كێشەی ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان

له‌لایه‌ن: محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-04-16-14:32:00 - کۆدی بابەت: 4561
كێشەی ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان

ناوه‌ڕۆك

چەند خاڵێك كە پێویستە لەبەرچاویان بگریت پێش كڕینی ئۆتۆمبێلی كارەبایی

ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان (Electric Vehicles) ئەو ئۆتۆمبێلانەن كە بە وزەی كارەبا كاردەكەن لەجیاتی بەكارهێنانی بزوێنەری ئاسایی، كە ئۆتۆمبێلەكە چەند باترییەك لە ناویدا هەیە و لە ڕێگەی سەرچاوەیەكی كارەباوە بارگاوی دەكرێتەوە، لە ئێستادا چەندین كۆمپانیا خەریكی بەرهەمهێنان و بەرەوپێشبردنی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانەن، هەروەها لەكاتی كڕینی ئۆتۆمبێلی كارەباییدا پێویستە بزانین كە چەند جۆرێكی جیاوازی هەیە وەك جۆری (Hybrid) كە بە بەنزین و كارەبا كاردەكات.

گرنگترین زانیارییەكان دەربارەی ئۆتۆمبێلی كارەبایی

لێرەدا گرنگترین ئەو خاڵانە باس دەكەین كە پێویستە لەبەرچاو بگیردرێت:

پێویستی بە بارگاویكردنەوەی بەردەوام هەیە

بارگاویكردنەوەی ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان یەكێكە لە زۆرترین ئەو هۆكارانەی كە لەسەر مێشكی خاوەنەكانییەتی چونكە تاكە هۆكاری كاركردنی ئۆتۆمبێلەكەیە، لێرەدا باسی كێشەكانی ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان دەكەین لەڕووی شەحنەوە:

  • وێستگەی بارگاویكردنەوە كارەباییەكان زۆر كەمە: لەگەڵ ئەوەی هەموو هەوڵێك دراوە بۆ دروستكردنی وێستگە كارەباییەكان بەڵام تا ئیستا پێوانە ناكرێن بە وێستگەی سووتەمەنییەكان، ئەمەش بەبۆنەی ئەوەی كە ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە كەم دەكڕدرێن چونكە ناتوانن لە ماڵەكانی خۆیاندا بارگاوی بكەنەوە بەتایبەتی بە شەواندا.
  • بۆ ڕێگا دوورەكان نابێت: هەرچەندە ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان لە بەرەوپێشچووندان بەڵام ناتوانن ڕكابەری ئەو ئۆتۆمبێلانە بكەن كە بە سووتەمەنییەكان كاردەكەن، بە تایبەتی لە كەشوهەوا جیاوازەكاندا.
  • كاتی بارگاویكردنەوەی ئۆتۆمبێلەكە: كاتی پێویست بۆ بارگاویكردنەوەی ئۆتۆمبێلەكە بە پێی قەبارەی باترییەكانی ئۆتۆمبێلەكە كەوتووە، بۆ نمونە ئۆتۆمبێلی (Tesla S) بە بەكارهێنانی بارگاویكەرەوەی ماڵەوە 9 كاتژمێر دەخایەنێت، بەڵام گەر بارگاویكەرەوە خێراكان بەكاربهێنیت ئەوا 30 خولەكی پێدەچێت، شایانی باسە بارگاویكەرەوە خێراكات تەنها لە وێستگەكان بەردەستە.
  • پسووڵەی كارەبا: ڕاستە كە بارگاویكردنەوەی ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان تێچوویەكی كەمتریان هەیە لەو ئۆتۆمبێلانەی كە بە سوتەمەنی كاردەكەن، بەڵام هەندێك هۆكار هەیە كە كار لە بارگاویكرنەوەی ئۆتۆمبێلەكە دەكات، وەك كاتی خایانراو بۆ بارگاویكردنەوەی ئۆتۆمبێلەكە، شوێنی بارگاویكردنەوەكە، هەروەها ئەو بڕە پارەیەی كە خاوەنی وێستگەكە لە بەرامبەر بارگاویكردنەوەی ئۆتۆمبێلەكەتدا داوای دەكات، گەر ویستت ئۆتۆمبێلەكەت لە ماڵەوە بارگاوی بكەیتەوە ئەوا بەپێی قەبارەی باتری ئۆتۆمبێلەكەت دەگۆڕێت، بۆ نمونە گەر ئۆتۆمبێلەكەت پێویستی بە (Kwh 40) كیلۆوات ببێت بۆ پڕكردنەوە و نرخی هەر كیلۆواتێك 80 سەنت بێت ئەوا بۆ هەر پڕكردنەوەیەكی ئۆتۆمبێلەكەت 7.20 دولای تێدەچێت، هەروەها گەر بتەوێت سیستمی وزەی خۆر دابنێیت بۆ باگاویكردنەوەی ئۆتۆمبێلەكەت ئەوا نزیكەی 7000 دۆلاری تێدەچێت. 
  • دوودڵی بەردەوام: گەورترین هۆكار كە دەبێتە هۆی دوودڵ كردنی شۆفێری ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان بریتییە لەوەی ئایا دەگەمە شوێنی مەبەست پێش ئەوەی باتری ئۆتۆمبێلەكەم تەواوببێت.

