نێچیرگرتن لە ئیسلامدا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-16-19:44:00 - کۆدی بابەت: 4567
نێچیرگرتن لە ئیسلامدا
حوکمە شەرعییەکان

یەکەم: هەموو دڕندەکان وەها گوێرایەڵ بن کاتێ هەیهەیان لێکرا هەڵبستن بۆ نێچیرەکە ڕابکەن.

باسی نێچیرگرتن

نێچیرگرتن دروستە بە گشت دڕندەیەک بەو مەرجەی دڕندەکە فێرە ڕاو کرابێ کە ئاژەڵ بێ وەکو سەگ و تانجی و ئەو جۆرە شتانە، یان دڕندەکە باڵندە بێ وەکو باز و هەڵۆ و ئەو جۆرە شتانە، بەو مەرجەی فێرە ڕاو کرابێ.

مەرجەكانی فێركردنی ڕاو

مەرجەکانی فێرە ڕاو کردن چوارن:

یەکەم: هەموو دڕندەکان وەها گوێرایەڵ بن کاتێ هەیهەیان لێکرا هەڵبستن بۆ نێچیرەکە ڕابکەن.

دووەم: کاتێ وەستەیان لێکرا یەکسەر بوەستن.

سێیەم: هەر کاتێ نێچیرێکیان کوشت هیچ لە نێچیرەکە نەخۆن، بەڵکو ڕایبگرن تا خاوەنەکەیان ئەگاتێ.

چوارەم: ئەو سێ مەرجانەیان تێدا دووبارە بکرێنەوە تا دڵنیا ئەبێ کە فێرە ڕاو بووە.

واتە: ئەگەر ئەو مەرجانە لە ئاژەڵدا، یان لە باڵندەدا هاتنە جێ و نێچیرێکیان کوشت، ئەو نێچیرە حەڵاڵە، هەرچەند خاوەنەکەیش فریای نەکەوێ بیکوژێ، خوای گەورە فەرموویەتی: (أُحِلَّ لَكُمُ الطَّيِّبَاتُ ۙ وَمَا عَلَّمْتُم مِّنَ الْجَوَارِحِ مُكَلِّبِينَ) شتی پاک لە ئێوە حەڵاڵە و نێچیری ئەو جۆرە دڕندانەش حەڵاڵە کە فێری ڕاو کراون و گوێرایەڵن بۆ ئێوە.

بەڵام ئەگەر یەکێک لەو مەرجانە نەهاتنە جێ، ئەو نێچیرەی کوشتوویەتی حەڵاڵ نییە مەگەر یەکێک بە زیندوویی فریای کەوێ ئینجا بیکوژێتەوە، جا بەم کوشتنەوەیە حەڵاڵ ئەبێ.

ئەو نێچیرەی دڕندەی فێرکراویش گرتوویەتی، ئەگەر خاوەنەکەی بە زیندوویی فریای کەوێ و سەری نەبڕێ، حەڵاڵ نابێ (عن عدي بن حاتم -رضي الله عنه-: عن النبی ﷺ: إذا أرسلت کلبك فاذکر اسم الله علیه، فإن أمسك علیك فأدرکته حیا فاذبحه، وإن أدرکته قد قتل ولم یأکل منه فکله) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: هەر کاتێک سەگەکەی خۆت هەڵساند بۆ نێچیر گرتن بڵێ: (بسم الله)، جا ئەگەر نێچیرەکەی بۆ تۆ گرت و تۆش گەیشتیتە نێچیرەکە، ئەگەر زیندوو بوو بە خۆت سەری ببڕە، بەڵام ئەگەر نێچیرەکەی کوشتبوو و سەگەکەش هیچی لێنەخواردبوو، لێت حەڵاڵە و بیخۆ.

هەر نێچیرێک بە هۆی شتێکی بڕندە بکوژرێ و فریای سەربڕینی نەکەوێ، حەڵاڵە، جا ئەو بڕندەیە شمشێر بێ، یان خەنجەر بێ، یان تیر بێ، بەڵام ئەگەر فریای کەوت و گیانی تێدا مابوو، ئەبێ سەری ببڕێ، ئەگینا حەڵاڵ نابێ.

وە هەر نێچیرێک بە (فاخ) واتە: بە تەلەوە بمرێ، یان لە شوێنێکی بەرز بکەوێتە خوارەوە، یان بخنکێندرێ، یان بە دار، یان بە بەرد لێی بدرێ، ئەوانە هیچیان حەڵاڵ نینە، مەگەر بە زیندوویی فریایان بکەوێ و سەریان ببڕێ، ئەو کاتە حەڵاڵ ئەبن.


سەرچاوەکان



633 بینین