بەناوبانگترین نەخۆش لە زانستی دەماردا

له‌لایه‌ن: - پەیوەست غەفوور پەیوەست غەفوور - به‌روار: 2024-05-26-16:42:00 - کۆدی بابەت: 12993
بەناوبانگترین نەخۆش لە زانستی دەماردا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن:

بەناوبانگترین نەخۆش لە زانستی دەماردا (بە ئینگلیزی: the most famous patient in neuroscience, بە عەرەبی: أشهر مريض في علم الأعصاب). فینیاس گەیج: ئەو پیاوەبوو کە بەهۆی برینێکی سەخت لە مێشکیدا کەسایەتی گۆڕدرا، بەهۆی ئەو ڕووداوەی بەسەری هات بووە بەناوبانگترین نەخۆش لە زانستی دەمارزانیدا چونکە ئەوبریندارییەی لە سەریدا دروست ببوو، بووە هۆی تێگەشتنی زیاتری فرمانەکانی بەشەکانی مێشک کە پەیوەندییان هەیە لە دیاریکردنی کەسایەتی مرۆڤدا.

سەرەتای ڕووداوەکە

لە ٢٥ی ئەیلولی ساڵی ١٨٤٨ فینیاس گەیجی ٢٥ ساڵان سەرپەرشتیاری تیمێکی دروستکردنی هێڵی ئاسنین بوو، بەهۆی ڕووداوێکەوە بۆڕیەکی ئاسنی گەورە لەلای چەپی چەناگەیەوە بەناو کەللەسەریدا تێپەڕ دەبێت و زیانێکی زۆر بە بەشی پێشەوەی مێشکی دەگەیەنێت، لەم ڕووداوە ڕزگاری بوو، دوابەدوای ڕووداوەکە بەئاگا مایەوە و دەیتوانی قسەبکات و تەنانەت بە پێکانی خۆشی بڕوات،  بەڵام لەدوای ١٠ ڕۆژ لە ڕووداوەکە گەیج کەوتە حاڵەتێکی نیمچە بێ هۆشیەوە بەهۆی هەوکردن و هەڵاوسانی برینەکەی و تاکو ٣ی کانوونی یەکەم لەو بارودۆخەدا مایەوە.

لێکەوتەکانی ڕووداوەکە

گەیج ڕزگاری دەبێت و دەست بە ژیان دەکاتەوە، بەڵام چاوی چەپی لەدەست دەدات و لە هەمانکاتدا گۆڕانکارییەکی گەورە بەسەر کەسایەتی و ڕەفتاریدا هات، بەشێوازێک کە هاوڕێکانی دەیانگووت “ئەمە چیتر گەیج نییە”، چونکە ئەو زەبرەی بە مێشکی کەوتبوو، بووە هۆی لەدەستدانی یاسا کۆمەڵایەتییەکان لە مێشکیدا و لە پیاوێکی ماندوونەناس و ڕووخۆشەوە گۆڕدرا بۆ پیاوێکی توڕە و شەڕانگێز. پزیشکان بۆیان دەرکەوت ئەو بەشەی مێشکی کە زیانی بەرکەوتووە بەرپرسە لە ڕێخستنی ژیری، بیرکردنەوە، کردار و هەروەها هەستەکان.

نزیکەی ١٢ ساڵ دوای ڕووداوەکە، لە ٢١ی ئایاری ١٨٦٠, گەیج لە تەمەنی ٣٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکات، تووشی چەندین نۆرەفێ بوویەوە، تا ڕادەیەکی زۆر پزیشکان وا بیریاندەکردەوە بەهۆی ئەو زەبرەوە بوو کە بووە هۆی برینداربوونی سەری و لە ئەنجامدا گیانی لەدەستدا. ئەم ڕووداوەی کەبەسەر گەیجدا هات بووە بەناوبانگترین حاڵەت چونکە پزیشکان و لێکۆڵەرەوانی بواری زانستی دەمار توانیان زیاتر دەربارەی فرمانەکانی بەشەکانی مێشک بزانن و لەئێستادا فینیاس گەیج وەک بەناوبانگترین نەخۆش لە زانستی مێشک و دەمارزانیدا ناسراوە.


سەرچاوەکان



1818 بینین