بۆ ڕێگا دوورەكان نابێت

لەكاتی ڕۆیشتن بۆ گەشتێكی دوور پێویستە دڵنیا ببیتەوە لەوەی كە لەسەر ڕێگاكەتدا ویستگەی بارگاویكردنەوە هەیە، چونكە زۆربەی ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان ناتوانن مەودایەكی دوور ببڕن لە یەك بارگاویكردنەوەدا، بۆ نمونە ئۆتۆمبێلی جۆری (Tesla 3) دتوانێت تەنها (354 كیلۆمەتر) ببڕێت، بۆیە گەر گەشتەكەت لەو مەودایە زیاتربوو ئەوا لەسەر ڕێگاكەت پێویستت بە بارگاویكردنەوە دەبێت، بۆیە گەر تۆ كەسێكیت كە ڕۆژانە مەودایەكی دوور دەبڕیت بە ئۆتۆمبێلەكەت ئەوا باشترە ئۆتۆمبێلێك بكڕیت كە بە سووتەمەنی كاردەكات یان ئۆتۆمبێلێكی جۆری (Hybrid).

نرخەكانیان زۆر گرانە

كۆمپانیای بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلەكان هەوڵێكی زۆر دەدەن بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان بە نرخێكی گونجاو، بەڵام تا ئیستاش نرخەكانیان زۆر بەرزە بەبۆنەی تێچووی باتری ئۆتۆمبێلەكانەوە، بۆ نمونە ئۆتۆمبێلی كارەبایی جۆری (2019 Hyundai Kona EV) بە بەكارهاتووی نرخەكەی لە نێوان 30 بۆ 37 هەزار دۆلاردایە، بەڵام هەمان جۆری ئۆتۆمبێل كە بەنزین كاردەكات نرخەكەی لەنێوان 13 بۆ 22 هەزار دۆلاردایە.

لە ئۆتۆمبێلەكەدا شوێنی خێزانێكی تەواو نابێتەوە

باتری پێكهاتەی سەرەكی ئۆتۆمبێلە كارەباییەكانی بۆیە كێش و شوێنێكی زۆری ئۆتۆمبێلەكە داگیردەكەن، بۆیە گەر خێزانت هەیە ئەوا پێش كڕینی ئۆتۆمبێلەكە باش بیری لێبكەوە.

پێویستی بە كەسی شارەزا هەیە لەكاتی لەكاركەوتنی ئۆتۆمبێلەكە

ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان پێویستی كەمتری بە چاككردنەوە هەیە لەچاو ئۆتۆمبێلەكانی كە بە بەنزین كار دەكەن، بەڵام گەر ئۆتۆمبێلەكە پێویستی بە چاككردنەوە هەبوو ئەوا گرنگە كەسی شارەزا هەبێت لە بوارەكەدا بەڵام بەداخەوە بە ڕێژەی %97 فیتەرەكان شارەزاییان لە چاككردنەوەی ئۆتۆمبێلە كارەباییەكاندا نییە، ئەو %3 كە دەمێنێتەوە زۆرجار لە كۆمپانیا گەورەكاندا كاردەكەن، یان هەندێك جار لەو ناوچەیەی كە لێی دەژیت بەردەست نییە، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە بە بەنزین كاردەكەن كەسی شارەزا زۆرە و زۆرجار ئەو كێشانەی كە تووشت دەبێت دەتوانیت خۆت چارەسەریان بكەیت.

هەڵبژاردەی زۆرت لەبەردەست نییە

كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان هەڵبژاردەی زۆر كەمتریان هەیە لەو كۆمپانیایانەی كە بە بەنزین كاردەكەن، هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ بوونی كەمی كڕیارەكانی ئۆتۆمبێلی كارەبایی.

لەوانەیە پێویست بكات زووزوو باتریەكەی بگۆڕیت

تەمەنی باترییەكانی ئۆتۆمبێلی كارەبایی یەكێكە لە گەورەترین كێشەكانی خاوەنەكانی، یۆ نمونە ئۆتۆمبێلی كارەبایی جۆری (Nissan Leaf) تەمەنی باترییەكەی بریتییە لە 12 ساڵ، بەڵام ئەم ژمارەیە ڕاست نییە و بەپێی كەشوهەوا و ڕێگاوبانەكان دەگۆڕێت.

لایەنە ئەرێنییەكانی ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان چییە؟

  • پارەت بۆ دەگەڕێنێتەوە، ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان درەنگتر خراپدەبن و پێویستیان بە ڕۆن گۆڕین نییە.
  • دۆستی ژینگەیە، یارمەتی پاكبوونەوەی هەوا چونكە وەك ئۆتۆمبێلەكانی تر دوانە ئۆكسیدی كاربۆن (CO2) دەرنادات.
  • چێژبینین لەكاتی شۆفێری كردن، چونكە بزوێنەری ئۆتۆمبێلەكە كارەباییە، توانایەكی زیاتر دەبەخشێت بە ئۆتۆمبێلەكە، هەروەها چێژی زیاتر دەبەخشێت لەكاتی شۆفێری كردن.
  • زۆر بێدەنگە، چونكە بە بزوێنەرێكی كارەبایی كاردەكات لەجیاتی بزوێنەری میكانیكی، بۆیە دەنگێكی زۆر كەمی هەیە.
  • باجی كەمترە، ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان لە زۆربەی وڵاتەكانی جیهان باجیان لە ئۆتۆمبێلە میكانیكییەكان كەمتر، تەنانەت لە هەندێك وڵات باجیان لەسەر نییە.
  • بەرەوپێشچوونی بەردەوام، ئەندازیارەكان زیاتر گرنگی بە تەكنەلۆژیا پێشكەوتووكان دەدەن لە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلە كارەباییەكاندا، كە بەمەش یارمەتی دەدات لە خێرا بەرەوێشچوونیدا.
  • لێخوڕینی ئاسانە، ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان وەك ئۆتۆمبێلی گێڕ ئۆتۆماتیك وایە، بۆیە لیخوڕینی ئاسانە.


سەرچاوەکان

32 بینین