زانیاری لەسەر ADHD فرەجووڵەیی

له‌لایه‌ن: - محمد ادریس محمد ادریس - به‌روار: 2024-08-21-19:39:00 - کۆدی بابەت: 14241
زانیاری لەسەر ADHD فرەجووڵەیی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

فرەجووڵەیی ADHD کە کورتکرواوەی (Attention Deficit / Hyperactivity Disorder) یەکێکە لە نەخۆشییە هەرە باوەکانی گەشەی مێشك لە منداڵان. بە گشتی سەرەتا لە منداڵییەوە دیاری دەکرێت و تا تەمەنی گەنجێتی و سەرووتر بەردەوام دەبێت. تووشبووانی ADHD بە زۆری کێشەیان لە سەرنجدان و تەرکیزکردن و کۆنتڕۆڵکردنی هەڵسوکەوتی سەرەڕۆ Impulsive Behaviour (ڕەفتارکردن پێش بیرکردنەوە لە ئەنجام) هەیە، یاخود بە شێوەیەکی لە ڕادەبەدەر چالاكن. 

نیشانەکانی بەپێی جۆرەکانی ADHD 

  • بەوردی سەرنج ناداتە وردەکارییەکان و هەڵەی کەمتەرخەم لە قوتابخانە و کاردا دەکات.
  • قسە و ڕێنمایی لەبیردەکات و كەلوپەلەکانی بزر دەکات.
  • درێژی ماوەی سەرنجدانی کورتە و بە ئاسانی هزری دەڕوات، بە شتێکی ترەوە سەرقاڵ دەبێت.
  • توانای بەهێمنی دانیشتنی نییە بە تایبەتی لە شوێنی ئارام و بێدەنگ.
  • بڕینی قسە بە کەسانی دەوروبەر.
  • جووڵەی شێتەگیرانە لەگەڵ دەست یاخود لاق لێکدان.

سێ نیشانەی یەکەم جۆری یەکەم دیاردەکەن و سێی کۆتاییش جۆری دووەم، جۆری سێیەمیش تێکەڵەیەکی هەردووکیانە. جگە لەم نیشانانە دەیانی تریش لەخۆدەگرێت بەڵام ئەمانە لە هەرە باوەکانن.

هۆکار

تاوەکو ئێستا دیارنییە هۆکاری سەرەکی چییە، بەڵام زانایان لەو باوەڕەدان بۆماوەیی، کێشی نزم لە کاتی لەدایكبوون، زیان گەیشتن بە مێشك، منداڵبوونی پێشوەخت، خواردنەوەی ئەلکهول لە کاتی سکپڕی ڕۆڵێکی گەورەیان هەیە لە دەرکەوتنی ئەم حاڵەتە.

چارەسەر

ADHD وەك هەر نەخۆشییەکی مێشك چاکبوونەوەی ١٠٠٪ Cureـی نییە، بەڵام دوو جۆرە چارەسەر Treatmentـی هەیە:

  • دەرمان Medicine کە تەنها لە ڕێگەی ڕەچەتەی دکتۆرەوە وەردەگیرێ. ئەوانیش پێنج جۆرن: 
  • methylphenidate
  • lisdexamfetamine
  • dexamfetamine
  • atomoxetine
  • guanfacine
  • گفتوگۆی دەروونی Therapy، کە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بە شێوازی جۆراوجۆر دکتۆری شارەزا لە ناخ و دەروونی کەسەکە دەکۆڵێتەوە و بە هەر شێوازێك جگە لە دەرمان هەوڵی چارەسەرکردنی دەدات وەك: 
  • Psychoeducation: پەروەردەکردنی کەسی تووشبوو لەسەر کێشەکە تا شارەزایی وەرگرێت و ترسی لێی نەبێت.
  • Behavioural Therapy: چۆنییەتی بەڕێوەبردنی هەڵسوکەوت و ڕەفتار لەخۆدەگرێت.
  • Parent Training: پەروەردەکردنی دایباب لە سەر ADHD تا ڕەفتارکردن لەگەڵ منداڵەکانی ئاسانتر بکرێتەوە و لێکتێگەیشتن هەبێت.
  • Social Skills Training: پەرەپێدانی لایەنی کۆمەڵایەتی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان خۆی و دەوروبەری.
  • Cognitive Behavioural Therapy: لێرەدا کەسی تووشبوو چۆنیەتی بیرکردنەوی خۆی لەسەر هەر بابەتێك بە ڕوونی لەگەڵ کەسی پسپۆڕ باس دەکات و ئەویش هەوڵدەدات بیروڕای چارەسەر بکات و بگۆڕێت تا لە کردەوەشیدا ڕەنگ بداتەوە.


سەرچاوەکان



71 بینین