مێشک

له‌لایه‌ن: - ڕێبین ئیسماعیل مەحموود ڕێبین ئیسماعیل مەحموود - به‌روار: 2025-05-11-19:33:00 - کۆدی بابەت: 15049
مێشک

ناوه‌ڕۆك

کورتە

مێشک (Brain) ئەندامێکی سەرەکی و ناوەندییە لە کۆئەندامی دەماری مرۆڤ و زۆرینەی گیاندارانی بڕبڕەدار. ئەم ئەندامە نەرمە بەهۆی پێکهاتە ئاڵۆزەکەیەوە، سەنتەری کۆنترۆڵی هەموو چالاکییەکانی جەستەیە و بەرپرسیارە لە هەموو کردارە هۆشمەندی و نەستییەکان.
مێشک بەشێکی سەرەکییە لە ناوەندە کۆئەندامە دەمار (Central Nervous System) و لەناو کەللەسەردا پارێزراوە.

پێناسە

مێشکی مرۆڤ ئاڵۆزترین پێکهاتەی ناسراوە لە گەردووندا، کە لە نزیکەی ٨٦ ملیار خانەی دەماری (Neuron) پێکهاتووە، لەگەڵ تریلیۆنان پەیوەندی نێوان ئەم خانانە. ئەم پێکهاتە بێوێنەیە، سەرەڕای قەبارە بچووکەکەی کە نزیکەی ١٫٤ کیلۆگرامە، بەرپرسیارە لە کۆنترۆڵکردنی هەست، بینین، بیستن، بیرکردنەوە، بڕیاردان، و پاراستنی بیرەوەری. هاوکات مێشک کۆنترۆڵی زۆرینەی کردارە فسیۆلۆژییەکانی جەستە بەڕێوە دەبات وەک: هەناسەدان، لێدانی دڵ، هەرس، و چالاکییەکانی دیکەی جەستە.

پێکهاتەی فیزیکی مێشک

مێشکی مرۆڤ پێکهاتووە لە ماددەیەکی نەرم و لینج و قاوەیی-خۆڵەمێشی کە لەناو کەللەسەردا پارێزراوە و بەهۆی سێ پەردەوە:
١. دورا مەیتەر، پەردەی دەرەوە کە ئەستوورترین و بەهێزترین پەردەیە. ٢. ئاراکنۆید، پەردەی ناوەڕاست کە وەک تۆڕی جاڵجاڵۆکە وایە.
٣. پپیا مەیتەر، پەردەی ناوەوە کە ڕاستەوخۆ بە ڕووی مێشکەوە نووساوە.
لەنێوان ئەم پەردانەدا شلەی مێشک هەیە کە مێشک لە ڕاژەنین و پاڵەپەستۆی دەرەکی دەپارێزێت.
مێشک دابەش دەبێت بۆ دوو نیوەگۆی ڕاست و چەپ کە بە کۆرپۆس کالۆسۆم پێکەوە گرێدراون. هەر نیوەگۆیەک بەرپرسیارە لە کۆنترۆڵکردنی لایەکی بەرامبەری جەستە، بەشێوەیەک کە نیوەگۆی چەپ لایەنی ڕاستی جەستە کۆنترۆڵ دەکات و بە پێچەوانەوە.

بەشە سەرەکییەکانی مێشک

مێشک پێکهاتووە لە چەندین بەشی سەرەکی کە هەر یەکەیان ئەرکی تایبەت بەخۆی هەیە:

بەشی پێشەوە

گەورەترین بەشی مێشکە و بەرپرسیارە لە کردارە هۆشییە ئاڵۆزەکان وەک: بیرکردنەوە و هۆشمەندی، زمان و پەیوەندیکردن، بیرەوەری، چارەسەرکردنی زانیاری هەستەکان (بینین، بیستن، بۆنکردن و تام)، جووڵە خۆویستەکان
ڕووی دەرەوەی، کە ناسراوە بەوەی وەک گوێز وایە و چرچ و لۆچە (Cerebral Cortex)
- لۆبی پێشەوە (Frontal Lobe): بەرپرسیارە لە کەسایەتی، بیرکردنەوەی ئاڵۆز، بڕیاردان، و پلاندانان.
- لۆبی تەوێڵ (Parietal Lobe): بەرپرسیارە لە وەرگرتن و چارەسەرکردنی هەستەکانی بەرکەوتن و شوێنناسی.
- لۆبی کەللە (Temporal Lobe): بەرپرسیارە لە بیستن، تێگەیشتن لە زمان، و جۆرێک لە بیرەوەری.
- لۆبی پشتەسەر (Occipital Lobe): تایبەتە بە چارەسەرکردنی بینین.

مێشکۆڵە

ئەم بەشە لە پشتەوەی مێشک و ژێر مێشکی پێشەوە هەڵکەوتووە. مێشکۆڵە بەرپرسیارە لە: هاوسەنگی و هەماهەنگی جووڵەکان، وردەکاری جووڵە خۆویستەکان، ڕاگرتنی پۆستەری جەستە، فێربوونی جووڵە و کارامەییە فیزیکییەکان

بناغەی مێشک (Brain Stem)

کۆنترۆڵی کردارە ناخۆویستەکان دەکات وەک هەناسەدان و لێدانی دڵ. پەیوەندی نێوان مێشکۆڵە و بەشەکانی دیکەی مێشک پێکدەهێنێت. بەرپرسیارە لە کاردانەوە دەنگی و بینین و گواستنەوەی زانیاری.

