جۆرەکانی دەستوور

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-04-21-23:03:00 - کۆدی بابەت: 4728
جۆرەکانی دەستوور

ناوه‌ڕۆك

یاسای وڵات

جۆرەکانی یاسا لە وڵاتەکاندا جیاوازن، بە جۆرێک هەر یاسایەک تایبەتە بە ڕێکخستنی بابەتێکی دیاریکراو لە وڵاتدا، بەڵام هەمیشە یاسایەک هەیە باڵی کێشاوە بەسەر هەموو یاسا ئاساییەکان و خشتە و عورفەکان، ئەو یاسایە ناوی نراوە دەستوور، دەستوور بەوە ناسراوە کە: ''کۆمەڵە ڕێسایەکە کە هەڵدەستێت بە ڕێکخستنی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، وە دەسەڵاتە گشتییەکان دیاری دەکات تیایدا وەک دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکار و دادوەری'' ، بە جۆرێک کە ئەم یاسایانە تایبەتن بە ڕێکخستنی کاروبارەکانی وڵات کە پەیوەندیان بە کاری سێ دەسەڵاتەکەوە هەیە، وە مافی تاکەکان و ئازادییەکانیانی تێدایە، لەم بڵاوکراوەیەدا چەمکی دەستوور ڕوون دەکرێتەوە، جۆرە گشتییەکانی باس دەکرێت، وە جۆرەکانی دەستوور باس دەکرێت لە ڕووی دەستکاری کردنیەوە، لەگەڵ بنەمای بەرزیی دەستووردا.

چەمکی دەستوور

دەستوور بەپێی گۆشەنیگای لافریر بەوە دەناسرێت کە: ''کۆمەڵە یاسایەکە کە پەیوەستە بە سیستمی حوکم کردن لە دەوڵەتدا، کە هەڵدەستێت بە دیاریکردنی شێوەی دەوڵەت کە ئایا یەکخراو بێت یان یەکگرتوو، هەروەها شێوەی حکومەتەکان ڕوون دەکاتەوە، دیاریشی دەکات کە ئایا حوکم پاشایی بێت یان کۆماری، هەروەها بنەما سەرەکییەکان لەخودەگرێت کە پەیوەستن بە پێکهێنانی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن، لەگەڵ تایبەتمەندییەکانیان و شێوازی بەکارهێنانی، لەگەڵ ئەو پەیوەندیانەی کە لە نێوانیاندا دروست دەبێت.''، فیدڵیش بەم جۆرە ناساندوویەتی: ''کۆمەڵە یاسایەکتن کە شێوازی ڕێکخستن و بەکارهێنانی دەسەڵاتی سیاسی دیاری دەکەن، واتە کۆمەڵە یاسایەکی ڕێکخراو دیاری دەکەن''.
بە گوێگرتن بۆ ڕای  بۆردو  ئەوەی لێ تێدەگەین کە چەمکی دەستوور کورت نابێتەوە لەو یاسایانەی کە پەیوەستن بە ڕێکخستنی دەسەڵاتە حوکم کەرەکان و شێوازی بەکارهێنانیان بۆ ئەرکەکانیان بە تەنها، بەڵکو دەستوور یاساگەلێک لەخۆ دەگرێت کە هەڵدەستێت بە دیاری کردنی ئەو ئاڕاستەیەی کە دەبێت ئەم دەسەڵاتانە لێیەوە کار بکەن، هەروەها لەگەڵ ئەو ئامانجانەی کە دەبێت بگەن پێی، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەوەی کە دەستوور دیاری کردووە.

جۆرەکانی دەستوور لە ڕووی تۆمار کردنیانەوە

لە زۆر گۆشە و ڕووەوە تەماشای دەستوور دەکرێت، بە جۆرێک کە دەستوورەکان دابەش دەکرێن بۆ دوو جۆر بەپێی پێکهاتنیان، واتە دەقە دەستوورییەکان دەخرێنە بەڵگەنامەیەکی فەرمییەوە، بەم شێوەیەش ئەوا جۆرەکانی دەستوور لە ڕووی شێوە یان تۆمار کردنیانەوە دابەش دەبن بۆ:

دەستوورە عورفییەکان

ئەم جۆرە لە دەستوور بە تۆمار نەکراو دادەنرێت، دەربارەی شێوازی پێکهاتنی ئەم دەستوورەش ئەوا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو عادەت و تەقالیدانەی کە دەستە دەسەڵاتدارەکان بەکاریآن هێناوە لە دەوڵەتدا، ئەمەش لەو شتانەی کە پەیوەندیان بە پرسەکانی دەستوورەوە هەیە، ئەم جۆرەش لە دەستوورەکان حوکم و ڕێساکانی لە لایەن یاسادانەرێکی دەستوورییەوە دانەنراوە، بەڵکو لە لایەن عادەت و فەرهەنگی کۆمەڵگاوە دانراوە کە هێزی عورفی دەستووریی وەرگرتووە، ئەمەش لە ڕێگای بەردەوامبوونی لایەنە دەسەڵاتدارەکان بە جێبەجێکردنی و ڕۆیشتن لەسەر ئەمرەکانی و پابەند بوون بە حوکمەکانییەوە، بەم شێوەیەش بوون بە یاسای بنچینەیی کە دەبێت پەیڕەو بکرێن، تەنها بە عورفێکی دەستووری هاوشێوە دەستکاری دەکرێت یان دەگۆڕدرێت، نموونە لەسەر ئەم جۆرە لە دەستوور بریتییە لە دەستووری ئینگلیزی، کە لەم چەرخەدا بە دەستوورێکی تۆمار نەکراو دادەنرێت.

دەستوورە نوسراوەکان

ئەم جۆرە لە دەستوور بەوە دەناسرێت کە: ''ئەو دەستوورەیە کە لە لایەن یاسادانەری دەستوورییەوە دەردەچێت لە حوکمەکانیدا، ئەم حوکمانەش بەڵگەنامەیەکی نووسراو یان کۆمەڵە بەڵگەنامەیەک لەخۆ دەگرێت''. زۆرینەی زۆری دەستووری وڵاتانی جیهان بە دەستووری تۆمار کراو (نووسراو) دادەنرێن، هەروەها زۆربەیان لە بەڵگەنامەیەکی نووسراوەوە دەرچوون، وەک دەستووری ئوردونی و میسڕی و ئەمریکی، هەوەها زۆربەیان بە کۆمەڵە بەڵگەنامەیەک دەرچوون، هەروەک چۆن لە دەستووری کۆماری سێهەمی فەڕەنسیی ساڵی 1875 هەیە، کە بە سێ بەلگەنامە دەرچووە. بەڵام ئەم دەستوورانەی کە باسیان لێوە کراوە لەوانەیە هەموو ڕێساکانی بەکارهێنانی دەسەڵات لەخۆ نەگرێت، لەبەر ئەوە هەمیشە لە پاڵ ئەمەدا ژمارەیەکی زۆر لە یاسا و بەڵگەنامە هەن کە بە تەواوکەری بەڵگەنامەی دەستووری دادەنرێن، نموونە لەسەر ئەمانە بریتین لە یاساکانی  مەجلیسە دەستورییەکان و سیستمە ناوخۆییەکانیان.

جۆرەکانی دەستوور لە ڕووی دەستکاری کردنیانەوە

دەوڵەتانی تر هەن کە دەستوورەکانیان دابەش نەکردووە لە ڕووی تۆمار کردنیانەوە، بەڵکو لە ڕووی توانایی دەستکاری کردنی حوکم و یاساکانیانەوە  کە لەخۆی دەگرن تەماشآی جۆرەکانی دەستووریان کردووە، بەم شێوەیەش ئەوا جۆرەکانی دەستوور دابەش دەکرێن لە ڕووی دەستکاری کردنیانەوە بەم جۆرەی خوارەوە:

دەستوورە نەرمەکان

دەستووری نەرم پێناسە دەکرێت بە: ''ئەو جۆرەیە لە دەستوور کە بە هەمان ئەو ڕێکارانە دەستکاری دەکرێت کە گۆڕینی یاسایەک پێویستی پێیەتی''، بەم شێوەیەش ئەوا دەستووری نەرم نەرمیی یەکێکە لە سیفەتەکانی، واتە توانای دەستکاری کردنی بە پەیڕەو کردنی هەمان ئەو ڕێکارانەی کە دەکرێت لە ڕێیانەوە دەستکاری یاسا ئاساییەکان بکرێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەوەیە کە دەستووری نەرم هیچ پیرۆزییەکی زیادەی نییە بەسەر یاسا ئاساییەکانەوە، بۆیە ئەگەر یاسادانەرێک هەر یاسایەکی ئاسایی دەرکرد کە حوکمەکانی لادان (موخالەفە)ـیەکی لەخۆ گرت بەرامبەر یاسای دەستووری، ئەوا ئەم لادانە بە دەستکاری کردنێک دادەنرێت بۆ دەقی دەستووری نەرم.

