێغەمبەرەکەی (د.خ) لە ڕۆژی دواییدا. هەروەک لەم بارەیەوە پێغەمبەر (د.خ) لە فەرموودەیەکدا دەفەرموێت: (إن أقربکم مني منزلا یوم القیامة أحاسنکم أخلاقا الموطأون أکتافا الذین یألفون ویؤلفون، وأبغضکم إلي وأبعدکم مني منزلا یوم القیامة الثرثارون المتشدقون المتفیقهون) واتە: خۆشەویسترین و نزیکترین کەستان لە منەوە لە ڕۆژی قیامەتدا ئەوانەن کە لە ژیانی دونیادا خاوەنی ڕەوشتی جوانبوون. لەبەرامبەردا پێغەمبەری خوا (د.خ) باس لەوە دەکات کە ڕق لێبووەترین کەستان بۆ من و دوورترینتان لێم لەڕۆژی دواییدا زۆربڵێ و قسەزل و خۆبەزلزانەکانتانە، ئەوانەی کە گوێ نادەن بە ڕەفتاری خۆیان و وا دەزانن تەنها بە هەندێک قسەی لوس و بریسکەدار هەستی ڕەوشتی خەڵک تێردەکەن، لەکاتێکدا ڕەوشت ڕەفتار و کردەوەیە خراپ بەکارهێنانی زمانیش جۆرێکە لە ڕەفتار ناشرینی و ڕەوشت نزمی.