هایپۆسالامەس (Hypothalamus)

بەشێکی بچووک بەڵام زۆر گرنگە کە: هاوسەنگی ناوخۆیی جەستە ڕادەگرێت, کۆنترۆڵی پلەی گەرمی، برسێتی، تینوێتی و خەو دەکات دەردانی هۆرمۆنەکان ڕێکدەخات

سالامەس (Thalamus)

ئەم بەشە وەک دەروازەیەک کار دەکات بۆ گواستنەوەی زانیاری هەستەکان بۆ قەوزەی مێشک(بەشە چرچ و لۆجەکەی مێشک)

لیمبیک سیستەم (Limbic System)

سیستەمێکی ئاڵۆزە بەرپرسیارە لە: سۆز و هەڵچوون، بیرەوەری، کردارە غەریزەییەکان لەم سیستەمەدا بەشەکانی وەک هیپۆکامپەس (Hippocampus) بۆ دروستکردنی بیرەوەری و ئەمیگدالا (Amygdala) بۆ سۆز و ترس ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن.

چۆنیەتی کارکردنی مێشک

مێشک لە ڕێگەی تۆڕێکی ئاڵۆزی خانە دەمارییەکان (Neurons) کار دەکات کە پەیامە کارەباییەکان و کیمیاییەکان دەگوازنەوە. خانە دەمارییەکان لە ڕێگەی سیناپسەکانەوە (Synapses) پەیوەندی بەیەکەوە دەکەن و گەیاندنی پەیامە دەمارییەکان جێبەجێ دەکەن.
پرۆسەی گەیاندنی پەیام لە مێشکدا بەم جۆرەیە:
١. خانە دەمارییەکان لە ڕێگەی دەندرایتەکانەوە پەیام وەردەگرن، پەیامەکە بەناو جەستەی خانەدا تێدەپەڕێت، لە ڕێگەی ئاکسۆنەوە پەیامەکە دەگوێزرێتەوە بۆ کۆتایی خانەکە.
٢. لە کۆتایی ئاکسۆندا ماددەی گەیەنەری دەماری (Neurotransmitter) دەردەدرێت کە پەیامەکە دەگوازێتەوە بۆ خانەیەکی دیکە.
چەندین جۆر گەیەنەری دەماری هەن وەک: دۆپامین (Dopamine)، سیرۆتۆنین (Serotonin)، گلوتامەیت (Glutamate) و گابا (GABA) کە هەریەکەیان ڕۆڵی تایبەت بەخۆی هەیە لە چالاکییەکانی مێشکدا.

پەرەسەندنی مێشک

مێشک لە سکپڕیدا دەست بە گەشەکردن دەکات و بە درێژایی ژیان بەردەوام دەبێت. گرنگترین قۆناغەکانی پەرەسەندنی مێشک بریتین لە:
- قۆناغی کۆرپەلە: لە مانگی سێیەمی سکپڕیدا بەشە سەرەکییەکانی مێشک دروست دەبن.
- قۆناغی منداڵی: مێشک بە خێرایی گەشە دەکات و پەیوەندییە دەمارییە نوێیەکان دروست دەبن.
- قۆناغی هەرزەکاری: مێشک دەست دەکات بە پاککردنەوەی پەیوەندییە نابەکارهێنراوەکان (Synaptic Pruning).
- قۆناغی پێگەیشتن: مێشک بە تەواوی پێدەگات و بەتایبەت لۆبی پێشەوە کە بەرپرسیارە لە بیرکردنەوەی ئاڵۆز.
- قۆناغی بەساڵاچوون: هەندێک پەیوەندی دەماری لەدەست دەچن، بەڵام مێشک تا کۆتایی ژیان توانای خۆگونجاندن و فێربوونی هەیە.

نەخۆشییە سەرەکییەکانی مێشک

مێشک دەکرێت تووشی چەندین نەخۆشی و حاڵەتی تەندروستی ببێت کە هەڵسوکەوت و چالاکییەکانی مرۆڤ کاریگەر دەکەن:
١. نەخۆشییەکانی دژە-پەرەسەندن
ئەم نەخۆشیانە بریتین لە لەناوچوونی بەرە بەری خانە دەمارییەکان، لەوانە: نەخۆشی ئەلزهایمەر، نەخۆشی پارکینسۆن، نەخۆشی هەنتینگتۆن (Huntington's Disease): نەخۆشییەکی بۆماوەییە کە دەبێتە هۆی لەناوچوونی خانە دەمارییەکان و گۆڕانکاری لە هەڵسوکەوت، بیرکردنەوە و جووڵەکاندا.
٢. نەخۆشییەکانی دەماری-دەروونی
ئەم نەخۆشیانە کاریگەری لەسەر دۆخی دەروونی و هەڵسوکەوت هەیە، لەوانە: - خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، شیزۆفرینیا
٣. سەکتەی مێشک، شێرپەنجەی مێشک

دوا وتە

مێشک ئاڵۆزترین و سەرنجڕاکێشترین ئەندامی جەستەی مرۆڤە کە هێشتا بەشێکی زۆر لە نهێنییەکانی نەدۆزراونەتەوە. توێژینەوە نوێیەکان لە بوارەکانی زانستی دەمار (Neuroscience) و زیرەکی دەستکرد (Artificial Intelligence) ڕۆژانە زانیاری نوێ دەربارەی چۆنیەتی کارکردنی مێشک ئاشکرا دەکەن. تێگەیشتن لە مێشک، نەک تەنها زانیاریمان دەربارەی خۆمان قووڵتر دەکاتەوە، بەڵکو دەرگای چارەسەری نوێ بۆ نەخۆشییەکانی مێشک دەکاتەوە و بەرەو پێشبردنی تەکنەلۆژیای بەسوود بۆ مرۆڤایەتی مسۆگەر دەکات.



31 بینین