دەستوورە نەگۆڕەکان

دەستووری نەگۆڕ (الدستور الجامد) بەوە دەناسێنرێت کە: ''ئەو دەستوورەیە کە ببۆ گۆڕینی کۆمەڵە مەرجێکی تایبەت هەن کە جیاوازن لە ئەو مەرجانەی پەیڕەو دەکرێن لە کاتی گۆڕینی یاساکاندا، زۆربەی جاریش ئەم ڕێکارانە زۆر توندتر و ئاڵۆزترن لەو ڕێکارانەی کە لە کاتی گۆڕینی یاسا ئاساییەکاندا پەیڕەو دەکرێت''، بەم شێوەیەش ئەگەر یاسادانەر یاسایەکی نوێی دەرکرد کە ناوەڕۆکەکەی موخالەفەیەکی تێدا بوو لە بەرامبەر هەر یاسایەکی دەستووری، ئەوا ئەم یەک نەگرتنەوەیە بە دەستکاری کردنی دەستوور دانانرێت، بەڵکو بریتییە لە موخالەفەکردن (لادان) لە دەستوور، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە دەستووری نەگۆڕ پێویستی بە دەستکاری کردنی یاساگەلێکی ئاڵۆزتر هەیە بە بەراورد بەو دەستکاری کردنانەی لە گۆڕینی یاسا ئاساییەکان هەیە، لەم حاڵەتەشدا ناکرێت یاسایەکی نزم یەک نەگرێتەوە لەگەڵ یاسایەکی بەرزتر لە خۆی لەڕووی پلەکەیەوە بەپێی بنەمای ڕیزبەندی یاساکان.

بنەمای باڵا بوونی دەستوور

بنەمای باڵا بوونی دەستوور پەیوەستە بە ناوەڕۆکی ئەو دەق و یاسا دەستووریانەی کە لە ڕێگەیەوە چۆنیەتی ڕێکخستنی بەکارهێنانی دەسەڵات ڕووون دەکاتەوە لە دەوڵەتدا، هەروەها ئەو فەلسەفە و بنچینەی ئایدیۆلۆجییە دیاری دەکات کە سیستەمی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لەسەری وەستاوە، بەم پێیەش دەبێت چالاکیی دەسەڵاتداران وهەموو دەزگاکانی دەوڵەت کۆنترۆڵ بکرێن بەم یاسا دەستووریانە، لەبەر ئەوەی دەرچوونی دەسەڵاتدار و دەزگاکان لە یاساکا دەستوورییەکان بە موخالەفەکردنی هۆکاری هەبوونی ئەو دەزگایانە دادەنرێت، لەگەڵ بنەمای یاسایی بۆ تایبەتمەندییان، ئەمەش بە دڵنیاییەوە بە زیان گەیاندن بە مانای دەستوور و پێشێلکردنی باڵایی بابەتی و مادیی دادەنرێت.

هەروەها بنەمای باڵابوونی دەستوور ئەوە لەخۆ دەگرێت کە دەستوور بەرزترە لە هەموو یاسا ئاسایی و سیستم و عورفەکان، بۆیە ڕێگە پێدراو نییە بۆ هەر یاسایەکی نزمتر یەک نەگرێتەوە لەگەڵ هەریەکە لە یاسا دەستوورییەکان، بە دڵنیاییەوە ئەمەش بە دزەکردن و لادان دادەنرێت بۆ بنەمای باڵایی دەستوور کە دەبێت جێبەجێ بکرێت لە دەوڵەتدا.
لە کۆتاییدا دەکرێت بوترێت کە ئەوەی لەسەر ئەم بنەمایە دەزانرێت ئەوەیە دەستوور سەرچاوەی هەموو دەسەلاتە گشتییەکانی دەوڵەتە، لە نێوانیشیاندا سەرۆکی وڵات و پەرلەمان و دەسەڵاتە جێبەجێکار و دادوەرییەکان.


سەرچاوەکان



5391 بینین