ئیسلام هانداندەرە بۆ ڕەوشتی جوان

ئیسلام لە قورئانەکەی خۆیدا بانگەشە بۆ ڕەوشتە بەرزەکان دەکات و هانی باوەڕداران و سەرجەم خەڵکی دەدا بۆ دەستگرتن بە چاکەکان و دوورکەوتنەوە لە هەموو خراپە و ڕەوشتە ناشرین و کردارە قێزەونەکان (إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُ بِالْعَدْلِ وَالْإِحْسَانِ وَإِيتَاءِ ذِي الْقُرْبَىٰ وَيَنْهَىٰ عَنِ الْفَحْشَاءِ وَالْمُنْكَرِ وَالْبَغْيِ ۚ يَعِظُكُمْ لَعَلَّكُمْ تَذَكَّرُونَ) النحل ٩٠ واتە: خودا فەرمان بە چاکەکاری و دادپەروەری دەکات وە قەدەغەی تاوان و خراپە و ڕەفتارە دزێوەکان و زوڵم و ناڕەوایی دەکات و ئامۆژگاریتان دەکات بۆ ئەوەی بە بیرتان بێتەوە و توشی بێئاگایی نەبن و ئەرکەکانی سەرشانتان بیرنەچێتەوە.
بەڵکو لەڕێی وردبوونەوە لە هەندێک فەرموودەی پێغەمبەر (د.خ) ئەوە دەخوێنینەوە و هەڵدەهێنجین کە ڕەوشت باشی لای خودا لەسەر گەرمبوون بە خوداپەرستییەوە بەڕێزتر و باشترە کەوا لە خاوەنەکەی ناکات بایەخ بە ڕەوشتی جوان بدات (ان العبد ليبلغ بحسن خلقه عظیم درجات الاخرة و شرف المنازل و أنە لضعیف العابدة، و إنە لیبلغ بسوء خلقە أسفل درجة في جهنم)، ئەبوداود ڕیوایەتی کردووە، واتە: مرۆڤ ئەگەر خواپەرستیشی زۆرنەبێت (لەدوای ئەنجامدانی فەرزەکان) ئەوا دەتوانێت لەڕێی ژیان بەگوێرەی ڕەوشتە بەرزەکان بگات بە پلە و پایە و مەنزڵگایەکی مەزن و شکۆمەندی ڕۆژیی دوایی، لەکاتێکدا بەهۆی ڕەوشت خراپییەوە دەشێت بچێتە تونی دۆزەخەوە. ئەمەش لە ئیسلامدا شتێکی سروشتییە، چونکە یەکێک لە بەرهەمە شیرینەکانی عیبادەت و بەڵگە لەسەر باش ئەنجامدانیان و تێکەڵاوبوونیان بە دڵ و دەرونی مرۆڤەوە باش ژیان و ڕەوشتی جوانی ئەو باوەڕدارانەیە کە ئەو خوداپەرستییە ئەنجام دەدەن بۆ نمونە خودای گەورە دەرابارەی کاریگەری نوێژ لەسەر ئاڕاستەی ڕەوشتی مرۆڤی باوەڕدار دەفەرموێت: (إِنَّ الصَّلَاةَ تَنْهَىٰ عَنِ الْفَحْشَاءِ وَالْمُنْكَرِ) العنکبوت ٤٥، واتە: لەڕاستیدا نوێژ خاوەنەکەی لەهەرچی کردەوەی خراپ و دزێو و نەشیاو دەگێڕێتەوە، لەو سۆنگەیەشەوە کە ڕەوشت جوانی لە مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکدا بەرجەستە دەبێت، ئەوا ڕای خەڵک لەبارەی کەسێکەوە حوکمدانە بەسەر ڕەوشتی ئەو کەسەدا. لەهەندێک فەرموودەی پێغەمبەریشدا هاتووە کە ڕای گشتی خەڵک و حوکمدانیان بەسەر کەسێکدا لە ڕووی ڕەوشتییەوە شوێن و پلە و پایەی ئاینی کەسەکە لای خودای گەورە دەستنیشان دەکات.
لەم بارەیەوە لە مێغەمبەر(د.خ) دەگێڕنەوە کە (ان النبي کان ذات یوم جالسا مع أصحابە فمرت جنازة أثنی الحاضرون علی صاحبها خیرا فقال النبي وجبت، و سکت ثم مرت جنازة أخری فقال الحاضرون عن صاحبها شرا فقال النبي: وجبت، فسألە أصحابە عن معنی قولە وجبت في الحالتین المختلفین، فقال: أما الأول فأثنیتم علیە خیرا فجوبت لە الجنة، وأما الثاني فقلتم عنە شرا فوجبت لە النار) ترمزی ڕیوایەتی کردووە، واتە: ڕۆژێک لە ڕۆژان پێغەمبەر (د.خ) لەگەڵ هاوەڵەکانیدا دانیشتبوو، تەرمێک بەلایاندا تێپەڕی و ئامادەبوان ستایشی چاکە و کارە باشەکانیان کرد پێغەمبەر (د.خ) فەرمووی بۆی بڕایەوە یاخود چەسپا، جا بێدەنگبوو، دوای ماوەیەک تەرمێکی دیکە تێپەڕبوو ئەمجارەیان ئامادەبوان بە خراپە باسی خاوەنەکەیان کرد، ئەمجارەشیان دووبارە فەرمووی وەرگیرا یاخود چەسپا، جا هاوەڵانی پرسیاری جیاوازی مانای بۆی بڕایەوە (وجبت)ـیان لە هەردوو شوێنەکەدا لێپرسی، ئەویش لە وەڵامدا فەرمووی هەرچی یەکەمیان بوو ئێوە بە باش ناوتان برد و ستایشتان کرد بەهەشتی بۆ بڕایەوە، بەڵام دووەمیان کە بە خراپە ناوتان هێنا دۆزەخ و ئاگری بۆ بڕایەوە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ڕازیبوونی خەڵکی بەڵگەیە لەسەر ڕەوشت جوانی، ئەمەش لەپاڵ باوەڕدا دەبێتە مایەی خودا لە خۆ ڕازیکردن و بە پێچەوانەشەوە.
باوەڕدارانیش تێدەگەیەنێت کە چاکەخوازی (البر) پەیوەندی بە هەندێک شتی ڕوڵەتییەوە نییە بەڵکو ناونیشانە بۆ هەموو ئەو کار و کردەوە چاک و جوانانەی لە هەستێکی ڕەوشتی پاک و دڵێکی ڕوناک بە باوەڕ و خۆشەویستی خودا و خەڵکی سەرچاوە دەگرن (لَيْسَ الْبِرَّ أَنْ تُوَلُّوا وُجُوهَكُمْ قِبَلَ الْمَشْرِقِ وَالْمَغْرِبِ وَلَٰكِنَّ الْبِرَّ مَنْ آمَنَ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ وَالْمَلَائِكَةِ وَالْكِتَابِ وَالنَّبِيِّينَ وَآتَى الْمَالَ عَلَىٰ حُبِّهِ ذَوِي الْقُرْبَىٰ وَالْيَتَامَىٰ وَالْمَسَاكِينَ وَابْنَ السَّبِيلِ وَالسَّائِلِينَ وَفِي الرِّقَابِ وَأَقَامَ الصَّلَاةَ وَآتَى الزَّكَاةَ وَالْمُوفُونَ بِعَهْدِهِمْ إِذَا عَاهَدُوا ۖ وَالصَّابِرِينَ فِي الْبَأْسَاءِ وَالضَّرَّاءِ وَحِينَ الْبَأْسِ ۗ أُولَٰئِكَ الَّذِينَ صَدَقُوا ۖ وَأُولَٰئِكَ هُمُ الْمُتَّقُونَ) البقرة ١٧٧، واتە: چاکەخوازی ئەوە نییە ڕوو بکەینە ڕۆژهەڵات یاخود ڕۆژئاوا، بەڵکو چاکە بریتیە لەوەی مرۆڤ باوەڕی بە خودا و ڕۆژی دوایی و کتێبە ئاسمانیەکان و پێغەمبەران بێت، وە لەگەڵ ئەوەی کە ماڵ و سامانەکەی خۆشدەوێت بەشی خزمانی هەژار و بێ باوکان و ڕێبواران و داخوازان و ئەو بەندانەی لێبدات کە دەیانەوێت لە بەرامبەر پێدانی بڕێ پارە ئازادی خۆیان بکڕنەوە، هەروەها نوێژ دەکەن و زەکات دەدەن و پەیمان بەجێ دەگەیەنن کاتێک کە پەیمان دەدەن، ئەوانەی لەکاتی سەغڵەتی و برسێتی و ڕووبەڕوونەوەی لە جەنگدا ئارام دەگرن بەڕاستی ئەوانە ڕاستگۆ و لەخواترسن.


سەرچاوەکان



9498 بینین